١٧ی سەرماوەز، پەڵەیەکی ڕەشی دیکە بەنێو چاوانی کۆماری ئیسلامییەوە

١

 

٢٠ ساڵ لەمەوپێش و لە وەها ڕۆژێکدا کۆماری ئیسلامی ئێران جارێکی‌تر جینایەتکاری و تێرۆریست بوونی خۆی بە جیهان سەلماند.

 

ڕێکەوتی ١٧ی سەرماوەزی ساڵی ١٣٧٦ی هەتاوی کۆماری تێرۆریست‌پەروەری ئیسلامی ئێران چییەتی ڕاستەقینەی خۆی جارێکی دیکە پیشانی هەموو خەڵکی جیهان دا و سەلماندی کە ماکەی سەرەکی تێرۆرە.

 

لەم جینایەتەدا کە لە نیزیک شارۆچکەی "دوکان" و دەروازەی شاری "کۆیە"ی کوردستانی باشور ڕوویدا، کۆماری ئاخوندی توانی چەند تێکۆشەری دیاری نێو بزووتنەوەی ڕەوای گەلەکەمان تێرۆر بکات کە بریتی بوون لە: شەهید مەنسوور فەتاحی ناسراو بە مەنسووری ڕەشە هەورامی، ئەندامی کۆمیتەی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، شەهید مەنسوور ناسری کادری لێوەشاوەی حیزب و جێگری کۆمیتەی ناوەندی، شەهید ساماڵ ئیسماعیلی بەرپرسی کۆمیتەی بانە، شەهید ڕەفعەت حسەینی و شەهید یەدوڵا شیرین‌سۆخەن دوو پێشمەرگەی بەوەج و وەفاداری حیزب.

 

ئەم کاروانە لە تێکۆشەرانی دێموکرات لەو ڕۆژەدا لە شاری سلەیمانییەوە بەرەو کۆیە وەڕێکەوتبوون تاکوو لە دوایین کۆبوونەوەی کۆمیتەی ناوەندی پێش لە کۆنگرەی ١١ هەمی حیزب بەشداری بکەن کە لە نیزیک شارۆچکەی دوکان کەوتنە بۆسەی چەکدارەکانی قەرارگای ڕەمەزانی سپای پاسداران و فەرماندە قارەمانەکەی دێموکرات لە نێو ماشینەوە لێیان دێتە دەست و هێرشەکەیان پووچەڵ دەکاتەوە. بازەکەی کۆساڵان بۆسەکەی تێک شکاند وتیرۆریستانی تارانی تاراند و دەستی بەسەر ماشینێکی سوپای پاسداراندا گرت کە بەڵگەیەکی زۆر و گرینگی لە خەیانەت و پیلانگێڕیی تێدا بوو.

 

بەداخەوە مەنسووری فەتاحی لەم نێوانەدا پێکرا و لە رێگای گەیشتن بە نەخۆشخانە شەهید بوو. کاتێک کە کۆماری ئیسلامی لەم پیلانگێرییەیدا شکستی خوارد، هاوڕێ مەنسووری ناسری بە ماشینێکی دیکەی حیزب بەرەو شاری کۆیە وەڕێکەوت و لە بەر بازگەی دەروازەی کۆیەدا وەک جاران بۆ لێپرسینەوە راوەستان کە لەوێشدا تووشی تاوانکارییەکی دیکە بوون و لە نێو بازگەکەوە دەسڕێژی خەیانەت لە مەنسووری ناسری کرا و هاوڕێ لەگەڵ سێ کادر و پێشمەرگەی هاوڕێی شەهید کران.

 

ئەوەیکە روونە پاش تێپەڕینی ٢٠ ساڵ بەسەر ئەم جینایەتە سامناکەدا، لە هیچ دادگایەکی دادپەروەرانە بکەران و بڕیاردەرانی تێرۆرەکە دادگایی نەکراون، بەڵام لە دادگای ویژدانی خەڵکی ڕۆژهەڵاتی کوردستاندا جینایەتکاران و دەست‌وپێوەندییەکانی ڕێژیم بۆ ئەنجامدانی ئەم تێرۆرە ناسێندراون و ئەوەیکە بۆیان ماوەتەوە ڕووڕەشییە لە ئاست میللەت ونەتەوەکەیاندا.

 

٢

 

بەشێك لە ژیانی شەهید مەنسوور فەتاحی

ناسراو بە مەنسووری ڕەشە هەورامی، ئەندامی کۆمیتەی ناوەندیی

 

مەنسوور فەتاحی ئەندامی کۆمیتەی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران ڕۆژی ١٧ی سەرماوەزی ١٣٧٦ی هەتاوی لەگەڵ چەند هاورێیەکی حێزبی لە سلێمانی بەرەو کۆیە دەچن. لە نزیک شاری" دوکان" لە کوردستانی باشوور دەکەونە بۆسەی تێرۆریستانی کۆماری ئیسلامی و لە ئاکامی دەسترێژی گۆللەی ئەو تێرۆریستانە دا مەنسوور فەتاحی ناسراو بە مەنسوری ڕەشە هەورامی شەهید دەبێت.

مەنسوور فەتاحی

مەنسور فەتاحی کوڕی ڕەشید ناسراو بە مەنسووری ڕەشە هەورامی لە ساڵی ١٣٣٥ لە گوندی "کەڕاوا"ی سەر بە شارستانی مەریوان لەدایک بوو.

مەنسوور لە مەریوان دەخرێتە بەر خوێندن و پاشان بە هۆی پیشەی باوکییەوە دەچنە پاوە و لەوێ درێژە بە خوێندن دەدا و دواتر لە مەریوان دیپلۆمی زانستی سروشتی وەردەگرێت.

مەنسوور لە بوارەکانی خۆشنووسی و نیگارکێشی دا بە توانا و بوو و هەر لەو بوارانەشدا لە ئاستی شارستانی مەریوان و پارێزگای سنە دا خەڵاتی وەرگرتووە. جگە لەمانەش لە بواری وەرزشی "زۆرانبازی"دا چەندین جار پلەی یەکەم و دووهەمی لە ئاست شارستان و پارێزگای سنە دا بەدەس هێناوە.

لە سەردەمی شۆڕشی نەتەوەکانی ئێران دا، مەنسوور فەتاحی و کۆمەڵێکی تر لە لاوانی سەر بە رەوتی چەپی شاری مەریوان لە جووڵەیەکی خۆرسک و سەربەخۆ لە ساڵی ١٣٥٦ دا، گرووپێک لە ژێر ناوی "گروه ضربت" لە نێو شار درووست دەکەن و شەوانە هێرش دەبەنە سەر دامودەزگا ئەمنیەتیەکانی ڕژێمی پاشایەتی. پاش سەرکەوتنی شۆڕشی نەتەوەکانی ئێران، لە شاری مەریوان "کانون فارغ التحصیلان" دادەمەزرێنن و لە ژێر کاریگەریی بەرپرسی ئەو کانوونە لە شاری مەریوان پەیوەندی بە "سازمان چریکهای فدایی خلق"ـەوە دەگرن. مەنسوور دەبێتە بەرپرسی نیزامیی سازمان لە ناوچەی مەریوان. دواتر پاش ئینشعابی "سازمان" و تێکەڵاوی و هاوکاری لەگەڵ حیزبی دێموکرات لە ناوچەکە و پاشان ئاشنا بوون لەگەڵ حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران و بیری نەتەوەیی دەست لە "سازمانی فەدائیان " دەکێشێتەوە.

مەنسور فەتاحی ساڵی ١٣٦٠ بە شێوەیەکی فەرمی دەبێتە ئەندامی حیزبی دێموکرات ئەو پلە حیزبیەکانی لە بەشی چەکداریی حیزبی دێموکراتەوە دەست پێدەکات و لە ساڵی ١٣٦١ دەبێتە جێگری فەرماندەی هێزی زرێوار.

بە گشتی هەموو بەرپرسیارەتیەکانی لە نێو حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران بەم شێوەیە ڕیز دەکرێن:

١: لە ڕێکەوتی ٢٨/٩/١٣٦١ی هەتاوی دەبێتە جێگری فەرماندەری هێزی زرێواری مەریوان

٢:لە ڕێکەوتی ١٨/١١/١٣٦٢ی هەتاوی دەبێتە فەرماندەی هێزی زرێوار

٣: لە ڕێکەوتی ٩/٤/١٣٦٤ی هەتاوی دەبێتە فەرماندەی هێزی شەهید عەزیز یوسفی لە سەقز

٤:لە ڕێکەوتی ٢٩/١١/١٣٦٤ی هەتاوی دەبێتە فەرماندەی نیزامیی مەڵبەندی یەکی حدکا (هێزی زاگرۆس)

٥: لە ڕێکەوتی ٢٦/٢/١٣٦٧ی هەتاوی دەبێتە بە بەرپرسی مەڵبەندی یەکی حدکا

٦:لە ڕێکەوتی ١/٢/١٣٧١ی هەتاوی دەبێتە بەرپرسی جێگری کۆمیسیۆنی سیاسی- نیزامیی حدکا.

٧:لە ساڵی ١٣٧٤ی هەتاوی بۆ جارێکی تر بەرپرسیارەتیی مەڵبەندی یەکی حدکا بە ئەستۆ دەگرێت.

مەنسووری ڕەشە هەورامی، لە کۆنگرەی هەشتەمی حدکا، دەبێتە ئەندامی کۆمیتەی ناوەندیی ئەو حیزبە و تا کاتی تێرۆر کرانی وەک ئەندامی کۆمیتەی ناوەندی ئەو بەرپرسایەتیانەی سەرەوەی هەبووە.

مەنسور فەتاحی ناسراو بە مەنسوری ڕەشە هەورامی ڕۆژی ١٧ی سەرماوەزی ١٣٧٦ی هەتاوی لەگەڵ چەند هاورێیەکی حێزبی، لە سلێمانی بەرەو کۆیە دەچن. لە نزیک شاری" دووکان" لە کوردستانی باشوور، دەکەونە بۆسەی تێرۆریستانی کۆماری ئیسلامییەوە و لە ئاکامی دەسرێژی گوللەی ئەو تێرۆریستانە دا شەهید دەبێت.

 

سەرچاوە: ١/کوردستان میدیا ، ٢/فەیسبووك

 

Qadirzada.com © 2017. All rights reserved