|
رۆژنامه‌ی ته‌ڕه‌ف ئابڕووچوونێكی دیكه‌ی سوپای توركیای ئاشكرا كرد
رۆژنامه‌ی ته‌ڕه‌ف له دوا ژماره‌ی خۆیدا ئابڕووچوونێكی دیكه‌ی سوپای توركیای ئاشكرا كرد.
رۆژنامه‌ی ته‌ڕه‌ف كه به ئاشكراكردنی به‌ڵگه نهێنیه‌كانی سوپای توركیا و به‌رپرسانی باڵای ئه‌و وڵاته ناوبانگی هه‌یه له دوا ژماره‌ی خۆیدا هه‌ندێ به‌ڵگه‌ی سه‌باره‌ت به هێرشه‌كه‌ی شه‌وی 22ی ته‌مموزی په‌كه‌كه بۆ سه‌ر بنكه‌یه‌كی سه‌ربازی سوپای توركیا بڵاوكردۆته‌وه كه له‌و هێرشه‌دا به‌وته‌ی سوپای توركیا 7 سه‌رباز و 9 ئه‌ندامی په‌كه‌كه كوژرابوون.
رۆژنامه‌كه به بڵاوكردنه‌وه‌ی سات به ساتی ئه‌و دیمه‌نانه‌ی كه له لایه‌ن فڕۆكه‌ی هه‌وڵگری جۆری "هێرۆن"ی توركیاوه له شه‌ڕه‌كه گیراوه ئاماژه به‌وه ده‌كات كه به‌ر له هێرشی په‌كه‌كه بۆ سه‌ر ئه‌و بنكه‌یه فڕۆكه هه‌واڵگریه‌كه‌ی سوپای توركیای ئاگاداركردۆته‌وه و 7 چه‌كداری په‌كه‌كه‌ش دوای ئه‌وه‌ی دزه ده‌كه‌نه ناو بنكه‌ی سه‌ربازی "خانته‌په"ی هه‌رێمی هه‌كاری، ئه‌و بنكه‌یه ده‌خه‌نه ژێر ده‌ستی خۆیانه‌وه و ژماره‌یه‌كی زۆر سه‌بازی ناو بنكه‌كه ده‌كوژن، به‌ڵام سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ی به شێوه‌یه‌كه‌ی راسته‌وخۆ دیمه‌نی شه‌ڕه‌كه بۆ 30 بڕیارگه‌ی فه‌رمانده‌یی سوپای توركیا ده‌گوازرێَته‌وه، هیچ كۆپته‌ر و فڕۆكه‌یه‌كی جه‌نگی ره‌وانه‌ی ئه‌و شوێنه ناكرێن و ته‌نها له ماوه‌ی 7 خوله‌كدا په‌كه‌كه زه‌بری خۆی ده‌وه‌شێنێت و له‌و شوێنه‌ش ده‌كشێته‌وه.
له‌و دیمه‌نانه‌دا هیچ شتێك سه‌بارت به كوژرانی 9 ئه‌ندامی پارتی كرێكارانی كوردستان به‌دی ناكرێت، ئه‌مه‌ش له‌كاتێكدایه كه سوپای توركیا ئیدیعای ده‌كرد هێرشه‌كه‌ی په‌كه‌كه پووچه‌ڵ كراوه‌ته‌وه و 9 ئه‌ندامی ئه‌و رێكخراوه‌ش كوژراون.
رۆژنامه‌ی ته‌ڕه‌ف وێڕای تۆمه‌تباركردنی سوپای دووه‌می توركیا به كه‌مته‌رخه‌می له ئاست ئه‌و رووداوه‌دا ده‌ستی به ورووژاندنی ئه‌و باسه كردووه كه سه‌ربازانی توركیا به به‌رچاوی ژه‌نراڵه‌كانی سوپای ئه‌و وڵاته‌وه كوژراون، به‌ڵام ئه‌وان هیچ كارێكیان ئه‌نجام نه‌داوه و ته‌نانه‌ت نزیكترین سه‌ربازگه‌ی ئه‌و شوێنه‌ش هیچ هێزێكی بۆ یارمه‌تیدانی سه‌ربازه‌كانیان ره‌وانه نه‌كردووه، ئه‌مه‌ش له كاتێكدایه كه كۆپته‌ره جه‌نگیه‌كانی سوپا له شاره‌كانی چه‌لێ و جۆڵه‌مێرگه‌وه ده‌توانن له ماوه‌ی 10 بۆ 15 خوله‌كدا خۆیان بگه‌یه‌ننه ئه‌و شوێنه.
شیاوی باسه رۆژنامه‌ی ته‌ڕه‌ف پێشتریش سه‌باره‌ت به گرووپی ئه‌رگه‌نه‌كۆن و پیلانی ئه‌نجامدانی كۆده‌تایه‌كی سه‌ربازی دژی حكومه‌تی ئه‌و وڵاته بۆ یه‌كه‌مجار كۆمه‌ڵێك به‌ڵگه و زانیاریی گرنگی بڵاوكردبۆوه
NAWA
|