پوختەیەك لە ژیاننامه‌ی ئەبووبەکری سدیق

 

 

عەبدولڵای کوڕی ئەبوقەحافەی کوڕی عوسمانی کوڕی کەعبی تەیمی ئەبوبەکری سدیق (خوای لێ رازی بێت) ، یەکێک لە ھاوەڵانەی کە لە سەرەتادا ئیسلام بوون لە ھۆزی قوڕەیش و ھاوڕێیەتی پێغەمبەر محەمەدی کوڕی عەبدولڵای (صلی الله‌ علیه‌ وسلم) کرد لە سەرەتای ئیسلامەوە و لەوانە بوو کە زۆر نزیک بوون لێوەی، و یەکەم خەلیفەی ڕاشدینە و یەکێکە لەو دە کەسەی کە مژدەی بەھەشتیان پێدراوە، لە دایک بووە لە ساڵی ٥٧٣ز دوای ساڵی فیل بە سێ ساڵ، یەکێکە لە گەورە و دەوڵەمەندەکانی قوڕەیش، و لەوانە بوو کە بت پەرستی ڕەت کردەوە لە سەردەمی نەفامیدا، و حەنیفی بووە لەسەر ڕێبازی ئیبراھیم، و باوکی عائیشەی خێزانی پێغەمبەر بووە و بە ھەموو شێوەیەک پشتگیری کردووە لە بانگەوازدا، و زۆر لە ھاوەڵەکان لەسەر دەستی موسڵمان بوون.

 

ئەبوبەکر بە سدیق ناسراوە لەبەر ئەوەی باوەڕی کردووە بە پێغەمبەر (صلی الله‌ علیه‌ وسلم) لە

بەسەرھاتی ئیسرا و میعراجدا، و لەبەر ئەوەی باوەڕی بە پێغەمبەر کردووە لە ھەموو شتێکدا، و ئەم ناولێنانەش لە ئایەتی قورئان و فەرموودەکانی پێغەمبەردا ھاتوون. موبایەعەی خەلافەتی پێدرا لە ساڵی ١١ی کۆچی، و خەلافەتەکەی ٢ ساڵ و ٣ مانگ بەردەوام بوو، تا کۆچی دوایی کرد لە ساڵی ١٣ک.

 

لە دایک بوونی

 

عەبدولڵای کوڕی ئەبوقەحافە عوسمانی کوڕی کەعبی تەیمی ئەبووبەکری سدیق خوای لێ رازی بێت لە دایکبووە لە ساڵی ٥٧٣ز سێ ساڵ دوای ساڵی فیل، و ئەگێڕنەوە پێش ئیسلام ناوی عەبدول کەعبە بووە، و کاتێک موسڵمان بووە پێغەمبەر (صلی الله‌ علیه‌ وسلم) ناوی ناوە عەبدولڵا. ئەبوبەکر پێستی سپی بووە و لەشی لاواز بووە.

 

ژیانی لە پێش ئیسلامدا

 

ئەبوبەکر گەورە بوو لە مەککە، و لەکاتی لاویدا جلی ئەفرۆشت و سەرکەوتوو بوو لە بازرگانیەکەیدا و دەستکەوتێکی زۆری ھەبوو، و بازرگانیەکەی فروان ئەبوو و لە دەوڵەمەندەکانی قوڕەیش بوو، و لە سەرگەورە و پێشەواکانیان بوو، بە دانایی و ھۆشیاری ناسرا بوو، و لەوانە بوو کە شەرابیان لە خۆیان حەرام کردبوو لە سەردەمی نەفامیدا، و حەنیفی بوو و خوای دەپەرست لەسەر ڕیبازی ئیبراھیم، و ئەبوبەکر لە گەڕەکێکدا ئەژیا کە بازرگانەکانی تیا ئەژیان، و پێغەمبەریش لە ھەمان شوێن ئەژیا، و لەوێوە ھاوڕێیەتیان دەستی پێکرد، کە نزیک بوون لە یەکەوە لە تەمەن و بیرکردنەوە و زۆر ئاکار و ڕەوشتدا.

 

ئیسلام بوونی

 

ئەبوبەکر (خوای لێ رازی بێت) یەکەم پیاو بووە کە موسڵمان بووە، و ئیبن ئیسحاق وتویەتی؛ ئەبوبەکر تاکە کەس بوو کە بێ دوو دڵی ئیسلام بوو و یەکسەر باوەڕی بە بانگەوازی محەمەد کرد.

لە دوای ئەوەی موسڵمان بوو، پشتگیری پێغەمبەری (صلی الله‌ علیه‌ وسلم) کرد لە بانگەوازەکەی و سوودی لە شوێن و خۆشەویستی خۆی وەرگرت لە ناو قوڕەیشدا و زۆر لەسەر دەستی موسڵمان بوون، لەوانە پێنج لەوانەی کە مژدەی بەھەشتیان پێدراوە، کە ئەوانیش عوسمانی کوڕی عەفان، و زوبێری کوڕی عەوام، و عەبدول ڕەحمانی کوڕی عەوف، و سەعدی کوڕی ئەبو وەقاس و تەڵحەی کوڕی عوبەیدولڵا. ھەروەھا سەروەتەکەی لە ڕێگەی ئیسلامدا ئەبەخشی ھەروەک ھەستا بە کڕین و ئازاد کردنی زۆر لەو بەندە لاوازانەی موسڵمان بوو بوون، وەک؛ بیلالی کوڕی ڕەباح و عامری کوڕی فھیرە و زۆری تر. و ڕووبەڕووی ئازارێکی زۆر بوویەوە بە دەستی ئەو قوڕەیشانەی دژایەتی موسڵمانانیان ئەکرد، و لە ھەڵوێستە گرنگەکانی، باوەڕی بە پێغەمبەر محەمەد (صلی الله‌ علیه‌ وسلم) کرد لە ڕووداوی ئیسرا و میعراجدا لەگەڵ بە درۆخستنەوەی قوڕەیش بۆی، و ئەو کاتانە پاڵپشتی تەواوی دەربڕی بۆ پێغەمبەر و باوەڕی پێدەکرد لە ھەموو شتێکا، لەبەر ئەوە ناونرا سدیق، ئەبوبەکر لە مەککە مایەوە و نەڕۆیشت بۆ حەبەشە کاتێک پێغەمبەر مۆڵەتیدا بە ھەندێک لە ھاوەڵان کۆچبکەن بۆ حەبەشە، و کاتێک پێغەمبەر بڕیاری کۆچی دا بۆ مەدینە، ئەبوبەکر ھاوەڵی کرد لەو کۆچکردنە.

 

کۆچکردنی

 

زۆر لە موسڵمانان کۆچیان کرد بۆ مەدینە، و پێغەمبەر (صلی الله‌ علیه‌ وسلم) لە مەککە مایەوە لەکەڵ ھەندێک لە موسڵمانان لەوانە ئەبوبەکر (خوای لێ رازی بێت)، کە چاوەڕێی بڕیاری کۆچکردنی پێغەمبەری (صلی الله‌ علیه‌ وسلم) ئەکرد تا لەگەڵیا کۆچ بکات، و شەوی کۆچکردن پێغەمبەر (صلی الله‌ علیه‌ وسلم) دەرچوو لە سێ یەکی کۆتایی شەو و ئەبوبەکر (خوای لێ رازی بێت) چاوەڕێی ئەکرد و ھاوڕێیەتی کرد لە کۆچکردنەکە و لە ئەشکەوتی سەور مایەوە لەگەڵی سێ ڕۆژ تاکو قوڕەیش ھێور بوونەوە لە گەڕان بە شوێنیانا پاشان ڕێگەکەیان تەواو کرد بۆ مەدینە، و ئەگێڕنەوە لە ماوە ئەو سێ ڕۆژەدا بێباوەڕەکانی قوڕەیش گەران بە دوایان لە ئەشکەوتی سەور، بەڵام خوا فەرمانی کرد بە جاڵجاڵۆکە کە بەردەم ئەشکەوتەکە بگرێت و فەرمانی بە کۆتر کرد کە ھێلکە لە تەنیشتیا دابنێت تا بێباوەڕان وابزانن ئەشکەوتەکە چۆڵە، و بە پێی گێڕانەوەکان ئەبوبەکر (خوای اێ رازی بێت) بە پێغەمبەری (صلی الله‌ علیه‌ وسلم) ووتووە (ئەگەر یەکێکیان سەیری بەر پێی بکات ئەمان بینێت) پێغەمبەر (صلی الله‌ علیه‌ وسلم) دڵنیای کردووە و فەرمویەتی؛ (ئەبوبەکر شکت چۆنە بۆ دوو کەس کە خوا سێیەمیان بێت؟ دڵتەنگ مەبە خوامان لەگەڵە)، کە ئەمەش لە قورئاندا ھاتووە.

 

ژیانی لە مەدینە و خەلافەتی

 

کاتێک پێغەمبەر (صلی الله‌ علیه‌ وسلم) و ئەبوبەکر گەیشتنە مەدینە، پێغەمبەر (صلی الله‌ علیه‌ وسلم) برایەتی خستە نێوان پشتیوانان و کۆچکردووان، و برایەتی خستە نێوان عومەری کوڕی خەتاب و ئەبوبەکر ( خوا لێیان رازی بێت)، ئەبوبەکر لە مەدینە مایەوە بە درێژایی ژیانی پێغەمبەر (صلی الله‌ علیه‌ وسلم) .

 

ئەگیرنەوە لەعائیشەی کچیەوە، کە لە ماوە نەخۆشی پێغەمبەردا (صلی الله‌ علیه‌ وسلم) داوای لە ئەبوبەکر کرد کە پێش نوێژی بۆ موسڵمانان بکات کە سونە ئەوە بە ھێمایەک دادەنێن بۆ گرتنە دەستی خەلافەت لەلایەن ئەبوبەکرەوە، لە دوای کۆچی دوایی پێغەمبەر (صلی الله‌ علیه‌ وسلم) موبایەعە بە ئەبوبەکر درا لە سەقیفەی بەنی ساعدە، و لە سەردەمی دەسەڵاتیا شەڕی ڕەدە ڕوویدا، لە دژی ئەوانەی لە ئایین پاشگەز بوونەوە و دانی زەکاتیان ڕەت ئەکردەوە.

 

خەلافەتدان بە عومەری کوڕی خەتاب و کۆچی دوایی

 

پێش کۆچی دوایی ئەبوبەکر (خوای لێ رازی بێت)، ڕاوێژی بە کۆمەڵێک لە دووربین و ڕاوێژکارەکان کرد لە ھاوەڵەکان، ھەموو کۆک بوون لەسەر ئەوەی خەلافەت بدرێت بە عومەری کوڕی خەتاب، بە خەڵکیان ڕاگەیاند و ھەموو ڕازی بوون، کە ئەبوبەکر بینی ھەموو خەڵک ڕازین داوای لە عوسمانی کوڕی عەفان کرد کە بینوسێت.

 

ئەبوبەکر (خوای لێ رازی بێت) کۆچی دوایی کرد لە ساڵی ١٣ی کۆچی بەرامبەر ٦٣٤ز لە مەدینە لە تەمەنی ٦٣ ساڵیدا، و ماوەی خەلافەتەکەی دوو ساڵ و سێ مانگ و سێ ڕۆژ بوو، و لە ماڵی عائشە نیژرا لە تەنیشتی پێغەمبەر محەمەد (صلی الله‌ علیه‌ وسلم).

 

 

 

Qadirzada.com ©2009 - 2022. All rights reserved