| ||
|
||
سه‌رۆكایه‌تی هه‌رێمی كوردستان و شه‌ره بۆكس
ئه‌حمه‌د ره‌جه‌ب رۆژانه پێشمه‌رگه دلێره‌كانی كوردستان له به‌ره‌كانی جه‌نگدا به‌رنگاری درنده‌و جانه‌وه‌ره‌كانی رێكخراوی داعش ئه‌بنه‌وه‌و به خوێنی ئاڵیان سه‌روه‌ری هه‌رێمی كوردستان و سه‌ربه‌رزی گه‌له‌كه‌ی ئه‌پارێزن و له‌و پێناوه‌شدا هه‌زاران شه‌هیدیان داوه‌و ژماره‌یه‌كیان به دیلی ئه‌كه‌ونه ده‌ست هێزێكی تیرۆریستی چه‌په‌ڵ و درنده‌ی هه‌مان رێكخراو و بۆ تۆقاندن و ترساندنی دایك و باوك و كه‌سوكاریان دیله‌كان ئه‌خه‌نه ناو قه‌فه‌س یان سهنوقی ئاسن و به‌ناو شاره‌كانی ژێر ده‌سه‌ڵاتیاندا ئهیانسوورێنهوهو پاشان به ناوی رووره‌ش و خه‌لیفه‌ی ئیسلام وحزبی به‌عسی عه‌ره‌بی ئه‌بو به‌كر ئه‌لبه‌غدادی به هه‌مان نه‌ریتی كۆنه‌وه به شهمشێرێكی ژه‌نگاوی یه‌كه یه‌كه ملیان ئهپهرێنن. رۆژی (25/3/2015) له ناو په‌رله‌مانی کوردستاندا دوو له په‌رله‌مانتارانی سه‌ر به پارتی دیموکراتی کوردستان به ناوه‌كانی (مه‌ردان خدر‌و نازم كبیر محه‌مه‌د) هێرشیان کرده سه‌ر عه‌لی حه‌مه سالح په‌رله‌مانتاری بزوتنه‌وه‌ی گۆران و، وه‌ك له ناسنامه‌كانیان ده‌رئه‌كه‌وێت هه‌ردوو په‌رله‌مانتار دۆستی نزیكی یه‌كترن و له لقی 9 ی پارتی دیموكراتی كوردستان پێكه‌وه كارییان كردووه‌و هه‌روا نازم ناوه‌كه به‌رێوه‌به‌ری ئاسایش بووه.
دیاره ئه‌و هێرشه بۆ سه‌ر په‌رله‌مانتار عه‌لی حه‌مه صالح له سه‌ر قسه‌و ئاخافتنهكانیهتی له دژی گه‌نده‌ڵی و بیرته‌سكی حزبایه‌تی و دژایه‌تیكردنی درێژكردنه‌وه‌ی ماوه‌ی سه‌رۆكایه‌تی سه‌رۆك مه‌سعود بارزانی ئه‌مه له لایه‌ك و، له لایه‌كی تره‌وه هه‌ندێ له ئه‌ندامانی پارتی دیموكراتی كوردستان له‌وانه‌ی وه‌ك خدر مه‌ردان و نازم كبیر محه‌مه‌د بیر ئه‌كه‌نه‌وه ره‌فتاری حزبایه‌تی كۆن دووپات ئه‌كه‌نه‌وه به چاوسووركردنه‌وه‌و هه‌ره‌شه گوره‌شه بۆ تۆڵه‌سه‌ندنه‌وه‌و، په‌نا ئه‌به‌نه به‌ر كرداری پیس و پۆخڵ و كاری نه‌شیاو بۆختان دروستكردن و له هه‌مووی سه‌یرتر سه‌ری زمانیان و بنی زمانیان سه‌روه‌ری كوردستانه ولێ به پێچه‌وانه‌وه كار ئه‌كه‌ن و، هێڵی سوور رائه‌كێشن و، وا ئه‌زانن خه‌تخه‌تێن و ره‌نگ باوی ماوه‌و، له بیریان چووه‌ته‌وه زۆر جار به‌رپرسه‌كان به تایبه‌ت به‌رپرسانی پارتی دیموكراتی كوردستان چه‌ندین كه‌ره‌ت هێڵی سووریا‌ن داناوه‌و بهرهبهرهو به‌بێ ئه‌نجام كاڵبوونه‌ته‌وه. هیرشكردنه سه‌ر په‌رله‌مانتارێك به هوێ بیر‌و پۆچوونی، جۆرێكی قه‌ڵبه له توندوتیژی دژ به بیر‌و ئازادی تاكه كه‌س و، مایه‌ی ریسواییه كه له ناو په‌رله‌مان رووبدات و، من زوو وتوومه عه‌لی حه‌مه صالح تووشی گرفت و كێشه‌ی زۆر ئه‌بێته‌وه‌و، ژیانی له مه‌ترسیدایه‌و، نه‌یارانی ده‌یان و سه‌دان جۆره رێگا بۆ ئه‌و كاره قیزه‌وه‌ن و ناشیرینانه ئه‌دۆزنه‌وه‌و،. به تایبه‌ت له وڵاتێك ئه‌ڵێن یاسای هه‌یه به‌ڵام گوێی پێنادری و جێبه‌جێ ناكرێت. له هه‌موو شتێك سه‌یرتر ئه‌وه‌یه ئومێد خۆشناو سەرۆكی فراكسیۆنی پارتی دیموكراتی كوردستان لە پەرلەمانی كوردستان رایگەیاند کە شەڕەکە حاڵەتێکی ئاسایی بووە، به‌ڵام لای كه‌سانی تر ئه‌و هێرشه‌ی كرایه سه‌ر په‌رله‌مانتار عه‌لی حه‌مه صالح قه‌ت (نۆرماڵ) نییه وه‌ك ئومێد خۆشناو باسی لێوه ئه‌كات چونكه په‌رله‌مان جێی بۆكسن و شه‌ره بۆكس نییه‌و، ئه‌مه‌ش جاری یه‌كه‌م نییه كه قسه‌كانی ئومێد خۆشناو كورت ئه‌هێنن وه‌ك چۆن باسی له كرینی ئۆتۆمبیله‌كانی كرد بۆ په‌رله‌مانتاران و، چۆن وتی داعش ته‌نها شه‌ری پارتی ئه‌كات و هتد.. و، لێره‌دا به‌رامبه‌ر به‌م پرسیاره: ئایا وشه‌ی (نۆرماڵ) لای ئومێد خۆشناو چیئهبخشێت یان چیئهگهێنێت؟، ئایا لێدانی په‌رله‌مانتارێك له ناو په‌رله‌مان و له به‌ر چاوی په‌رله‌مانتاران به بۆكس نۆرماڵه؟ ئه‌ی ئه‌گه‌ر كه‌سێك له ده‌ره‌وه باسی درێژكردنه‌وه‌ی ماوه‌ی سه‌رۆكایه‌تی سه‌رۆكی هه‌رێم بكات چێ رووئه‌دات؟. ئه‌م چاوسووركردنهوهیهو هه‌ره‌شه‌و گورهشهیه بۆ ئه‌وه‌یه كه‌س باسی درێژكردنه‌وه یان درێژنه‌كردنه‌وه‌ی ماوه‌ی سه‌رۆكایه‌تی به‌رێز مه‌سعود بارزانی نه‌كات چونكه هێڵی سووره‌و، لێره‌دا به راشكاوی ده‌ر ئه‌كه‌وێت شینه‌كه بۆ كورسی ده‌سه‌ڵاته‌و هیچی تر‌و، دیاره به (عقلییهتی دوگماو حزبایه‌تی دوواكه‌وتوو) هیچ كه‌س ئهڵتهناتیڤی به‌رێز مه‌سعود بارزانی نییه‌و، نه‌ته‌نها عه‌لی حه‌مه صالح به‌ڵكه زۆر خه‌ڵكی تریش له‌و برواو باوه‌ره‌دان كه زۆر كه‌سی تر هه‌یه بتوانن ئه‌و پۆسته به‌رێوه به‌رن چونكه وڵاتێك قه‌ت له به‌ر خاتری یه‌ك كه‌س په‌كی نه‌كه‌وتووه‌و ناكه‌وێت. كه‌سانێك وه‌ك ئه‌و دوو "په‌رله‌مانتاره" پێیان وایه له په‌رله‌مانی وڵاتاتانی تر شه‌رو پێكدادان هه‌یه‌و، وا بیر ئه‌كه‌نه‌وه‌و ئه‌ڵێن: ئه‌ی ئێمه چما چین؟ بۆ وه‌ك په‌رله‌مانی ئۆكراینا له یه‌كتر نه‌ده‌ین، یان ئه‌وه وه‌بیر ئه‌خه‌نه‌وه كه پێش چه‌ند ساڵێك له په‌رله‌مانی هه‌تیوه‌كانی ئه‌تاتورك بوو به شه‌رو، به چه‌كوشه‌كه‌ی سه‌رۆك په‌رله‌مان 5 كه‌س برینداربوون و، له په‌رله‌مانی عێراق وتایوان هه‌ر مه‌پرسه‌و، سه‌ره‌رای بۆكس و جنێو په‌نایان بۆ پێڵاو هاویشتن بردووه. له په‌رله‌مانی جۆرجیا و په‌رله‌مانی كوێت و په‌رله‌مانی ئه‌رده‌ن شه‌رو هه‌را رویداوه‌و به بۆكس و به تێڵا وبه دار‌و به عه‌گاڵی عه‌ربی و به‌كارهێنانی كلاشینكۆڤ په‌رله‌مانتاران وه‌ڵامی یه‌كتریان داوه‌ته‌وه‌و، هه‌روا په‌رله‌مانه‌كانی هیندو میسر‌و ئه‌فغانستان بی به‌ش نه‌بوون و، كار گه‌یشته ئه‌وه‌ی ناوی كه‌ر له یه‌كتر بنێن و، به بوتڵه ئاو‌و به پێڵاو سه‌رو گوێلاكی یه‌كتر پشكێنن. له سه‌ر هێرشه‌كه‌ی ناو په‌رله‌مانی كوردستان سه‌رۆكی په‌رله‌مان لێژنه‌یه‌كی پێكهێناوه بۆ به دوواچوونی ئه‌و كاره نه‌شیاوه‌و، خه‌ڵك داوا ئه‌كات پارتی دیموكراتی كوردستان بێته‌ده‌نگ و هه‌روا سه‌رۆك مه‌سعود بارزانی بۆ سزادانی ئه‌و دوو ئه‌ندامه‌ی حزبه‌كه‌یان و بۆ ئه‌وه‌ی چیتر ئازادی و سه‌ربه‌خۆیی تاك پێشیل نه‌كه‌ن. 27/3/2015
|
||
Qadirzada.com © 2009 - 2015. All rights reserved
|
||