كێ جه‌نگی سێیه‌می جیهانی  هه‌ڵئه‌گرسێنێت ؟؟؟

   ئه‌حمه‌د ره‌جه‌ب

له‌م رۆژانه‌دا به‌ گه‌رمی ده‌نگۆی ئالۆزی و شه‌رو ئاژاوه‌ له‌ نێوان سوننه‌و شیعه بڵاو بووه‌ته‌وه‌و هه‌ندێ وڵات خۆی كردووه‌ته‌ پارێزو به‌ پێی لێدوان و راگه‌یاندنه‌كانی به‌رپرسه‌ باڵاو گه‌وره‌كانی ئه‌و وڵاتانه‌‌ ئاماده‌ن هه‌موو توانایان بخه‌نه‌گه‌ر بۆ یارمه‌تیدانی هه‌وادارانیان و بۆ نموونه‌ ئێران و عه‌ره‌بستانی سعودی.

سوننه‌كانی عێراق له‌ گه‌ڵ شیعه‌كان ئاویان به‌ یه‌ك جۆگه‌له‌ ناروات و، هه‌موو كات دان له‌ یه‌كتر جیر ئه‌كه‌نه‌وه‌و، بار گرژی دروست ئه‌كه‌ن و، ئه‌مه‌ له‌لایه‌ك و له‌ لایكی تره‌وه‌ عه‌ره‌بستانی سعودییه‌ ژماره‌یه‌ك له‌ وڵاتانی سوننه‌ی كه‌نداوی به‌ناوی به‌ره‌ی هاوپه‌یمان كۆكردووه‌ته‌وه‌و، له‌ دژی حوسییه‌ شیعه‌كانی یه‌مه‌ن شه‌ر ئه‌كه‌ن و، به‌ شێوه‌یه‌كی ئاشكرا ئێران یارمه‌تی حوسییه‌كان و شیعه‌كانی وڵاتانی كه‌نداو ئه‌دات و، هه‌ردوو وڵات ئێران و عه‌ره‌بستانی سعودییه‌ نه‌یانشاردووه‌ته‌وه‌و، له ‌راگه‌یاندن و میدیاكان به‌ قسه‌ی زبرو ناشیرین و جنێۆ‌دان سه‌رو گوێلاكی یه‌كتر ئه‌شكێنن.

توركیا زیاتر له‌ ساڵێكه‌ شه‌رێكی خوێناوی به‌ نه‌خشه‌و پلانێكی دارێژراوی توكمه‌ دژ به‌ كوردانی باكووری كوردستان‌ هه‌ڵگیرساندووه‌و، سه‌دان هه‌زار كه‌س له‌ سڤیلی بێ ده‌سه‌ڵات دووچاری گرتن و زیندانیكردن و كوشتن بوونه‌ته‌وه‌و، له‌ سه‌ر خاكی باوپاپیرانیان ده‌ركراون و، ماڵ و سامانیان تاڵانكراوه‌و، وباخ و بێستان و ره‌زو دارستانه‌كانیان سووتێنراوه‌و، وئاوایی و گوندو شاره‌كانیان وێران كراوه‌و،  توركیا سه‌ره‌رای ئه‌و تاوانانه‌ ئالووده‌ی ده‌ستێوه‌ردانی وڵاتانه‌و، له‌ سالى 1974 وڵاتی قوبرسی كرد به‌ دووله‌ت و داگیری كردو، له‌ كاتی راپه‌رینی گه‌لانی سوریا كه‌وته‌ هه‌وڵدان بۆ ده‌ستێوه‌ردان و، هه‌رچه‌نده‌ عه‌ره‌بستانی سعودییه‌وه‌ قه‌ته‌ر پاره‌یان بۆ ره‌جه‌ب ته‌یب ئه‌ردۆگان هه‌ڵرشت و، خه‌رجی داعش و هه‌موو تیرۆریستان و توندره‌وه‌كان مسۆگه‌ر كرد، به‌ڵام توركیا بۆی نه‌ره‌خسا بچێته‌ ناو خاكی سوریا تا رۆژی 24/8/2016  ، ئه‌وه‌ بوو له‌و رۆژه‌دا شاری جه‌رابلوسی داگیركردو، ئه‌یه‌وێت هێرشه‌كه‌ی په‌ره‌پێبدات و بگاته‌ شاروچكه‌ی باب و، هه‌وڵی ئه‌وه‌ ئه‌دات كانتۆنه‌كانی كۆبانێ و عه‌فرین یه‌كنگرنه‌وه‌.

توركیا وه‌ك پیشه‌ی كۆنی عوسمانییه‌كان حه‌زیان له‌ داگیركردنی خاكی وڵاتانه‌و، هه‌ر له‌و سونگه‌یه‌وه‌ سه‌ره‌راری ئه‌وه‌ی توركیا به‌شێكی له‌ خاكی باشووری كوردستانی داگیركردووه‌و، له‌ كۆتایی ساڵی 2015 سوپاكه‌ی خاكی عێراقیان به‌زاندو گه‌یشتنه‌ شارۆچكه‌ی به‌عشیقه‌.

ئه‌وانه‌ له‌ سه‌ره‌وه‌ باسكران ( ورده‌واڵه‌ن) و، زه‌مینه‌ خۆشكه‌رن بۆ بار گرژی و ناكۆكی وچاوه‌روانكردنی ته‌قینه‌وه‌و، ئه‌بنه‌ ده‌سپێكی شه‌رێكی چاوه‌روان كراوو، كه‌مه‌كه‌مه‌ په‌ره‌ئه‌سێنێت و، پرشی وڵاتانی تر ئه‌گرێته‌وه‌و، ئه‌بنه‌ هۆی به‌شداریكردنی زلهێزه‌كان و، به‌و شێوه‌یه‌ جه‌نگی سێیه‌می جیهانی دروست ئه‌بێت و، ئه‌و كات زۆر له‌ وڵاتان له‌ناو ئه‌چن و ناویان نامێنێت.

شه‌ر زۆره‌ له‌ جیهاندا بۆ نموونه‌: ئیسرائیل و فه‌له‌ستین و سه‌رۆكه‌ عه‌ره‌به‌ درۆزنه‌كان، شه‌ری ناه‌خۆی لوبنان، لیبیا، شه‌ری سودان و دارفورو خواری سودان، شه‌ری مه‌غریب و بیابانی رۆژئاوا، شه‌ری عه‌شایره‌كان زۆروزه‌به‌نده، بوكه‌ حه‌رام، قاعیده‌، وه‌هابی، سه‌له‌فی، ده‌وڵه‌تی ئسلامی ( داعش)، شه‌ری هیندستان و پاكستان.

مه‌ترسی گه‌وره‌ له‌ دروستكردنی جه‌نگێكی جیهانی به‌نده‌ به‌ وڵاته‌ زلهێزه‌كان به‌تایبه‌ت ئه‌مریكاو روسیاو، ئێستا بارودۆخی نێوده‌وڵه‌تی زۆر مه‌ترسیداره‌، چونكه‌ ئه‌مریكا ئاره‌زووی نییه‌ واز له‌  قۆرخكردنی جیهان بێنێت و، به‌پێچه‌وانه‌وه‌ ئه‌یه‌وێت هێزی چه‌كداری به‌كاربهێنێت بۆ پاراستنی بوونی خۆی و، روسیا به‌ دانانی كه‌ره‌سته‌ی به‌رگری ئاسمانی زۆر هه‌ستیار له‌ سوریا، رێگه‌ی له‌ دووباره‌كردنه‌وه‌ی سیناریۆكه‌ی لێبیا گرت.

شایانی ئاماژه‌یه‌ سوپای روسیا له‌ كاتێك ئه‌مریكا پێش چه‌ند ساڵێك پروپاگه‌نده‌ی بۆ دانانی دامه‌زراوه‌ی باڵی راكێته‌كانی له‌ ئه‌ورۆپای رۆژهه‌ڵات بڵاوئه‌كردووه گه‌یشته‌ ئه‌وه‌ی، باشترین رێگا بۆ نه‌مانی مه‌ترسی له‌و راكێتانه‌ لێدانی پێشوه‌خته‌ به‌ راكێتی ئه‌سكه‌نده‌رو، له‌ ئێستادا راكێتی كالێبه‌ره، ئه‌مه‌ ئه‌گه‌ر سه‌ركردایه‌تی روسیا بگاته‌ ‌ئه‌وه‌ی جه‌نگ به‌ ( بێشك) رووئه‌دات.

له‌ناوبردنی بنكه‌كانی باڵی راكیته‌كان به‌ چه‌كی ئاسایی مۆدێرن و، به‌بێ ئه‌تۆم به‌رگری له‌وه‌ ئه‌كات كه‌ جه‌نگی ئه‌تۆمی له‌ گه‌ڵ ئه‌مریكا دروست نه‌بێت، به‌ڵام ئه‌بێته‌ هۆی پێكدادان و شه‌ر له‌ گه‌ڵ ئه‌و وڵاتانه‌ بنكه‌ی سه‌ربازی لێیه‌.

سه‌ركردایه‌تی روسیا ئه‌مه‌‌ ئه‌خاته‌روو،  ئه‌و بنكه‌ نزیكانه‌ كه‌ ئه‌توانێت راكێتی ئه‌تۆمی بهاوێت، به‌ شێوه‌یه‌كی مه‌ترسیدار له‌ سنوره‌كانی روسیا، هه‌ره‌شه‌یه‌كی گه‌وره‌ی مه‌ترسیداره‌ له‌ سه‌ر ده‌وڵه‌تی روسیا، بۆیه‌ له‌م حاڵه‌ته‌دا سه‌ركردایه‌تی ئه‌توانێت چه‌كی ئه‌تۆمی به‌كار بێنێت، ئه‌وه‌ش به‌پێ بروای به‌رگری نۆێ، ته‌نانه‌ت ئه‌گه‌ر دوژمن چه‌كی ئه‌تۆمی دژ به‌ روسیا به‌كار نه‌هێنێت.

به‌رامبه‌ر به‌م كارو بۆچوونه‌ وه‌ڵامی ئه‌مریكا پربوو له‌ هیستیریاو، وایان دانابوو لایه‌نی روسی به‌پێی ئه‌م حاڵه‌ته‌ نۆێیه‌ به‌ره‌و دوواوه‌ ئه‌كشێته‌وه، به‌ڵام مۆسكۆ ئه‌و كرداره‌ی پێ باش بوو، راده‌ی گره‌وی به‌رز كرده‌وه‌و، ئه‌وه‌شی له‌ سه‌ر ئه‌مریكا فه‌رز كرد كه‌ بریار بدات: به‌رده‌وامبوونی مه‌ترسییه‌كان له‌ گه‌ڵ ئیمكانی هه‌ڵگیرسانی ئاگرێكی ئه‌تۆمی به‌رفراوان یان به‌كارهێنانی عه‌قڵ و گه‌رانه‌وه‌ له‌ به‌رامبه‌ری جیهان.

ئه‌مریكا مه‌یلی شه‌ری هه‌یه‌و زۆریش ئه‌ترسێت و،په‌نا بۆ هه‌ندێ كرده‌وه‌ ئه‌بات وه‌ك ئه‌وه‌ی ئه‌نجومه‌نی  نوێنه‌رانی ئه‌مریكا به‌ كۆێ ده‌نگ له‌ گه‌ڵ پرۆژه‌ی یاسای ""پشتگیری باری هێمنی و دیموكراسی"" له‌ ئۆكراینا بوون و، له‌و پرۆژه‌یه‌دا لیستێكی چه‌كی كوشنده‌ هه‌یه‌ كه‌ ئه‌توانرێت ره‌وانه‌ی ئۆكراینا بكرێت و، ئه‌و سزایانه‌ له‌ سه‌ر روسیا به‌رده‌وام بێت.

شایانی ئاماژه‌پێدانه‌ چاودێره‌ روسه‌كان جه‌خت له‌وه‌ ئه‌كه‌نه‌وه‌ ئه‌م پرۆژه‌ ئه‌مریكییه‌ به‌پێچه‌وانه‌ی ( رێكه‌وتنی مینسك ) ه‌، سه‌باره‌ت به‌ ئۆكرایناو، ئه‌بێته‌ هۆی په‌ره‌پێدانی شه‌ری چه‌كداری له‌ نێوان ده‌سه‌ڵاته‌كانی كێێڤ و، ده‌سه‌ڵاتی خۆجێی له‌ ناوچه‌ی دونباس و، هێنانی چه‌كی كوشنده‌ بۆ ئه‌م وڵاته‌ هه‌ره‌شه‌یه‌ له‌ سه‌ر ئاسایشی روسیا.

روسیا و فه‌ره‌نساو ئه‌ڵمانیا پێخۆشحاڵن به‌ ئاگربه‌ستی رۆژهه‌ڵاتی ئۆكراینا سه‌ره‌رای ئاماده‌یی ئه‌مریكا بۆ جه‌نگ ئه‌مه‌ له‌لایه‌ك و، له‌لایه‌كی تره‌وه ‌هه‌ڵمه‌تی راگه‌یاندن و لادان و به‌كارهێنانی ده‌سته‌واژه‌ی نابه‌جێ درێژه‌ی هه‌یه‌ بۆ چه‌واشه‌كردنی رای گشتی له‌ پێناو دۆزینه‌وه‌ی بیانوو بۆ به‌كارهێنانی توندوتیژی له‌ ناوچه‌و هه‌رێمه‌كانی رۆژهه‌ڵاتی ئۆكراینا.

له‌ پاش دوو ساڵ له‌ هه‌موو هه‌وڵه‌كانی ئه‌مریكا بۆ به‌كار هێنانی دیكۆمینته‌كانی ئۆكراینا وه‌ك قورسایی له‌ سه‌ر روسیا بێسوود بوون، به‌ڵام به‌ هاتنی جۆ بایدن جێگری سه‌رۆكی ئه‌مریكا ده‌می كرده‌وه‌و، ده‌سه‌ڵاتدارانی كێێڤی كرده‌ ئامانج و، به‌ ئاشكرا وریایانی كرده‌وه‌و، ئاخافتنه‌كانی به‌چاو سووركردنه‌وه‌ جێی شه‌رمه‌زاری و بۆگه‌ن بوون و، هاوكات هاندان بوون دژ به‌ روسیا.

هه‌ر له‌ میانه‌ی جه‌نگی سێیه‌می جیهانی و، به‌پێی ئاژانسی هه‌واڵی ناوه‌ندی بیۆنگ یانگ { كوریای باكوور} هه‌ره‌شه‌ی به‌كارهێنانی چه‌كی ئه‌تۆمی له‌ سییۆل ( كوریای باشوور) و بنكه‌یه‌كی سه‌ربازی ئه‌مریكا له‌ ئۆقیانۆسی ئارام ئه‌كات و، ئاژانسه‌كه‌ له‌ به‌یاننامه‌یه‌كدا ئاماژه‌ بۆ كرده‌وه‌ خراپكاره‌كانی ئه‌مریكاو كوریای باشوور ئه‌كات و، وایان له‌و دوورگه‌یه‌ كردووه‌و‌، له‌ حاڵه‌تێكدایه‌ ناتوانرێت كه‌نترۆل بكرێت و، هه‌ره‌شه‌یه‌ بۆ هه‌ڵگیرسانی جه‌نگی ئه‌تۆمی و، ئاماژه‌ش به‌وه‌ كراوه‌ وه‌ك سزایه‌ك ‌ سه‌ره‌ ئه‌تۆمییه‌كانی سوپای میللی كوریای باكور سییۆل ئه‌كاته‌ خۆڵه‌مێش و، به‌پێی سه‌رچاوه‌یه‌كی سوپای كوریای باكوور ( بنكه‌ سه‌ربازییه‌كه‌ی ئه‌مریكا) له‌ دورگه‌ی گوام له‌ ئه‌قیانۆسی ئارام له‌ سه‌ر زه‌وی نامێنێت، ئه‌گه‌ر فرۆكه‌ ئیستراتیجییه‌كانی ئه‌مریكا له‌ سه‌ر دورگه‌ی كوریا هاتوچۆ بكه‌ن و، له‌و باریه‌وه‌ وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی كوریای باشوور  یون بیونگ سێ كوریای باكووری تاوانبار كرد به‌وه‌ی گاڵته‌ به‌ ده‌سه‌ڵاته‌كانی نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان ئه‌كات و، سه‌رانی كوریای باكوور گۆێ له‌ كه‌س ناگرن و ، به‌رده‌وامن له‌ سه‌ر تاقیكردنه‌وه‌ی راكیته‌ ئه‌تۆمییه‌كانی و، ئه‌بێت چاو به‌ ئه‌ندامێتییه‌كه‌ی له‌و رێكخراوه بگیرێت و‌.‌هه‌ر له‌و باره‌یه‌وه‌ گۆڤاری كاروباری ده‌ره‌وه‌ی ئه‌مریكا ( Foreign Affairs) له‌ وتارێكداپرسیاری ئه‌وه‌ ئه‌كات ئه‌بێ چی بكرێت بۆ ئه‌وه‌ی جه‌نكی ئه‌تۆمی له‌ گه‌ڵ كوریای باكوور دوور بخرێته‌وه‌و، كه‌م كه‌س مه‌زه‌نه‌ی ئه‌وه‌یان كردووه‌ له‌ ساڵی 2016 ئه‌م تاقیكردنه‌وه‌یانه‌  بكرێن و، ئه‌مه‌ جاری یه‌كه‌مه‌و، وێنه‌ی نییه‌.

روسیا له‌ گه‌ڵ ئه‌وه‌ نییه‌ چه‌كی ئه‌تۆمی كوریای باكوور به‌پێ مه‌رج داماڵنرێت و، مۆسكۆ پشتگیری ئه‌وه‌ ئه‌كات گفتوگۆ له‌ گه‌ل كوریای باكوور به‌بێ مه‌رج بكرێت و، ئه‌وه‌ی ئه‌مریكا داوای ئه‌كات جێی ره‌زامه‌ندی مۆسكۆو كوریای باكوور نییه‌و، روسیا هه‌موو كات ‌له‌ گه‌ڵ چاره‌سه‌ری ئاشتیانه‌یه‌، به‌ڵام ئه‌مریكا له‌ هه‌وڵی ئه‌وه‌دایه‌ جێهانێكی سه‌ربه‌خۆ دامه‌زرێنێت و، كه‌س به‌وه‌ قایل نییه‌و، پێویسته‌ ئه‌مریكا له‌ لوت به‌رزی واز بێنێت و، ته‌نها ئه‌و نییه‌ وڵاتان سه‌ری بۆ دانوێنن.

قسه‌كه‌رێك به ‌ناوی وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی كوریای باكوور وتی: ئێمه‌ دژ به‌ به‌یاننامه‌كه‌ی ئه‌نجومه‌نی ئاسایشی نێوده‌وڵه‌تین و، به‌ هاندانی ئه‌مریكا نووسراوه‌ته‌وه‌و، ئێمه‌ یاداشتیكمان پێشكه‌ش كرد، به‌ڵام ئه‌نجومه‌نی ئاسایشی نێوده‌وڵه‌تی وه‌ری نه‌گرت و، ئه‌وه‌ش سیاسه‌تی دوو فاقه‌ی ئه‌نجومه‌نه‌كه‌یه‌.

پێش ئه‌م كه‌ین و به‌ینه‌یه‌ هینری كیسنگێر ( Henry Kissinger ) سیاسه‌تمه‌دارو وه‌زیری كۆنی ئه‌مریكا له‌ شیكردنه‌وه‌یه‌ك بۆ كه‌ناڵی: لیكۆڵینه‌وه‌ی جیهانی- ناوه‌ندی لێكۆڵینه‌وه‌ - سه‌باره‌ت به‌ گلوباڵ ( عه‌وله‌مه‌) وتی:

  Global Research - Centre for Research on Globalization

ده‌نگی‌ ده‌هۆڵی‌ شه‌ڕ دێ‌ ئه‌وه‌ی‌ ده‌نگه‌كه‌ نابیستێ‌ كه‌ڕه‌ و، هه‌موو ده‌نگوباسه‌كان بۆنی شه‌ری لێوه‌ دێت و، جه‌نگی سێیه‌می جیهانی ئه‌گه‌ر هه‌ڵسا مرۆڤایه‌تی تووشی شكستی گه‌وره‌ ئه‌بێته‌وه‌و، خه‌ڵكێكی زۆر ئه‌بنه‌ قوربانی.

26/9/2016

 

Qadirzada.com © 2016. All rights reserved