QADIRZADA.COM


ئه‌حمه‌دی خانی

 

ژیان‌نامه‌ی ئه‌حمه‌دی خانی ئه‌حمه‌دی خانی یه‌کێکه‌ له‌ شاعیر و ڕووناکبیره‌ مه‌زنه‌کانی نه‌ته‌وه‌که‌مان،به‌رێز دکتۆر مارف خه‌زنه‌دار له‌ مێژووی ئه‌ده‌بی کوردی به‌رگی دووه‌میدا به‌م شێوه‌یه‌ باسی ‌کردوه: شاعیر و ڕۆشنبیری گه‌وره‌ی کورد خانی ناوی ئه‌حمه‌د بووه‌، کوری ئه‌لیاس کوڕی ڕۆسته‌م نازناوی شیعری له‌ هۆزی (خانیان) وه‌رگرتووه‌، به‌شێکی ئه‌م هۆزه‌ له‌ ده‌وروبه‌ری ناوچه‌ی بۆتان بوون،به‌ڵام بنه‌ماڵه‌ی شاعیر باریان کردووه‌ بۆ شاری بایه‌زید. ئه‌حمه‌دی خانی له‌ساڵی(1650)له‌شاری بایه‌زید له‌ دایک بووه‌، وه‌ک له‌سه‌رچاوه‌کانی ژیانی و کرده‌وه‌ ئه‌ده‌بییه‌کانی شاعیر ده‌رده‌که‌وێ باب و باپیرانی له‌ ڕووی داراییه‌وه‌ ژیانیان ئاسان بووه‌ و به‌ به‌ختیاری ژیاون. ئه‌حمه‌دی خانی هه‌موو ژیانی بۆ خوێنده‌واری و بڵاوکردنه‌وه‌ی ڕۆشنبیری و هۆشیاریی سیاسی خه‌رج کردووه‌ له‌ کۆمه‌ڵی کورده‌واریدا. ئه‌مه‌ دوو لایه‌نی ڕووناکی بووه‌ ،یه‌که‌میان به‌رهه‌مهێنانی داهێنانی ئه‌ده‌بی ، واته‌ شیعری، دووه‌میان فێرکردن و پێگه‌ناندنی منداڵان و لاوی کورد له‌ ڕووی خوێنده‌وارییه‌وه‌. شاعیر له‌ مه‌ڵبه‌ندی له‌ دایکبوونی، شاری بایه‌زید. له‌ساڵی (1707)م کۆچی دوایی کردووه‌ و هه‌ر له‌وێش نێژراوه‌، ئه‌و زانیارییانه‌ی له‌ ناوه‌وه‌ن ئه‌م مێژووه‌ ڕاست ده‌زانن،جگه‌ له‌مه‌ به‌ڵگه‌یێکی تریشمان به‌ده‌سته‌وه‌یه‌، پشتگیری ئه‌م ڕایه‌ ده‌کا ئه‌ویش ڕسته‌ی عه‌ره‌بی(طار خانی الی وبه‌) که‌ بۆ مردنی شاعیر دانراوه‌ به‌ حسێبی ئه‌بجه‌د ده‌کاته‌ ساڵی ( 1119هه)، ئه‌م ساڵه‌ به‌رامبه‌ر به‌ ساڵی (1707)ی مه‌سیحییه‌ و ڕاستتر که‌وتۆته‌ نێوان هه‌ردوو ساڵی (1707و1708)ی مه‌سیحییه‌وه‌.


 

Qadirzada.com © 2009. All rights reserved