| ||
|
||
عەلیئەشرەف دەرویشیان نووسەری ناوداری کورد ،کۆچی دوایی کرد
عەلیئەشرەف دەرویشیان ١٩٤١ / ٢٠١٧
عەلیئەشرەف دەرویشیان، چیرۆکنووسی کوردی خەڵکی کرماشان و توێژەری بواری ئەدەبیات، دوێنێ پێنج شەممە بەرواری ٢٦/١٠/٢٠١٧ لە تەمەنی ٧٦ ساڵیدا بەهۆی نەخۆشی لە نەخۆشخانەیەکی شاری کەرەج کۆچی دوایی کرد.
بەشیك لە ژیانی ئەم نووسەرەی کورد: عەلی ئەشرەف دەرویشیان، چیرۆکنووس و توێژەری کورد ساڵی ١٩٤١ لە گەڕەکی " ئاوشووران "ی سەر بە کرماشان لەدایک بووە. پاش تەواوکردنی پەیمانگەی سەرەتایی کرماشان، بووەتە مامۆستا و لە گوندەکانی دەوروبەری کرماشان و گێڵانی ڕۆژئاوا (شائاباد) مامۆستا بووە. ساڵی ١٩٥٨ خوێندنی خانەی مامۆستایان تەواو دەكات و بۆ مامۆستایی، رەوانەی گوندەكانی دەوروبەری كرماشان و گێڵانی رۆژئاوا دەكرێت. ساڵی 1966 لە بەشی وێژە و ئەدەبی فارسیی زانستگەی تاران دەست بە خوێندن دەكات و دوای وەرگرتنی بڕوانامەی بەكالۆریۆس، لە بەشی دەروونناسیی پەروەردەدا درێژە بە خوێندنی ماستەر دەدات، هاوكات لە خوێندنگەی باڵای تاران لە بەشی راوێژكاری و رێنمایی فێركاری دەخوێنێت. ساڵی ١٠٧٣ یەكەمین كۆمەڵە چیرۆكی بڵاو دەبێتەوە. لە ساڵی تا ١٩٧٨، لەبەر نووسینی كتێبی "لەم هەرێمەوە" و بەهۆی چالاكیی سیاسی، سێ جار قۆڵبەست و خامەی یاساخ دەكرێت. یەكەم جار لە كرماشان بۆ ماوەی هەشت مانگ دەخرێتە گرتووخانەوە، دواتر دەروێشیان لە تاران دەگیرێت و حەوت مانگ لە گرتووخانەدا دەمێنێتەوە. دەروێشیان دوا بەدوای ئەمە لە زانكۆ دەردەكرێت و لە پیشەی مامۆستایەتیش دوور دەخرێتەوە. ساڵی ١٩٧٤ دیسان قۆڵبەست دەكرێتەوە و ١١ ساڵ زیندانی بۆ دەبڕدرێتەوە. دەروێشیان ئیتر لەو دەمەوە دەخرێتە گرتووخانە و تا سەردەمی شۆڕشی گەلانی ئێران لە گرتووخانە دەمێنێتەوە. سەرجەمی کتێب و بەرهەمەنووسراوەکانی دەروێشیان کەتا ئێستا ئامادەو چاپ و بڵاوکراوەتەوە، زیاتر لە٦٠ بەرهەمە کە بریتین لە بوارەکانی "چیرۆک بۆ منداڵان و مێرمنداڵان"، "کۆکردنەوە"، "کورتەچیرۆک و رۆمان" و "فەرهەنگی خەڵکی ئاسایی. گرنگترین و بەرچاوترین بەرهەمی "عەلی ئەشرەف دەروێشیان" نووسین و کۆکردنەوەی پرۆژەیەکی گەورەیە بەناوی "فەرهەنگی ئەفسانەکانی خەڵکی ئێران لە٢٠ بەرگدا" کە بەرهەمی ٢٢ ساڵ هەوڵ و تێکۆشانی ئەم نووسەرەیە. دەروێشیان لە بەرهەمەكانیدا رووخساری ئاوێتە بە زەبر و زەنگ و بێ بەزەییانەی هەژاریی و بەلەنگازی دەخاتە بەردیدە و چەندە جوان، هەژێنەر و كاراش دەست بۆ خامەكەی دەبات. ئەو زۆر جوان پەی بە هەژاری دەبات و دەیناسێت، ساڵەهای ساڵ بەلای منداڵانی گوندەوە ژیان بەڕێ دەكات و رەنج و مەینەت و چەرمەسەریی ئەوان بەردەوام گیان و ناخی ئازار دەدات. زۆر چیرۆكی دەروێشیان راڤەی ئەو وێنە دڵهەژێنانە دەكات كە بە درێژایی ژیان بەردیدەی كەوتوون. بەشێک لە بەرهەمەکانی عەلی ئەشرەف دەرویشیان وەک ڕۆمانی دوو بەرگەیی "ساڵانی هەورین و ئەفسانە کوردییەکان و چیرۆکەکانی ئەو ساڵانە" لەلایەن عەزیز گەردی و شەریف فەلاح، نووسەر و وەرگێرانی کوردەوە وەرگێڕدراونەتە سەر زمانی کوردی. هاوکات لە ساڵانی ڕابردوودا بە هاوکاریی مەریوان هەڵەبجەیی، وەرگێڕیکوردی خەڵکی هەڵەبجە چەندین کتێبیان بە هاوبەشی لەبارەی چیرۆک و زمان و ئەدەبی کوردی بە فارسی و کوردی بڵاو کردەوە.
|
||
Qadirzada.com © 2017. All rights reserved
|
||