پوختەیەك لە  ژیاننامه‌ی عەلی کوڕی ئەبووتالیب

 

 

 

باوکی حەسەن عەلی کوڕی ئەبوتالیب (خوای لێ رازی بێت) ،

کوڕی مامی پێغەمبەر (صلی الله‌ علیه‌ وسلم) بووە و ھاوسەری فاتمەی کچی بووە و لە (آل البیت)ە و لە ھاوەڵەکانیەتی، و چوارەم خەلیفەی ڕاشدینە لای سوننه‌ وه‌ لای شیعه‌ یه‌كه‌م ئیمامه‌)

 

لە دایک بوونی

 

عەلی کوڕی ئەبوتالیبی کوڕی عەبدول موتەلیب کوڕی ھاشم لە دایک بووە لە مەککە لە ساڵی ٥٩٩ز یان ٣٠ ساڵ دوای سای فیل، باوکی عەلی، پێغەمبەر محەمەدی (صلی الله‌ علیه‌ وسلم) ڕاسپاردووە بۆ پەروەردەکردنی عەلی لە دوای مردنی خۆی.

 

ئیسلام بوونی

 

عەلی کوڕی ئەبوتالیب (خوای لێ رازی بێت) ئیسلام بووە پێش کۆچی پێغەمبەر (صلی الله‌ علیه‌ وسلم) بۆ مەدینە کاتێک مناڵ بووە و ئەڵین دووەم یان سێیەم کەس بووە کە چۆتە ئیسلامەوە و یەکەم لاو بووە کەموسڵمان بووە، دوای ئەوە کە پێغەمبەر (صلی الله‌ علیه‌ وسلم) ئیسلامی ڕاگەیاند بە نزیک و کەسوکاری خۆی لە بەنی ھاشم بۆ جێبەجێکردنی ئەوەی لە قورئاندا ھاتبوو، بەڵام کاتێک بانگەوازی بۆ کردن کەس وەڵامی نەدایەوە عەلی نەبێت. ھەروەک عەلی (خوای لێ رازی بێت) کۆچی نەکرد بۆ حەبەشە کاتێک پێغەمبەر (صلی الله‌ علیه‌ وسلم) ڕێگەی دا کۆمەڵێک لە موسڵمانان کۆچ بکەن بۆ حەبەشە دوای ئەوەی بێباوەڕەکان زۆر ئازاریان ئەدان، لە مەککە مایەوە و ئازاری چەشت بە دەستی قوڕەیش.

 

 

کۆچکردنی بۆ مەدینە

 

عەلی(خوای لێ رازی بێت) کۆچی کرد بۆ مەدینە کاتێک لە تەمەنی ٢٢ ساڵیدا بوو، و پێغەمبەر (صلی الله‌ علیه‌ وسلم) کاتێک برایەتی خستە نێوان موسڵمانان لە دوای کۆچکردن، برایەتی خستە نێوان عەلی لەگەڵ خۆیدا، و فاتمەی کچی کردە ھاوسەری لە ساڵی ٢ی کۆچیدا.

 

عەلی (خوای لێ رازی بێت) جێگەی متمانەی پێغەمبەر (صلی الله‌ علیه‌ وسلم) بوو ، و یەکێک بوو لەوانەی قورئانی ئەنوسیوە یان وەحی ئەنوسیەوە لە سەردەمی پێغەمبەر محەمەددا (صلی الله‌ علیه‌ وسلم)، و یەکێک بوو لە نوێنەرەکانی کە پەیامەکانی پێغەمبەریان (صلی الله‌ علیه‌ وسلم) ئەگەیاند و ھۆزەکانیان بانگ ئەکرد بۆ ئیسلام، ھەروەک ڕۆڵی ھەبوو لە کوژاندنەوەی ناکۆکی نێوان ھەندێک لە ھۆزەکان.

 

لە سەردەمی خەلیفەکاندا

 

لە سەردەمی ھەردوو خەلیفەئەبوبەکری سدیق و عومەری کوڕی خەتابدا (خوای لێیان رازی بێت)، ھەردوو خەلیفە ڕاوێژیان بە عەلی کردووە لە زۆر کاروباردا. لە سەردەمی عوسمانی کوڕی عەفاندا (خوای لێ رازی بێت) ، عەلی (خوای لێ رازی بێت) شوێنە ئاینی و کۆمەڵایەتیەکەی خۆی پاراست، و عوسمان (خوای لێ رازی بێت) لە زۆر کاروباردا ڕاوێژی پێ ئەکرد.

 

خەلافەتی

 

لە دوای کوژرانی عوسمان(خوای لێ رازی بێت) ، موبایەعە درا بە عەلی لە مەدینە لە ساڵی ٣٥ی کۆچی، ئەوانەی لە مەدینە بوون لە ھاوەڵ و شوێنکەوتوو و ئەوانی تر موبایەعەیان دا بە عەلی، و زۆر لە گێڕانەوەکان ئەڵێن کە نزیکەکانی عوسمان و ئەمەوییەکان موبایەعەیان نەدا بە عەلی و بەرەو شام ڕۆیشتن، و ھەروەک ئەڵێن ھاوەڵە گەورەکانی وەک سەعدی کوڕی ئەبو وەقاس و عەبدولڵای کوڕی عومەر و زۆری تر موبایەعەیان نەدا بە عەلی بەڵام بەڵێنیان دا کە لێی ھەڵنەگەڕێنەوە.

 

بەم شێوەیە عەلی (خوای لێ رازی بێت) بووە جێ نشینی عوسمان لە کاتێکا دەوڵەتی ئیسلامی درێژدەبوویەوە لە بەرزاییەکانی ئێرانەوە لە ڕۆژھەڵاتەوە بەرەو میسر لە ڕۆژئاواوە لەگەڵ ھەموو نیمچەدوورگەی عەرەبی و ھەندێک لە ناوچە سنوریەکان جێگیر نەبوون، لە سەرەتای گرتنە دەستی خەلافەتدا عەلی ڕایگەیاند کە بنەماکانی ئیسلام جێبەجێ دەکات و دادپەروەری و یەکسانی بڵاو دەکاتەوە بە بێ جیاوازی، ھەروەک وتی ئەو پارەیە ئەگێڕێتەوە کە عوسمان بڕیویەتی بۆ نزیکەکانی لە بەیتو لمالی موسڵمانان، و لە ساڵی ٣٦ی کۆچی عەلی فەرمانی دا بە لادانی والیەکانی عوسمان داینابوون، کە لەم ھەنگاوەدا، لایدا لە ئامۆژگاری زۆر لە ھاوەڵەکانی وەک ئیبن عەباس و موغەیەرەی کوڕی شوعبە کە پێان وت کە ئەو بڕیارە دەر نەکات.

 

شەڕی جەمەل

 

دوای چەند مانگێک لە دوای ئەوەی خەلافەتی گرتە دەست داستانی جەمەل ڕوویدا لە ساڵی ٣٦ی کۆچی (کە بەرامبەرەکانی بریتی بوون لە تەڵحە وزوبێر وعائشەی کچی ئەبوبەکر لەبەر ئەوەی داوای تۆڵە سەندنەوەی عوسمانیان ئەکرد) و ڕۆیشتن لە مەککەوە بەرەو بەسرە و عەلی ڕۆیشت بەرەو لایان، و جەنگ دەستی پێ کرد لە نیوانیان و کۆتایی ھات بە کوژرانی تەڵحە و زوبێر و سەرکەوتنی عەلی، و گەڕانەوەی عائیشە بۆ مەدینە، و لە دوای ئەو داستانە عەلی خەلافەتی گۆڕی لە مەدینەوە بۆ کووفە لەبەر ئەو پشتگیریەی کە خەڵکی کوفە لە عەلیان کردیان لەو جەنگەدا.

 

 

شەری سەفین

 

معاویە کوڕی ئەبووسوفیان والی شام بوو لە سەردەمی عوسمان (خوای لێ رازی بێت)، و کاتێک عەلی بڕیاری لابردنی دا، معاویە ڕەفزی کرد و ھەروەک ڕێگەی نەدا موبایەعە بە عەلی بدرێت و داوای حەق سەندنی عوسمانی کرد، لە دوای شەڕی جەمەل عەلی نوێنەری ناردە لای معاویە کە موبایەعەی پێ بدات، بەڵام موعایە ڕەتی کردەوە، عەلی (خوای لێ رازی بێت) بە لەشکرەکەیەوە ڕۆیشت بەرەو شام و سوپای ھەردوو لا بە یەک گەیشتن لە ناوچەی سەفین، دواتر وتوێژ دەستی پێکرد لە نێوانیان بۆ ماوەی ١٠٠ ڕۆژ بەڵام ھیچ ئەنجامێکی نەبوو، لای موعایەوە عەمری کوڕی عاس و لای عەلیەوە ئەبوموسای ئەشعەری دیاری کران بۆ وتوێژ، سەربازەکانی عەلی (خوای لێ رازی بێت) لەو قسەی خواریجیەکان دەرچوون کە داوایان لێ ئەکردن معاویە بکوژن لەبەر ئەوەی کافر بووە کە لە فەرمانی خەلیفە دەرچووە، و پاشان چوونە لای عەلی بۆ ھەمان مەبەست داوایان لێکرد معاویە بکوژێت، عەلی ڕەتی کردەوە، کە ئەمەش بووە ھۆی پاشگەزبوونەوەی خەواریجیەکان لە سوپای عەلی، دوای ئەو وتووێژە زۆرەی لە نێوان عەمری کوڕی عاس و ئەبو موسای ئەشعەری ڕوویدا، بڕیاریاندا عەلی و معاویە ھەردوکیان لاببەن و ھەڵبژاردنی خەلیفە بدەنە دەست موسڵمانان، پاشان ھەریەکەیان ھەستان بە ڕاگەیاندنی بڕیارەکە، ئەبو موسا ڕایگەیاند کە عەلی و معاویە ھەردوکیان لابران، بەڵام عەمری کوڕی عاس ڕایگەیاند کە عەلی لابراوە و معاویە جێگیرا کراوە. بەم شێوەیە جارێکی تر کوشتار گەڕایەوە نێوانیان، و معاویە توانی کۆمەڵێک سەرکەوتن بەدەست بھێنێت و لەگەڵ شامدا میسریشی گرتە دەست.

 

لەگەڵ ئەوەی سەردەمی عەلی ھیچ فەتحێک نەکرا بەڵام دەستکەوتی شارستانی زۆر ھەبوو وەک ڕێکخستنی پۆلیس و بنیاتنانی ناوەندی تایبەت بە خزمەتگوزاری و بنیاتنانی بەندیخانە.دواتر عەلی(خوای لێ رازی بێت) لە خەواریجیەکانی دا و شکاندنی لە جەنگی نەھرەواندا لە ساڵی ٣٩ی کۆچی، لەبەر ئەوەی کاتێک خەواریجیەکان لە سوپاکەی عەلی کشانەوە کەوتنە گرتنی ڕێگاوبان و خەڵکیان بێزار ئەکرد.

 

 

کۆچی دوایی

 

کاتێک عەلی (خوای لێ رازی بێت) نوێژی بەیانی ئەکرد بۆ موسڵمانان لە مزگەوتی کووفە، لە کاتی نوێژەکە عەبدول ڕەحمانی کوڕی مەلجەم شمشێرێکی ژاراوی دا لەسەری، و سێ ڕۆژ دوای ئەوە عەلی (خوای لێ رازی بێت) کۆچی دوایی کرد لە ساڵی ٤ی کۆچی، لە تەمەنی ٦٤ ساڵیدا، عەبدول ڕەحمانی کوڕی مەلجەم یەکێک بوو لە خەواریجەکان، عەلی کوڕی ئەبو تالیب کۆچی دوایی کردوو و ئاژاوەیەکی ھەڵگیرساو بە جێ ما لە ناو موسڵمانان، حەسەنی کوڕی خەلافەتی گرتە دەست و خەڵکی کوفە موبایەعەیان دا پێی، ٦ مانگ خەلافەتەکەی بەردەوام بوو پاشان دابەزی لە حوکم بۆ معاویە کوڕی ئەبووسوفیان بۆ ڕێگرتن لە خوێن ڕشتنی موسڵمانان، ئەمەش لە کاتێکا بوو سوپاکەی حەسەن لاواز بوو لە دوای کوشتاری خەواریجەکان و بەو مەرجە ڕێکەوت لەگەڵ معاویە کە لە دوای مردنی معاویە خەلافەت بگەڕێتەوە بۆ حەسەن و حسەینی برای، لە دوای مردنی حەسەن و معاویە، حسەین شۆڕشەکەی ڕاگەیاند لە دژی یەزیدی کوڕی معاویە کە بووە ھۆی کوژرانی حسەین لە کارەساتی کەربەلا لە ڕووبەڕوونەوەی سوپای یەزیددا.

 

 

Qadirzada.com ©2009 - 2022. All rights reserved