ئێمە ئاژاوەگێڕ نین و لەخەمی ئێستاو ئایندەی وڵاتەكەمانین

 

وەڵامێک بۆ ڕاگەیاندنەکەی سەرۆکایەتی ئەنجومەنی وەزیران:

 

سەرۆکایەتی ئەنجومەنی وەزیران لەڕاگەێنراوێکیدا کە ١٨/١/٢٠١٦ بڵاویکردۆتەوە، وەڵامی نوسراوێکی ھاوبەشی داوینەتەوە کە ١٦ی ئەم مانگە بڵاومانکردەوەو داوای ھەڵوێست و کردار دەکەین بۆ چارەسەری ئەم دۆخە قەیراناویە مەترسیدارە، لەوەڵامەکەدا ئەنجومەنی وەزیران چەواشەکاریانە تەنھا وەڵامی ئەوە دەداتەوە موچەو خەرجی ھێزی پێشمەرگەو ھێزەکانی ئاسایش چەندە! لەکاتێکدا ئێمە ئاماژەمان بەوە کردووە بۆ شەڕی تیرۆرستانی داعش لەدەرەوەی موچەو بودجەی پێشمەرگە کە ئەوە منەت نیەو جێگیرەو پێش شەڕی داعشیش ھەبووە وەک موچەی کارمەندانی دیکەی دەوڵەت، واتە: ئەم خەرجیانە بەھۆی شەڕی داعش دروستنەبوون، حکومەت لەساڵی ٢٠١٥ دا تەنھا ٢٠ ملیار دینارو ٧ ملیۆن و ٦٨٢ ھەزار یۆرۆی خەرجکردووە بۆ پێشمەرگە، بەڵام لەڕاگەێنراوەکەدا سەرۆکایەتی ئەنجومەنی وەزیران باسی موچەو بودجەی پێشمەرگە دەکات! کەئەو موچەو بودجەیە لەنێو ٨٦٠ ملیار دینارەکەی موچەی مانگانەدایە.

ئەگەر نا ساڵی ٢٠١٥ پێشمەرگە ٣٥ ملیار دیناری بازاڕ قەرزدارن، ١٢ ملیار دیناریان بۆجلوبەرگی زستانە پێویستە بەڵام بۆتان دابین نەکردوون.

ئێمە باسی داھاتی گومرگەکان و نادیاری داھاتە حەقیقیەکەی دەکەین بۆ ئامادە نین ژمارەی ڕاستی ئەو گومرگانە بخەنە ڕوو؟ بۆ وەڵامی ئەوەتان نەداوەتەوە؟

ئێمە باسی داھاتی نادیاری نەوت و بەتاڵان بردنی نەوتی کەرکوک دەکەین، بۆ وەڵامی ئەوە نادەنەوە؟

ئێمە پرسیومانە بۆچی لەگەڵ ڤیتۆڵ گرێبەستەکەتان جێبەجێ نەکرد تاکو مانگانە ٨٠٠ ملیۆن دۆلار بدرێت بەھەرێم بەپێدانی ٥٢٥ ھەزار بەرمیل نەوتی ڕۆژانە؟

پێویستە وەڵامی ئەم پرسیارو ژمارانە بدەنەوە کە وێرانکردنی ژێرخانی ئابوری ھەرێمی لێ کەوتۆتەوەو ئەمەیە خەڵکی بێ موچەو حکومەتی موفلیس و کەسانێکی بەناشەرعی دەوڵەمەند کردووە:

- جێگری سەرۆکی حکومەت رایگەیاند ١٨ ملیار دۆلار قەرزارن، لە کاتێکدا لەوەتەی پارە لەبەغدا بڕاوە ١٤ ملیار دراوەتە موچە، ئەی داھاتی نەوت و ناوخۆ کوا؟

- لە مانگی ٧ی ساڵی ٢٠١٤ ەوە نەوتی دوو کێڵگەی ئاڤاناو بای حەسەن دەفرۆشن و بەپێی ژمارەکانی کۆمپانیای نەوتی باکور بەرھەمی ڕۆژانەیان ٢٨٠ ھەزارە، پێنج مانگە کۆی بەرھەمی پێنج کێڵگەی کەرکوک لەدەست حکومەتی ھەرێمەو بەرھەمی ڕۆژانەی ٤١٠ بەرمیلەو بەگشتی داھاتی ساڵێک و پێنج مانگی ٦ملیارو ٧٠٠ ملیۆن دۆلاربووە، ئەم پارە چی لێھات.

- بەرھەمی کێڵگە نەوتییەکان سلێمانی و ھەولێرو دھۆک نزیکەی ٦٠٠ ھەزار بەرمیل بووە. داھاتی نەوتی ساڵێک ئەم کێڵگانەش ٦ملیارو ٧٠٠ ملیۆن دۆلارەو ئەگەر ساڵێک و شەش مانگی رابردوو وەرگرین دەکاتە ١٠ ملیار دۆلار، چونکە نرخی نەوت لە نێوان ٥٥ بۆ ٣٢ دۆلارەو ئێمە ٣٥ دۆلارمان ئەژمارکردووە.

- واتە کۆی داھاتی نەوتی وەدەست ھاتوو لە ساڵێک و شەش مانگی رابردوو ١٦ ملیارو ٧٠٠ ملیۆن دۆلارە، بەڵام ١٣ ملیارتان داوە بە موچە؟ ئەی چۆن ١٨ ملیار دۆلار قەرزاربوون؟ جگە لە داھاتەکانی دیکە، کوان ئەو پارانە؟

- پێش بڕینی بەشە بودجە لە عێراق داھاتە جۆرارجۆرەکانی نەوت نزیکەی ١٢ ملیار دۆلاربوو کە زۆرینە چووە بانکی کوردستان بەشێکی زۆر لەم پارە خەرجکردنی تائێستا نادیارە.

- بۆچی نەتانھێشت چاودێری دارایی وردبینی ئەو ٨ ملیار دۆلارەی نەوت بکات کە بەنایاسایی سەرفتان کردووە؟

- ٥ ملیار دۆلاری شیرینی نەوت کە پێشتر د.بەرھەم ساڵح وەک سەرۆکی حکومەت باسی کرد چی لێھات.

- ئەو پارانەی نەوت لە بانکی HSBC بوو چی لێھات؟

- بۆ پارەی نەوتتان بە ئێستاشەوە نەھێناوەتەوە بانکی حکومەت؟

- ئەو کۆمپانیایانەی بەناوی جۆرار جۆر لە خاڵە سنورییەکان پارە کۆدەکەنەوە بۆ خۆیان ھی کێن بۆ ڕێگای پێدەدەن؟ کوا داھاتەکانیان ؟

- بۆ دوو موچەو بندیوار چارەسەر ناکەن کە زیاتر لە ١٠٠ ھەزار کەسە.

- ٨٨ ھەزار کەس بە نایاسایی خانەنشینکران بۆ چارەسەری یاسایی بۆ ناکەن کە تەنھا لەساڵی ٢٠١٣ دا ٢٦ ھەزار کەستان بەنایاسایی خانەنشین کردووە.

- بۆچی بندیواری ناو ھێزەکانی پێشمەرگەو زێرەڤانی و یەکەی پاسەوانی چارەسەر ناکەن؟

- ٨ ھەزار کۆمپانیا باج نادەن بۆ ڕێگایان پێدەدەن.

- ١٢ ھەزار عەفوی گومرگی لە خاڵە سنورییەکان لەسەر کام بنەما کراوە؟

- کوا ٤٠ ملیارەکەی ساڵی ٢٠١٣ی پێشمەرگە؟

- کوا ٥ ملیارەکەی ساڵی ٢٠١٣ی کەم ئەندامان؟

- کوا ٥ ملیارەکەی ساڵی ٢٠١٣ی نۆژەنکردنەوەی قوتابخانەکان؟

- کوا ١ ملیارەکەی ساڵی ٢٠١٣ی ئەنجومەنی خانمان؟

- کوا ٢ ملیارەکەی ساڵی ٢٠١٣ی دەستەی ژینگە؟

بەڵێ پێمانوایە بەگەڕاندنەوەی ئەم پارانە کێشەی موچە چارەسەر دەبێت.

ئێمە ئاژاوەگێڕ نین و لەخەمی ئێستاو ئایندەی وڵاتەکەمانین و نوێنەری ئەو خەڵکەین کە زۆریان ٥ مانگە موچەیان وەرنەگرتووە، پەرلەمانتارێک پرسیاری قوتی خەڵکی کرد ئێوە ھەڕەشەی بێ دەنگردنی لێبکەن، دەوڵەت بە وڵامدانەوەی ئەو پرسیارانەس سەرەوە دروست دەبێت.

ئەگەرنا فەرموون سەرۆکایەتی ئەنجومەنی وەزیران بفەرموون بۆ بەردەم دادگایەکی عادیلانەو ئێمە ئەم سکاڵایانەمان ھەیەو ئێوەش ھەر سکاڵایەکتان ھەیە با دادگا حوکم بکات. ھەرچەندە دادگاش لەژێر ھەژموونی حزبدایە.

ئێمە ھانی خەڵکمان نەداوە بۆ خۆپیشاندان، ھەرکاتێکیش پێمانوابوو خۆپیشاندان چارەسەر خۆمان دەچینە ریزی خۆپیشاندەران ئەویش لەبەر شەڕی تیرۆرو دۆخی ناوچەکە، داوای ھەڵوێستمان لە لایەنە سیاسیەکان کردووە، ئاسایشی نەتەوەیی گەندەڵکاران و مافیاکانی دزینی نەوت دەیخەنە مەترسی نەک وتنی ڕاستیەکان و داواکاری چاکسازی فیعلی و ھەڵوێست وەرگرتن لەو ھەموو نادیاریەی داھات.

ئەگەر ھەر پێتان وایە بە کردنی ئەم پرسیارانە ئێمە ئاژاوە گێڕین و دەبێت بێدەنگمان بکەن فەرموو ھەر ئەمڕۆ ئیجرائاتەکەتان بکەن، چونکە ئێمە بەردەوام دەبین لەوتنی ڕاستیەکان و بەرگری لەخەڵکی کوردستان.

عەلی حەمە ساڵح

ئەندامی پەرلەمانی کوردستان

سۆران عومەر

ئەندامی پەرلەمانی کوردستان

١٩/١/٢٠١٦

 

Qadirzada.com @ 2016. All rights reserved