ئێران و ئێرانیەکان

عەلی حوسێن کەریمی

 

کاتێک واقیعی سیاسی بە هۆی لایەنێکی سیاسی مۆنۆپۆڵ دەکرێت ، رەنگی ئازادی کاڵ دەبێتەوە . دواتر دوای تێپەر بونی کات هێواش هێواش واقیعە نەخوازراوەکەی رابردوو دەبێتە بەشێک لە مێژوو . دواتر ئەو مێژوە دەبێتە حەقیقەت لەلای کۆمەڵێک لە نەوەی نوێی کۆمەڵگا . قورسە خەڵک تێبگەیەنی کە هەڵە وپێشێلکاری روویداوە لە رابردوودا بە تایبەت کە ئەم مێژوە کرابێتە سەرکەوتنێک و دواتر لە لایەن حکومەت و دەستەی زۆرینە وەک شانازیەک لەلایەن ئەوانەوە بدرێت بەخەڵک  . کاتێک ئەم دەستەیە وەک زۆرینە وڵات بەرێوە دەبەن ، هزری خەڵک وەک کاڵایەکی لاواز سەیر دەکەن .

واقیعی کورد بە بەردەوامی بەرەو ئاقارێکی قورس دەروات ، چونکە نەوەیەک لەو وڵاتانە ی کوردی بەسەر دابەشکراوە هاتۆتە کایەوە کاتێک تۆ پێی دەڵێی کوردم وەک ئەوە وایە کە خاکی باوکی داگیر دەکەی ، راستەوخۆ هەر  لەو کاتەدا گەر پێی بکرێت هەرچی لە زەرەری تۆیە دەیکات چونکە وای لێکراوە یاخود وا فێر کراوە کوردەکان کاتێک ناوی کورد بونی خۆیان دەهێنن ئەوا راستەوخۆ گوزارەی جیابونەوەیە . نەک تەنها ئەوە بەڵکو لای وایە ئەوە تۆی کە بەتەمای خاکی ئەو داگیر بکەی نەک دەسەڵاتی وڵاتەکەی خاکی داگیر کردبێت .

جارێکیان لە دوکانێکی سەرتاشی کە خاوەنەکەی تورک بو لەگەڵ کوردێکی رۆژئاوا بە کوردی قسەمان کرد ، دواتر گوێم لێبو تورکەکە بەو کوردەی دەوت کە لەلای ئەو کاری دەکرد . پێی دەوت ئەوە ئەو ورتە ورتەت لە چیە بۆچی بە عەرەبی قسەناکەن ئەویش وتی  کوردە بۆیە بە کوردی قسە دەکەن ئەویش وتی نا بەعەرەبی قسە بکەن .

رۆژێکی تر لەگەڵ فارسێکی شیرازی قسەمان دەکرد ، وتی راستە کورد حەقە بەڵام ئێمە ناتوانین دەست بەرداری خاکی خۆمان بین رێگە بدەین کوردەکان جیاببنەوە ، منیش وتم یەکەم ئێمە تەنها خاکی خۆمان دەوێ کە کوردستانە خاکی فارسمان داوا نەکردوە . ئەوە ئێرانە خاکی ئێمەی داگیر کردوە .

لە وەڵامدا وتی لەوەتەی من هەم ئەم خاکەی تۆ ناوی دەنێی کوردستان  ، لای ئێمە ئێرانە .

کاتێک مێنتاڵتی خەڵک بەم شێوەیە داگیر کرابێ زۆر قورسە حەقیقەت راست بکەیەوە .

لەلای ئێرانیەکان کە وتت کوردم ئەوا لایان وایە دژی ئێرانی بونی . بۆیە کورد بون حەقیقەتێکی تاڵە بەتایبەت لە ئێرانی ئەمرۆدا ، یەکەم دەسەڵاتێکی دینی شیعە مەزهەب خاوەنداریەتی هەم لە وڵات و هەم کۆی پیرۆزیەکانی کۆمەڵگای ئێران دەکات .

لە کاتێکدا  هەڵبژاردن لە ئارادایە لە ئێران ، کۆی ئەو هێزە سیاسیانەی کوردستان کە خاوەنی زۆرینەی جەماوەرن لە خانەی تیرۆر و نایاسای هەژمار کراون لەلایەن سەرانی  کۆماری ئیسلامی ، ئایا بۆ کۆمەڵگای کوردی لە ئێران هەڵبژاردن هیچ مانایەکی هەیە ؟  بێگومان نەخێر.

سەرانی ئێران باش دەزانن ئێرانی بونی کورد لەم هەڵبژاردنەدا لە خەتەر دا دەبێ کاتێک رێگەی هەڵبژاردنێکی ئازاد لە دەستی کۆمەڵگای کوردی دا بێت . بۆیە دەیانهەوێت زۆر بە بێ دەنگی ئەم خولەی هەڵبژاردنیش تێبپەرێ لە ناوچە کوردیەکان . ئیختیاری کورد لەم هەڵبژاردنە سفرە لەم هەڵبژاردنەدا.

کێ هەیە ئەمە نەزانێ لە کاتێکدا ناویان ناوە هەڵبژاردنەسەرتاسەریەکەی ئێران .

لە راستیدا ئەم هەڵبژاردنە تەنها بۆ ئەو دەستەیەیە کە ئیمانیان بەم سیستەمەی ئێستای ئێران هەیە ، سەرانی ئێرانیش تەنها ئەو دەستە یە بە ئێرانی راستەقینە دەزانن . بۆیە کورد لە هەڵبژاردنەداشوێنگەی بە چۆڵی ماوەتەوە    .

 

Qadirzada.com @ 2016. All rights reserved