بەیانامەی ئەنجومەنی سەركردایەتی یەكگرتوو

دەقی راگەیەندراوەی ئەنجومەنی سەرکردایەتی یەکگرتووی ئیسلامی کوردستان لەسەر بارودۆخی هەرێم.

 

یەكگرتووی ئیسلامی كوردستان

بەناوی خوای گەورەو میهرەبان

جەماوەری سەربەرزی كوردستان

خوشك و برایان و ئەندامان دۆستان و لایەنگرانی یەكگرتوو

هەروەك رونە وڵاتەكەمان بەقەیرانێكی سەختی سیاسی و داراییدا تێ ئەپەرێ.

ئەم واقیعەش دۆخەكەی سەبارەت بە جەماوەرو هێزو لایەنە سیاسیەكان لە ئاستێكی مەترسیداردا هەستیاركردووە، لە دۆخێكی لەم جۆرەدا ئاسایی نیە كەسمان هەوڵ بدات دۆخەكە بەشێوەیەكی نا تەندروست بقۆزێتەوەو لەبری بیركردنەوەیەكی جددی بۆ لە بناغەوە چارەسەركردنی قەیرانەكەو دەست پێكردنی قۆناغێكی نوێ لە ژیانی حكومڕانی و دابڕان لەو مۆدیلە حكومڕانیەی زیاتر لە بیست ساڵە بەردەوامەو بەكردەوە بۆ هەموان دەركەوتووە كە لە قەیراندا ژیاوە.

هاوڵاتیانی كوردستان..

یەكگرتووی ئیسلامی كوردستان بەشانازیەوە هەر لەسەرەتاوە تا ئەم ساتەوەختەش خۆی بە هێزێكی بنەرەتی لە مەیدانی چاكسازی ڕاستەقینەدا دەزانێت، جیاوازی بونمان لەسەر هەندێ شێوازو میكانزمی كارو بردنە پێشەوەی خەباتی چاكسازی خوازانە هەرگیز واتای دەست بەرداربوون لە بنەمای چاكسازی خوازانە و گۆڕانكاری ریشەیی و جددی لە واقعی هەرێمدا بەمەبەستی گەشەدان بەپرۆسەی سیاسی هەرێمەكەماندا نیە.

هەرلێرەوە نیگەرانی خۆمان دەردەبڕین بەرامبەر ئەو هەموو دەنگۆ و هەوڵانە كه لێرەو لەوێ دەدرێت بۆ پرسیار خستنە سەر مێژوو و رێگاو ناسنامەو بریاری سیاسی و هەوڵ و هەنگاوە چاكسازیەكانی یەكگرتووی ئیسلامی كوردستان خوشك و برایان و تەواوی ئەو خەڵكە دڵسۆزانە كە پەرۆشی ئێستاو ئاییندەی یەكگرتوون و چاوەڕێی كاری زۆری لێ دەكەن دڵنیا دەكەینەوە یەكگرتوو بۆ خزمەتی ئەوان و ئیصلاح و دژایەتی گەندەڵی و ناعەدالەتی دروست بووە بەردەوامیش لەو سەنگەرەدا دەمێنێتەوە..

ئێمە وەبیری هەموولایەكی دەهێنینەوە بۆ یەكەمجار لە مێژووی سیاسی هەرێمدا یەكگرتوو دروشمی چاكسازی بەرزكردەوەو لەو پێناوەشدا قوربانی زۆری داوەو، لە قۆناغی ئۆپۆزسیۆنیشدا هێزێكی كاریگەر بووەو بەشداربووە لە خەملاندنی پڕۆژەیەكی شەش پاكێجی چاكسازیدا، ئێستاش بەردەوامین و پابەندین بە خەبات بۆ بەدیهێنانیان.

یەكگرتووی ئیسلامی كوردستان لە هەموو وێستگە جۆراو جۆرەكاندا بەشێكی كارابووە لە دۆخە جەماوەریەكە بۆ راستكردنەوەی لادانەكانی پرۆسەی سیاسی و سنوردانان بۆ گەندەڵی و ناعەدالەتی كۆمەڵایەتی و ئابووری و نەبوونی سەروەری یاسا لە هەرێمدا.

یەكگرتووەكان لەو پێناوەدا دەستگرتن بەبنەماو ڕێبازە ئیصلاحیەكەی خۆیان و دژایەتی خراپ بەكارهێنانی دەسەڵات و گەندەڵی، ئەندامەكانی بێ بەشترین خەڵكی ئەم ووڵاتە بوون.

لە دوای بەبیر هێنانەوەی ئەو راستیانەو پێداگری لەسەر هەڵوێستی مەبدەئی و نەگۆری یەكگرتوو و سازش نەكردنی لەسەر پرسی چاكسازی و مافەكانی خەڵك هەڵوێستی خۆمان بەرانبەر كۆمەڵێك پرسی تایبەت بەم قۆناغە دەخەینە روو.

1- خشتەی موچەی فەرمانبەران:

ئێمە لە یەكگرتوودا هەروەكو پێشتریش لە بەیاننامەی (مەكتەبی سیاسی)دا ڕامانگەیاندووە جارێكی تر جەخت دەكەینەوە كە خشتەبەندی نوێی موچەی فەرمانبەران بەواقعی نازانین و دادپەروەری تێدا رەچاو نەكراوە و دووبارە رەتی دەكەینەوە.

بۆیە ئەركی حكومەتە لەبڕی پەنابردنە بەر ئەوكارە شەفافیەتی سەرچاوەكانی داهات و كاراكردنی دام و دەزگاكانی چاودێری و باج دانان بەسەر كۆمپانیاكان و گێرانەوەی بەشێك لە قازانجە ناڕەواكانی قۆناغی رابردوو چارەسەر بكات.

 

2- كۆمیتەی كاراكردنەوەی پەرلەمان و حكومەت:

ئێمە پێمان وایە ئەم كۆمیتەیە كە بۆ مەبەست و ئەركێكی دیاری كراو دروستكرابوو لە دوای نەگەیشتن بە ئەنجامە چاوڕوانكراوەكانی كارەكانی تەواوبووە لەم میانەشدا جەخت دەكەینەوە كە بەزوترین كات بڕیاری وەگەرخستنەوەی پەرلەمان و حكومەت بدرێت چونكە جگە لە بنەما یاساییەكان دۆخی هەستیاری هەرێمیش بریاری جددی و بەپەلە و ئاسایی كردنەوەی دۆخەكە دەخوازێت.

 

3- چاكسازی:

ئێمە پێمان وایە دۆخی هەرێم هەستیارەو پێویستی بە هەوڵ و بریارو چارەسەری بەپەلەو جددی هەیە لێمان دەخوازێت هەرچی زووە قەیرانە سیاسیەكە چارەسەر بكرێت لە پێناو زەمینە سازكردن بۆ چاكسازیەكی ڕاستەقینەو هەمەلایەنەی سیاسی و دارایی چونكە خەملاندنی پڕۆژەی نیشتمانی چاكسازی و چارەسەركردنی كێشەی سەرۆكایەتی هەرێم و كاراكردنەوەی دەزگا چاودێریەكان و شەفافیەت لە سەرچاوەی داهات و پەرەدان بە بەها دیموكراسیەكان پێش هەرشتێك پێویستی بۆ وەگەرخستنەوەی پەرلەمان و حكومەتە.

بۆیە كاتی دان نان بەهەڵەكانەو هەوڵی هاوبەشی راستەقینە بۆ چارەسەركردنی كێشەكان و (اعتبار) گێرانەوەیە بۆ ناوبانگی هەرێم كە قەیرانە سیاسی و داراییەكە تەم و مژێكی زۆری خستۆتە سەری و دۆستەكانی نیگەران كردووە.

4- سەبارەت بەهەڵوێستمان بەكابینەی هەشتەمی حكومەت هەركات بزانین كە كشانەوەمان لە حكومەت خزمەت بەچاكسازی و بەرژەوەندی گشتی گەل و ووڵاتمان دەكات وەك چۆن بۆ خواست و خزمەتی خەڵك دەستمان لە وەزارەتی كارەبا هەڵگرت ئاواش بەبێ دوو دڵی بریاری پێویست دەدەین.

بۆیە وادەبینین ئەم دۆخە مەترسیدارە پێویستی بەگیانی لە خۆبردەیی و لێبوردەیی نێوان لایەنەكان هەیە تا ژینگەو كەشێكی تەندروستی سیاسیی و كۆمەڵایەتی برەخسێت بەو هیوایەی زەمینە سازی بكات بۆ هاوپەیمانیەتێكی نیشتمانی نوێ كە زامنی چارەسەركردنی هەموو كێشە هەڵپەسێراوەكان بكات و تا پێكەوە بەستراتیژیەتێكی نیشتمانی یەكگرتوو هەنگاو بنێین و بتوانین نوێنەرایەتی ڕاستەقینەی ئیرادەی گەلەكەمان بكەین بۆ گەیشتن بەتەواوی ماف و خەونە مێژووییەكانی.

ئەنجومەنی سەركردایەتی

یەكگرتووی ئیسلامی كوردستان

13-2-201

 

 

Qadirzada.com @ 2016. All rights reserved