”بیرکردنەوە لە ئێستا“

”بیرکردنەوە لە ئێستا“ بەشی یەکەمی وتارێکی نوێی ئاراس فەتاح و مەریوانی وریا قانعە کە رۆژی سێشەممە لە ئاوێنەدا بڵاوکرایەوە.

 

ئەمەش کۆی وتارەکەیانە

بیرکردنەوە لە ئێستا

ئاراس فەتاح – مەریوان وریا قانع

بەشی یەکەم

 

(١)

بیرکردنەوە لە ئێستا و کردنی ئێستا بە کێشەیەکی فیکریی و تیۆریی و سیاسیی یەکێکە لە ئەرکە ھەرە سەرەکییەکانی ڕۆشنبیر، لەمەشدا ڕۆشنبیر ڕۆڵێکی پێغەمبەرانە نابینێت، بەڵکو ڕووبەر و پانتاییە گرنگەکانی بیرکردنەوە و تەحەداکردنەکان دەستنیشاندەکات. ڕۆشنبیر ئەم کارەش لە شەو و ڕۆژێکدا جێبەجێناکات، بە چاوپێکەوتنێک یان نووسینی وتارێک یاخود چاپکردنی کتێبێک کۆتایی بەکارەکانی ناھێنێت. مێژووی ڕاستەقینەی ھەر ڕۆشنبیرێک بریتییە لە مێژووی نووسین و تێکستەکانی، مێژووی ئامادەبوونی لەناو کێشە و تەحەدا سەرەکییەکانی کۆمەڵگا و سەردەمەکەی. لە ھەموو ئەمانەشدا مێژووی ھەر ڕۆشنبیرێک مێژووی چۆنیەتی گۆڕینی ئەو ئێستایە کە تیایدا دەژی، بۆ کۆمەڵێک پرسیار و کێشە و بەرخوردی تیۆریی و میتۆدیی و سیاسیی، مێژووی ھەوڵدانە بۆ وەڵامدانەوەی ئەو پرسیار و کێشانە بەشێوەیەک ئەو وەڵامانە ھاریکاری مرۆڤەکان بن، بۆئەوەی باشتر و ڕوونتر لەو دونیایە تێبگەن کە تیادا دەژین و ئەم تێگەیشتنەش یەکێک لە کەرەستە سەرەکییەکانی گۆڕان و سەرلەنوێ داڕشتنەوەی ئەو دونیایە بێت. بەم مانایە ئیشی ڕۆشنبیر ئیشی تێکەڵبوونێکی چالاک و فرەلایەنە بەو ئێستایەی لەئارادایە و ھەوڵدانی تەرجەمەکردنی ئەو ئێستایەیە بۆ کۆمەڵێک تێز و تیۆر و گریمانە و مۆدێلی ڕوانین و بەرخوردکردن.

 

(٢)

دۆخی ئێستاکەی ھەرێمی کوردستان دۆخێک نییە بە ڕۆشنبیران چاکبکرێت، ئێستایەک نییە ئەم یان ئەو ڕۆشنبیر لەڕێگای وتارێک یان چەند وتارێکەوە چارەسەرێکی سیحریی بۆ بدۆزێتەوە. کەڵەکەبوونی کێشە و قەیرانی چارەکە سەدەیەک لە حوکمڕانی خراپ و عەقڵیەتی سوڵتانیی بەسەریەکدا لە شەو و ڕۆژێکدا چارەسەرناکرێت. بەڵام مێژووی زیاد لە ڕۆشنبیرێک پڕە لەو شیکردنەوە و لێکدانەوە و خوێندنەوانەی کە ھەم پێشبینی ئەم ئێستا و دۆخە ترسناکەی ئەمڕۆکەی کوردستانیان کردوە، ھەم زیاد لە ڕوانین و ستراتیژ و ئاسۆیەکیان بۆ دەرچوون لەو ئێستایە پێشنیارکردوە. ئەوەی ئەمڕۆکە ڕۆشنبیر دەتوانێت ئەنجامیبدات پێداگرتنە لەسەر قووڵایی کارەساتەکان و پێداویستیی گۆڕانی ڕیشەیی و ھەمەلایەنی ئەو دونیایە. یەک شت بۆ ئێمە بەرچاو و ئاشکرایە و یەک کاریش مانادار و گرنگە، ئەویش بێدەنگنەبوون و قسەکردنی بەردەوامە لەسەر سەرجەمی ئەو مەترسیی و ھەڕەشە و کارەساتە سەرەکییانەی کە نەگۆڕینی ئەو ئێستایە دروستیدەکات. بەرگریکردنە لە مافە بنەڕەتییەکانی مرۆڤ و پێداگرتنێکی بەردەوامە لەسەر ئەخلاقی بەرپرسیارێتیی. ڕەخنەکردنی سەرجەم ئەو گوتار و تێڕوانینە سەرپێیی و خێرایانەیەشە کە ڕۆحیەتی پاشکەکشێکردن و بەزین و ھیچنەکردن و نائومێدیی و ڕەشبینیی و تەسلیمبوون بڵاودەکەنەوە و کردەی مێژویی وەک کردەیەکی مەحاڵ و خەیاڵپڵاو، نیشاندەدەن. وەکچۆن ڕۆشنبیران ئەو ھێزە نین بتوانن بەتەنھا مێژوو بگۆڕن، ئاواش ئەو ھێزە نین لەڕێگای سایکۆلۆژیای تایبەتی خۆیانەوە قوفڵ لە دەرگاکانی مێژوو بدەن. ئەگەرچی دۆخی ئەمڕۆکەی ھەرێمی کوردستان بە ڕۆشنبیران چاکناکرێت، بەڵام ڕۆشنبیران دەتوانن یەکێک لە بکەرە کۆمەڵایەتیی و مێژووییەکانی ڕووبەڕووبونەوەی ئەو دۆخە قەیراناوی و ترسناکە بن.

 

(٣)

ئێمە لە مێژە بەرگریی لەو ئەو تێڕوانینە دەکەین کە ئەوەی لە کۆمەڵگای ئێمەدا، بەر لە ھەموو شتەکانی تر، پێویستی بە گۆڕان و داڕشتنەوە و ژێرەوژووربوونەوەیەکی ڕیشەییە، کایەی سیاسەتە. بۆچوونمان وایە بەبێ دەستکاریکردنێکی ڕیشەیی ئەم کایەیە زەحمەتە ھیچ گۆڕانکارییەکی ڕاستەقینە لەناو ھیچ کایەیەکی دیکەدا دروستببێت. کردەی دەستکاریکردنی دونیای ئێمە بە دەستکاریکردنێکی ڕادیکاڵی کایەی سیاسەت دەستپێدەکات. ئەمە ئەو یاسا سۆسیۆلۆژییەیە کە حوکمی کۆمەڵگای کوردستان دەکات. ئێستای ئێمە نابێتە ئێستایەکی ماقوڵ، بەبێ گەڕاندنەوەی مەعقولییەت بۆ کایەی سیاسەت. مەعقولیەتی سیاسیی ژێرخانی ھەموو مەعقولیەتە کۆمەڵایەتیی و فەرھەنگییەکانی ترە. کە ئەمە دەڵێین نامانەوێت ئەو ھەستە لای خوێنەران دروستببێت کە بە گۆڕین و داڕشتنەوە و ڕیفۆرمکردنی کایەی سیاسیی، ئیتر کێشەی سەرجەمی کایەکانی تری ناو کۆمەڵگای ئێمە چارەسەردەبن. ھەر ڕوانینێکی لەو بابەتە نەک تەنھا ڕوانینێکی سادە و خۆخەڵەتێنی ناڕاستە، بەڵکو وەھمێکی تەواوە و بێبەشە لە لانی ھەرەکەمی ھەر دید و میتۆدێکی زانستییانە بۆ خوێندەوەی کۆمەڵگا. گۆڕینی کایەی سیاسیی مانای گۆڕینی کایەکانی تر و گۆڕینی کتوپڕی کۆمەڵگا نییە، بەڵام بەبێ گۆڕینی کایەی سیاسەت ناتوانین و ناکرێت ھیچ کایەیەکی تری ناو کۆمەڵگای بگۆڕین و سەرلەنوێ دابڕێژینەوە. ھۆکاری ئەمەش ئەوەیە لە دونیای ئێمەدا کایەکان سەربەخۆ نین و تەواو لەژێر کۆنترۆڵ و دیسپلینی میکانیزم و فشار و جەبر و خۆسەپاندنە ترسناکەکانی ناو کایەی سیاسەتدان. سیاسەت دەستکارییەکی تەواو شێوێنەرانەی سەرجەمی کایەکان و گشتێتی کۆمەڵگای ئێمەی کردوە، سەربەخۆیی بۆ ھیچ کایەیەکی تر نەھێشتۆتەوە، لەناو سەرجەمی میکانیزمە جیاوازەکاندا ئامادەیە. بۆیە بەبێ ڕێکخستنەوەی کایەی سیاسەت لەناو سنوورەکانی سیاسەت خۆیدا، زەحمەتە بتوانین لە ھیچ بوارێکی دیکەدا گۆڕانکاریی کۆمەڵایەتیی و دەزگایی و فەرھەنگیی و ڕەمزیی ڕاستەقینە پیادەبکەین.

ئەم دۆخە تایبەتە وادەکات ڕۆشنبیریی ئێمە مەحکومبێت بە بەرخوردی بەردەوام لەگەڵ ئێستا و لەگەڵ ئەو ھێزە سەرەکییەدا کە بەم ئێستایە ناوەرۆک و فۆرم و ئاراستەیەکی تایبەت دەبەخشێت، کە ھێزی سیاسەتە. لەم دیدەوە دەرگیربوونی ڕۆشنبیر لە کوردستاندا لەگەڵ سیاسەت ھەڵبژاردنێکی ئازاد نییە، خۆدزینەوە نییە لە کایەکانی خۆی، بەڵکو جۆرێک لە ناچاربوونی گوتارییانەیە و بەرپرسیارێتییەکی ئێتیکییانەیە. شێواز و چۆنیەتی ئیشکردنی کایەکان و پەیوەندی وابەستەییانەی سەرجەمیان بە سیاسەتەوە وا دەکات ڕۆشنبیری کورد ناچاربێت لە بەرخوردێکی بەردەوامدا بێت لەگەڵ سیاسەتدا. لە زۆر کاتدا وەک بکەرێکی سیاسیی ڕۆڵبگێڕێت و بنووسێت، یان لانیکەم ئامادەگیی ئەوەی ھەبێت لەسەر کێشەکانی ناو ئەم کایەیە قسەبکات و ئەو دیاردە و قەیرانانەی کایەی سیاسیی کە ھەم بۆ خۆی و ھەم بۆ کۆمەڵگا بەرھەمیدەھێنێت، تاوتوێبکات. ھەر ئەم بەرخوردەشێتی کە پێکدادان لەگەڵ دەسەڵاتدا بەرھەمدەھێنێت، بۆ بەرگرییکردن لە بەھا یونیڤێرساڵییەکانی مرۆڤ.

 

(٤)

گەمەکەری سەرەکیی ناو کایەی سیاسیی کۆمەڵگای ئێمە نوخبەیەکی دیاریکراوە بە کۆمەڵێک تەماح و ویست و خەون و عەقڵییەت و وێناکردن و ئامراز و دەزگاوە، کە لە ٢٥ ساڵی ڕابردوودا دروستبووە و گەشەیکردوە. دەشێت ئەم گشتە گەورەیە کە ئەم نوخبەیە دروستیکردوە لەژێر ناوی ”جیھانبینیی“دا کۆبکەینەوە. خاڵی سەرەکیی جیھانبینیی ئەم نوخبەیەش ئەوەیە کە پێیوایە ھەموو کایە کۆمەڵایەتیی و سیاسیی و دینیی و فەرھەنگیی و ڕۆشنبیرییەکانی دونیای ئێمە، ھەموو دەرکەوتەکانی ئەم دونیایە، ھەموو شتەکانی ناوی، موڵکی شەخسیی ئەوانە و مافی ئەوەیان ھەیە بەو شێوەیە بەکاریبھێنن کە ئەوان دەیانەوێت. واتە ھەم سیاسەت ھی ئەوانە، ھەم ئابووریی، ھەم میدیا، ھەم ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگای مەدەنیی، ھەم لەشکر، ھەم دادگا، ھەم نووسەران و ڕۆشنبیران و ھونەرمەندانیش. ئەم نوخبەیە ھیچ شتێکی گشتیی لە دەرەوەی کۆنترۆڵی سیاسیی ڕاستەوخۆ و ناڕاستەوخۆی خۆیدا نەھێشتۆتەوە، نەک تەنھا سەرجەمی دەسەڵاتەکانی لەناو کۆمەڵێک دەزگای تەواو کۆنترۆڵ و دسیپلینکراودا کۆکردۆتەوە، بەڵکو ھەموو شتەکانیشی لە سایکۆلۆژیای سیاسیی و شەخسیی کەسە سەرەکییەکانی ناو ئەو نوخبەیە مارەکردوە. دەشێت ھەندێک ڕەگەزی ئەم دونیابینییە مێژوویەکی دێرینتری لە ٢٥ ساڵی ڕابردوو ھەبێت، بەڵام ئەمە لەو ڕاستییە ناگۆڕێت کە لەو ٢٥ ساڵەدا جۆرە ”ھەبیتۆس“ێکی سیاسیی لای ئەم نوخبەیە دروستبووە وا مامەڵەدەکات وەک ئەوەی کۆمەڵگا موڵکی شەخسی ئەوان بێت و کوردستان و دانیشتوانەکەشی بەشێکبن لەو موڵکایەتییە تایبەتە. ئەم دۆخی ”تەمەلوک“کردنەی وڵات و ”تەمەلوک“کردنی مرۆڤەکان زۆر شتی وێرانکردوە، بەر لەھەموویان ماناکانی سیاسەت خۆی. کوشتن و سڕینەوەی سیاسەت وەک چالاکی ڕێکخستنی ژیانی گشتیی کۆمەڵگا ئەو گۆڕەیە کە ئەم نوخبەیە ھەم بۆ کایەی سیاسەت بەگشتیی و ھەم بۆ سیاسەت خۆشی وەک چالاکییەکی ئینسانیی، ھەڵیکەندوە. لە دیدی ئەم نوخبەیەدا شتێک بەناوی ژیانێکی گشتیی بابەتیی لەدەرەوەی خاوەندارێتی ئەواندا بوونی نییە، بۆیە بە ماف و ئەرکی خۆی دەزانێت لەناو سەرجەم بوارەکانی دەرەوەی کاری سیاسییشدا بە شێوەیەکی ڕەھا ئامادەبێت و و تاکڕەوانە بڕیاردەربکات.

 

(٥)

ھەڵوەشاندنەوەی ئەم دۆخە بەوە نابێت گەشە بەو وەھمە بدەین گوایە دەکرێت ئەم یان ئەو کایە لەژێر چەپۆکی کایەی سیاسەت و لەژێر تەماح و شێوازی ئیشکردن و فشاری نوخبە سیاسییەکە داببڕین. یان پێمانوابێت دەتوانین سەربەخۆیی بۆ فڵان یان فیسار بوار بگەڕێنینەوە و بەدووریبگرین لە ستراتیژ و میکانیزمەکانی کارکردنی کایەی سیاسەت لە کوردستاندا. بەدەگمەن نەبێت ڕووبەرێکی کۆمەڵایەتی سەربەخۆ لەدونیای ئێمەدا بوونی نییە؛ زۆربەی ھەرەزرۆی ئەو ڕووبەرانەش کە ڕۆشنبیران کار و قسەی تێدادەکەن ڕووبەری کۆنترۆڵکراو و ئاراستەکراو و دیسپلینکراون، بە دەیان ھێڵی دیار و نادیارەوە بە سێنتەرەکانی دەسەڵاتی سیاسییەوە گرێدراون و پارەیان تێدا خەرجدەکرێت. بۆ نموونە گەر کۆڕێکی سادە لە زانکۆدا بکەیت، لەم یان لەو کتێبخانەدا کۆببیتەوە، بۆ ئەم یان ئەو ڕۆژنامە بنووسیت، لەم یان لەو ڤێستیڤاڵەدا بەشدارببیت، ئەم تەلەفیزیۆن یان ئەو ڕادیۆدا گفتوگۆت لەگەڵدا بکەن، بەکورتییەکەی شتێک نییە لە وڵاتی ئێمەدا بەدەیان ڕایەڵە بە کایەی سیاسەتەوە گرێنەدرابێت. بەتایبەتی ھەموو ئەو شوێنانەی کە سەرمایەی گەورەیان ھەیە کۆمەکی مادیی گەورەی نووسەران و ڕۆشنبیران دەکەن، شوێنی تەواو بەسیاسیکراون و بەشێکن لە ئامراز و ستراتیژییەتە تایبەتەکانی مانەوەی ئەو دۆخە لە کوردستاندا.

 

لە دونیایەکی لەو بابەتەدا بەرگرییکردن لەم بەھای ئیستاتیکی یان دینیی یاخود فەرھەنگیی، دەشێت لە نیەتێکی پاکەوە بێت و خاوەنەکەی لە زۆرێک لە گەمە ناشیرینەکانی ناو کایەی ڕۆشنبیریی ئێمەوە نەئاڵابێت و چەندان دەمامکی لەسەرنەبێت، بەڵام ئەم بەرگرییکردنە بە دابڕاویی لە کارکردن بۆ ھەڵوەشاندنەوەی کایەی سیاسیی، یان بەبێ بەگژاچوونەوەیەکی بەردەوامی ئەو کایەیە و بەرگریکردنێکی درێژخایەن بەرامبەر بە فشارەکانی، کارێکە لە باشترین دۆخدا تەعبیر لە ڕۆمانسیەتێکی ئایدیالیستیی وەھمساز دەکات، و لە خراپترین دۆخیشدا تێکەڵبوونێکی وشیارانە یان ناوشیارانەیە بە ستراتیژییەتەکانی ھێشتنەوەی ئەو دونیایە بەو شێوەیەی کە ھەیە. ئەوەی پێمانوابێت دەتوانین وابکەین کایەیەک دروستببێت بەپێی بەھا ناوەکییەکانی خۆی کاربکات، بەبێ بچڕاندنی ئەو پەیوەندییە ژێرخانیی و بونیادییەی ئەو کایەیە بە کایەی سیاسییەوە گرێیئەدات، جگە لە خۆھەڵخەڵەتاندان و بەدحاڵیبوونێکی گەورە شتێکی دیکە نییە. ئەوەشی پێمان وابێت دەتوانین دونیای ئێمە بگۆڕین بەبێ گۆڕانی کایەی سیاسەت، نەک تەنھا درێژە بە وەھم و خۆفریودانێکی مەعرفیی و فیکریی دەدەین، بەڵکو سەرجەمی کایەی ڕۆشنبیرییش لەو وزە ڕەخنەییە بەتاڵدەکەینەوە کە دەشێت بەشێک بێت لە گشتێتی وزەی کۆمەڵایەتیی بۆ گۆڕانی دونیا. ئەم جۆرە ڕوانینە لەباشترین دۆخدا فۆرمێک لە ”سوفیزمی نوێ“ و ”سەلەفیزمی رۆشنبیریی“ دروستدەکات، کە تیایدا مرۆڤەکان لەناو ھەندێک خاڵ و پانتایی بچووک و دابڕاودا نووقمدەبن و لەسەرجەمی تەحەدا سەرەکییەکانی ناو ژیانی کۆمەڵایەتیی دادەبڕێن.

 

(٦)

بچڕاندنی پەیوەندیی نێوان کایەی سیاسیی و کایەی ڕۆشنبیریی لە کوردستاندا بەوە نابێت باس لە سیاسەت نەکەین و خۆمان لە ڕەخنەکردنی بەردەوامی مەترسییە سەرەکییەکانی سیاسەت بۆسەر کۆمەڵگا بەدوور بگرین، ھاوکات بەوەش نابێت لە کێشە گەورە و سەرەکییەکانی کۆمەڵگا بەدووربین و پێمانوابێت دەتوانین لەدەرەوەی سیاسەتدا دونیایەکی تەریب و سەربەخۆ بە کایەی سیاسەت دروستدەکەین و ئەگەری ئەم مەسەلەیەش ھەیە و ئامادەیە. بەڕای ئێمە قرتاندنی ئەو پەیوەندییە بەوەدەبێت بەشێکی گرنگی ھەوڵەکان تەرخانبکرێت بۆ دەستکاریکردنێکی ڕیشەیی کایەی سیاسەت و سنووردارکردنی ئەو کایەیە لە ناو ڕووبەرە ئاسایی و قبووڵکراوەکانی کایەی سیاسەت خۆیدا، بۆ رێگەگرتن لەوەی سیاسەت ببێت بە خواست و بەرژەوەندی شەخسیی، ببێت بە تاکە ئامراز، یان ئامرازی ھەرە سەرەکیی پێشکەوتنی کۆمەڵایەتیی، رێگرتن لەوەی سیاسەت بگۆڕێت بۆ تاکە ھێزێک کە دونیا دابڕێژێتەوە و دروستبکات بەو شێوەیەی دەیەوێت، ببێت بە کایەیەک کە بەبێ لێپرسینەوە و چاودێریکردن و کۆنترۆڵکردن کاربکات، ببێت بە تاکە ھێزێک بۆ دەستکاریکردنی ھەموو پنتێکی ناو کۆمەڵگا و سایکۆلۆژیا و کەسایەتیی تاکەکان، جۆرێکی ھێجگار شێواو لە سیاسەتی خودسازیی دروستبکات، کۆمەڵگا بگۆڕێت بە بازاڕێکی گەورە و لەنێوان سیاسەت و بازرگانیی و دزیکردندا ھیچ مەسافەیەک نەھێڵێتەوە. بەبێ ئەم ڕیفۆرمە رادیکاڵە سیاسییە، ڕووبەری ھەر ڕیفۆرمێکی دیکە ھێجگار بچوک و سنوردار و پەراوێزی دەبێت. بەبێ ئەم پرۆژە سیاسیی و کۆمەڵایەتییە گەورەیە، ھەموو شتێکی دیکە وەک موناجاتێکی تاکەکەسیی و وەک نەفەسێکی غەمبار و بێپەنا دەکەوێتە ناو فەزای گشتیی و ناو پەیوەندییەکانی ھێز و دەسەڵاتەوە لە کۆمەڵگای ئێمەدا. بەبۆچوونی ئێمە ئەم سەربەخۆبوونە بێوێنەیەی کایەی سیاسیی لە کوردستاندا و ئەم دابڕانەی لە ھەر چاودێریی و لێپرسینەوەیەکی کۆمەڵایەتیی و سیاسیی و ڕۆشنبیریی و ئەخلاقیی، کێشەی ژمارە یەکی کوردستانە لە دونیای دوای ڕاپەڕیندا. ھەر ئەمەشە ئەمڕۆکە ئەو ھەموو قەیرانە کوشندە و ترسناکانەی دروستکردوە. بۆیە بەبێ چارەسەرکردنێکی بنبڕی کێشە گەورەکانی ناو کایەی سیاسەت، زەحمەتە دابڕاوانە بیر لە چارەسەری ھیچ کێشەیەکی تری ئەم وڵاتە بکرێتەوە. ھەر ئەمەشە وامان لێدەکات بڵێین، یەکێک لە ئەرکە سەرەکییەکانی ڕۆشنبیریش لە کوردستاندا ئەوەیە کە بەشێک بێت لەم چارەسەرە.

 

(٧)

ئێمە بڕوامان وایە سیاسەت وەک چالاکییەکی کۆمەڵایەتیی و ئینسانیی بەتوندیی پەیوەستە بە مەسەلەی ”چاکەی گشتیی“ەوە، بەشێکی بنەڕەتیی و سەرەکیی دروستکردن و ڕێکخستنی ”ژیانی گشتیی“ە لە کۆمەڵگادا، ئەو چالاکییەیە کە وادەکات بتوانین بەیەکەوە بژین و کاربکەین بەبێئەوەی ببین بە دوژمنی یەکتر و مەرگ و لەناوچوونی یەکتری بەئاوات بخوازین. سیاسەت ڕەنگە نەتوانێت بمانکات بە ھاوڕێ و دۆست و ئازیزی یەکتر، بەڵام پێویستە ڕێگە لەوەبگرێت ببینە دوژمنی یەکتر و پلان بۆ لە لەناوبردنی یەکتر دابڕێژین. ھەرکاتێکیش سیاسەت نەیتوانی ئەو چوارچێوەیە دروستبکات کە چاکەی تێدا بەرھەمبھێنرێت و ژیانی گشتیی تیایدا بەشێوەیەکی عەقڵانی ئاڕاستەبکرێت، دەبێت بە خراپەکارییەکی بەردەوام و فرەلایەن و شتێک بەناوی ژیانێکی گشتیی ئارام و ڕێکخراو و عەقڵانییەوە ناھێڵێتەوە. گەر خراپەکاریی ھاوشان بە ناعەقڵانیەت بوو بە سیستەم، ئەودەم دەبێت چاوەڕوانی دابەشبوونی سیاسیی و کۆمەڵایەتیی و دوژمنایەتی فرەجۆر و دزیی و جەردەیی و گەڕانەوەیەکی بەردەوام بۆ توندوتیژیی و کوشتنی ھەموو جۆرەکانی دانوسانیی سیاسیی و کۆمەڵایەتیی بین. چاوەڕوانی ئەوەبین سیاسەت ببێت بە کردەیەکی وێرانکار و ماشێنێکی گەورەی بەرھەمھێنانی تاوانی گەورە و ھەمەجۆر. ئەم تێڕوانینە وامان لێدەکات کە بڵێین سیاسەت وەکو کردەیەکی ئینسانیی پێویست و گرنگ فەشەل ناھێنێت، بەڵکو وەکو پڕۆژەی دەسەڵاتدارێتی نوخبەیەک یان گروپێکی کۆمەڵایەتی یان دینیی دیاریکراو لە واقیعدا شکستدەھێنێت. سیاسەت شتێک نییە بتوانین توڕیبدەین و پشتیتێبکەین، بەڵکو ئاکتێکە دەکرێت گرنگ و ماناداری بکەین، لەبری کوشتن، ژیان بەرھەمبھێنێت. رزگارکردنی سیاسەتیش لە ھەموو کردەیەکی شکستخواردوو بەگەڕاندنەوەی ئەو مانایانە بۆ سیاسەت دەبێت کە بە مەسەلەی چاکەکاریی و ڕێکخستنێکی عەقڵانیی ژیانی گشتییەوە گرێیئەدات. ئەمەش ڕوانینێکە تیایدا ھاوڵاتیان، بە ڕۆشنبیران و ھونەرمەندان و نووسەرانەوە، تەنھا نابن بە ”تەماشاکەرێکی بێلایەن“، بەڵکو دەبن بە بەشداربوویەکی چالاکی ناو ژیانی گشتیی.

 

(٨)

گومانی تێدا نییە پەیوەندی نێوان ھاوڵاتیی و دەوڵەت لە ھەر وڵاتێکدا لەلایەکەوە بریتییە لە پەیمانێکی سیاسیی کە پەیوەندی نێوان خەڵک و دەسەڵات رێکدەخات. لە لایەکی تریشەوە بریتییە لەو چوارچێوە یاسایی و ئەخلاقیی و ئیدارییانەش کە سیاسەت کاریان تێدا دەکات. بەشێوەیەکی گشتیی پەیمانەکانی سیاسەت لە دونیای ئەمڕۆدا ھاوچەشنن، بریتین لە گەشەدانێکی ئابووریی تەندروست، دابینکردنی خۆشگوزەرانیی، دەستەبەرکردنی ئازادیی، زەمانەتی ئارامیی کۆمەڵایەتیی و پاراستنی ماڵ و موڵک و تەندروستیی و ژینگەی ھاونیشتیمانیان و برەودان بە کولتوور و ڕێزگرتنی جیاوازیی و ھتد. پەیمانی سیاسیی بەشێوەیەکی گشتی بریتییە لە تێرکردنی خواستە بنەڕەتییەکان و گەرەنتیدان بە ھاوڵاتیان کە ئەم پەیمانانە درۆ نین. ھەر کاتێکیش سیاسەت نەیتوانی دڵسۆزبێت بەرامبەر بەم پەیمانانە و خواستەکانی ھاوڵاتیانی تێرنەکرد و درۆی لەگەڵدا کردن، ئەوا درزێکی گەورە دەکەوێتە نێوان خەڵک و دەسەڵاتەوە. ئەم درزەش یان بە ریفۆرم چارەسەر دەکرێت یان بە شۆڕش. ئەوەی دەستنیشانی ئەگەری ھەریەکێک لەم دووانە دەکات دۆخێکی دوو سەرەیە. لەسەرێکەوە بڕ و ئامادەگیی ئەو نوخبە سیاسییە بۆ گۆڕان و پیاداچوونەوە، لەسەرێکی دیکەوە بڕ و ئامادەگیی کۆمەڵگایە بۆ یاخیبوون.

 

(٩)

کۆمەڵگای ئێمە لەبەردەم ھەڕەشەی لەدەستدانی جڵەوی فەرمانڕەواتییدایە؛ فەراغێکی گەورەی سیاسیی و قەیرانێکی قووڵی ئابووریی و بێمتمانەیەکی کەموێنە بەرھەمھاتووە، کە مەترسیی کوشندەی لەسەر دواڕۆژی سیاسیی و ئاشتیی کۆمەڵایەتیی لە کوردستاندا دروستکردووە. ئەم مەترسییەش دۆخێکی تێپەڕ نییە، بەڵکو کێشەیەکی بونیادیی و قووڵی سیستەمی دەسەڵاتدارێتییە لە کوردستاندا و ڕاستەوخۆ لەناو کایەی سیاسەت خۆشیەوە دێتەدەرەوە. سادەترین ناوێک بۆ ئەم مەترسییە بەردەوامە فەشەلی تەواوی بکەرە سیاسییەکانە لە بەڕێوەبردنێکی عەقڵانییانە و شەفافانە و دادپەروەرانەی وڵاتدا. ئەم نوخبەیە بەرەو ئەوەش دەڕوات نەک نەتوانێت کۆمەڵگا کۆنترۆڵ و ئاراستەبکات، بەڵکو ئەو یەکێتییە نوخبەوییە ناوەکییەش لەدەستبدات کە ستراتیژییەتی سەرەکیی پاراستنی دەسەڵاتی خۆی بووە. بەڕای ئێمە چیدی نوخبەی دەسەڵاتداری کوردستان نەک ناتوانێت کێشە و قەیرانەکان چارەسەر بکات، بەڵکو خودی خۆی بووە بە کێشە بۆ سیاسەت و لەناو سیاسەتیشەوە بە کێشە بۆ سەرجەمی کایەکانی تری ناو کۆمەڵگا.

 

(١٠)

لەم جۆرە حاڵەتانەشدا دوو رێگە لەبەردەم ھەم دەسەڵات و ھەم خەڵکیشدایە، یەکەمیان ئەوەیە کە سیاسەت بەمانا مادییەکەی لە فۆرمی سەرۆک و حکومەت و دەزگاکانیدا، دان بە شکستی خۆیدا بنێت و ھەڵوەشاندنەوەی خۆیان ڕابگەیەنێت و لەبری ئەمەش پەیمانێکی سیاسیی نوێ لە نێوان دەسەڵات و ھاوڵاتیاندا دروستبکرێت. ئەم خۆھەڵوەشاندنەوەیەش ستراتیژێکە بۆئەوەی کۆمەڵگا دانەوەشێت و توندوتیژیی نەبێت بە تاکە رێگایەک بۆ گۆڕانکاریی. یان ئەوەتا دەستبەرداری دەسەڵات نابێت و گوێ بە ھیچ نادات و لەڕێگای گەشەدان بە چەند گوتارێکی پۆپۆلیستیی و درۆزنانەی لە بابەتی دروستکردنی دەوڵەت، خۆی ئامادەدەکات بۆ پێکدادانێکی بەرفراوان لەگەڵ کۆمەڵگادا. ئەم دوو حاڵەتە دەشێت درێژخایەن بن و دەشێت کتوپڕیش ڕووبدەن، بەڵام لە ھەردوو حاڵەتەکەدا بە پرۆسەیەکی دژواری سیاسیی و ئابووریی و سایکۆلۆژییدا تێپەڕدەبێت و زەحمەتە بەبێ فشار و توندوتیژیی مەدەنیی دروستببێت.

 

 

Qadirzada.com @ 2016. All rights reserved