ئایندهی کوردستانی عێراق؛ سهربهخۆیی یان فیدراڵیزم

بی.بی.سی:
و: هێمن عهلی

کوردهکان که وهکو گهورهترین کهمایهتی بێدهوڵهت له جیهاندا ناو دهبرێن، له روی ناوخۆیی، پێگهی جوگرافی، ژئۆپلۆتیکی و دابهشبون بهسهر چوار وڵاتی ناوچهکه نزیک به دوو سهدهیه که له ژێر ناو و شێوهی جۆراوجۆر له پێناو سهربهخۆیی، ئۆتۆنۆمی و فیدراڵیزم ههنگاو ههڵدهگرن.

رێگای ئهوان هیچ کاتێک له وڵاتانی تورکیا، عێراق، ئێران و سوریا، رێگایهکی ساده و ههموار نهبووه‌. بهڵام لهم نێوهندهدا، ههلومهرجی کوردان له عێراق لهبهر ئهو سهرکوتهی که له لایهن حکومهته جۆراوجۆرهکان لهم وڵاتهدا بهسهریاندا سهپێنراوه، زیاتر مانشێت و راگهیاندنهکانی جیهانی به خۆیهوه سهرقاڵ کردووه.

بهڵام کوردهکانی عێراق له ساڵی '١٩٩١'هوه کۆنترۆڵی ناوچه کوردنشینهکانی ئهم وڵاتهیان گرتۆته دهست و زیاتر له بیست ساڵه که کوردستانی عێراق دهوڵهت ئاسا بهڕێوه دهچێت. دهسهڵاتی ئهوان دوای روخانی حکومهتی سهدام حسێن گهیشتۆته ئاستێک که بازرانی بهردهوام بهرگری له مافی کوردان دهکات بۆ دامهزراندنی دهوڵهتێکی کوردی.

کوردستانی سهربهخۆ؛

ئاوات یان مافێکی سروشتی
ئهم رستهیه وهرگیراوه له وتهکانی دوو سهرۆکی گهورهی کوردستانی عێراق واته جهلال تاڵهبانی و مهسعود بارزانی. تاڵهبانی دامهزراندنی کوردستانی سهربهخۆ زیاتر دهشوبهێنێته ئاوات یان خهیاڵێکی شاعیرانه‌. بهڵام مهسعود بارزانی ئهوه به مافی سروشتی کوردان دهزانێ و بهردهوام جهختی لهسهر دهکاتهوه.

ههروهها که له وتهکانی ههر دوو کهسایهتی سیاسی دهردهکهوی، روکردی کوردان سهبارهت به سهربهخۆیی و مانهوه له چوارچێوهی عێراقێکی فیدراڵ یهکێک نیه و جیاوازی ئهم دوو روانینه له کوردستانی عێراق، دژبهران و رهزامهندانی تایبهتی خۆی ههیه.
ئهگهر بمانهوێ به زمانێکی تیۆریک جیاوازی روانینهکان تاوتوێ بکهین، دهتوانین بڵێین که دوو جۆره هزراندن سهبارهت به ئایندهی کوردستانی عێراق له ئارادایه‌. گروپی یهکهم پێک دێن له دۆزخواز (ئامانجهگر)هکان که زۆربهیان له رێگای مهسعود بارزانی سهرۆکایهتی دهکرێن و گروپی دووهم پێک دێن له پراگماتیستهکان که له لایهن پارته جۆراوجۆرهکان سهرۆکایهتی دهکرێن، بهڵام کهسایهتی بهرجهستهی ئهم ریزه جهلال تاڵهبانییه‌. بزوتنهوهی گۆڕان، یهکگرتوو و کۆمهڵی ئیسلامیش له روی هزرییهوه زیاتر پراگماتیستن و دهتوانرێ وهکو گروپی دووهم له قهڵهم بدرێن.

دۆزخوازهکان بڕوایان وایه که پرسی کورد، پرسێکی ناسنامهییه و تهنیا چارهسهری لۆژیکی و درێژخایهن که دهتوانێ دهستکهوتی بۆ کوردهکان ههبێت، سهربهخۆیی ئهوانه‌. ئهوان ههر جۆره رێگاچارهیهکی تر وهک ئۆتۆنۆمی و فیدراڵیزم وهکو پرۆژهی کورتخایهن دهبینن. روکردی ئهم شێوههزره به شێوهیهکی سروشتی گهشهی نهکردووه، بهڵکو زیاتر حاڵهتی لهرزاوی ههبووه و ههندێ جار لهبهر ئهو گۆڕانکاریانهی له عێراق و ناوچهکهدا دێنه ئاراوه، بۆته رۆژهڤ. ههر وهکو ئهو روداوانهی دوایی عێراق که هیواکانی بۆ سهقامگیری لهم وڵاتهدا روبهڕوی نیگهرانی کردهوه.

بهمجۆره له ههڵسوکهوتی دۆزخوازهکان وا دهردهکهوێ که ئهوان له ههوڵداندان تا پرۆژهکهیان بگهیننه ئهنجام. وا دیاره که بهشێک له پارتی دیموکراتی کوردستانی عێراق، بهتایبهت ئهوانهی که زیاتر نزیکن له مهسعود بازرانی، له لایهنگرانی ئهم شێوههزرهن و له دۆخی ئێستادا زۆربهی ئۆرگانهکانی ئهم پارته پشتگیری لێ دهکهن.

جێگری ئهم پارته واته نێچیرڤان بارزانی زیاتر لهوهی که دۆزخواز بێت، پراگماتیسته، بهڵام له دۆخی ئێستادا له کهمایهتیدایه و رێژهی کاریگهری ئهو لهسهر سیاسهته گشتییهکانی حزب دابهزیوه‌. دۆزخوازهکان که ئێمه لێرهدا وهکو سهربهخۆخوازهکان ناومان لێ بردن، زیاتر روکردێکی رهوشتیان به سیاسهت ههیه و ههر لهمبارهیهوه جهخت لهسهر نرخهکانی کۆمهڵگا دهکهنهوه و ههست دهکرێت سهبارهت به رهوهندی ئهم کۆمهڵگایه موحافیزهکارن.

گروپی دووهم له ریزی جۆراوجۆر پێک دێن که ئێمه لێرهدا ئهوان وهکو پراگماتیست ناومان لێ بردن. ئهم گروپه له پارته عهلمانی (سکۆلار)کان وهکو یهکێتی نیشتمانی دهست پێدهکات و به پارته ئیسلامییهکان کۆتایی دێت. له روانگهی ئهوانهوه راستی، پێگه و ههلومهرجی ژئۆپلۆتیکی کوردستان هێنده ئاڵۆزه که ئهم دهرفهته له کوردان دهگرێتهوه که بتوانی به ئاسانی له پێناو دامهزراندنی دهوڵهتێکی کوردی ههنگاو ههڵبگرن.

ئهوان کوردستانی سهربهخۆ زیاتر هاوشێوهی ههلومهرجێک دهکهن که به تهواوی گهمارۆ دراوه و هیچ دهرفهتێک بۆ گهشهپێدان و پهیوهندی لهگهڵ دنیای دهرهوهی نابێت. ئهوان ههنگاوههڵگرتن بهرهوه سهربهخۆیی به شتێکی ئهستهم دهزانن که هیچ حزب و بزاوتێک ناتوانێ ئهوه بگهینێته ئهنجام. لهبهر ئهوهی پرسی کورد پرسێک نیه که تهنیا وابهسته به ئیرادهی خودی کوردانهوه بێت، بهڵکو زیاتر بهرژهوهندی و هاوکێشه ناوچهییهکان لهسهر ئایندهی بهکاریگهرن.

بۆیه، عاقڵانهترین و لۆژیکی ترین رێباز له دیدی پراگماتیستهکانهوه، مانهوه له چارچێوهی عێراق و یارمهتی وهرگرتنه لهو دهرفهتانهی که سیستمی فیدراڵ دهتوانێ بۆ کوردهکان دابینی بکات. شرۆڤهی ئهم گروپه له فیلتهری جۆراوجۆر وهکو ههرێمی عهلمانی و ئیسلامی تێدهپهڕێ، عهلمانیگهلێک وهکو یهکێتی نیشتمانی و بزوتنهوهی گۆڕان به کهڵک وهرگرتن له رهوایهتی تێکۆشانیان له ساڵانی رابردوو، بهدوای ههرێمێکی سکۆلارن که پایه و بنهماکهی، نرخه عهلمانییهکان دیاری دهکهن. بهڵام له بهرامبهردا پارته ئیسلامییهکان زیاتر له سهر شوناسی ئیسلامی ناوچهکه جهخت دهکهنهوه و بهدوای دامهزراندنی سیستمێکن که بنهڕهتهکهی، ئیسلام دیاری دهکات و روانینی ئهوان زیاتر شارستانی ئیسلامی دهکات به سهنتهر تا ناسیۆنالیزمی کورد. پارته پراگماتیستهکان سهبارهت به داهاتوی ناوچهکه زیاتر جهخت لهسهر راستی دهکهنهوه و له پهیوهندی دهرهکی خۆیان تا ئاستێکی زۆر موحافیزهکارن.

دهوڵهتی ناوهندی و داهاتوی سهربهخۆیی و فیدراڵیزم:

دوای روخانی دهوڵهتی بهعس، کوردهکان ئهم ههلهیان بهدهست خستووه که رۆڵێکی ئهوتۆیان له سهرلهنوێ سازدانی دهوڵهتی نوێ ئهم وڵاته ههبێت. یهکهم دهستکهوتی ئهم گۆڕینی پێگهیه، دهگهڕێتهوه بۆ ههموارکردنی دهستوری ئهم وڵاته که دهسهڵاتی حکومهتی ههرێم به فهرمی ناسیوه و لهوێدا هاتووه که دهوڵهتی ناوهندی هیچ جۆره دهسهڵاتی له ناوچهکه نابێت جگه له سیاسهتی بهرگری، دهرهکی و پاره.
ههروهها لهم دهستورهدا باس کراوه که عێراق تهنیا له دۆخێکدا یهکپارچه دهمێنێتهوه که پابهندی ئهم دهستوره بن. له لایهکی ترهوه، دهستوری نوێ ئهم دهرفهته بۆ ههموو عێراقییهکان دابین دهکات که جیا له ههرێمی کوردستان، ههرێمهکانی تر لهم وڵاتهدا دروست بن، بهڵام لهگهڵ له سێیا دووی دهنگی خهڵکی ئهو ههرێمه‌. ئهم خاڵه زۆر گرنگه که لهم دهستورهدا ئهمهیه که سوپای عێراق که کوردان بیرهوهرییهکی باشیان لێ نیه، تهنیا به مۆڵهتی پهرلهمانی ههرێمی دهتوانێ دهربازی کوردستانی عێراق بێت. بۆیه لهگهڵ رهچاوکردنی ههموو ئهم خاڵانه دهتوانین بڵێین که حکومهتی ههرێمی کوردستان خاوهن ئهو دهسهڵاتانهیه که عێراقییهکان بیریان لێ دهکردهوه.
بهڵام ئهو دهرفهتانهی که ئهم دهستوره بۆ کوردان فهراههمی کردووه، له دوو رووهوه کاریگهری داناوه لهسهر تێڕوانین و ههڵسوکهوتنی کوردان و عێراقییهکان. شیعهکان که لهگهڵ کوردان رۆڵێکی بهرچاویان ههبوو له ههموارکردنی دهستوردا، ئهمڕۆ ههوڵدانهکانی خۆیان دووقات کردۆتهوه که ریفۆرمی تێدا بکرێت، بهتایبهت له دهسهڵاتهکانی ههرێمی کوردستان کهم بێتهوه‌. له بهرامبهردا، سونهکان که رۆژگارێک دژبهری سهرسهختی ئهم دهستوره بوون، له ههوڵداندان بۆ دروستکردنی ههرێمه سونهکان لهگهڵ کهڵکوهرگرتن لهو خاڵانه و لهم رێگایهدا بهردهوام له ههرێمی کوردستان وهکو مۆدێلێکی کارامهو ناو دهبهن.

کوردهکان ههروهها که تێڕوانینی جیاوازیان سهبارهت به ئایندهی ههرێمی خۆیان ههیه، به روانینێکی جیاواز سهیری دهوڵهتی ناوهندیش دهکهن. دۆزخوازهکان وهکو مهسعود بارزانی قهیرانه ههنوکهییهکان ههلێک دهزانن بۆ سهرلهنوێ پێناسهکردنی پهیوهندییهکان لهگهڵ دهوڵهتی ناوهندی و لهم بڕوایهدان که له ئهنجامی گۆڕینی هاوکێشه ناوخۆییهکانی عێراق، کوردان دهبێ زیاتر لهمه جهخت نهکهنهوه لهسهر هاوپهیمانی لهگهڵ شیعهکان و روو بکهن له سونهکان. چونکه ئهو ههرێمانهی که ئهوان وهکو ناوچه کێشهدارهکان ناوی لێ دهبهن، هاوسنوره لهگهڵ پارێزگا سونهنشینهکان و نزیکبون به سونهکان دهتوانێ رێگا بۆ گهڕانهوهی کهرکوک و ناوچهکانی تر خۆش بکات.
بهڵام پراگماتیستهکان وهکو یهکێتی نیشتمانی، بزوتنهوهی گۆڕان و پارته ئیسلامییهکان ئهم سوڕه ستراتیژیکه زۆر به زهحمهت له قهڵهم دهدهن و زیاتر ئهم ئهگهره دهدهنه پێشهوه که کوردهکان نابێ له هاوکێشهکانی عێراقدا له بهرژهوهندی هیچ گروپێکی تایبهت بجوڵێنهوه و دهبێ زیاتر روو بکهنه رۆڵی ناوبژیوانی له نێوان شیعهکان و سونهکان.
چاوهڕوان دهکرا پراگماتیست و دۆزخوازهکان له پهرلهمانی عێراقدا له چوارچێوهی بهرهیهکی سیاسی بێنه پێشهوه، له دۆخی ئێستادا له چوارچێوهی دوو بهرهدا کار دهکهن و ههر یهکهیان هاوپهیمان و دژبهری خۆیان ههیه، به جۆرێک که تهنانهت بزوتنهوهی گۆڕان ئاماده بوو له پهرلهمانی عێراقدا له دژی دوو حزبی گهورهی کوردستان واته یهکێتی و پارتی بکهوێته جوڵهوه و لهم رێگایهدا زۆرێک له عێراقییهکان بوونه هاودهنگی.

بهڵام دواجار چۆن له سهر بنهمای دهستوری بنهڕهتی، دهوڵهتی ناوهندی مافی دهستێوهردانی له ههرێمدا نیه، پهرلهمان و دهوڵهتی ناوهندی نهیتوانی هیچ کاردانهوهیهک له خۆی نیشان بدات. به گشتی، کهشی ناوخۆی عێراق زیاتر لهوهی که ههلێک بۆ سهربهخۆیی ئاماده بکات، بهرهوه زیادبونی دهسهڵاتهکانی ههرێمی کوردستان دهچێته پێشهوه.
ئهوهی رێژهی کاریگهری کوردانی کهم کردۆتهوه یان باشتر بڵێین رێژهی کهڵک وهرگرتن له ههلهکانی گهیاندۆته کهمترین ئاستی خۆی، هاودهنگ نهبوونی کوردانه سهبارهت بهو ههڵوێستهیان له بهرامبهر ئایندهی پهیوهندییهکانی ههرێم لهگهڵ حکومهتی ناوهندی.

وڵاتانی ههرێم و رۆڵی ئهوان له سهربهخۆیی و فیدراڵیزمدا
ئهمریکا له کاتی دروستبونی حکومهتی ههرێمی کوردستان هۆکارێک بووه بۆ یهکگرتویی کوردهکان، بهڵام وڵاتانی ئێران و تورکیا بهردهوام ههوڵیان داوه ئهم ههرێمه دابهش بکهن بۆ گۆڕهپانی دزهکردنی خۆیان.
ناتوانرێ تهنیا یهک هۆکار بۆ بوونی ئێران و تورکیا له ههرێمدا له بهرچاو بگیردرێت. ئایا هۆکاری سهرهکی دۆخی ژیۆپلۆتیکی کوردستانه ههروهها که پراگماتیستهکان باسی دهکهن، یان له خودی کۆمهڵگای کورددا شاراوهیه، ههروهها که دۆزخوازهکان جهختی لهسهر دهکهنهوه؟
به ههر حاڵ، کوردستانی عێراق له ههمان سهرهتای دروستبونی، خوازراو یان نهخوازراو بووه دوو بهشهوه که له لایهکهوه تورکهکان و له لایهکی ترهوه ئێرانییهکانی تێدان. دزهی ئهم دوو وڵاته له ههرێمدا لهسهر دروستبونی بهره سیاسییهکانیش کاریگهری ههبووه به جۆرێک که ناوچهی ژێر کۆنترۆڵی یهکێتی زیاتر به ئێران نزیکه و پارتیش به تورکیاوه.

ئێمه هیچ کاتێ شاهیدی روداوێکی تایبهت نهبووین له پهیوهندییهکانی یهکێتی نیشتمانی لهگهڵ کۆماری ئیسلامی ئێراندا، بهڵام شاهیدی دابهزین و ههڵکشانی زۆر بووین له پهیوهندییهکانی ئێران و تورکیا لهگهڵ حزبی دیموکراتدا. ئهمه دێته ئهو واتایه که پراگماتیستهکان لهبهر بڕوای پتهویان به فیدراڵیزم خاوهن کهمترین ناکۆکی بوون لهگهڵ ئهم وڵاتانه و له بهرامبهردا دۆزخوازهکان یان ئهو کهسانهی که خوازیاری سهربهخۆیین زیاترین ههڵکشان و دابهزینیان ئهزمون کردووه له پهیوهندییهکانی خۆیان لهگهڵ ئهم وڵاتانهدا. نمونهی ئهوه دهتوانرێ له بونی زیاتری دژبهرانی کوردانی ئێران و تورکیا له ناوچهکانی ژێر کۆنترۆڵی حزبی دیموکرات بدۆزرێتهوه.
لهگهڵ رهوتی ههڵکشان له رێژهی دزهی تورکیا له ناوچهکه و بونی کۆماری ئیسلامی ئیران له عێراق و ناوچه شیعهنشینهکان که له رۆژههڵاتی ناوهڕاستدا شاهیدی بووین، ههندێ بڕوایان وایه که تورکیا تهنانهت ئامادهیه کوردستانی سهربهخۆ به فهرمی بناسێنێت تا به ئاسودهیی له بهرامبهر هیلالی شیعه بهرخۆدانی بکات. له چهند ساڵی دواییدا شاهیدی نزیکی زۆر زیاتر بووین له نێوان حزبی دیموکراتی کوردستانی عێراق و تورکیا، ئهم نزیکییه گهیشتۆته ئاستێک که رهجهب تهیب ئهردۆغان ئاماده بوو بێت بۆ پایتهختی ههرێمی فیدراڵ و حکومهتی ههرێمی کوردستان به فهرمی بناسێنێت. بهڵام پشتیوانی تورکیا هیچ کات بهم واتایه نهبووه که کۆماری ئیسلامی ئێران، پراگماتیستهکان وهکو تاڵهبانی و پارته ئیسلامییهکان فهرامۆش بکات.

به ههر حاڵ، وڵاتانی ناوچهکه بهتایبهت ئێران و تورکیا کاریگهرییهکی بهرچاویان له هاوکێشهکانی کوردستانی عێراقدا ههیه، به جۆرێک که حزبی دیموکرات له روی ستراتیژیکهوه بڕوای وایه پهیوهندی لهگهڵ تورکیا دهتوانێ رێگای ههناردهکردنی نهوت و گازی ههرێم بۆ ئهوروپا خۆش بکات و تهنیا دهروازهی جێی متمانهیه که له درێژخایهندا دهتوانێ کوردهکان له روی ئابورییهوه لهسهر پێی خۆیان بوهستێنێت.
ئهم حزبه ههروهها بڕوای به نزیکی به تورکیا و کهڵک وهرگرتنه له توانایی دانانی کاریگهری لهسهر سیاسهتمهدارانی تورک بۆ دۆزینهوهی رێگاچارهیهکی ئاشتیانه بۆ چارهسهری کێشهی کورد لهو وڵاتهدا. له ئهنجامی ئهم نزیکییهدا به شێوهیهکی سروشتی، دهرفهت و ههڕهشهکانی بۆ ههرێمی کوردستان لهگهڵدایه.

له ههمان حاڵدا، گروپهکانی نزیک به ئێران زیاتر روویان له رێژهی کاریگهری ئێران لهسهر عێراقه و ئهمه بابهته ئهوان زیاتر بهرهو ئهم شرۆڤه هان دهدات که ئایندهی عێراق له دهستی شیعهکاندا دهبێت. واته گروپێک دهتوانێ ئایندهیهکی سهقامگیری له پهیوهندییهکانی خۆی لهگهڵ ناوهند دابین بکات که له روی ستراتیژی رۆڵی ئێران نادیده بگرێت. بۆیه داهاتوی سهربهخۆیی یان فیدراڵی مانهوهی ههرێم هێشتا پهیوهندییهکی راستهوخۆی لهگهڵ جۆری تێڕوانینی ئهکتهره ناوخۆییهکان ههیه.
ئهوهی که ئایندهی ههرێم دیار دهکات له حهقێقهتدا ئهو ئهکتهرانهن که پێش ههموو شتێک به تێڕوانین و بهرداشتی خۆیان، هاوکێشهکانی ههرێمیان داڕشتووه و له ههمان کاتدا، بهرداشتهکانی خۆیان راکێشاوهته دهرهوهی سنورهکانی ههرێم، به جۆرێک که ئهوهیان لهگهڵ بهرژهوهندییه ستراتیژیکهکانی ئێران و تورکیا پهیوهند داوه.

ئهگهر چاوهڕێ گۆڕان بین له رێگای فیدراڵی یان سهربهخۆیی ههرێم، دهبێ سهرنج بدهین به گۆڕینی ههڵسوکهوت و تێڕوانینی خودی کوردهکان و ئهکتهره سهرهکییهکانی له ههرێمدا. ئهوهی ئێستا دهبیندرێت، نیشاندهری ئهمه نیه که له یاری دهسهڵات له کوردستانی عێراقدا، بابهتی سهربهخۆیی یان رۆیشتن بهرهو سیستمێکی کۆنفیدراڵی له دهستوردا، بهو واتایه دێت که بهره سیاسییهکان لهسهر ئهو پایه و بنهمایه دامهزرابن یا دابمهزرێن. کهواته کهشی فهرمانڕهوا هێشتا لهسهر بنهمای ههمان تێڕوانینی کۆنه و گفتوگۆی کۆن هێشتا سێبهری خۆی لهسهر هاوکێشه ناوخۆییهکانی ههرێم داناوه و له دۆخی ئێستادا ئاماژهیهک له گۆڕینی ئهم گفتوگۆیه واته له زۆرینهبونی دۆزخوازهکان و پهراوێزخستنی پراگماتیستهکان نابیندرێت.
 

Qadirzada.com © 2009. All rights reserved