لە٢٠١٥  بۆ ٢٠١٦ ،هەشت هەزار هاولاتی کورد شەهیدکراوە لە باکوری کوردستان

 

 

 

تەنیا لەماوەی ١ ساڵدا نزیكەی ٨ هەزار هاووڵاتی بەدەستی هێزەكانی توركیا لەباكووری كوردستان شەهیدبوون‌و برینداربوون.

 

بەپێی ڕاپۆرتێك، كە كۆمەڵێك داتای نهێنی و زانیاری نەوتراوی تێدایە و پشتئەستوورە بە ڕاپۆرتەكانی ڕێكخراوی مافی مرۆڤی توركیا و هێزە ئەمنییەكان، تەنیا لە ماوەی تەمووزی ٢٠١٥ تا حوزەیرانی ٢٠١٦، لە ئەنجامی ئۆپراسیۆنە سەربازی و ئەمنییەكانی سوپای توركیا لەباكووری كوردستان زیاتر لە ٨٠٠٠ هاووڵاتی كورد شەهید و برینداركراون، كە سوپای توركیا بۆ پەردەپۆشكردنی ئەم كۆمەڵكوژییە پاساوی ئەوەی هێناوەتەوە، ئەوانە "ڕێكخراوی تیرۆریستی جیاخوازی BTÖ" و ئەندامانی پارتی كرێكارانی كوردستان" بوون.

 

ڕاپۆرتەكە ئاماژەی بەوە داوە، كە ئەم ئۆپەراسیۆنانە بۆ سەر ناوچە كوردییەكان دوای ئەوە دێت، حكومەتی توركیا شكستی بە پڕۆسەی ئاشتی هێنا، كە لەنێوان پارتی كرێكارانی كوردستان و حكومەتی توركیا هەبوو، كە كۆتایی بەشەڕێكی دوور و درێژ هێنا، كە لە ماوەی زیاتر لە ٣٠ ساڵ شەڕی نێوان پەكەكە و توركیا، لەلایەن هێزە ئەمنییەكانەوە زیاتر لە ٤٠ هەزار هاووڵاتی  شەهید و برینداربوون.

 

هەروەها لە ڕاپۆرتەكەدا ئاماژە بەوەش دراوە (ئەحمەد داودئۆغلو) سەرۆك وەزیرانی ئەو كاتەی توركیا بەبیانووی "گەڕانەوەی ئاشتی وئاسایش بۆ باشووری ڕۆژهەلاتی توركیا" بە ئاستێكی بەرز فەرمانی بە هێزە چەكدارەكانی توركیا كرد، كە  ١٧ ناوچەی باكووری كوردستان بخرێتە ژێر حاڵەتی لەناكاوی سەربازی، بۆ ئەوەی دوور لە چاوی یاسا خەڵكی مەدەنی بكوژن‌و بەكۆمەڵ ڕایانبگوازن بۆ دەرەوەی ناوچەكانی خۆیان، هەروەها لە درێژەی جێبەجێكردنی بڕیارەكەدا هێزە ئەمنییەكانی توركیا تەواوی ماڵ‌و حاڵی هاووڵاتیانی كوردی ناوچەكانیان وێران كرد و دوو شاری گەورەی وەك شرناخ و نوسەیبین بەتەواوەتی وێران بوون، كە ئەمە بە تاوانێكی خوێناوی داودئۆغلو و پارتی دادوگەشپێدان دادەنرێت.

 

لەدوای شكستپێهێنانی پڕۆسەی ئاشتی لەلایەن توركیاوە، لە مانگی ئابی ٢٠١٥ كۆمەڵە و ڕێكخراوە كوردییەكانی باكووری كوردستان خۆبەڕێوەبەری ناوچەی سوریان ڕاگەیاند، كە دواتر حكومەت و هێزە ئەمنییەكانی توركیا بە قورسی بەرپەرچی ئەوەیان دایەوە و هێزێكی زۆریان بۆ ناوچەی سوور نارد و لەوێ پێكدادان لەنێوان هێزە چەكدارەكانی توركیا و خۆبەڕێوەبەری كاتی ناوچەكە ڕوویدا.

 

هەروەها لە ڕاپۆرتی ڕێكخراوی مافی مرۆڤی توركیا  (TİHV)هاتووە، كە ئۆپەراسیۆنە چەكدارییەكانی توركیا بۆسەر ناوچەكە كاریگەری نەرێنی لەسەر ١.٨ ملیۆن هواوڵاتی ناوچەكە هەبووە، بە شێوەیەك تەنیا لە ماوەی چەند هەفتەیەكدا ٣٣٨ هاوڵاتی مەدەنی شەهیدبوون، كە لەناویاندا ٧٨ منداڵ و ٦٩ ژن  و ٣٠ هاوڵاتی سەروو ٦٠ ساڵ هەبوو، ئەمە جگە لەوێرانبوونی تەواوی ماڵ و حاڵی هاووڵاتیانی ناوچەكە و كۆی ناوچەكانی باكووری كوردستان، كە هەموو ئەم داتایانە لە ڕاپۆرتی مانگی ٢ی ساڵی ٢٠١٧ی كۆمسیۆنی باڵای نەتەوە یەكگرتووەكان بۆ كاروباری مافی مرۆڤ(OHCHR)  لەتوركیا تۆماركراوە.

 

هاوكات بەپێی ڕاپۆرتەكە لە كاتی هێرشی هێزە چەكدارەكانی توركیا و بەرگریكارانی ناوخۆیی شارەكانی باكووری كوردستان، هەم لەلایەن سوپای توركیا كوژراو و بریندار هەیە هەم لەلایەن بەرگریكارانی كورد شەهید و بریندار هەیە، بەم شێوەیەی خوارەوە:

 

سلۆپی

لە ١٥-١٢-٢٠١٥ تاكو ١٢-١-٢٠١٦ و تەنیا لە ماوەی ٢٨ ڕۆژدا ١٦٤ هاوڵاتی كورد شەهید و برینداربوون. (٧٤٠ هاووڵاتی دەستگیركراون) ١٣١ چەكداری تورك كوژراو و برینداركراون.

 

جەزیرە

لە ١٥-١٢-٢٠١٥ تاكو ١١-٢-٢٠١٦ و تەنها لە ماوەی ٥٦ ڕۆژدا، ٦٧٤ هاووڵاتی كورد شەهید و برینداربوون. (٨١٢ هاوڵاتی دەستگیركراون) ١٨٩ چەكداری تورك كوژراو و برینداروبوون.

 

سوور

لە ١٩-١٢-٢٠١٥ تاكو ٩-٣-٢٠١٦ و تەنیا لە ماوەی ٨١ ڕۆژدا ٢٩٨ هاوڵاتی كورد شەهید و بریداربوون. (٢٧٩ هاوڵاتی دەستگیركراون) ٥١٧ چەكداری تورك كوژراو و برینداربوون.

 

ئیدل

لە ١٦-٢-٢٠١٦ تاكو ٨-٣-٢٠١٦ و تەنیا لە ماوەی ٢٢ ڕۆژدا ١٢٥ هاوڵاتی كورد شەهید و برینداربوون. (١٥٠ هاوڵاتی دەستگیركراون) ٥٠ چەكداری تورك كوژراو و برینداربوون.

 

نوسەیبین

لە ١٤-٣-٢٠١٦ تاكو ٤-٦-٢٠١٦ و تەنیا لە ماوەی ٨٣ ڕۆژدا ٤٩٥ هاوڵاتی كورد شەهید و برینداربوون. (٥٢٦ هاوڵاتی دەستگیركراون) ٤٩٨ چەكداری تورك كوژراو و بریندار بوون.

 

شرناخ

لە ١٤-٣-٢٠١٦ تاكو ١٠-٦-٢٠١٦ و تەنیا لە ماوەی ٨٩ ڕۆژدا ٥٠٨ هاووڵاتی شەهید و برینداربوون. (٥٢٠ هاوڵاتی دەستگیركراون) ١٧٢ چەكداری تورك كوژراو و برینداربوون.

 

یوكسكۆڤا

لە ١٤-٣-٢٠١٦ تاكو ٢٧-٤-٢٠١٦ و تەنیا لە ماوەی ٤٤ ڕۆژدا ١٩٧ هاووڵاتی كورد شەهید و برینداربوون. (٤٥٤ هاووڵاتی دەستگیركراون) ١٢٨ چەكداری تورك كوژراو و برینداربوون.

 

تەنیا لە ماوەی ٦ مانگدا ٢٤٦١ هاوڵاتی شەهید و برینداربوون و ٣٤٨١ هاوڵاتیش دەستگیركراون، لە بەرامبەریشدا ١٦٨٥ چەكداری تورك كوژراو و بریندراوبوون.

 

شارپرێس

 

Qadirzada.com ©2009 - 2020. All rights reserved