بورهان مەجید: ئەلبوومە تازەكەم ناودەنێم سەرای ئازادی و وێنەی خۆپیشاندانەكانی دەخەمەسەر

 

سڤیل: زیرەك عەبدولڕەحمان

ئەوەی دژایەتی من بكات دژایەتی كورد دەكات

هونەرمەند بورهان مەجید هەمیشە وەك هونەرمەندێكی ناڕازی لەدۆخی هونەری و سیاسی كوردستان دەردەكەوێ، ئەو

 ناڕازیبوونەشی هەر لە وتەو دیمانەكانیدا نین، بەڵكو بە گۆرانیش گوزارشتی لێكردوون. لەم دیدارەدا سڤیل لەسەر ئەو

 هەڵوێستانەی پرسیاری لێدەكات.

سڤیل: وەك باسدەكرێ گۆرانی مەیدانی كوردایەتیت تەنها بۆ ئێستا نەگوتووە، تۆش دەڵێی بۆ ئێستایە؟


بورهان مەجید: ناڵێم هەموو دەقە و هەموو ساتێك لەوێ بووم، بەڵام ئەگەر هەموو ڕۆژێك لەوێ نەبووبم بە دوو سێ ڕۆژ

 جارێك لەوێ بووم، ئەگەر لەوێش نەبووبێتم هەر دڵم لەوێ بووە، هەر ئاگام لەتازەترین گۆڕانكاری بووە ئەگەر

 شیعارێكی تازەیان هەڵبواسیایە ئاگادار بووم، خۆپیشاندەرەكان بە بەردەم دوكانەكام هاتوون وەكو ئەوان چەپڵەم

 لێداوەو دەستخۆشیم لێ كردوون، لە یەكەم ساتەوە ئاگاداربووم تا ئەو ڕۆژەی كە كۆتایی پێ هات، هەڵبەت بەبێ ئەوەی

 ئاگاداربم گۆرانی"بەگەنجی قاڕونی نادەم"ببوو بەگۆرانی ئەوێ، ئەو خەڵكانەی كە ئێستا ئەمە دەخوێننەوە شایەتی

 ئەوەن، پێش ئەوەی باسی گۆرانی مەیدانی كوردایەتی بكەم بۆ مێژوو باسێكی گۆرانی "سلێمانی"دەكەم كاتێك گۆرانی

 سلێمانیم تۆمار كرد ناوم نابوو بۆ سلێمانی، خەڵك خێرا فیشەكی دەتەقاندو ئەیان وت سلێمانچێتی، من سلێمانچێتی

 ناكەم، هەرگیز خەڵكی سلێمانی سلێمانچێتی ناكات، چونكە زۆر بۆ كوردو كوردستان سووتاون، منیش یەكێكم لەوانە،

 خەڵكێكی نەتەوەییم، بەڵام كاتێك دەڵێم بۆ سلێمانی بووە بەكەلاوە خەڵكی هەولێر ئێوەش جورئەت بكەن و بیڵێن،

 دهۆكییەكان ئێوەش بیڵێن خۆ شارەكەی ئێوە بەهەشت نییە، خۆشترین شاری هەموو كوردستان سلێمانییە، ئەگەر تۆزێك

 ئازادی مابێت لەسلێمانی ماوە، ئێ ئێمە دەڵێین ناشیرینەو ئازادی تێدا نییە، شارەكانی دیكە بۆ واناڵین؟ پێویستە

 گۆرانیبێژەكانی تریش ڕاستی بڵێن، مەترسن با بتانگرن، ئەم ڕۆژە ناخۆشانە زۆر كەمن، بەڵام هەتا هەتایە مێژووێك بۆ

خۆت جێدەهێڵی، بەڵام كە بێدەنگ بوویت كەواتە بەشداری لەو تاوانە، گۆرانی سلێمانی پێش ئەوەی خەڵك گوێی لێبێت

 هەر لەناو ستۆدیۆكە چەندین دەستخۆشیم بۆ هات، كاتێك بردمە ماڵەوە حەمە مەجیدی برام پیاوێكی زۆر هۆشیار و

 رۆشنبیرەو بەردەوام دەخوێنێتەوە كاتێك گوێی لەگۆرانییەكە بوو یەكدوو جاری دیكە گوتی با گوێم لێی بێتەوە، لەدوایدا

 وتی بورهان ئەم گۆرانییە شۆڕشێكی بەناو چاوانەوەیە، منیش گوتم شۆڕشی چی؟ زۆرم بەلاوە سەیر بوو گوتیشی ئەمە

 شۆڕشی سلێمانییە، سوپاسی كاكم دەكەم بێگومان شۆڕشەكە لەسلێمانیەوە دەستیپێكرد، سەبارەت بەگۆرانی مەیدانی

 كوردایەتیش كاتێك لەوێ بووم چەند هاوڕێیەك گوتیان بورهان مەیدانەكەت خرۆشاندووە بەگۆرانی سلێمانی و خەمی

 خاك، پێمان خۆشە گۆرانییەكی تایبەت بۆ ئێستا بڵێی، خۆشم بیرم لێكردبووەوە، دواتر لەلای چەند برادەرێك لەدوكان

 باسم كرد شتێكی وا هەیە، یەكێك وتی فڵان شاعیر ئەو گووتی فڵان، منیش وتم نا "ئیسماعیل تاڵەبانی" لەبەر ئەوەی

 ماوەیەك لەوەو پێش چەند شیعرێكی بۆ هێنام و شیعرەكانی سەرنجی ڕاكێشابووم، زانیم كە ئەو دەتوانێت شیعری

 گۆرانی بنووسێت، بێگومان زۆر شاعیر هەیە كە شیعری گۆرانی بنووسن، بەڵام لەبەرئەوەی بەوم گووت چونكە زانیم

 لەگەڵ مامەڕیشەدا خزمەو خاڵۆزاو پورزان، منیش حسابی مامە ڕیشەی بۆ دەكەم زانیم زۆر جەریئە، ئەوەشم زانی دینار

 لەگیرفانیدا نییەو هیچ مەسڵەحەتێكی نییە، چونكە كەسانێك هەن لەگەڵ ئەم دەسەڵاتە مەسڵەحەتی هەیە، كە ئارەزوو

 بكات ئەو شیعرە بنووسێت، بەڵام دەترسێت دەڵێت ڕەنگە سبەینێ لێمبپرسنەوە یان بمگرن یان بمكوژن.


سڤیل: چۆن بیرت لەگۆرانیەك بۆ هەولێر كردەوە؟ دەڵێن ئەو گۆرانییە وەك گۆڕان لەهەولێر پێشوازیەكی ئەوتۆی لێ

 نەكراوە؟


بورهان مەجید: دوای گۆرانی سلێمانی دەمبیستەوە لەوەی خەڵكی سلێمانییەو سلێمانچێتی دەكات، بۆیە ئەو گۆرانیەم بۆ

 هەولێریش گوت، ئەوانەی وا دەڵێن ئەو گۆرانیە پێشوازی لێ نەكراوە دوژمنەكانی كوردن و بەتایبەت ئەوانەن چاویان

 بەبورهان مەجید هەڵنایەت، ئەگەرنا بەدەیان خەڵكی هەولێری پاك و دڵسۆز هەندێكیشیان كە هیچ بەرەژوەندییان

 بەهەلێرەوە نییە، هاتوون دەستخۆشیم لێدەكەن، من دەزانم ئەم دەسەڵاتە چاویان بەشتی بورهان مەجید هەڵنایەت،

 دوای گۆرانی سلێمانی و ئەو دیمانانەی دەیكەم كە راستییەكان دەڵێم و پێشیان دەڵێم گۆرانیەكە لێبدەن ولێ نەدەن ئەو

 گۆرانیە دەچێتە لای خەڵكی هەولێر، ئەوان هەمیشە نەخشە دادەنێن بەرامبەر بە من، بۆ ئەوەی چۆن من لەناوبەرن،

 ئینجا پێش لەناو بردنەكە جارێ هونەرەكەی لەناو دەبەن. بەڵام خۆیان لەناو دەچن، بورهان مەجید لەناوناچێت،

 چونكە ئەوەی دژایەتی بورهان مەجید بكات، ئەوا دژایەتی كورد دەكات.


سڤیل: ئەگەر لەوەزارەتی رۆشنبیری پۆستێكت بدەنێ وەریدەگریت؟


بورهان مەجید: بەهیچ جۆرێك وەریناگرم، چونكە ئەو وەزارەتە بەشێكە لەو دەسەڵاتە گەندەڵە، هەتا دیاریشم بدەنێ

 وەریناگرم، ئەگەر سەنتەریش بێت بەبۆنیش بگاتە ئەم دەسەڵاتە وەریناگرم، سەربەخۆش بێت زۆر حەزم لەپیاهەڵدان و

 ئەم شتانە نییە، لەگەڵ ڕێزم هونەری كوردی نەگەیشۆتەوە ئەوەی خەڵك مەدالیای پێ وەربگرێت، هەر هونەری كوردی

 نەگەیشتۆتە ئەوەی خەڵك سەفەری پێوەبكات بۆ دەرەوەی وڵات، چی پیشانی خەڵك دەدەین، ئەگەر خەڵكێكی سیاسی

 باش بێتە سەر حوكم و گۆرانی باشی دابەزاند، خەڵك لەڕووی نایە گۆرانی بڵێ، بەڵام ئەمان بەپێچەوانەوە، لەكاتی

 هەڵبژاردنەكاندا چۆن ئەڵقە لەگوێكانی خۆیان دەهێنن.


سڤیل: كارەباو پلاك و بڕغو كاری رۆژانەی تۆیە، چۆن ئەمانەو گۆرانیت بەستۆتەوە بەیەكتری؟


بورهان مەجید: هەمووی پەیوەندی بەسیاسیەتەوە هەیە، چۆن خەڵكێكی سەرجادە هاتوە بووە بەسیاسەتمەدارێكی

 گەورەو لەم خەڵكەیان گەورە كردووە، ئەم وڵاتەش وایە، دكتۆر دوكانی داناوە، گۆرانیبێژ دوكانی داناوە، لەكاتێكدا

 دەبێت دكتۆر دكتۆر بێت، گۆرانیبێژ گۆرانیبێژ بێت، هەموو شتەكان بەهەڵاوگێڕاویە لەم وڵاتەدا، هەمووشی پەیوەندی بەم

 سیاسەتە سەقەتەوە هەیە، كاتێك بورهان مەجید سیدیەكی كەوتە بازاڕە هێندەی هیلاكی و ماندووبوونی خۆی مافی

 خۆی دەست كەوتەوە چیداوە لەدوكان، بەڵام من ئەوە بەباش نازانم خۆم بكەم بەبار بەسەر خەڵكی كوردەوەو

سیدییەكەی خۆم لەخەڵك گەورە بكەم، بڵێم بای پێنج هەزارە، لەئێستادا ئارەزوو دەكەم سێدییەكەم بەخۆڕایی بدەم

 بەخەڵك، چونكە ئێمە نەمانتوانیوە گۆرانی كوردی لای خەڵك خۆشەویست بكەین، نابینیت وڵات چی لێهاتووە، ئاو نەما و

 كارەبا نەما تۆ باسی چی دەكەی؟ هونەری چی و گۆرانی چی؟ لەوڵاتێكدا ئاو و كارەبات نەبێت تۆ چاوەڕێی ئیبداعی

چی دەكەیت لەبورهان مەجید، زۆر عەیبە گۆرانیبێژەكانمان گروپ گروپ كۆدەبنەوە دەچن بۆ ئەوروپا، ئاخر چی پیشان

 دەدەن؟ بۆچی ئەو پارەیە سەرف دەكەن؟، گۆرانی كوردی كۆڵانەكانی شارە كوردییەكانی نەبڕیوە تۆ چی دەبەیت پیشانی

 خەڵك دەدەیت؟


سڤیل: كار و پڕۆژەی تازەت چییە؟


بورهان مەجید: ماوەیەكی زۆر وازم لەگۆرانی هێنا، ئەم دەسەڵاتە وایكرد بگەڕێمەوە، چونكە بەڕاستی زانیم ئەم

 دەسەڵاتە بە ئاشكرا هاتووە دوژمنایەتی كوردو هونەری كوردی دەكات، لەڕقی ئەوانەی دەیانەوێت گۆرانی كوردی بە

قوڕا بكەن، گەڕامەوە و هەتا ئەو چركەساتەی بەجێتان دێڵم گۆرانی دەڵێم، هەموو ئەوانەش دەڵێم كە میللەتی كورد

 پێیان خۆشە و ئەوانەی دوژمنانی كورد پێیان ناخۆشە، ئەلبومە تازەكەشم ناوناوە سەرای ئازادی و لەشوێنی وێنەی خۆم

وێنەی خۆپیشاندانەكانی دەخەمە سەر، رەنگە لەدیوی ناوەوە وێنەیەكی بورهان مەجید دابنێم، سەرای ئازادی مانای

مەیدانی كوردایەتی و مەیدانی پیاوەتی.
 

 


Qadirzada.com © 2009. All rights reserved