|
| ||
|
|
||
|
رێكخراوی چاك: كورد تاریق هاشمی ڕەوانەی بەغدا بکاتەوە (ئاكانیوز) نووسگەی هەرێمی كوردستانی عێراقی رێكخراوی چاودێری كوردۆساید (چاك) داوا دەكا، لە پێناو خزمەتكردن بە پرسی كورد و خۆپاراستنی كورد لە تەنگژەكانی عێراق، سەركردایەتیی كورد تاریق هاشمی بەدست بەغدا بداتەوە كە ماوەیەكە بەتۆمەتی تەناهی رووی لە هەرێمی كوردستان كردووە. ئەحمەد مەجید بەرپرسی چاودێری كوردۆساید (چاك) “نووسینگەی باشوور” هەرێمی كوردستانی عێراق بەئاژانسی كوردستان بۆ دەنگوباس (ئاكانیوز)ی ڕاگەیاند، ئێمە كە باس لە سەروەریی یاسا دەكەین پێویستە یاسا بۆ هەموو كەس سەروەر بێ، بۆیە لەبارەی بوونی تاریق هاشمی جێگری سەركۆماری عێراق لە هەرێمی كوردستاندا كە ئێستە لەلایەن بەغداوە داوا دەكرێ پێویستە رەچاوی یاسا بكرێ. روونی كردەوە، هاشمی یەكێك بووە لەو كەسانەی پارێزگەرێكی زۆر رژدی لە سوڵتان هاشم و حوسێن ڕەشید تكریتی و ئەو تۆمەتبارانەی تری سەر بەڕێژیمی لێخراوی بەعس لە عێراق كردووە كە لەسەر فایلی كورد بەدادگە دراون، لەوانە فایلی ئەنفالیش. ئاماژەى كرد، هاشمی ئێستە خۆی گەورەترین تۆمەتی خراوەتە پاڵ كە تۆمەتی “تیرۆرە”، بوونی كەسێكی وەك هاشمی لە كوردستان خزمەت بەهیچ كام لە پرسی كورد و دیموكراسی و برایەتیی نێوان نەتەوەكان لە عێراقدا ناكا، پێویستە كورد هاشمی بەدەست دادگە لە بەغدا بداتەوە. ئەو بەرپرسەى چاك، هەروەها دڵەڕاوكێی خۆی خستە روو لەوەى بەهۆی داڵدەدانی هاشمییەوە، كورد بووەتە بەشێك لە ناكۆكییەكانی نێوان لیستە عێراقیەكان، داوای كرد بۆ ئەوەی دوژمنی تر بۆخۆمان دروست نەكەین دەستبەجێ هاشمی بەدەست حكوومەتی عێراق بدەینەوە. رێكخراوى كوردۆساید (چاك) رێكخراوێكى كوردییە لە ساڵى 2002 بەناوى رێكخراوى هەڵەبجە دژ بەئەنفال و جینۆسایدى گەلى كورد (چاك) دامەزراوە و دواتر لە كۆنگرەى دوویدا رێكخراوەكە ناوەكەى بۆ رێكخراوى كوردۆساید گۆڕی، تا ئێستە 3 كۆنگرەى بەستووە و لەسەر ئاستى هەرێمی كوردستان 5 لقى هەیە. لە ماوەى رابردوودا، ئەنجوومەنی باڵای دادوەریی عێراق فەرمانی گرتنی بۆ تاریق هاشمی جێگری سەركۆمار لە لیستی عێراقییە دەركرد، ئەویش پاش ئەوەی ژمارەیەك لە پاسەوانەكانی لە دانپێدانانەكانیاندا هاشمییان بەتێوەگلان لە كردەوە توندوتیژییەكان تۆمەتبار كرد. بەڵام هاشمی رووی لە هەرێمی كوردستان و كرد، لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا لە هەولێر داوای كرد بۆ دەستەبەركردنی دادپەروەری لە دادگەییكردنیدا، فایلی لێكۆڵینەوەكەی بۆ هەرێم بێتە گواستنەوە. دواتر نووری مالیكی لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەنووسیدا داوای لە هاشمی كرد بۆ دادگەییكردن بگەڕێتەوە بەغدا و داوای لە حكوومەتی كرد هەرێم جێگری سەركۆمار بەدەست بەحكوومەتی عێراق بداتەوە. لەلایەكی ترەوە، پرسی بەهەرێمبوونی هەردوو پارێزگەى سەڵاحەدین و دیالە و شیمانەی راگەیاندنی هەرێمی سەربەخۆ لە پارێزگەكانی تر، دۆخی سیاسی و تەناهیی عێراقی ئاڵۆز كردووە.
|
||
|
Qadirzada.com © 2009. All rights reserved
|
||