نامەیەکی گیرترود بێل لەخانەقینەوە بۆ نەزانراوێک لەبەریتانیا 1911

 

 

وەرگێڕان‌و بەدواداچوون‌و ئامادەکردنی: جوان عومەر ئەحمەد

 

 قادرزادە/ئاوێنە

 

لە (گیرترود بێڵ)ەوە بۆ نەزانراوێک ڕۆژی سێشەممە رێکەوتی 28-03-1911 خانەقین

بارانێکی بەخوڕە وەک ئەوەی لە دوێنێوە باران نە باریبێت، ئێستا وا کاتژمێر 5 بەیانیە هێشتا بارانە هەر بۆیە بڕیارمدا کەمێک تر بنووم، لە کاتژمێر 6 بەیانیەوە هەورەکان بەرەو بەرزاییەکانی ئاسمان ڕەوینەوە و خۆر هەڵهات هەروەک ئەوەی سەرەتای دروست کردنی زەوی بێت هەموو دنیا دەبریسکایەوە لە تەڕیی تنۆکی بارەنەکەوە.

ڕێگای خانەقین (Khanikin) بە ئاوی ناو چاڵەکان  دەبریسکانەوە، سەوزاییەکی جوان و سەرەنجراکێش لە پشتی بەرزاییەکانی وڵاتی فارس دیار بوون کە ترۆپکی چیاکان سپی بوون لە بەفرا، ئیمە بەڕێگایەکی فراوانی سنورەکەدا بە هێمنی دەرۆشتین، کۆشکی قوڕینی بچوکمان دەبینی لەسەر ڕێگاکان و هەر لەوێش چایی و نان و خورما و هێلکەی کوڵاومان دەکڕی..

گەشتینە خانەقین کە دەکەوێتە سەرزێی ئەلوەند (هەلوان) (Alwand)حاجی لەقلەقەکان پێش ئێمە گەشتبوون و لەسەر بەرزی باڵەخانەکان هێلانەیان کردبوو، زۆر جوان بوون.

 

 

پەڕێنەوەی چەند رێبوارێک لە سەر پردی ئەڵوەن ساڵی 1911

 

 

 

خزمێکی سامی پاشا پەیامێکی پێدا ناردم لە بەغدادەوە بۆ سەرکردە و پیاوچاکێکی کورد بە ناوی مستەفا پاشا کە لە خانەقین دەژیا، هەربۆیە منیش بەرەو کۆشکی ئەو بەرێکەوتم، بۆ گەشتن بە ماڵی مستەفا پاشا دەبوو بگەمە نزیکی سنووری ووڵاتی فارس و قەسری شیرین (Kasr i Shirin) کە نە دەبوو هیچ هاوەڵ و پاسەوانێکی تورکم لەگەڵ بوایە، بۆیە دەبوو هاوەڵی تر پەیدا بکەم..

بە پێی ئەو زانیاریانەی بەدەستم گەشتبوو پێش هاتنم لە بەغداوە، قەسری شیرین ناوچەیەکی جێی ناکۆکی و دابڕاوو بووە لەو کاتەدا. لەگەڵ ئەوەشدا پێموابوو کوردەکان ڕێگام پێ دەدەن بچمە ئەو ناوچەییە (ئەوان هۆکاری ناکۆکی ئەو ناوچەییە بوون) ئاشکرایە کە بەرێز لۆریمەر(Lorimer) نابێتە بەربەست. بەهەمان شێوە مستەفا پاشاش، ئەو پێشوازی لێکردم و کار ئاسانی بۆ کردم بە ڕێگە پێدانم بۆ هەرشوێنێک من ئەمەوێت.بە مەرجێک بکەومە ڕۆژی دواتر بۆ ئەوەی شەوێک لە ماڵی ئەوان بمێنمەوە، دواتر سەربەستم بۆ کوێ مەیلم بێت بڕۆم. منیش بە مانەوە و خزمەتەکەی ڕازی بووم. شتێکی تر نیە بیکەم جگە لە ڕازیبوون !

لە ژوورێکی بچوکی نهۆمی سەرەوەی خانووەکەی جێگای منیان دەستنیشان کرد، من کەلو پەلی تایبەتی ژێر دەواری خۆمم پێبوو، لە سەر ژوورەکەم دوو حاجی لەقلەق هیلانەیان کردبوو.

 

 

 

ژوورەکەی (گێرترود بێل) لە ماڵی مستەفا پاشا ساڵی 1911 لە شاری خانەقین.

 

 

مستەفا پاشا (Mustafa Pasha)

 

 (مستەفا پاشا کوری عوسمان پاشای کوڕی ئەحمەد کوری قادر کوڕی عەبدوڵڵا ئەحمەد پاشا باجەلانی لەساڵی 1841 لەخانەقین لە دایکبووە مانگێک دوای سەردانی مەلیل فەیسەڵ بۆ لای مستەفا پاشا لەتەمەنی 81 ساڵیدا لەساڵی 1921 لەشاری خانەقین  کۆچی دوای کردووە) - وەرگێڕ.

 

 

مستەفا پاشا (Mustafa Pasha) پیاوێکی بەساڵاچووی یەک چاوەی ووریابوو، کە پێشتر ماوەی 13 سال زیندانی کرابوو لە لایەن سوڵتان عەبدولحەمیدەوە لە ئاستەنبول (Istanbul) و دواتریش لە بەغداد(Baghdad) بێشک هۆکاری باشی هەبووە، چونکە کوردەکان ڕیگرێکی شەیتان و لێزان بوون بەتایبەتی لەو ناوچە سنورییانەی لەگەڵ وڵاتی فارس، بێمەوە سەر باسەکەم، کاتی گەیشتم دانیشتبوو لە دیوەخانەکەی لەگەل کۆمەڵێک هاورێی، حاجی، سەرکردە، خان و بەگی کورد، زۆر بە تاسەوە چاوەڕوانی بیستنی هەواڵی بەغداد و شکستەکەی نازم پاشا بوون.

لەم دانیشتنەدا زۆرینەیان بە زمانی عەرەبی دەدوان، بەڵام لە نێوان خۆیاندا بە کوردی گفتوگۆیان دەکرد، کە لەڕاستیدا من بێزاربووم لەوە چونکە من دەمویست گوێبیستی هەمووی بم، دانیشتنەکە یەک دوو کاتژمێرێکی خایاند. پاشا جار جار پەیامێکی پێ دەگەشت یان نووسراوێک کە بەڕاستی زۆربوون بۆ ئەو ماوە کورتەی من بینیم، دیار بوو لە گوند و ناوچەکانی دەوروبەرەوە پێی دەگەشتن. ئەوەی بۆ من جێی سەرسوڕمان بوو، پاشا ڕۆژانە لە پێشوازی ئەم خەڵکەدا بوو بۆ ڕاپەڕاندنی کاروباری ناوچەکە. بەڕاستی تاقت پروکێنە.

 من هەست بە برسێتی دەکەم و لە خۆشبەختی مندا پاشا داوای لە خزمەتکارەکان کرد خوانی نیوەڕۆ ئامادە بکەن، 8 کەس لەئامادەبوان چوینە ژوورەکەی تر بۆ نانخواردن، کاتێک دەرگامان کردەوە، مێزێکی گەورە، هەر وەک ئەوەی دل دەیخوازێت ڕازابوەوە بە چەند چەشنێک گۆشت و خواردنی نایاب و بە تام، بۆ هەر کەسێک قاپێک دانرابوو بە دەست نان دەخورا. هەر لە ئهەنگ دەچوو، بە جۆرێک برسی بووین خواستی گرتنی وێنەیەکم هەبوو، لەو کاتەدا وێنەکەی هێربێرتم (Herbert) وەیاد هاتەوە. زۆر بە چیژو تام بوو.

پاش نانی نیوەڕۆ چوومە ژووری حەوانەوەی خۆم بۆ ئەوەی هەندێک لە یاداشتی ڕۆژانەم بنوسمەوە کە چەن ڕۆژێک بوو کاتم نەبوو بۆی. کاتێ گەڕامەوە بینیم پاشا یاری ئەکات، یاریەکی سەیر بوو یەکەم جارم بوو بیبینم) لەگەل حاجیەک کە سەروبەستی پیاوانی ئاینی بەستبوو. چوومە لای حاجیەوە و لەسەر زەوێکە دانیشتم ئەویش هەوڵی دا یاساو جوڵەکانی یاریەکەم بۆ شیکاتەوە بە زمانی کوردی، هەرچەندە یاریەکە هاوڕێیانەیە بەڵام تاکتیک و جوڵەی سیاسیانەی تێدا بوو.

ئەگەرچی ئێمە پێکەوە لەسەر خوانێک نانمان خواردبوو، بەڵام کوردەکان زۆر بە هەستیارییەوە مامەڵەیان لەگەڵم دەکرد بە جۆرێک هەر شتێکیان پێ بدامایە  یان بە پێچەوانەوە، نەیان دەهێشت دەستیان بەر دەستم بکەوێت.

 کاتی خۆر ئاوا بوون پاشا منی بردە خانووی ژنان کە پێیان دەوت حەرەم (haram)، لەوێ هەردوو ژنەکەی پاشا و خێزان و خزمەکانی لێ بوو. بەڕاستی خۆشحاڵ بووم و زۆر چێژبەخش بوو ئەوکاتانەی لەگەڵ ئەو ژنانە بەسەرم برد، دڵنیام ئەوانیش زۆر دڵخۆش بوون بە بینینی منو ئەو دانیشتنە، چونکە ئەوان دوای زیندانیکردنی پاشا ساڵانێک تەنها بوون و دەست بەسەربوون لە خانەقین بە جۆرێک باسیان دەکرد کە بۆ هەڵمژینی هەوایەکی پاکژ تەنها سەربانەکانیان شک بردووە.

 

 

خانەقین سەربانی ماڵی مستەفا پاشا ساڵی 1911

 

 

 

ڕۆژی دواتر لە یەکێک لە چەکدارەکانم پرسی چۆن ژنەکانی مستەفا پاشا هەتا ئێستا دەرەوەی ئەم ناوچەیەیان نەبینیوە؟ لە وەڵامدا وتی وەڵڵاهی هەر ئەبێت ئاوابێت. ئێمە ئیسلامین دایکی من کە لە حەلەب (Halab) دائەنیشێت تەنها یەک جار چۆتە دەرەوەی وڵات ئەویش لەگەل باوکم بۆ حەج و مەککە (Makkah) چووە، چ گەشتێکی چێژ بەخشە چوون بۆ مەککە! تا وەک دونیا بینی هەژمار بکرێت بەراستی ئاستەمە ژیان بەو جۆرە. ئاوا بەرپەرچی چەکدارەکەم دایەوە. خوانی ئێوارە هاوچەشنی نیوەڕۆ بوو، من شەوێکی خۆشم بەڕێ کرد لەگەل ژنەکان.

 

 

یەکەم خاڵی گومرگی کوردەکان نزیکی قەڵای سەوز یان (قەڵا سەبزی) مارسی ساڵی 1911

 

 

 

ڕۆژی دواتر کە 23 مانگ بوو خۆشترین ڕۆژم بوو لەوێ، کاتێک ماوەی دوو کاتژمێر ئەسپسواریمان کرد لەو ناوچە سەرەنج ڕاکێشانەی ژێر دەسەڵاتی تورک، دواتر بەرەو وڵاتی فارس بەرێکەوتین، مستەفا پاشا یەکێک لە سەربازەکانی خۆی نارد لە پێشدا بۆ ئەوەی ئاگادارمان بکاتەوە لە سەلامەتی ڕێگاکە. بۆیە من هەستم بە دڵەڕاوکێ نەدەکرد هەر کە گەشتینە دیوی وڵاتی فارس، ئەسپ سوارێکی کورد بەرەو ڕوومان هات، لەوێ خانەی باج هەبوو تەنانەت باجیان لە تێپەڕبوونی ئاژەلێکیش دەسەند، بەلام ئێمە بە دڵنیاییەوە پارێزراو بووین بە دەسەلاتی مستەفا پاشا. من دابەزیم بۆ ئەوەی هەندێک وێنە بگرم بەڵام کوردەکان زۆر پارێزراو بوون بە ئاسانی نەیاندەویست وێنەیان بگیرێت، منیش دڵنیاییم پێدان کە تەنها سەرسامی شێوازی پۆشین و ئەو چەک و شتانەم کە خۆیان پێ ڕازاندۆتەوە.

 

 

 

سەرسامی گیرترود بێل بەجلوبەرگی چەکدارە کوردەکان ساڵی 1911 نزیک (قەسری شیرین)

 

سەرئەنجام چەند وێنەیەکم گرت. پاش کاتژمێرێکی دی لە ڕۆشتن گەشتینە کۆمەڵێکی تر کورد ئەوانیش بە هەمان شێوە خانووەیەکیان تەرخان کردبوو بۆ پرسینەوە. باڵا و پۆشینی پڕ چەکییان بەجۆرێک سەرەنج ڕاکێش بوو داوای وێنە گرتنم لێ کردن و ڕازی بوون هەندێک وێنەیان بگرم یەکێک لە سوارەکان دابەزی و هاتە پاڵم (بۆ بردنی پارەکەم یان بردنی ژیانم نەبوو) بەڵکو تەنها لەبەر ئەوەی زۆر لە وێنەگرتن دەترسا، دەبێت زۆر هێمن بیت لەگەڵیان، من زۆر ئارام و پشوو درێژم بۆ ئەوەی بتوانم بە باشترین شێواز وا لە کەسانی تر بکەم بە خواستی خۆیان کارەکەم بۆ بکەن. گەشتینە دەوروبەری کاتژمێر یەکی پاش نیوەڕۆ گەشتینە قەسری شیرین(Kasr i Shirin)، شوێنێکی جوان و دڵگیر ئەیڕوانی بەسەر ڕووباری ئەڵوەند، ڕیگایەکی سەخت و باریک لە قەدپاڵی بەرزاییەکدا بەرەو لای کەریم خانی دەبردی، کە من بەتایبەت ڕیگام بڕی بوو بگەمە لای ئەو، ماڵی کەریم خان لەسەر لوتکەی بەرزاییەکە بوو لە پشت دووتوێی گردەکە ئێشکگرێکی زۆری لێبوو (بە بڕوای من ترسناکترین ڕێگر و چەکدار و سەردەستەی ئەو ناوچەیە کەریم خانە) ڕێگە کورتەکەمان گرتە بەر و سەرکەوتین هەتا گەشتین. لە یادم نەمابوو هێشتا خاڵی پشکنینی فارسەکان ماوە، ئەم خاڵانە لە ژێر ڕکێفی بەلژیکەکاندا (Bellgian) بوو، ئەبینی من ئەبێت چەند خاڵی پشکنین و باج تیپەڕینم؟ لە کۆتایدا چاوم بە کەریم خان کەوت بە هاوەڵی چەند کەسێکی دی و دیدارێکمان ساز کرد هەر ئەوکات پێم ڕاگەیاندن کە من لە شوێنەوارەکان کارم کردوە. پێم ووتن بۆ سەردانی ئەو دوو شوێنەوارە هاتووم، لە ڕاستیدا زۆر بە جوانی و ڕێزەوە پێشوازیان لێ کردم، پێویستە باسێکی ئەو شوێنەوارەت بۆ بکەم، دوو قەڵای کۆنی ساسانیەکانە کە لە بنەڕەتدا بە تایبەتی ئەو هەموو ڕێگایەم بڕیوە بۆ بینینیان.

 

 

کۆشکی خەسرەو سەردەمی ساسانێکانی کۆتاییەکانی سەدەی 6 لەوێنەکەدا پیاویکی کورد دەبێنرێت

 

 

 

مۆرگان (Morgan) پلانی هاتن و بینینی ئەم شوێنەی ئاشکرا کرد لە لام و لە ڕاستیدا بوون بەماخۆلانم و دەمەوێت کاریان لەسەر بکەم. بە پێی لێکۆڵینەوەکان لەسەردەمی ئەخادیردا (Ukheidir) ئەم قەڵایانە جێی نێشتەجێ بوون. زۆر پەرۆش بووم بە هاتنم و کارکردن لەسەر ئەم شوێنەوارانە، هەر بە گەشتنم جێگای حەوانەوەو هەڵدانی دەوارەکەم لەو نزیکانە دەستنیشانکرد. کاتێک نزیک بوومەوە بینیم بەداخەوە داڕمانی زۆری پێوە دیار بوو ئەویش بەهۆکاری ئەوەی سەرە رێ بووە و لە لایەن کاروانچێکانەوە وێرانتر کراوە. دە میگان (De Megan) زانیاری ووردی نەدابوو بە من لەسەر ئەو شوێنەوارانە چونکە نەیتوانیبوو بە وێنە ئەو ووردەکاریانە پیشانم بدات. هەموو ئەوانەی لەگەلم بوون و خەڵکانێکی تری ناوچەکە کە دەهاتن بۆ بینینی کارەکەم، بەردەوام جەختیان ئەکردەوە مانەوەم لێرە بە شەو ترسناکە ڕەنگە بکەومە بۆسەی چەتەکانەوە  مەترسی لەسەر ژیانم هەبێت، بەلام لە ڕاستیدا من بە بینینی قەڵاکە هەستم بە سەرقاڵییەک دەکرد کە تەنانەت کاتی گوێگرتنم لەو شتانە نەبوو. لە هەمان کاتیشدا دە میگان (De Megan) پێی راگەیاندبووم کە من لە ژێر چاودێری ووردی کەریم خاندا دەبم و مەترسی نابێت لەسەر ژیانم.

ڕۆژی دواتر دەوروبەری کاتژمێر 05:30 خولەکی بەیانی بوو فەتوح (Fattuh)هات و پێی ڕاگەیاندم کە چەند فیشەکێکیان ناوە بە دەوروبەری دەوارەکە و ئەسپەکانمانەوە، دوای بیستنی ئەو هەواڵە هەستم کرد جگە لە گواستنەوەی دەوارەکە بۆ نزیکی گوندەکە نابێ بیر لە هیچی تر بکەمەوە. هەر لەو دەم و دەستەدا بوو لاوێکی فارسی کە کەمێک فەرەنسی دەزانی هات و پێی ڕاگەیاندم کە کەریم خان دەیەوێت ئاگادارم بکاتەوە کە مانەوەم لەو شوینە دابڕاو و دورە دەستانە سەلامەت نیە. منیش بە فرسەتم زانی پەیامی بۆ بنێرم کە خواستی بینینیان دەکەم بۆ ئەوەی شوێنێکی سەلامەتم بۆ مانەوەمان بۆ دیاری بکات. لاوەکە بێزار بوو لە داواکاریەکەم، بەڵام بۆ من درەنگ بوو چونکە شەو داهاتایە شوێنی مانەوەم نەبوو، بۆیە گرنگ بوو پێش هاتنی شەو بیبینم و تێی گەیەنم کە من چی دەکەم.

بە پەلە بەرەو ناوەندی ناوچەکە چووم و فەتووحم لەگەل خۆم برد، لە ڕێگا تووشی چەند چەکدارێک بووین ووتیان گوایە ئەوان خەریکی نیشان شکاندن بوون و ئێمە مەبەست نەبووین لەو تەقە کردنانەدا، بەلام ئەوەش بۆ من جێی ترس بوو بە هەرحاڵ وا خەریکە دنیا لێڵو تاریک و خۆر وون دەبێت. تا گەیشتمە نزیک پاسەوانەکانی کەریم پاشا، وا شەو داهات لەگەل گەیشتنمدا کۆمەڵیک لە پاسەوانەکان بەرەو ڕوومان هاتن، یەک لەوانە بە زمانی عەرەبی قسەی دەکرد بۆیە ئەو هەلەم قۆستەوەو بردمە ژوورەوە لەگەل خۆم بۆ ئەوەی ڕوونی بکاتەوە بۆ کەریم خان هۆی هاتنەکەم و کەریم خان بە ڕووەیەکی گەشەوە دڵنیایی پێدام کە لە هەرشوێنێک بخوازم هەروەها پێشنیاری شوێنێکی کرد کە نزیک بێت لە گوندەکە، بەڵێنی دا کە چەند پاسەوانێکم لەگەڵدا بنێرێت.

بە پەلە هاتمە دەرەوە بۆ ئەوەی بە پاسەوانەکانم ڕابگەیەنم بەرەو کوێ بڕۆین، لە ناو گوندەکە تووشی کاروانێک بووین کەجل و بەرگیان جیاواز بوو لە ڕۆژئاوایی دەچوون ڕییان پێگرتین وایان دەزانی دەمانەوێت لە خاڵی پشکنین و باجی کوردەکان خۆمان دەشارینەوە، پاش گفتوگۆیەکی نەرم تێم گەیاندن کە هەڵەن و ئێمە بۆ دیداری کەریم خان هاتوین پاشان داوای لێبوردنیان کرد (ئەو هەژارە وای زانی نێچیری دەست کەوتوە) ئێمەش گەڕاینەوە بۆ کامپەکەمان.

فەتووح وەک هەمیشە بە دەست و برد و ڕوویەکی خۆشەوە کامپەکەی لەگەل گواستمەوە و لە کەمپێکەوە کردیە خانێک لە سەر خاکی کەریم خان، دڵخۆش بووم چونکە ئەم شوێنە سەلامەترە، هێشتا هەر کەمێک ترسی چەتەکانم هەیە بەڵام وەک پێشتر نا. دڵەڕواکیی نیشان شکێنەکان زیاترە، چونکە ئەوان کوێرانە فیشەک ئەهاوێژن.

دوا ڕووداوی ئەم شەو هاتنی پیاوێک بوو لە لایەن کەریم خانەوە، پێی ڕاگەیاندم سەرکار(Serkar)، ئاگاداری لێک تێنەگەشتنمە لەگەل خانەی باج و سەرۆکی ژووری باج، گەر من قایل بم کەریم خان دەکەوێتە نێوانمان و کێشەکە چارەسەر دەکات گەر کار بگاتە سەر هێرشی چەکداریش.

 

 

 

فەرەج ناوێک کەپێدەچێت نێردراوی  کەریم خان بێت  لە قەڵاکەدا ساڵی 1911

 

 

 

منیش سڵاوو رێزم بۆ کەریم خان ناردەوە و سوپاسی هەڵوێستیم کرد و پێم ڕاگەیاند کە پێویستی بەو ئاستە تووندە نیە و یەک دوو ڕۆژی تر لەم ناوچەییە کار دەکەم و ناگەڕێمەوە با چاوم پێیان نەکەوێتەوە.

پلانەکەی من گەورەترە لەوانە، هەموو کاتەکانی دوو ڕۆژی داهاتووم تەرخان کرد بۆ لێکۆڵینەوە لەو شوێنەوارە بێ ئەوەی ئاوڕ بدەمەوە و خۆم بەو باسانەوە سەرقال بکەم، سوچیک نەما وێنەی نەگرم، زانیاری زۆر باشم لەسەر سەردەمی ئەخادیر دەست کەوت زۆر زیاتر لەوەی دە مێگان (De Megan) باسی کردبوو. ئەوەش زیاتر زانیاری خستە بەردەستم لەسەر ئێرە بۆ 50 ساڵی سەرەتای دەسەڵاتی مەحمودیەکان (Mohammadan period) دەگەڕێتەوە لە باسەکەی دە میگاندا (De Megan) هاتووە ئەو کۆشکە لە سەرەتای سەرهەڵدانی ئاینی ئیسلامدا بە سەلیقە و نەخشو نیگار و ئەندازیارییەکی کارامەوە بونیاد نراوە، پێموایە ئەم شوێنەوارە کاتی دروست کردنی دوور نیە لە کۆشکی ئیسلامەکانەوە. هەموو ڕۆژەکە لە 6 بەیانی هەتا 5 ئێوارە من بەردەوام بووم لە گەران و هەڵکۆڵین و ڕۆچوونە ناو زانیاریەکان، بەردەوام بووم لە کار کردن، فەتووح نانی نیوەڕۆی بۆ دەهێنام یان لەڕێگەی کەسێکەوە بۆی دەناردم.

 

 

دەرگای کۆشکەکە کۆتای سەدەی شەشەم سەردەمی ساسانێکان نزیکی قەسری شیرین ساڵی 1911

 

 

 

زۆر دژوارە گەڕان و پشکنین لە نێو ئەم باڵەخانە ڕووخاوەنەدا بۆ گەیشتن بە سەرەداوێک، لێت ناشارمەوە هەندێ جار لە تاو ماندوو بوونم، خۆزگەم ئەخواست کە ساسانێەکان هەر نەبوونایە.

سەرباری پڕکاریم، بە چاو ئەمویست ببینم وڵاتی فارسی نوێ چۆن بەڕێوە دەچێت، م.فیلان (M. Villain) بەرچاو ڕوونیەکی دامێ ئەو بەرپرسی خانی باج بوو بە دوور و درێژی بۆی شیکردمەوە کاتێک چوومە لایان خۆی و خێزانەکەی کە خانمێکی قەشەنگ و ڕووخۆش بوو، کەمێک شڵەژاویان پێوە دیار بوو بەتایبەت کە بینیم هەریەک لە پاسەوانەکان هەڵگری چەکێک بوو، دیارە بە هۆی ئەوە بووە من هەمیشە دوو کەسم لە پاسەوانەکانی کەریم خان لەگەل بوو.

کەریم خان و کوڕەکانی بەژنوباڵا بەرز و دیار بوون، کە دەیانویست بیبینن کاتێک من وێنەی ئەو ناوە دەگرم. بە دەرکەوتنیان پاسەوانەکان چەکەکانیان لە دەستی ڕاستەوە بۆ چەپ دەگۆڕی و هەندێ جاریش چەند فیشەکێکیان بە سەرماندا دەکرد. هەروەک هاین (Heine) دەڵیت پاسەوانەکان 24 کاتژمێر چاودێری ناوچەکەیان دەکرد ئاگاداری ووردودرشتی ناوچەکە بوون چاودێری کاروانچی و ڕێبوارانیان دەکرد و زۆرێک لە کاتەکانیان بە نیشانە شکاندن بەسەر دەبرد ئیتر بەردێک یان هەر شتێکی دی بۆ خۆ سەرقاڵ کردن. هەتا ڕۆژێک داوام لێکردن لەو تەقە کردنەدا تکایە ئاگاداری ڕێبواران بن، ووتیان ئەوە سزای لەسەر نیە.

بوونی چەکدارێکی زۆر و بۆر و بێ بەرنامە لە ژێر سایەیی دەسەڵاتدارە کوردەکان لەم ناوچەییە و دانانی باجی بێ بنەما لەسەر خەڵک، جۆرێک ناوچەکەی نائارام کردووە کە دەسەڵاتدارانی دەوڵەت داوای کۆنترۆڵ کردنی دەکەن هەربۆیە سەرۆک وەزیرانی نوێ بە فەرمی داوای کردوە لە دەسەڵاتداری بەختاران (Bakhtaran)ی کرماشان (داود خان) کە ئەویش کوردە. بۆ ئەوەی جڵەوی ئەو دۆخە بگرێتە دەست و ڕێکیخاتەوە گەر نا دەست بەسەر هەموو دەسەڵاتەکانی و خانووە باجیەکانیدا دەگیرێت.

 

داودخانی عەباس ئەسەدبەگ ساڵی 1909

 

 

 

لەسەر ئەو بنامایەی باسم کرد و بێ دواکەوتن، داود خان هاتە قەسری شیرین بە تووندی لەگەل کەریم خان دواو داوای دانانی یاسایەکی کرد سەبارەت بەو هەموو پاسەوان و چەکدارەی لە ناوچەکەدا بڵاوی کردونەتەوە. لە کاتی ئەو ڕووداوەدا و پاش نیوەڕۆ کوڕە بچوکەکەی داود خان هات بۆ دیتنم لەگەل فەتوح بە هاوەڵی نزیکەی 50 پاسەوانی چەکدار، کوڕێکی ئەفسوناوی قەشەنگ بوو زۆر بەڕێز و گوفتار شیرین بوو بە لای منەوە. ئەمە پاش ئاگادار کردنەوەکەی داود خان بوو بە پێی ووتەی م.ڤیلیان (M. Villain) بە بێ پارە و چەکدار فەرمانڕەوایان ناتوانن ئاوا ئاسان بەم ئەرکە هەستن و کۆتایی بەم هەڕەمەکیە بینن و گۆڕانکاری ریشەیی ڕووبدات.

عەباس خان کوڕی داود خان و هەندێک لە پاسەوانەکانی ساڵی 1911

 

 

 

بەش بە حاڵی خۆم چێژم لە بینینی ڕوداوەکان و کار کردن لەم ناوچەییە بینی،هەروەها دیداری هەموو دەسەڵاتداران بە کوردە سەرکێشەکانیشەوە، کۆمەڵێک وێنەو یادگاری جوان و ناوازەم لەگەل خۆم هێناوەتەوە.

وێنایەکی ڕوونم هەیە لەسەر تووندڕەوی فارسەکان و ئەگەری ناکۆکی و جەنگ هەیە. کە بە هیوام پەنجەی ئێمە لە ئاگرەکەدا نەبێت، چونکە لە جەنگدا هیچ قازانجێک نیە و هیچ کەس براوە نابێ. بە گشتی بە هیوام فارسەکان زانایانە بیر لەو ڕەوشە بکەنەوە بە دیدی من وای نابینم، لێگەڕین دەسەڵاتداران دەست لە دەست نێن و ڕێکەوتن باشترینە لەم دۆخەدا، هەرچەندە پرسیاری رێکستخنەوە ونە، لێگەڕێن ڕووسیا چی زوترە خەمی بخوات بە هیوام چێژی لێ ببینن.

ئەوەی ماوەتە بیڵیم ڕێگای خانەقین یەکێک بوو لە ڕێگا سەلامەتەکانی وڵات. ڕۆژی شەممە 26 هەمینی مانگ، زیاتر لە 3 کاتژمێرم بەسەر برد لە گرتنی چەن وێنەیەک لە شوێنی کەمپەکە و شوێنەوارەکان و تەماشای هێنانە دەرەوەی کامپەکەم دەکرد لە گوندەکە، ڕیگای هاتنە دەرەوەمان گرتە بەر. بە بەرزاییەکاندا سەرکەوتین بە ڕێنوێنی پیاوانی مستەفا پاشا تا گەشتینە گوندێک بە ناوی (حەوش کوڕو)، کە لەوێ برایەکی کەریم خان دەژیاو دەسەڵاتدار بوو بە ناوی (Mejid Khan) مەجید خان.

 

پیاوێکی کورد لە شوێنەواری گوندی (حەوش کوڕو) ساڵی 1911

 

 

 

مەجید خان زۆر توندوتۆڵ بوو زۆری لێکردم شەوێک لەگەڵیان بمێنمەوە لێرە شوێنەوارێکی ساسانیەکانی لێیە هەرچەندە زۆری خامۆش بوە بە هۆی فەرامۆش کردنیەوە، هاوەڵاکانم نارد و خۆم هەندێک لەگەل خێزانی مەجید خان سەرقاڵ کرد و دواتر بەڕێ کەوتم، هەر لەسەر سنورەکانی تورک و وڵاتی فارسەوە بەهەشتی یاساو ڕیسا دەبینرێت گەر بەراووردی بکەیت لەگەل ووڵاتی نازم پاشا، لێرەوە هەڵەکانی پاشا دەبینرێن، بە داماڵینی چەک لە ناوچە سەربەخۆکان و پاراستنی ویلایەتی بەغداد ڕەوشی ناوچەکە جێگیربووە پێش ساڵیک سنورەکانی تورکیش وەک فارس خراپ بوون.

لە ساڵی رابووردودا وە نەبێ تورکەکان لە فارسەکان باشتر بووبن! ئێمە گەڕاینەوە بە ناو دەسەڵاتی تورکەکاندا و ئەفسەرەکان بەڕێزەوە پێشوازیان لێ کردین، شوکرانەی گەڕانەوەم کرد لە بەرزاییەکانی فارس و زۆر خۆشحاڵ و سوپاس گوزارم بە بینینی ناوچەی قەسری شیرین بەڕاست شوێنێکی گرنگ و سەرنج ڕاکێش بوو یەکێک بوو لە جوانترین ناوچەکانی کە تا ئێستا چووبێتم هەرگیز لە یادی ناکەم کە لەگەل هەڵهاتنی خۆر هەتا ئاوابوونی من کارم تێدا کردوە، چوارچێوەیەکی بەفرین و تیشکی ئەرخەوانی ڕۆژ لەسەر هەرێزەکە دیمەنێکی قەشەنگی داوە بەم ناوچەیە کە هەر وەک باخچەکانی شازادە دینە پێشچاو. ماوە بڵێم بەداخەوەم دەبێت بڵیم ئەم ناوچەیە بەدەستی چەتەوەیە.

گەشتینە گوندی بن کوردە (بنکورە) (Bin Kudra)کە چەن شیخێک خاوەنی گوندەکە بوون لەوانە شێخ تەبیب کە خزمی مستەفا پاشا بوو، گفتوگۆیەکی تاقەت پروکێنی دورودرێژمان کرد، ڕۆژی دواتر ئاستەنگی هاتە پێشمان بۆ پەڕێنەوە لەئاوی سیروان (Diyala /Sirwan) بەبێ پردوو کەڵەک (زیاتر لە 19 داری قەد ئەستور، توند پێکەوە بە سەلیقە و گرێی توند پەیوەستی یەکدی کراون) پێی دەڵێن کەڵەک (kelek) لەو ئاوە خوڕە یەکەم بارمان بەرێ کرد ئەوەندە قوڵ نەبوو ڕووبارەکە تەنیا تا نێوقەدی پیاویکی بەژن بەرز  هەرئەوەندە قوڵ دەبوو، بەڵام بە تەووژم و زۆر بە خوڕ بوو لە نێوەندی ئاوەکەدا گوێم لەهاواری کەسێک بوو کە ڕوانیمە چاوی گوێدرێژەکەم زۆر ترسابوو وتم ڕەنگە ئەمە کۆتا کاتژمێری من بیت لە ژیاندا یەک لەو پیاوانەی لەگەڵمان بوو، بووە فریاد ڕەسمان ئەو گوریسی لمۆزی گویدریژکەی ڕاکیشاو دەربازمان بوو.

کاتی پەڕێنەوەی (گیرترود بێل) و کەلوپەلەکانی بە کەڵەک ساڵی 1911

 

 

کەڵەک و کەرەستەکان زۆر لاواز بوون بەڵام مەبەستی ئێمەیان پێکا و پێویستی ئێمەی پڕکردەوە، دوا کاروانی کەڵەکەکە گوێدرێژەکە بوو کە دەست و قاچەکانی بەسترابونەوە و فەتوح لەسەر سەری و یەکێکی تر لەسەر کلکی دانیشتبوو، ئەسپەکان بە مەلە پەڕینەوە، دوان لە پیاوەکانی کاروانەکە جلێکی کەمەوە یان بلێین بە ڕووتی لەگەل ئەسپەکاندا پەڕینەوە دوانی تریان لە دوایانەوە دەڕۆشتن بۆ ئەوەی چاودێریان بکەن وەک خۆمان دەڵێین (دڵم لە دەمما) بوو نەوەک بخزینە ناو ئاوەکە. سوپاس بۆ یەزدانی مەزن هەموو بە سەلامەتی پەڕینەوە و کەلوپەلەکانمان بارکردو بەڕیکەوتین بە ڕۆخی دەریاکەدا کە سەوز بوو لە گەنمەشامی هەتا کفری، ئەو شوێنەی کە دەمانویست کامپەکەی لێ دامەزرێنین. من زۆر ئەم ناوچەیەم نەبینیبوو شەو داهات نزیکەی سێ کاتژمێرمان ماوە تا لە سنوری دیالە دەرچین، نەمانتوانی هیچ ببینین.

ئەمڕۆ ڕۆژێکی هێمنی مانگی ئازارە بە نێو هەمان دۆڵ و سەوزایی و ڕۆخی دەریادا بەڕیکەوتین یاخود بلێین دەشت لە نێوان دوو دۆڵی سەوزی سەرەنجڕاکێش و جوان. بەداخەوە لە هاویندا وشک هەڵئەگەڕیت بەڵام لەم وەرزەی ساڵدا هەمووی گیا پۆش و سەوزە بە جۆرێک دەوارەکان دادەپۆشێت، ئێمە چوینە کامپەکانی دووز (توس)یاخود (Tuz Khurmatli / Tuz Khurmatu)یان دووزخورماتو کە لە ماوەی ڕابوردودا بەڕێوەبەر سەردانی ئێرەی کردبوو، کەسێکی زۆر بلیمەت و لێهاتووە.

 

 

Qadirzada.com ©2009 - 2020. All rights reserved