| ||
|
||
مه‌حمود عوسمان: بارودۆخی ئیقلیمی رێگر نییه له‌كشانه‌وه‌ی كورد له‌به‌غدا
مه‌حمود عوسمان په‌رله‌مانتارو سیاسه‌تمه‌داری ناسراوی كورد پێیوانییه كه بارودۆخی ئیقلیمی رێگر بێت له‌كشانه‌وه‌ی كورد له‌به‌غدا، هاوكات ئاشكراشیده‌كات كه له‌چه‌ند رۆژی داهاتودا چه‌ندین كۆبونه‌وه له‌نێوان هه‌رێم‌و لایه‌نی عێراقی‌و ئه‌و ده‌وڵه‌تانه‌ی په‌یوه‌ندییان به‌بارودۆخی عێراقه‌وه هه‌یه ئه‌نجامده‌درێت. زریان محه‌مه‌د، ئاوێنه‌نیوز: له‌كۆبونه‌وه‌كه‌ی ڕۆژی، شه‌ممه‌ی سه‌رۆكی هه‌رێم‌و وه‌زیر‌و به‌رپرسه كورده‌كانی به‌غدا، بڕیاردرا وه‌ك هه‌ڵوێستێك به‌رامبه‌ر تێپه‌ڕاندنی بوجه‌ی ٢٠١٣ی عێراق به‌بێ ره‌چاوكردنی داواكارییه‌كانی كورد، نوێنه‌رانی كورد نه‌گه‌ڕێنه‌وه به‌غداو له‌چه‌ند رۆژی داهاتوشدا هه‌ڵوێستی كۆتایی خۆیان به‌مانه‌وه یان كشانه‌وه له‌حكومه‌ته‌كه‌ی مالكی ده‌ده‌ن. له‌باره‌ی ئاستی رێگرییه ئیقلیمی‌و نێوده‌وڵه‌تییه‌كان له‌به‌رده‌م كشانه‌وه‌ی كورد له‌به‌غدا، مه‌حمود عوسمان وتی، "هه‌رچه‌نده تائێستا كورد بریاری كشانه‌وه‌ی نه‌داوه‌و له‌ئێستادا له‌قۆناغی راوێژداین، به‌ڵام بارودۆخی ناوخۆی عێراق‌و هه‌رێمیش رێگر نییه له‌بریاری كشانه‌وه‌ی كورد له‌به‌غدا، سه‌رباری ئه‌وه‌ی ئه‌مه‌ریكاو ئێران‌و وڵاتانی دیكه رۆڵیان له‌عێراقدا هه‌یه، به‌ڵام ناتوانن بۆچونه‌كانیان فه‌رز بكه‌ن به‌سه‌ر كوردا". له‌وباره‌یه‌وه مه‌حمود عوسمان په‌رله‌مانتاری فراكسیۆنی هاوپه‌یمانی كوردستانی ئه‌وه‌ی بۆ ئاوێنه‌نیوز رونكرده‌وه كه ئه‌وه‌ی كرا دوێنێ ده‌بو زوترو چه‌ند ساڵێك پێش ئێستا بكرێت، چونكه ده‌قی ده‌ستورو ئه‌و رێككه‌وتننانه‌ی پێشتر كورد له‌گه‌ڵ لایه‌نه‌كانی دیكه ئه‌نجامیداوه هیچی وه‌ك پێویست جێبه‌جێنه‌كراوه، هۆكاری ئه‌وه‌ش ته‌نها له‌ئه‌ستۆی لایه‌نێكدا نییه، به‌ڵام هاوپه‌یمانی نیشتمانی به‌و پێیه‌ی لایه‌نێكی سه‌ره‌كییه‌و سه‌رۆك وه‌زیران كاندیدی ئه‌وانه له‌هه‌مو لایه‌نه‌كان خه‌تاو به‌رپرسیارێتیان زیاتره. ناوبراو دوپاتیكرده‌وه كه "هه‌رێمی كوردستان سه‌ربه‌سته‌و هه‌ر كاتێك بیه‌وێت ده‌توانێت بریاری كشانه‌وه بدات‌و ته‌حه‌مولی ئه‌نجامه‌كه‌شی ده‌كات". له‌دوای پرۆسه‌ی ئازادكردنی عێراق‌و روخانی رژێمه‌كه‌ی سه‌دام حسێن، سه‌ركردایه‌تی سیاسی كورد كه له‌ئێستادا له‌لایه‌ن سه‌ركرده‌كانی یه‌كێتی‌و پارتییه‌وه نوێنه‌رایه‌تی ده‌كرێت، چه‌ندینجار هه‌ره‌شه‌ی كشانه‌وه‌و گرتنه‌به‌ری هه‌ڵوێستی توندییان كردووه دژی هه‌ریه‌ك له‌و حكومه‌تانه‌ی له‌١٣ ساڵی رابردودا له"عێراقی نوێ"دا پێكهێنراون، به‌ڵام ئه‌و هه‌ره‌شانه ته‌نها قسه بون‌و نه‌بونه‌ته كردار‌و هیچی نه‌چونه‌ته بواری جێبه‌جێكردنه‌وه. په‌رله‌مانتاره كورده‌كه‌ی په‌رله‌مانی عێراق كه له‌ئێستادا له‌به‌غداوه گه‌راوه‌ته‌وه هه‌ولێر، ئه‌وه‌شی خسته‌رو كه ئه‌و راوێژ‌و كۆبونه‌وانه‌ی نێوان سه‌رۆكایه‌تی هه‌رێم‌و نوێنه‌رانی كورد له‌به‌غدا شتێكی باشه‌و گرنگه، "له‌رابردوشدا چه‌ند جارێك داوای ئه‌م جۆره كۆبونه‌وانه‌م كردووه، بۆئه‌وه‌ی بگه‌ینه بڕوا‌و بریارێكی گونجاو كه له‌به‌رژه‌وه‌ندی كورد‌و پرۆسه‌ی سیاسی‌و دیموكراتی عێراقدا بێت". مه‌حمود عوسمان دوپاتیكرده‌وه كه كۆبونه‌وه‌كه‌ی دوێنێ یه‌كه‌م كۆبونه‌وه بوه‌و چه‌ندین كۆبونه‌وه‌ی دیكه ئه‌نجامده‌درێت له‌گه‌ڵ لایه‌نه‌كانی ناوخۆی هه‌رێم‌و عێراق‌و ئه‌و ده‌وڵه‌تانه‌ی په‌یوه‌ندییان به‌بارودۆخی عێراقه‌وه هه‌یه. ٧ی ئه‌م مانگه‌و به‌بێ ئاماده‌بونی فراكسیۆنه كوردییه‌كانی په‌رله‌مانی عێراق‌و به‌بێ ره‌چاوكردنی داواكاریه‌كانی كورد، بودجه‌ی گشتی ٢٠١٣ی عێراق په‌سه‌ندكرا كه بڕه‌كه‌ی (١٣٨) ترلیۆن‌و (٤٢٤) ملیار‌و (٦٠٨) ملیۆن دیناره، له‌و بره‌و سه‌رباری بایكۆتكردنی دانیشتنه‌كانی په‌رله‌مان له‌كاتی په‌سه‌ندكردنی بودجه له‌لایه‌ن نوێنه‌رانی كورده‌وه، پشكی هه‌رێم وه‌كو ساڵانی رابردو به له‌سه‌دا (١٧) په‌سه‌ندكرا.
|
||
Qadirzada.com © 2009. All rights reserved
|
||