گرنگى عەفرین له‌رووی سیاسی و سه‌ربازییه‌وه‌

 

 

 

ناوه‌ندی كوردستان بۆ توێژینه‌وه‌ له‌ململانێ و قه‌یرانه‌كان (كوردسام)

نوسینی: د.ئومێد رفیق

 

لەکاتێکدا هێزەکانى سوریاى دیموکرات و لە ناویاندا یەکێنەکانى پاراستنى گەل، زۆرترین پانتایى سیاسى و سەربازییان لە رۆژهەڵاتى فورات لە ژێر دەستە، کەچى تەرکیزى تورکیا لەسەر عەفرینە ، گرنگى سەربازى و ئەمنى عەفرین بۆ تورکیا چیە؟

 

بەرژەوەندییەکانى تورکیا لە پەلەماردانى عەفرین

 

دەست تێوەردانەکانى تورکیا بۆ ناوخاکى سوریا یەکم جار نیەو ، لە ئێستادا سوربا خاوەنى بڕیارى خۆى نیە و سەروەرى نیە بەسەر خاکى سوریادا، بۆیە خاکى سوریا بووە بە کارتى گۆڕینەوەى بەرژەوەندییەکانى( ڕوسیا، ئەمریکا، تورکیا ، ئێران) وڵاتانى عەرەبى ڕۆڵیان نیەو، دەنگى کاریگەریش نین، لەسەر هیچ دۆسێیەیەکى، ئەگەر لەڕوانگەى تورکیاوە سەیرى عەفرین و پرۆسەى سەربازى تورکیا بکرێت ، ئەوا تورکیا ئەم بیانوانە دەهێنێتەوە:

 

١ـ عەفرین ناوچەیەکى کراوەیە بەسەر دەریادا و بوارى جوڵەى سیاسى و سەربازى و پێگەى هەرێمى کوردى زۆر زیاتر دەکات و پاڵپشتى گەورە دەبێت لە ئایندەدا بۆ دروست کردنى کیانى کوردستان.

 

٢ـ  عەفرین دەبێتە سەنتەرى بەیەکەوە بەستنەوەى کانتۆنەکانى تر ئەوەش لەڕێگەى بەیەکەوە بەستنەوەى بە ئاراستەى تەل رەفعەت بەرەو عەرێمەو منبج ، ئەو کات کانتۆنە کوردیەیکان لەلاى باشوروە بەیەکەوە دەبەستێتەوە، دەیانگەیەنێت بە دەریاى سپى ناوەڕاست. بە تایبەتى کە بەروە لاى رۆژئاوا بە شێوەیەکى ڕاستەوخۆ عەفرین دەچێتەوە سەر دەریاى سپى ناوەڕاست.

 

٣ـ روبەڕوبونەوەى پڕۆژەى ئەمریکا لەسوریا، تورکیا لە پرۆسەى قەڵغانى فوراتدا بەشێک لە ئامانجەکانی بەدەست هێنا، ئەوەش لەڕێگەى چونە ناوئەعزاز و جەرابلوس، بەڵام لەبەر بونى ڕێگەى باشور واتە مانەوەى منبج و تەل رەفعەت، تورکیا دەیەوێت بەکجارى ئامانجەکەى تەواو بکات لە خەونى یەکگرتنى کانتۆنەکان گەیشتن بەسەر دەریا. چونکە عوفرین بە پێچەوانەى ناوچەکانى ترى رۆژئازاوە هێزو سەربازو راوێژکارى ئەمریکى بونى نیە، ئەمەش پرۆسەکەى بۆ تورکیا ئاسان کردوە، بۆیە تەنها پێویستى بە ڕێگە پێدانى روسیاو ئێران هەیە، ئەم دوو وڵاتەش هەردووکیان دژ بە پرۆژەکانى ئەمریکان لەسوریا ، کەواتە پرۆسەکە لەهەردوو لاوە تۆڵەکردنەوەیەکى باشە بۆ تورکیا کە بتوانێت لەم ڕێگەیەوە لە بەرژەوەندییەکانى ئەمریکا بدات. بە تایبەت دواى ئەوەى ئەمریکا پرۆژەى دروستکردنى هێزێکى تازەى هەیە بۆ پاراستنى سنورەکان و تورکیاش دروستکردنى ئەم هێزە بە مەترسیەکى گەورە دەبینێت. بۆ یە لەرووى ستراتیژییەوە هەڵبژاردنى ئەم کاتە راستەوخۆ لێدان و لە ناوبردنى ئەو پرۆژەیەیە.

 

٤ـ تورکیا لە ڕێگەى ئەم پرۆسەیەو ناوچەیەکى فراوانتر لە رۆژئاواى فوڕات دەکات بە ناوچەى ئارام ، ئەمەش زەمینەیەکى دوو سەرە بۆ تورکیا دەڕەخسێنێت، یەکێکیان ئەوەیە تورکیا دەتوانێت لەم ڕێگەیەوە مەترسى جوڵەى سەربازى و ئەمنى بەتەواوى کۆنترۆڵ بکات ڕێگر بێت لە قەندێلێکىتر ، لە لایەکى ترەوە دەتوانێت بەشێکى زۆر لە ئاوارەکانى تورکیا بگەڕێنێتەوە، بەمەش ئامانجێکى ئابورى بەدەست دەهێنیت.

 

٥ـ تورکیا لە ئێستا لە ناوخۆدا گرفتارە بەدەست دەیاها کێشەى سیاسى و و ئابورییەوە ، بۆیە لەم ڕێگەیەوە دەتوانێت کێشە ناوخۆیەکانى بباتە دەرەوە.

 

٦ـ توندو تۆڵکردنەوەى پەیوەندییەکانى لەگەڵ روسیا ، بۆ رازیکردن و پێدانى ئاماژەى رازیبونى روسیا بۆ پرۆسەى سەربازى عەفرین ، لەرۆژانى ١٨، ١٩ـ ١ـ ٢٠١٨ هەریەک لەسەرۆک ئەرکانى سوپاى تورکیا و سەرۆکى دەزگاى هەواڵگرى تورکیا سەردانى روسیایان کردوە ، هەرچەندە دەنگۆى ئەوە هەبوە تەنانەت روسیا راوێژکارەکانى لە رۆژى هەینى ١٩ـ ١ ٢٠١٨ لە عەفرین کشاندۆتەوە ، بەڵام لە نیۆیورکەوە وەزیرى دەرەوە سێرکى لافرۆف، ئەو هەواڵەى رەتکردەوە ، تەنانەت باسى ئەوەى کرد کە روسیا لەگەڵ ئاڵۆزیدا نیە و دەیەوێت لەڕێگەى دبلۆماسیەوە ئەم کێشەیە چارەسەر بکات. بەڵام ئەمە مانایى ئەوە نیە کە تورکیا دەستبەردارى ئەم پرۆسەیە دەبێت ، چونکە روسیا بەرژەوەندى زۆرترى هەیە، لەوانە:

 

 ـ گەمارۆدانى هێزەکانى ئەمریکا لە سوریا .

 

ـ   هاوتۆچونى ڕوسیاو تورکیا کە هەردوکیان دژ  بە دابەشبونى خاکى سوریان.

 

ـ بەردەوام بون لەسەر زیادکردنى هێزى نزیک لە بەرژەوەندییەکانى تورکیا و ڕوسیا ، لە نێوان هێزە ئۆپۆزسیۆنە عەرەبى و کوردییەکان. ئەو هێزانەى هەموو ئاماژەو فەرمانێک لە تورکیا و روسیاوە وەربگرن.

 

ـ تورکیا دەتوانێت لەم کاتەدا لانى کەم لەگەڵ ئێرانیش تەبا بێت، چونکە بەرژەوەندى هەردووکیان ئەوەیە کە کورد کیانێکى بەهێزى نەبێت، بۆیە تورکیا لە ئێستادا کار بە سیستەمى هاوسەنگى دەکات.

 

بەربەستەکانى بەردەم پرۆسەى سەربازى عەفرین

هەرچەندە تورکیا بە هەموو هێزییەوە دەستى کردوە بەم پرۆسەیە ( هەواڵگرى، ئامادەکارى، جوڵاندنى هێز، جێگیرکردنى هێز، ڕێکخستنى هێزەکانى ئۆپۆزسیۆنى سوریا کە ناسراون سوپاى ئازاد) ، یەکە هەنگاوى پرۆسەکەش بە موشەک بارانکردنى پێگەکانى یەکێنەکانى پارستنى گەل دەستى پێکرد تاوەکو زەمینەى پێشڕەوى سەربازى خۆش بکات. بەڵام ئەم پرۆسەیە پرۆسەى قەڵغانى فوڕات نیە ، تورکیا ئەمە باش دەزانێت، چونکە بەربەست و ئاستەنگەکانى زۆرن، کە ڕەنگە ئەمانەى باس دەکرێن، لە گرنگترینیان بن:

 

١ـ تورکیا شەڕ لەگەڵ گروپێکى بێزرا لە روى نێودەوڵەتى ناکات وەکو ئەوى لە پرۆسەى قەڵغانى فوڕات کردى و، بیانوى هەبوو، بێدەنگى لێکرا، بەڵکو تورکیا شەڕ لەگەڵ گروپێک دەکات کە براوەى یەکەمى شەڕى داعشە لە سوریا و رزگارکەرى رەقەیە.

 

٢ـ  ئەمریکا تا ئێستا دژ بە جوڵاندنى هێزو دەست تێوەردانى تورکیایە، بەفەرمى ئەم پەیامەى بە تورکیا گەیاندوە ، کە ئەمریکا لەگەڵ دەست تێوەردانى تورکیا نیە و ، ئەم پرۆسەیە دەبێتە فاکتەرى ئاڵۆزى بۆ ناوچەکە بە تایبەتى دواى ئەوەى داعش لە سوریا بەرەو لە ناوچونى تەواوەتى دەچێت.

 

٣ـ فشارەکانى ئەوروپا لەسەر تورکیا زیاد دەبێت ، لەلایەک لە ئەوروپا هێزەکانى یەکینەکانى پاراستنى گەل و نمونەى حوکمڕانى رۆژئاوا نمونەیەکى باشە بۆ دواى سوریا، لەلایەکى ترەوە ئەوروپا لەو ململانێ مێژوییە تێدەگات کە لەنێوان کورد و تورکیادا هەیە، بۆیە ئەم دەستدرێژییە سەربازییە بۆ عەفرێن کە زۆرینەى زۆرى کوردە، واتە  تۆخکردنەوەى ململانێکان و کردنەوەى دەرگاى توندو تیژى بەردەوام.

 

٤ـ تورکیا بیانوەکانى بۆ دەستێوەردان و چونە ناو خاکى عەفرین تەنها لەروانگەى خۆیەوە شەرعیەتى هەیە، ئەگەرنا هیچ پاڵپشتیەکى لە ناوخاکى عەفرین و، تەنانەت سوریا هەڕەشەى بەردانەوەى فڕۆکەکانى دەکات، بە پێچەوانەى شارەکانى دەوروبەرى عەفرین کە هەندێک جار وەکو بەرپرسیارێتى پاراستنیان کەزۆرینەیان عەرەبن، ئەگەر بەجۆرێک لە جۆرەکان ئەم مافەى بەکارهێنابێت و قبوڵکراو بێت، بەڵام لە عەفرین کە زۆرینەى زۆرى کوردەو، بونى تورکیا بە توندى ڕەت دەکەنەوە، ئەم مافەى نییە و، هێزەکانى سوریاى دیموکرات و یەکینەکانى پاراستنى گەل بەوپەڕى هێزییانەوە بەرپەرچى تورکیا دەدەنەوە. چونکە بە هێزى داگیرکەرى دەزانن و لە روى یاساییەوە ئەم مافەیان هەیە .

 

٥ـ پشت بەستن بە هێزەکانى سوپاى ئازاد بۆ تورکیا، کە چاوەڕواندەکرێت لە ڕوى سەربازییەوە، پرۆسەکە وا دەست پێبکات، کە تورکیا تەنها لە سەرەتادا بە هێزى پاڵپشتى و چەکى قورس بەشدار بێت، لە ناوبردنى خەونى تورکەکانە ، چونکە ئەو هێزانە تواناى سەربازییان بەبەراورد بە هێزەکانى یەکینەکانى پاراستنى گەل زۆر لاوازەو، لە واقیعیشدا پاڵپشتى جەماوەرییان نییە.بۆیە تەحەدایەکى گەورەیە بۆ تورکیاو بە ئاسانى لە زیانەکانى ئەو ئاشوبە دەرناچێت.

 

ئەوەى دەمێنێتەوە ئەوەیە کە بۆ کوردانى عەفرین و رۆژئاوا جگە لەوەى لەبەردەم ئەم تەحەدایە خۆگرى و بیرکردنەوە لە بەرگرى ڕێگەیەکى تر نییە ، کارکردنە لەسەر شەقامى ئەوروپاو فشارە نێودەوڵەتیەکان بۆ بە شەرعى ناساندنى ئەم پرۆسە سەربازییە سەپێنراوەدا بەسەر شارێک و ناوچەیەک کە روبەڕوى گروپێکى وەکو داعش بویەوە . بۆ کورد عەفرین جگە لەزەوى و جوگرافیا ، موقەدەس ترین پێگەى ستراتیجى و سیاسیە کە دەتوانێت خاڵى بەیەکەوە گرێدانى هەمو پارچەکان بێت، لەم بایەخەوە تورکیا توانیویەتى بێدەنگى ئێران و روسیا بە دەست بهێنیت، وڵاتانى عەرەبیش کاریگەر نین ، ئەگەرنا ئەوانیشى رازیدەکرد و بێدەنگ دەبون، چونکە لەبایەخى ئەم پێگه‌ ستراتیجیەى تێگەیشتبون.

 

 

Qadirzada.com © 2018. All rights reserved