کورد و کۆنگرەى سوچى

 

بیرورا / د. ئومێد ڕەفیق

سەرچاوە: ئاژانس

کۆنگرەى سوچى لە کاتێکدا دەبەسترێت ئەزموونى ئاشتبوونەوەى نیشتیمانى لە سوریا دواى شەش ساڵ لە شەڕ و ماڵوێرانى، هەمو ئامراز و ڕێگەیەک تاقی کرایەوە تا لە ڕێگەیەوە پێکهاتەکانى سوریا بگەنە دەرئەنجامێک لەسەر ئاییندەی سیاسیى سوریا، چەند گەڕێکى کۆبوونەوەى پاریس و جنێف و، پاشان چەند گەڕێکى کۆبوونەوەى ئەستانە.

 

ڕوسیا دەیەوێت لە ڕێگەى ئەم کۆنگرەیەوە، هەرچەندە لە دوابەیاننامەى کرملیندا کەمێک لە بایەخى کۆبوونەوەکەى کەم کردەوە و ئەوەى ڕاگەیاند کە ئەم کۆنگرەیە ناتوانێت چارەسەرى بنەڕەتى بۆ کێشەکانى سوریا بەرهەم بهێنێت، هەروەها باس لەسەر ئەوەش هەیە کە پۆتین بەشدار نابێت، لە کۆنگرەکەدا، بەڵام لانى کەم هەوڵێکى گرنگە بۆ لێکنزیکردنەوەى ديدە جیاوازەکانى سوریا، هەروەها دەتوانێت جەخت لەسەر ئەوە بکاتەوە کە ئەو نیگەرانییانەى تورکیا و ئێران هەیە لەسەر مەترسیى دابەشبوونى خاکى سوریا کاڵ بکاتەوە، بە تایبەتى کە ئامانجى کۆنگرەکە پێداگرییە لەسەر یەکپارچەیى خاکى سوریا، لە لایەکى ترەوە ڕوسیا توانى نوێنەرى نەتەوە یەکگرتووەکان ڕازی بکات بە بەشداریکردن لە کۆنگرەکە، ئەم کۆنگرەیە لە ڕووى ئامادەکارییەوە کارێکى گەورەى بۆ کراوە و زیاتر لە هەزار و دووسەد کەسایەتى کە گوزارشت لە دەستەبژێریى سیاسى و حزبیى سوریا دەكەن بە سەرجەم پیکهاتەکانەوە بانگهیشت کراون. گرفتە گەورەکانى بەردەم سەرکەوتنى ئەم کۆنگرەیە کۆمەڵێک خاڵن، کە ڕووسیا هەر لە سەرەتاوە پەراوێزى ئەوەى بەدەرخستووە کە قورسە ئەم کۆنگرەیە بەرهەمهێنەر و یەکلاکەرەوە بێت بۆ سوریا، لەبەر ئەم هۆکارانە:

 

١ـ تورکیا و ئێران ڕۆڵى سەرەکییان بینیوە لە سەپاندنی مەرجەکانیان بۆ لایەنەکانى بەشدارى کۆنگرەکە.

 

٢ـ لایەنى فەرمى سوریا دەستبەردارى مەرجەکانى خۆى نابێت بۆ دیاریکردنى چارەنووسى بەشار ئەسەد و سیستمى حوکمڕانى لە سوریا.

 

٣ـ گەڕى نۆیەمى گفتوگۆکان بە سەرپەرشتیى نەتەوەیەکگرتووەکان سەرکەوتن و پێشکەوتنى بە خۆوە نەبینیوە بەتایبەتى لە بارەى ئاگربەستەکانى غۆتەى ڕۆژهەڵاتەوە، چونکە سیستمى سوریا دواى چەند کاتژمێرێک لە ڕاگەیاندنى ئاگربەستەکە، ئاگربەستەکەى پێشێل کردووە.

 

٤ـ ناوچەى ڕۆژئاواى کوردستان و بە دیاریکراوى کانتۆنى عەفرین لە بەردەم شاڵاوێکى گەورەى سەربازیى تورکیا و هێزەکانى سوپاى ئازاد و بەرەى شامدایە، ئەمەش واى لە پێکهاتەى کوردى کردووە متمانەى بە هیچ کۆنگرە و مینبەرێکى نێودەوڵەتى یان هەرێمى نەبێت بۆ چارەسەرى کێشەکانى. هەر بەشدارى و ڕێکەوتنێک بە پیێکهاتەى کوردى واتە نەبوونى یەکدەنگیى نیشتمانى.

 

٥ـ ئەمەریکا ناکرێت یاریکەرى سەرەکى نەبێت لە دیاریکردنى چارەنووسى سوریا، ئەم کۆنگرەیە، کۆنگرەى (ڕوسیاـ تورکیا ـ ئێرانە)، بۆیە لە دەرەوەى سیاسەت و ڕوئیاى ئەمەریکى بۆ چارەسەرى کێشەکانە. ئەمەش واتە خستنەدەرەوەى ئەمەریکا لە چارەسەرى کێشەیەک کە لە ئێستادا کلیلى کێشەکانى ناوچەکەیە.

 

ئەوەى دەمێنێتەوە ئەوەیە کورد بۆ بەشداریکردن و کاریگەرى دەتوانیت کارەکتەرى دیاریکەر بێت بۆ چارەنووسى کۆنگرەکە، بە تێڕوانینى من بە هۆى ئاڵۆزیى پڕۆسەى سەربازیى عەفرین کە تورکیا سەرکەوتووبوو لە هەڵبژاردنى کاتەکەیدا بە نیسبەت کۆنگرەکەوە، کورد ئامادەبوونێکى لاوازى دەبێت و، ناتوانێت چارەنووسى کۆنگرەکە لە بەرژەوەندیى ئەو هێزانەدا یەکلا بکاتەوە کە لەگەڵ دیاریکردنى چارەنووسى سیاسیی سوریان بە مۆدێلى فیدرالیزمى سیاسى، هەرچەندە ئاماژەى سیاسى ئەوەیە کە کورد بایکۆتى کۆنگرەکە نەکات، بەڵام ئەو هێزانەى نوێنەرایەتیى کورد دەکەن لە کۆنگرەکە، ئەو هێزانە نین، کە دەتوانن بڕیار لەسەر ئاییندەى کورد دەدەن لە سوریا. هەرچەندە بە دیوەکەى تردا ئەکرێت ئامادەبوونى کورد فشارێکى گەورە لەسەر ڕوسیا درووست بکات بەوەى کە فشار بخاتە سەر نەتەوە یەکگرتووەکان و ڕوسیا و ولاتانى ئەورووپا تا تورکیا دەستبەردارى هێرشە سەربازییەکانى بێت و بیر لە چارەسەرى سیاسى بکەنەوە. بۆ کورد هەڵبژاردنى ئەم کارتە گرنگترە لە کارتى یەکەم. بەڵام بە گشتى خاڵى لاواز و ئاماژەکان بە ئاڕاستەى ئەوە دەڕۆن کۆنگرەى سوچى ناتوانێت جێگەى ئومێدى پێکهاتەکانى سوریا بێت ئاییندەى پڕۆسەى سوریا لە سوچى دیارى ناکرێت.

 

 

Qadirzada.com © 2018. All rights reserved