ده‌زگای‌ خێرخوازی‌ بارزانی‌ وه‌ڵامی‌ رابیته‌ی‌ ئیسلامی‌ دایه‌وه‌

 

ده‌زگای‌ خێرخوازی‌ بارزانی‌ وه‌ڵامی‌ رابیته‌ی‌ ئیسلامی‌ كوردی‌ دایه‌وه‌ سه‌باره‌ت به‌ تۆمه‌تباركردنی‌ ده‌زگاكه‌یان به‌ ده‌ستبه‌سه‌راگرتنی‌ موچه‌ی‌ پێنج هه‌زار منداڵی‌ بێ سه‌رپه‌رشتیار له‌هه‌رێمی‌ كوردستان.

ده‌قی روونكردنه‌وه‌كه‌

ڕوونکردنەوەیەک لە دەزگای خێرخوازی بارزانیەوە بۆ رای گشتی لەمەر هاوکاریی مانگی سووری ئیماراتی بۆ مناڵانی بێ باوک

دەزگای خێرخوازیی بارزانی لەم ماوەیەی هاتنە ناو کۆری کاری خێرخوازییدا هەولی داوە دوور لە هەر کەشێکی سیاسی وبەرژەوەندیخوازی، یارمەتیی پێوسیت بە هەژاران ولێقەوماوان لە ناو هەرێم ودەرەوەی هەرێم بگەیەنێت.

لەم ماوەیەدا زۆر لە کەسایەتی و دامودەزگاکانی خێرخوازی جیهانیش هەولیانداوە یارمەتیەکانیان لە رێگەی دەزگاکەمانەوە بگەیەننە شوێن وخەلکی مەبەست. لەم چوارچێوەیەشدا دوای چەندینجار سەردانیان بۆ هەرێمی کوردستان، و لەدوای گفتۆگویەکی درێژ و لێکتێگەیشتن لەنێوان هەردوولا، مانگی سووری ئیماراتی بە فەرمی بڕیاری دا ئەو یارمەتیەی کە سالانێکە بۆ منالانی بێ باوکی هەرێمی رەوانە دەکەن، لە رێگەی دەزگاکەمانەوە دابەش بکرێت. ئەمەشیان بڕیاری خۆیانە و کەسیش ناتوانێت بە گوشارەوە ئەم بڕیارەیان بەسەریان بسەپێنێت. هۆی ئەم بریارەیان لە سەندنەوەی کاری دابەشکردنی یارمەتیەکە لە دەزگای تر هەرچییەک بووبێت پەیوەندیی بە مانگی سووری ئیماراتیەوەیە و ئێمە نامانەوێت بکەوینە ناو ئەو باس وخواسانەی سالانێکە لە پەراوێزی چۆنیەتی دابەشکردنی ئەم یارمەتیە هاتوونەتە کایەوە، تەنیا ئەوەیە کە مانگی سووری ئیماراتی مافی خۆیانە خەلکی هەرێم بزانن کە ئەم یارمەتیە هی ئەوانە و کەس نابێت ئەم کارە خێرخوازییە بخاتە خزمەت پرۆژەیەکی لاوەکیی سیاسی و یان رێکخراوەیی.

لە سەر ئەم بنەمایەش داوایان لە ئێمە کردووە کە شەفافانە و بە هەماهەنگی لە گەل ئەوان ئەم یارمەتیە بە منالانی بێ باوک بگات و ئێمەش تەنیا ئەرکی خێرخوازیمان بۆ گەیاندنی یارمەتیەکە جێبەجێ دەکەین. کەچی جێگەی داخە هەندێ لایەن بە شیوەیەکی چەواشەکارانە و بەبێ هەست کردن بە بەرپرسیاریەتی بەرامبەر بەم منالانە، هەستاون بە ئاوەژوو کردنی راستییەکان و وا پێشان دەدەن گوایە دەزگاکەمان دەبێتە هۆی لەبار چوونی یارمەتیەکە. لێرەدا بە هەمو لایەک بە تایبەت بەو خانەوادانەی کە هاوکاریی مانگی سووری ئیماراتیان پێگەیشتووە رادەگەیەنین، کە ئەم هاوکاریەیان باشتر و رێکوپێکتر لە جاران بەردەوام دەبێت و هەموو توانایەکیشمان دەخەینە گەڕ بۆ خزمەتی زیاتریان. بەو هیوایەی گشت لایەکیش هاوکار بن و لە جیاتی لەمپەر خستنە سەر رێگەی خێرخوازی هەولی گەیاندنی یارمەتیی پێویست بە شوێنی مەبەست بدەن بە شێوەیەکی شەفاف و دوور لە بەلارێدا بردنی مەبەستە خێرخوازییەکان.

دەزگای خێرخوازی بارزانی

١٩/١١/٢٠١١

 


Qadirzada.com © 2009. All rights reserved