حكومەتی هەرێم وەڵامی (هیومان رایتس وۆچ)ی دایەوە

 

رێكخەری راسپاردە نێودەوڵەتییەكان لە حكومەتی هەرێمی كوردستان سەبارەت بە دەستگیركراوانی رێكخراوی داعش وەڵامی  رێكخراوی هیومان رایتس وۆچ دەداتەوە و دەڵێت، لە سێ ساڵی رابردوودا بەتۆمەتی پەیوەندیكردنیان بە رێكخراوی داعشەوە دوو هەزار و ٦٥٢ كەس دەستگیركراون.

 

دەقی راگەیەندراوی دیندار زێباری..

 

رێكخەری راسپاردە نێودەوڵەتییەكان وەڵامی هیومان رایتس وۆچ دەداتەوە سەبارەت بە كۆمەڵكوژی گیراوانی داعش.

 

رۆژی ٨/٢/٢٠١٨ رێكخراوی هیومان رایتس وۆچ راپۆرتێكی بڵاوكردەوە بە ناوی (كوردستانی عێراق لە سێدارەدانی بە كۆمەڵی دەستگیركراوان) سەبارەت بە چارەنووسی ژمارەیەك لە دەستگیركراوی داعش لە رۆژئاوای دیجلە و چەند تۆمەتێك دەخاتە پاڵ هێزی پێشمەرگەی كوردستان و بە ئەنجامدانی.

 

لەم بارەوە د.دیندار  زێباری رێكخەری راسپاردە نێودەوڵەتییەكان لە حكومەتی هەرێمی كوردستان رایگەیاند، سەبارەت بە دەستگیركراوانی داعش كە لە زۆربەی راپۆرتە نێودەوڵەتییەكان باسیان لێوەدەكرێت، لێرەدا بە پێویستی دەزانین ئەوە روون بكەینەوە كە ئەو دەستگیركراوانە وەك هەموو دەستگیركراوانی دیكە بە یەكسانی مامەڵەیان لەگەڵدا دەكرێت بە یەكسانی بەپێی پرەنسیپی تۆمەتبار بێتاوانە تا ئەو كاتەی تۆمەتەكەی بەسەردا ساغ دەبێتەوە.

 

زێباری هەروەها وتی: هەر كاتێك دەستگیركراوان تۆمەتی پەیوەندی كردنیان بە داعش یان هاوكاریكردنی داعشیان بەسەردا ساغ بووەوە، ئەوە بەپێی یاسا كارپێكراوەكانی هەرێم مامەڵەیان لەگەڵدا دەكرێت و كەسوكاریشیان ئاگاداردەكرێنەوە لە تۆمەتەكانیان لە هەمان كاتدا هەموو مافێكیان هەیە وەك سەردانیكردنی كەسوكاریان و بوونی پارێزەر بۆ ئەوەی بەرگرییان لێ بكات، بەڵام ئەگەر لە میانەی لێكۆڵینەوەكاندا هیچ تۆمەتێكی بەسەردا ساغ نەبووەوە.

 

لە هەرێمی كوردستان یاسای ژمارە ٣ـی ساڵی ٢٠٠٦ كە بە یاسای بەرەنگاربوونەوەی تۆقاندن (تیرۆر) ناسراوە پەیڕەو دەكرا،  ئەو یاسایە تا ١٦/٧/٢٠١٧ كاری پێكرا. بەڵام ئێستا لە هەرێمی كوردستان بۆ دادگاییكردنی ئەو كەسانەی بە كاری تیرۆریستییەوە تێوەگلاون كار بە یاسای ژمارە ٢١ـی ساڵی ٢٠٠٣ی پەرلەمانی كوردستان و یاسای سزادانی عێراقی ژمارە ١١١ـی ساڵی ١٩٦٩ی هەموار كراو دەكرێت.

 

لەگەڵ هاتنی راگوێزراوان بۆ ساترەكانی هێزی پێشمەرگە وەك رێوشوێنێكی ئەمنی تەنیا پیاوەكان پشكنینێكی زۆر ئاساییان بۆ كراوە بە مەبەسی دڵنیابوون لە نەبوونی كەسانی تیرۆریست و خۆكوژ لە نێویاندا، دواتر دەگوازرانەوە بۆ سەنتەرەكانی پێشوازی.

 

دوای گواستنەوەی راگوێزراوان بۆ سەنتەری پێشوازی دووبارە پیاوەكان دەپشكێندرێن و بەهیچ شێوەیەك پشكنین بۆ ئافرەتان ئەنجام نەدەدرا بەهۆی رەچاوكردنی دابونەریتی كۆمەڵایەتی و حورمەتی خەڵكەكە ئافرەتە راگورێزراوەكان پشكنینیان بۆ ئەنجام نادرێت لەلایەن دامودەزگا ئەمنییەكانەوە.

 

لە پشكنینی یەكەم زانیاری لە خودی ئەو كەسانە وەرگیراوە كە ئاوارە دەبن و روو لە هەرێمی كوردستان دەكەن یاخود خۆیان دەربارەی ئەو كەسانە قسە بۆ لایەنە ئەمنییەكان دەكەن كە پەیوەندیان بە گرووپی تیرۆریستی داعشەوە هەبووە. لە ماوەی ئەو چەند كاتژمێرەی كە لێكۆڵینەوە لەگەڵ كەسەكان دەكرا، ئەگەر كەسێك گومانلێكراو بوو ئەوە بە پشتبەستن بە زانیاری لایەنە پەیوەندیدارەكان وەك موختاری گەڕەك و عەشایرەكانی ناوچەكە ئەو زانیاریانەی دەست لایەنە ئەمنییەكان كەوتوون جەختیان لەسەر دەكرێتەوە و ئینجا گومانلێكراو دەستگیر دەكرێت.

 

لە سێ ساڵی رابردوودا ٢٦٥٢ كەس دەستگیركراون بە تۆمەتی پەیوەندی كردنیان بە رێكخراوی تیرۆریستی داعشەوە، لەوانە ١١٠٠ كەسیان تۆمەتەكەیان بەسەردا ساغ بووەتەوە و سزا دراون و سزاكەشیان زیندانی بووە لە نێوان سێ ساڵ تا هەتاهەتایە و بەپێی قەبارەی ئەو تاوانەی ئەنجامیانداوە، هەروەها ٨٧٠ كەسیان ئازادكراون دوای ئەوەی لێكۆڵینەوەكان دەریانخست كە بێ تاوانن و ٦٧٢ كەسیشیان لەژێر لێكۆڵینەوەدان.

 

سەبارەت بە چارەنووسی دەستگیركراوانی داعش دوای ١٦ـی ئۆكتۆبەر زێباری وتی: تا رۆژی ١٦/١٠/٢٠١٧ هیچ بەندكراوێك لە ئاسایشی كەركووك دەستبەسەر نەبوو، تەنیا لە شارۆچكەی دبس زیندانێكی كاتی هەبوو بۆ وەرگرتنی ئاوارەكانی حەویجە كە پێش پرۆسەی رزگاركردنی حەویجە دەهاتنە دبس خۆیان رادەستدەكرد و زۆربەیان داعش و  هەموو دەستگیركراوەكان عەرەبی سوننە بوون و ژمارەیان نزیكەی هەزار كەس بوو.

 

دواتر هەموویان گوازرانەوە بۆ ئاسایشی هەولێر و ئاسایشی گشتی، چونكە هیچ گرتووخانەیەك لە كەركووك نەبووە و لایەنە ئەمنییەكان ئەركیان تەنیا هاریكاریكردن بوو بۆ گواستنەوەیان و پرۆسەكە بە فەرمانی بەرپرسە سەربازییەكانی میحوەری كەركووك بوو جێبەجێكرا و هێزەكانی ئاسایش و دژە تیرۆر بەرپرسیاریەتی پرۆسەی گواستنەوەكەیان لە ئەستۆ گرت.

 

لایەنە ئەمنییەكان چەند رێوشوێنێكی تایبەت دەگرنە بەر لەكاتی دەستگیركردنی ئەو كەسانەی گومانی پەیوەندیكردنیان بە داعشەوە لێدەكرێت و ئەوانەی كە دەستگیردەكرێن هەموو مافێكیان هەیە وەك سەردانیكردن و بوونی پارێزەر هەروەها كەسوكاریشیان لە دەستگیركردنیان ئاگاداردەكرێنەوە، بەڵام شێوازی دەستگیركردنی ئەمانە جیاواز بوو، چونكە بە تۆمەت دەستگیرنەكراون واتە تۆمەتیان ئاراستە نەكراوە، بەڵكو لە كاتی هاتنیان لە حەویجەوە خۆیان ئیعتیرافیان دەكرد كە سەر بە داعشن و خۆیان رادەستی هێزە ئەمنییەكان كردووە و خێزانەكانیان گواستراونەوە بۆ كەمپەكانی جعێدە یان جدعە كە دەكەونە ژێردەسەڵاتی حكومەتی فیدراڵی، بۆیە نەتوانراوە خێزانەكانیان لە دەستبەسەركردنیان ئاگادار بكرێنەوە.

 

لە بارەی ژمارەی ئەو كەسانەی كە لە كەركووك دەستگیركراون بە تۆمەتی بوونی پەیوەندییان لەگەڵ داعش زێباری رایگەیاند، كە لە دادگای تێهەڵچوونەوەی ناوچەی كەركووك لە سەرەتای شەڕی تیرۆرەوە دەستگیركراونی داعش بەم شێوەیە بووە:

 

لە ساڵی (٢٠١٤) ئەو كەسانەی دەستگیراون ژمارەیان (١١٥) كەس دەستگیركراو بوون.

 لە ساڵی (٢٠١٥) ئەو كەسانەی دەستگیراون ژمارەیان (١٨٢) كەس دەستگیركراو بوون.

لە ساڵی (٢٠١٦) ئەو كەسانەی دەستگیراون ژمارەیان (٨٣) كەس دەستگیركراو بوون.

لە  شەش مانگی یەكەمی ساڵی (٢٠١٧): ئەو كەسانەی دەستگیراون ژمارەیان (١٩) دەستگیر كراو بوون.

 

ئەوكەسانەی كە تاوەكو ئێستا لە ژێر لێكۆڵینەوە دان بەم شێوەیە بووە:

 

 لە ساڵی (٢٠١٤) ئەو كەسانەی لێكۆڵینەوەیان لەگەڵدا كراوە (٣٣) كەس بوون.

لە ساڵی (٢٠١٥) ئەو كەسانەی لێكۆڵینەوەیان لەگەڵدا كراوە (٧٨) كەس بوون.

 لە ساڵی (٢٠١٦) ئەو كەسانەی لێكۆڵینەوەیان لەگەڵدا كراوە (٢٠) كەس بوون.

لە شەش مانگی یەكەمی ساڵی (٢٠١٧) ئەو كەسانەی لێكۆڵینەوەیان لەگەڵدا كراوە (شەش) كەسن.

 

 ئەو گیراوانەی كە سزایان بۆ دەرچووە:

 

لە ساڵی (٢٠١٤) ئەو گیراوانەی كە سزایان بۆ دەرچووە (پێنج) كەس بوون.

لە ساڵی (٢٠١٥) ئەو گیراوانەی كە سزایان بۆ دەرچووە (٢٣) كەس بوون.

لە ساڵی (٢٠١٦) ئەو گیراوانەی كە سزایان بۆ دەرچووە (حەوت) كەس بوون.

لە شەش مانگی یەكەم ساڵی (٢٠١٧) هیچ كەسێك سزای بۆ دەرنەچووە.، بەڵام (٣٦) كەس سزاكانیان تەمیز كراوەتەوە.

 

لیستی دەستگیركراوانی داعش هەرێمی كوردستان :

شاردەستگیر كراوسزا دراوئازاد كراولەژێر لێكۆڵینەوەدان

 

هەولێر  6٦٧٥٦١٩٥٦ 

سلێمانی ٣٥      ٢٢١٣

دهۆك  ١٥٩٤٤٥٦٦١٦٥٢٢٢

کەرکوك  ٢٤٨٣٥١٧٦١١٣٧

کۆی گشتی  ٢٦٥٢١١٠٨٧٠٦٧٢

 

سەبارەت بە دادگایی كردنی ئەو كەسانەی بە تۆمەتی تێوەگلان بە كاری تیرۆریستی و یارمەتیدانی تیرۆریستان دەستگیر دەكرێن و رادەستكردنیان بە حكومەتی فیدراڵی، حكومەتی هەرێمی كوردستان ئامادەیە هاوكاری لەگەڵ لایەنە نێودەوڵەتییەكان و حكومەتی فیدراڵیش بكات سەبارەت بە رادەستكردنەوەی دەستگیركراوانی داعش و لەم رووەوە كۆمیتەكەمان لەسەر داوای سەرۆكایەتی ئەنجومەنی وەزیران و بە هەماهەنگی لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەكانی حكومەت بەتایبەتی وەزارەتی كار و كاروباری كۆمەڵایەتی و یۆنامی لە هەماهەنگی بەردەوامدان سەبارەت بە چارەنووسی ئەو كەسانەی كە بە تۆمەتی تیرۆر دەستگیر كراون و سزا دراون و لەم رووەوە كۆبوونەوەكان بەشێوەیەكی خولی بەردەوامە و تا ئێستا سێ وەجبەی دەستگیركراوانی داعش رادەستی حكومەتی فیدرال كراون و نزیكەی (١٠٠) كەیسیش رادەستی دادگای موسڵ كراون.

 

رۆژی ٢٨/٨/٢٠١٧ كاتژمێر (١١)ی بەیانی لە ناوچەی سەهل ئەلمالح لە زوممار، هێرشێكی خۆكوژی لەلایەن تیرۆریستێكەوە ئەنجامدرا، بەر لە ئەنجامدانی هێرشەكە هێزە ئەمنییەكان هەوڵیاندا كە رێگا لە تیرۆریستەكە بگرن بۆ ئەوەی كردارەكە ئەنجام نەدات بۆ پاراستنی گیانی پێشمەرگە و ئەو خێزانە ئاوارانەی كە لەوێ بوون، دوای ئەوەی سەركەوتوو نەبوون لە هەوڵەكانیان تیرۆریستەكە خۆی تەقاندەوە و بووە هۆی شەهید بوونی پێشمەرگەیەك و بریندار بوونی ژمارەیەكی تر، لەو كاتەوە و لە ترسی روونەدانی هێرشی دیكەی هاوشێوە، هێزەكانی پێشمەرگە داوای پشتیوانی زیاتریان كرد و خێزانە ئاوارەكانیشان لە قوتابخانەیەك كۆكردەوە بۆ پاراستنی گیانیان تاكو ناوچەكە سەقامگیر و ئارام دەبێت.

 

زێباری تیشكی خستە سەر ئەوەی كە لە ماوەی جەنگی داعشدا پێشمەرگە چاودێری هاتوچۆی تیرۆریستانی داعشیان دەكرد بۆ رێگا گرتن لە راكردنیان لە ناوچەی نێوان حردان و راعی و جۆلات بە درێژایی ٧١ كیلۆمەتر بوو، لە ماوەی سێ ساڵەی جەنگی داعش ژمارەیەكی زۆریان لەو ناوچەیە كوژراون  لەوانە هەندێكیان هێرشی خۆكوژییان دەكردە سەر سەنگەرەكانی پێشمەرگە، هەندیكی دیكەشیان بە نیازبوون روو بكەنە سوریا و پێشمەرگە هەوڵی دەدا رێگرییان لێ بكات و بەشیكی دیكەشیان كە بە نیاز بوون خۆیان رادەستی پێشمەرگە بكەنە لە پشتەوە لەلایەن خودی داعشەكانەوە كوژراون هەرچەندە ئامانجی تیرۆریستانی داعش گەیاندنی زۆرترین زیانی گیانییە بە هێزەكانی پێشمەرگە و بڵاوكردنەوەی ترس و تۆقاندن لە رێگای كردارە خۆكوژییەكانەوە، بەڵام سەرەڕای ئەوەش هێزی پێشمەرگە هەوڵی نەداوە كاتێك گەمارۆ درابن تەنیا لە حاڵەتی شەڕ و هەوڵدان بۆ ئەنجامدانی كرداری خۆكوژی شەڕی لەگەڵیان كردووە و لەم جەنگانەشدا بە دەیان پێشمەرگە شەهید بوون و دەیان تیرۆریستیش كوژراون، بۆیە لە زۆر حاڵەتدا لاشەكان هێنراون بۆ ئەوەی بەشێوەیەكی رێكوپێك بنێژرین.

 

لە كۆتاییدا دیندار زێباری رێكخەری راسپاردە نێودەوڵەتییەكان لە حكومەتی هەرێمی  كوردستان وتی: سەبارەت بە گواستنەوەی ئاوارەكانیش وەزارەتی كۆچ و كۆچبەرانی عێراقی و لیژنەیەكی تایبەت لە پارێزگای موسڵ سەرپەرشتی گواستنەوەیان دەكات ، لەم بوارەوەش ژمارەیەكی زۆریان گواستراونەتەوە كەمپەكانی گەیارە و حەمام ئەلعەلیل كە ئێستا لەژێر دەسەڵاتی حەشدی شەعبیدان و ئاوارەكانی ناوچەی زووماریش لە چوارچێوەی ئەوانەن ، بۆیە حەشدی شەعبی بەرپرسە لە هەر رووداوێكی بێسەروشوێن بوون كە لەو كەمپانەدا رووبدات، بەڵام سەرەڕای ئەوەش پێشمەرگە هەوڵی بەردەوام دەدات بۆ پاراستنی گیانی ئاوارەكان و دەستگیركراوانی داعش.

 

 

Qadirzada.com © 2018. All rights reserved