|
| ||
|
|
||
|
له‌ئێرانه‌وه بۆ كوردستان؛ مادده ترسناكه‌كان هه‌ڕه‌شه له‌ته‌ندروستی ده‌كه‌ن
مادده‌ی كیمیایی، به‌رێگای قاچاغ ده‌هێنرێنه سنوره‌كانی هه‌رێمه‌وه‌و تێكه‌ڵ
به‌به‌نزین ده‌كرێن دانا ره‌زگه‌یی به‌پێی ئه‌و زانیارییانه‌ی ده‌ست هاوڵاتی كه‌وتوون، له‌چه‌ند شارێكی كۆماری ئیسلامی ئێرانه‌وه، چه‌ند جۆرێك مادده‌ی كیمیای مه‌ترسیدار به‌مه‌به‌ستی تێكه‌ڵكردنیان له‌گه‌ڵ به‌نزین، به‌قاچاغ ره‌وانه‌ی سنوره‌كان دواتر هاورده‌ی ناو هه‌رێمی كوردستان ده‌كرێن. "ئۆكیان"، جۆرێكه له‌و مادده كیمیاییانه، ده‌خرێته ناو به‌نزینی خراپ‌و ئه‌و به‌نزینه سووك ده‌كات‌و یارمه‌تی ئۆتۆمبیل ده‌دات بۆ خێرا لێخوڕین، ئه‌و مادده‌یه به‌پێی زانسته پزیشكییه‌كان ژه‌هراوییه‌و مه‌ترسی بۆ سه‌ر ته‌ندروستی هه‌یه. به‌دواداچوون‌و زاینارییه‌كانی هاوڵاتی، ئاشكرای ده‌كه‌ن ئه‌و مادده‌یه، له‌رێگه‌ی سنوره‌كانی قه‌ڵادزه‌و گومرگی حاجی ئۆمه‌رانه‌وه، هاورده‌ی هه‌رێم ده‌كرێت، به‌ڵام به‌ڕێوه‌به‌ری گومرگی حاجی ئۆمه‌ران، زانیارییه‌كان ره‌تده‌كاته‌وه. سه‌رچاوه‌یه‌ك له‌گومرگی حاجی ئۆمه‌ران، هۆكاره‌كانی هاورده‌كردنی ئه‌و مه‌واده‌و مه‌واده مه‌ترسیداره‌كانی تر، ده‌گه‌ڕێنێته‌وه نه‌بوونی كۆنتڕۆڵی جۆری له‌گومركه‌كیان. ئه‌و سه‌رچاوه‌یه كه له‌به‌ر هه‌ستاری بابه‌ته‌كه نه‌یویست ناوی بڵاوبكرێته‌وه، به‌هاوڵاتی وت "نه‌بوونی كۆنتڕۆڵی جۆری، رێگا خۆشكه‌ره بۆ هاتنی ئه‌و مه‌واده بۆ كوردستان". سه‌رچاوه‌كه، ئاماژه به‌وه‌ده‌دات كه پێشتر لیژنه‌ی كۆنتڕۆڵی جۆری هه‌بووه، به‌ڵام له‌ئێستادا نه‌ماوه‌و لیژنه‌ی نوێش له‌جێگایان ده‌ستبه‌كارنه‌بووه. ئه‌و سه‌رچاوه‌یه‌ی گومركی حاجی ئۆمه‌ران، باس له‌وه‌ده‌كات جاران له‌سنوری ئێران كۆنتڕۆڵی جۆری هه‌بووه‌و مه‌واده‌كانی پشكنیووه پێش ئه‌وه‌ی هه‌نارده‌ی هه‌رێم بكرێت، به‌ڵام ئێستا "پێش ئه‌وه‌ی پشكنینه‌كه‌ی بۆ ده‌ربچێت‌و بگه‌ڕێته‌وه، به‌ڕێده‌كرێت بۆ ناو هه‌رێم". به‌پێی به‌دواداچوونه‌كانی هاوڵاتی بۆ سه‌رچاوه‌ی ئه‌و مادده‌یه‌ی به‌مه‌به‌ستی تێكه‌ڵكردنی به‌نزین ده‌هێنرێت، ده‌رده‌كه‌وێت ئه‌و مادده‌یه كیمیاییه به‌ناوی "ئۆكسان"، له‌سێ شاری (ئازه‌ر شه‌هر‌و كه‌ره‌ج‌و ئه‌راك) له‌ئێران هه‌یه‌و له‌وێوه بارزگانی پێوه‌ده‌كرێت‌و بۆ هه‌رێم ده‌هێندرێت. هاوكات، عه‌لی ره‌زایی كه ئاگاداری بازرگانیكردنه له‌و مادده‌یه، له‌رۆژهه‌ڵاتی كوردستانه‌وه به‌هاوڵاتی وت "ئه‌و مه‌واده به‌شێوه‌ی قاچاخ ده‌گاته سنوره‌كانی هه‌رێم، له‌وێشه‌وه ئه‌وان به‌رێگه‌ی ئازاد بۆ هه‌رێمی به‌رێده‌كه‌ن، ئه‌وانه‌شی ئه‌و كاره ده‌كه‌ن كه‌سانی باڵاده‌ست پشتگیری‌یان ده‌كه‌ن". به‌پێی زانیارییه‌كانی ره‌زایی، ئه‌و ماددیه كاتێك ده‌گاته سنوره‌كانی قه‌ڵادزێ له‌گه‌ڵ ئێران، تێكه‌ڵ به‌به‌نزین ده‌كرێن، به‌و شێوه‌یه‌ش ناتوانرێت رێگه‌ی پێبگیرێت‌و په‌ی پێببرێت. ره‌زایی، به‌وته‌ی خۆی، كاری پێش باری ده‌كات، وتی "موخابه‌راتی ئێران چاودێری ده‌كردین، به‌ڵام ئێمه كه رۆیشتین ئه‌و مه‌واده‌مان فڕێ‌دا بای پاره‌یه‌كی زۆربوو، ئه‌گه‌ربێت‌و ئه‌وه‌مان نه‌كردایه ئه‌وا زیندانی یان سزای قورسمان به‌سه‌ردا ده‌سه‌پێندرا، چونكه بازرگانی به‌و مادده‌یه‌وه له‌ئێران زۆر جه‌ریمه‌یه‌كی گه‌وره‌یه". هه‌روه‌ها ئه‌وه‌شی خسته‌ڕوو كه پێشووتر ئه‌و مادده‌یه به‌شێوه‌یه‌كی خێرا‌و زۆر ده‌فرۆشرا، به‌ڵام ئێستا كه‌متر ده‌ڕوات بۆ عێراق. له‌مباره‌یه‌وه، عیزه‌دین ره‌شید به‌ڕێوه‌به‌ری گومرگی حاجی ئۆمه‌ران، ره‌تیده‌كاته‌وه ئه‌و جۆره ماددانه له‌رێگه‌ی گومركه‌كه‌یانه‌وه هاورده‌ی هه‌رێم بكرێت. ره‌شید، له‌لێدوانێكدا بۆ هاوڵاتی وتی "هیچ ئه‌سڵ‌و ئه‌ساسی نییه، چونكه ئێمه ئاگادارین له‌وه‌ی هه‌ر جۆره بابه‌تێك كه بێته هه‌رێمی كوردستانه‌وه، ئێمه له‌لایه‌ن وه‌زاره‌تی پیشه‌سازی ئاگادار كراوینه‌ته‌وه كه ئه‌و مه‌وادانه قه‌ده‌غه‌ن‌و نابێت بێنه ناو هه‌رێمه‌وه، رێگه‌ش به‌كه‌س نادرێت بۆ هێنانی ئه‌و مه‌واده". به‌ڕێوه‌به‌ری گومرگی حاجی ئۆمه‌ران، جه‌خت له‌وه‌ده‌كاته‌وه ئه‌وان ئاگادارن ئه‌و ماددانه بۆ باشكردنی به‌نزینه‌و مه‌ترسی بۆ سه‌ر ژینگه هه‌یه. هه‌روه‌ها وتی "ئه‌وه‌ش راست نییه كۆنتڕۆڵی جۆری بوونی نه‌بێت، چونكه له‌لای ئێمه به‌شێوه‌یه‌كی باش كاروچالاكی خۆی ده‌كات و ده‌وامی خۆیان ده‌كه‌ن". عیزه‌دین ره‌شید، ئاماژه به‌وه‌ده‌دات ئه‌گه‌ر بزانن هه‌ر مه‌واده‌یه‌ك زیانی هه‌یه، ئه‌وه رێگه‌ی پێناده‌ن هاورده‌ی هه‌رێم بێت، "جا هه‌ركه‌س ئه‌و كاره بكات مه‌سئول بێت یاخود هاوڵاتی". به‌رپرسانی ته‌ندروستی، جه‌خت له‌مه‌ترسی ئه‌و مادده كیمیاییانه ده‌كه‌نه‌وه كه به‌مه‌به‌ستی تێكه‌ڵكردنیان له‌گه‌ڵ به‌نزین ده‌هێنرێنه‌وه هه‌رێمه‌وه. دكتۆر خالس قادر ووته‌بێژی وه‌زاره‌تی ته‌ندروستی حكومه‌تی هه‌رێم، ئاماژه به‌وه‌ده‌دات چاودێریكردنی هێنانی ئه‌و ماددانه، كاری ئه‌وان نییه، به‌ڵكو كاری كوالێتی كۆنتڕۆڵه كه سه‌ر به‌وه‌زاره‌تی پلاندانانه. وته‌بێژه‌كه‌ی وه‌زاره‌تی ته‌ندروستی، له‌لێدوانێكدا بۆ هاوڵاتی وتی "ئه‌و مه‌واده كیمیاییانه كه له‌ناو به‌نزیندا هه‌یه، زۆر خراپن، به‌تایبه‌ت ئه‌و كه‌سانه‌ی كه زۆر به‌ریان ده‌كه‌وێت زیاتر تووشی نه‌خۆشی شێرپه‌نجه ده‌بن، تێكه‌ڵكردنی مادده‌كه‌ش له‌گه‌ڵ به‌نزین رێژه‌ی خۆی هه‌یه، ئه‌گه‌ر رێژه‌كه‌ی گونجاو نه‌بوو ئه‌وا مه‌ترسی هه‌یه‌و خراپه".
|
||
|
Qadirzada.com © 2009. All rights reserved
|
||