ئاوێتەبوون

 

فاتیح سەلام

 

غەریبی خۆمت دەدەمێ‌ ..

تۆش لێگەرێ‌ چرۆی پەیڤێ‌ لە كەناری سەرگەردانتا بیتە سەما

ئیتر تارمایی شێت بوونی هێڵە رەشەكانی چاوت و

دووركەوتنەوەت لە كۆڵانی بەختی ووندا فەرامۆش كە

تێمەگلێ‌ بەو نوشتانەی جادووگەرێكی نێرەمۆك

لە فنجانێ‌ قاوەی زۆڵا گرێی بەختت دەكاتەوە

ناو لەپت دەخوێنێتەوە

لەو زریانە بدوێ‌ ووتی :

ژیان زڕدارێكی ووشكە

سێبەرێكی ئۆجاخ كوێری بە تەنیشتا تێدەپەری و..

كەسێك بەناوی خۆیەوە بانگی ناكات

دیلێتیت رادەستی گومانێك لە سەفەر مەكە

نەبا لە ویستگەی چاوەروانیدا ( با ) بتبینێ‌ و ..

لەسەر گوزەشتەی تەنیاییت لێت بپرسێ‌

من شەوێكی وەنەوشەیی رەنگەكانی بینینتم

لە نیگاتاتا ترازاندن و ..

لەبەر پەیكەری مرواری پاكیزەیتدا راوەستام

لەتێ‌ لە رووناكی مانگم لە داڵانی جوانەمەرگ بووی

بەربارانی سپێدەیەكی ناكامدا بۆ جێهێشتی و..

گوناهەكانی شەونمم هاویشتە كۆشی گەڵاوە

خومارانە هەنگاوەكانتم هەڵگرت و

جوانیتم لە شەقامێكی خەواڵوودا ناسییەوە

تیلێ‌ بەدەم ماندووبوونی نهێنی باوێشكێكەوە

دەستێ‌ لە شەوبۆی پر عەتری شووشەی شكاوی تۆی دامێ‌

تا چیتر پەنجەی حەرامی ئێوارەیەكی تیاترۆ

شانە بە پەرچەمی خۆزگەی رەنگی پەریووتا نەهێنێ‌

تا ئەو خەمەت لە گۆر بنێم

كە دەتبینێ‌ گوژاڵكەیەكی كفۆڵت بۆ تووڕ دەداو

ئارەقەی مۆتەكەی ترس و كەشێكی رەزاگرانی لە شەیتان چوو

سەنگەری مەرگت لێدەگرێ‌ و ..بێ‌ شەرمانە پێدەكەنێ‌ ..!!!.

* * * * * *

وەك خەزاڵێكی نۆهەوار دەچییە دیدەی بینینمەوە

سەرمەستانە لێم دەروانی و

بانگم دەكەی .. تا پێم بڵێی :-

هاورێم مێژووی لە دایكبوونێكی تازەم

سواری شەپۆلێكی یاخی ئاوێتە بوونی تۆ كرد و

هەر تۆی تێبگەی لە رازی داگیرسانی ووشەكانم

تەنها منیش لە بێدەنگیتا دەتدوێنم

كاتێ‌ دەبییە ماچێكی سەر پەرەی لێوم و

لە گەڵ هەر موچركە یادێكی بیركردنتا

( تا ) یەك لە پەل و پۆم دەخاو

هەڵدەوەرێ‌ گوڵەباخی نێو ئینجانەی بەیانیانم

جارێ‌ كەمەنكێشی تەكییە و بەر خانەقای سۆزت دەبم

دەیان جاریش لە ئامێز و هەرمێی دڵتا دەمشارییەوە

دەبیتەوە لەتێ‌ لە خۆم دڵت نایە دووركەویەوە

هۆشم دەروات..

لە شەققەی باڵی رۆحمدا رادەچلەكێم

تەزێك لە تەوقی سەرمەوە كسپە دەكات

لە چاوگی سووتانمەوە

جەستەم شەڵاڵی عەشق دەبێ و ..

لەسەر عەرشی خەونێكی قووڵ خاو دەبمەوە

بۆ بەر تیشك وگری ناخی

خۆشویستنی بێ‌ ئامانت

 

Qadirzada.com © 2009-2022. All rights reserved