لە هەڕاجخانەی شەرەفدا

 

 

* فاتيح سەلام *

 

 

شەقام خەونی لە مێژینەی  تیاترۆیەکی  کەشیشە .. بیناسەوە !

ئابڕوو هێڵنجێکی بۆگەن کردووی نێرەموکێکی  پڕچنە

دەستەکانی لە بروسکەی شمشێرەکەی هەناسەیدا

ون دەکات و..

چاوەکانی لەکوختێکی سەرە ڕێدا

ڕادەستی ڕەشمەی ئارەزووی پاکیزەیی شەونم کران

ئەو..! لە سەدای ساتمەیەکدا

خۆی ڕاتەکان

بەڕەشی شەو چاوی بەرەبەیانی ڕشت و

فووی بە داڵانی زۆڵێتی و ساختەدا کرد

تا مەحرەمی ئەو دیوو ترس و

نزیك لە بازنەی گومان

تەنیایی دەستی گرتووە

لەتەك نەسیمی خەیاڵدا

بەڕووتی کەوتە سەما

گەڵاکان شەرم دەیانجوێ

جۆلەکەکان لە سێبەری کڵپە سەندووی دۆزەخ دەگن

بۆدەڵەکانی ئەم زەوییە، لە شەیتان درۆزنترن

شەقام تەرمی سوخمەیەکی مەیلە و زەردە

شاتە شاتی بەیانێکی ئەتککراو

ڕاڤەکانی لە کۆرپەلەی بەر مەقەستی کورتاجێکا

تێکەڵ بەسیمای زبڵدان ومیکاژی بەر شەرمەزاری ئاوێتە کرد

چارەکێ پێش مەرگی بلووری ئەمخوێنە سەربڕاوە

شەرەف قوفڵێکی ژەنگن بوو

پیاو سالارێ

بە کەمەر و داوێن شۆڕی ئێوارەیەکی ئاڵەوە

فڕێ درا

نەفرەتیەکانی ووڵاتی قەحپە و تەرەس

پەیژەکانیان بەقەبارەی مێژووی گوناهدا هەڵواسن

لەقەراخی رووباری ڕیسوایی بووندا

خۆیان لە گڵاووی کوفر و خیانەتدا یسمیل کەن

چاوتان داخەن

کاتێ تاوان بوخچەی عومری بۆ گرێ دان

پیاوەتییتان ورد و خاش بوو

جوامێریتان لە قوماری نیشتمان پەروەری دۆڕان

  

٦/٥/٢٠١٣

 

Qadirzada.com © 2009-2022. All rights reserved