ماڵئاوا... بەرەو مناڵیت

فاتیح سەلام

 

سبەى هێشتا چاوەکانت

پرن لە خەونى کۆچ کردوو

لە فرینى گەراننەوە

بۆ سەر لقێ ، چڵێ ، پەلێ

لە شۆردارى نیشتمان

من لە بازنەى تەربوونمدا

چەترەکەمت پێ دەسپێرم

لە نێو سەماى دڵۆپەدا

دەستى خاوى هەور دەگرم و

بەدەم حیکایەتى سپى ، بارینەوە

مل دەنێم بۆ بونگەى ژانى

ئاسۆى تەماوى دابران

هەناسەم لە مەیدانێکا ئۆخەى دەکا و

دڵیشم لە خورەى عەشقى

جۆزەردانێکى نووستوا ، رادەچڵەکێ

کەس ناناسم و نامناسن !

خۆم غەریبم ( ........)

لە غەریبیت ، غەریبتر پێستم وشک دەبێت

کە نازانم لە کوێوەیە ماڵە باوان !

دەرۆم و وەهمێ ئاڵتونى لەگەڵمایە

لە تیشکى تۆ

گوڵێکى ئاڵ و یەک وشە

لە گەرەکى مناڵیتا جێ دێڵم و

دەبمەوە بەفرێکى هەتیو

لە پانتایى هەردوو لەپت و

هەر دەپەنجەى کەڵە پشکۆ

ئازیزى من .. دەى ماڵئاوا

 

٣/٦/٢٠١٣

 

Qadirzada.com © 2009-2022. All rights reserved