سێ تنۆکە شەونمی بە جێماوی شەو

 

فاتیح سەلام

١

 بە رۆژ سێبەرێکی کاڵیت

 لە چوارلاوە دەتبینم و ..

 تێکەڵ جووڵەی خۆرت دەکەم

 شەویش دەبییە شۆرەبییەکی ژوور سەرم

تا خەو دەزێتە چاوانم

 رێژنەی گەڵات ھەڵدەوەرێ و ..

بۆنت دەگرم

بە ھێمنی دامدەپۆشی

منیش بەدەم سووتانێکی لە سەرخۆوە

وەک گشت جارێ

نیگای روانینمت دەدەمێ و..

کەوانەیی دەستم دەکشێ بۆ گەردن و

خاوی پەرچەم

٢

ھەر ووشەیەک بۆت دەنووسم

پێش کۆتایی و ..

داخستنی زامی بە سۆی دێرەکانی

دەرژێنە باخچەی دڵتەوە

وەک پەپوولەی باڵ نەخشینی

پاییزێکی رووتەوە بووی ئێوارانێکی سەر کانی

لەسەر لێوت دەنیشنەوە و ..

رەنگت دەگرن

دەبنە لاوکێکی نەووتراو

شەپۆلێ ئاوازی خەمناک

دوورە دەنگێکی گۆرانی

ئاخۆ تۆش پێیان دەزانی ..؟.

٣

  ھەر پیتێ بۆمی دەنووسی

  لە بری خۆت

   توند لە ئامێزی دەگرم و

تا شەکەت بوون ماچی دەکەم

بۆنی دەستی تۆی لێوە دێت

سۆزی تۆی بۆم ھەڵگرتووە

دەیان جار دەیخوێنمەوەو ..

پێڵووی چاومیان بۆ رادەخەم

١٥/٦/٢٠١٢

 

Qadirzada.com ©2009 - 2022. All rights reserved