تا..وەرزێکی پەپوولەییت

 

* فاتیح سەلام *

 

لە کام چڵی پەرتەوازەی پاییزەوە

دێی بۆ لام و..ماندوویەتیم دەتەکێنی

بنیشەوە

ئەی پەپوولەی پێنجەم وەرزی مێلاقەیی

بنیشەوە

لە شەپۆلی تێکپژانی ( تۆ ) و ..سروشتا

روانینەکانمت دەدەمێ

ئاسۆت بۆ دەکەم بە باڵ و ..

خۆرت بۆ دێنمەوە باخچەی

ئەندێشەکانی فەنابوون

بنیشەوە .. تا لەجوانی شەققەی باڵی ئاونگیتا

کلوە بەفری شنەکانت کۆکەمەوە و

تێکەڵ چاوی بەر پەنجەرەی میحرابی کەم

سەرنجێ لە گلاراویم بپەرژێنمە ھاتنت

تا لە داڵانی نێرگسی چاوەروانیمدا بتبینم

لە نەسیمدا قوماتت کەم

لە قوڵایمدا راتگرم

بنیشەوە..

تا لە بۆنی غەریبیتا گلێنەم رەنگی گوڵ بگرێ

لە ھەناسەمت ھەڵکێشم

نەھێڵم  جەستەت ھەڵوەرێ

بنیشەوە ..

دۆستی ئازیز بنیشەوە

تا یەکەم پیت دووەم ووشە م سێیەم زەمین

لە نێو ھێڵی پەنجەکانما لەنگەر بگرە و ..

ژوورەکەم پرکە لە فرین

١٣/١/٢٠١٣

 

Qadirzada.com © 2009-2022. All rights reserved