لە تۆدا ، تەنها تۆ

 

فاتیح سەلام

 

لە دێرێکى سەرواڵادا تەریب دەبمەوە لە تۆدا

شەو شکۆمەندى هاتنى ئەم قەنارە سەربراوە تێکدەشکێنێ

تۆختر لە ئاورى ترس و سڵ کردنەوەت لە تارمایى

ئەو گوللە باوک نەدیوەى دڵى سمیت

من لە باخچەى هەڵواسراوى قیبلەى گەرانێکى شێتا

مانگم لە کەنارى شەودا را دەستکردى

قژتم تەنى بە تریفە

بەرباخەڵى شیعرەکانتم ئاخنى بە جریوەى سوور

جەستەى فواز فوازى ووڵاتى خۆخۆرەکانم ، پیشان داى

هەور دڵرەقیتى فراند و ، ئەهریمەن قاقا پێکەنى

تۆش بەدیار سەوڵى شکاوى خەونى سەفەرتەوە گریاى

چەند جەلادێکى بە عیشوەى

واى لە خوێندنەوەى گەمژەیى فنجانە قاوەى سیحرى کاڵ

تۆم نەبیت رازى ئەم مەعشوقیەتە چەماوەیەم

کێ بیکا بە گۆچانێکى دارحەیزەران

تا لە کزبوونى گلێنەى پەرینەوەى تاریکماندا

بڵێ ( ئازیز دۆستى تەنیام ..ئێرەیە دەرگاى نیشتمان )

لە فیراقى ونبووندا ، قەڵەمەکەم دەزریکێنێ

پەرەکانم لە خۆڵەمێشى میحنەتى بێ نازیتا رەنگت دەکەن

تا لە ئێوارەیەکى خاودا

ببیتەوە سرکە مامزى ئەو کێوە

هەڵتبگرم ، لە ئەلبومى بێ داڵدەما

شۆر .... بێ چوار چێوە

 

١٥/٧/٢٠١٣

 

Qadirzada.com © 2009-2022. All rights reserved