غەریبترین کەسى سەرگۆى ئەم زەوییە منم !

فاتیح سەلام

 

ئەو کۆتەڵێکە لە بەفر

لە نێو دوو کەوانەى مۆرى خۆرنشینا

نوقمى بروسکەى پەنجەم و

چاوى هەور تێزاوم دەبێت

ئەو..! لە سروشتى وشەما

عەیامێکە راهاتووە

لە زستان و بەفرانبارا ، سێبەرى گەڵام بداتێ و

لە پاییزدا ، جەستەم بکا بە ئینجانەى

بەرپەنجەرەى رێى فیراق و

لە ئینجانەى دڵما بروێت

ئەو .. ئەو .. ئ ە و

          ***

ئۆباڵى چى چاوەروانى

چى روانین و نەهاتن و

توورەبوونى تیغى شەو و تێگلانى

داهۆڵەکانى کەشیشە یەک ، یەک هەمووى بەگەردنم ..

نە سێبەرێ داڵدەى وشەى یاخیم دەدات

نە هاورێیەک ، نە ئازێزێ

بەدى دەکەم لێم تێبگات

غەریبترین کەسێ هەبێت لەم دنیایە

تەنیا منم ..!

           ***

پەیکەرى عەشقێک تێکشکاو

تۆ کە لە هاژەى ( با ) نەگەى

لە بەژنى تەربوون نەروانى

ئیتر با هەر روو لە خۆربن

دەمامکى فرت و فێڵت و

گومانەکانى لەت لەت بووى گۆرى سڵاو

       ***

چى بکەم خەجێ ؟

تۆ نیت ، چرایەک ناسووتێ

تروسکەیەک بەدى ناکرێ

لەم نغرۆستانەى رۆحى ، لە تونێل هەڵکێشراوما

سەرانسەرى ئەم پێدەشتە

لە خاڵێکى وەک ئارەزووى باڵاپۆشیت

لەرەش دەچێ !.

                     ***

لە دوورى جوگرافیماندا

کەوانەیەکى یاقووتى هەردەم واڵا و

تەلسیمى رۆحێکى فریو ، لەبن ئاسمانى رەهەندێک

لە نێوانى چاوەروانى و

ژاوە ژاواى عەکسى نەشۆراوەى

سەرى ( تۆ ) شدا .. باوانى من

خەوى هەنگاوى چوونەوە و ..

کیشوەرى فۆبیاى تەلبەندێک

                  ***

غەریبى سنگت دەدرێ

گومان پەلت دەگرێ و .. من نیم

بەسەر بەردى دڵتا دێم و

رێگا دەرژێتە هەنگاوم

چاوەرێم بە ، منیش وەک خۆت

فەرهەنگێکى تۆزلێنیشتووى

پر لە ژانى کوێرەوەریم

          ***

دەست بۆ چڵى مەرگێکى لەسەرخۆ مەبە

تا ژیان لە ریسوایدا .. پێت نەڵێ ، هانێ خۆکوشتنت !

ژوورەکەت ناو بنێ دۆزەخ

ئەدرێسى شەقامێ رووتیش

بکە بە داڵدەى نەفرەت بوون

تا ئەهریمەن کەژاوەى جوانیت لوول بکا و

پاکییزەیى ، نەتناسێتەوە کەهاتى

دەست بۆ گوڵى باخى بەهەشتى من مەبە

نەبا یەک یەک وەک هەڵوەرینى ئارەزووت

پەنجەکانیشت هەڵوەرن

چەند بە کەنەفتى دەتبینم

کە سوار نیت و ئاورزەنگیت دەپێچیتەوە

تەنیا یەک رێگا دەتناسێ ..

تا پێت بڵێ : لێرەدا ژیان دەوەستێ و ..

دەست پێ دەکات واتاى مـــــــــــــــــــــردن

دەست پێ دەکات واتاى مـــــــــــــــــــــــردن ..!

              ***

Qadirzada.com © 2009-2022. All rights reserved