فەرهاد سەنگاوی: تورکیا بەو هێرشانە کێشە ناوخۆییەکانی دەشارێتەوە

 

 فەرهاد سەنگاوی

ڕۆژنیوز- ناسیار و سەمیرا

 

فەرهاد سەنگاوی پەرلەمانتاری پێشووی هەرێمی کوردستان، لەم چاوپێکەوتنەی ڕۆژنیوزدا، سەبارەت بە هێرشەکانی سەر عەفرین لە لایەن تورکیاوە، ڕەخنە لە بێدەنگی دەوڵەتان و هێزەکانی باشور دەگرێت، هاوکات باس لە پاڵپشتیی باشوور بۆ عەفرین دەکات و گرێدانی گۆنگرەی نەتەوەییش بە گرنگ دەزانێت و باسی چەند بابەتێکی دیکەش دەکات..

 

دەقی چاوپێکەوتنەکە:

 

- دۆخی عەفرین و داهاتووی ئەو هێرشانەی سەر عەفرین چۆن دەبینن؟

 

"چۆن ئەمریکا بە هاتنە ڤێتنام نەیتوانی دەربچێت، ئەوا تورکیاش ناتوانێت دەربازی بێت"

 

فەرهاد سەنگاوی: تورکیا یەکێکە لەو دەوڵەتانەی کە زۆرترین پێکهاتەی تێدایە، کوردیش زۆرترین پێکهاتەی ئەو وڵاتە پێکدەهێنێت، ژمارەیان چەندین جار زیاترە لە تورک، چونکە ئەو وڵاتە زۆرترین پێکهاتەی تێدایە و خاوەنی چەندین کێشەیە، دەوڵەتی تورکیاش وڵاتێکی عاقڵ و پێگەیشتوو نییە تا کێشەکانی خۆی چارەسەر بکات، ئەمەش دەگەڕێتەوە بۆ دواکەوتوویی کۆمەڵگا کە کاریگەری لەسەر سەرکردە و حزبەکان هەیە، تورکیا ئەگەر بچێتە عەفرین لە کۆبانێ باشتری پێناکرێت، زۆرتر تووش دەبێت، واتە وەک چۆن ئەمریکا بە هاتنە ڤێتنام نەیتوانی دەربچێت، ئەوا تورکیاش ناتوانێت دەربازی بێت.

دژ بەو هێرشانەم کە دەکرێتە سەر عەفرین، چونکە تورکیا داگیرکەر، بکوژ و ببڕی نەتەوەکەمە، بۆیە تەنانەت ئەگەر کوردیش نەبم پێم ناخۆشە هەر زۆڵم و غەدرێک بکرێت لە هەر گەلێک، ئیتر چ بگات بە یەکێک وەک تورکیا، ئەویش دەترسێت لە گەورەبوونی کورد.

 

- پێتوایە تورکیا بۆچی دەیەوێت بچێتە عەفرین؟

 

"دەیەوێت بەو هێرشانە کێشە ناوخۆییەکانی خۆی بشارێتەوە"

 

فەرهاد سەنگاوی: کە شەڕ و ئاشتی هەبێت، بێگومان خۆشی و کاولکاریش هەیە، تورکیاش مەبەستی تێکدانی ئارامی و بەرقەرارکردنی شەڕە لەو پارچەیەی کوردستان، تا لە هەموو ڕوویەکەوە دواکەوتوویی بێتە ئاراوە، ئەمەش بەشێکە لە هەبوونی ناکۆکی ناوخۆیی، دەیەوێت بەو ناکۆکییە دەرەکییانە کێشەکانی ناوخۆی خۆی بشارێتەوە، یارییە نێودەوڵەتییەکانیش ڕەنگە بەشێکی دیکە بن بۆ هاندانی تورکیا تا هەوڵ بدات کوردان سەرکوت بکات.

 

- دەوترێت کە کەس سەر لە سیاسەتەکانی ئەمریکا لە ڕۆژئاوای کوردستان دەرناکات، ئێوە چۆنی دەبینن؟

 

"سیاسەتی (ناڵ و بزمار)ە"

 

فەرهاد سەنگاوی: لاڤرۆڤ کە وەزیری دەرەوەی ڕوسیایە دەڵێت: ئێمە تێناگەین لە ئەمریکا، یان لە خراپی و مەترسی سووریا تێناگات، یانیش بە مەبەست وادەکات، هاوکات تورکیا و ڕوسیا نیگەرانن لە هەڵوێستی ئەمریکا، هەروەها یەکێک لە بەرپرسانی ئەمریکا دەڵێت: ئێمە تێدەگەین لە نیگەرانییەکان تورکیا و کوردیش قوربانی زۆریانداوە و لە دژایەتی تیرۆر سەرکەوتوو بوون، ئەمەش بە مانا کوردییەکەی سیاسەتی "ناڵ و بزمارە"، بۆیە من پێموایە ئەمریکا دەستی نەشۆردووە لە کوردەکان و دان بە قارەمانییەتیاندا دەنێت، دیارە ئەمریکاش بە درێژایی ماوەی ڕابردوو لە سووریا پێگەی نەبووە و بۆ بەدەستهێنانی پێگەیەک و هەبوونی لەو ناوچەیدا بۆ ئەمریکا گرنگە، لەو باوەڕەدا نیم بە ئاسانی وازی لێبهێنێت، وەک سیاسەتیش بەداخەوە هەندێکجاریش بەرژەوەندییە نێودەوڵەتییەکان دەردەچن لە سنووری مرۆڤایەتی.

 

 

- پێتوایە پشت تێکردنی ڕوسیا لە عەفرین هاوشێوەی پشت تێکردنیان بوو لە مهاباد؟

 

"یارییەکانی ڕوسیا بۆ بەرژەوەندییەکانیانە و تا ئێستاش ناشرین و نامرۆیین"

 

فەرهاد سەنگاوی: بێ ڕەوشتی سیاسی لەم حاڵەتەدا لە ڕوسیا زۆر گەورە بوو بەرامبەر بە ئێمەی کورد و خەڵکی کوردستانی سوریا، چونکە ڕوسیا خۆی لە عەفرین بوو، دواتر پشتی بە دوو زلهێزی ناوچەیی و لۆکاڵی وەک ئێران و تورکیا بەست، بۆ بەرژەوەندییەکانی یاری دەکات و یارییەکانیشی تائێستا ناشرین و نا ئینسانین.

 

 

- هێزە کوردییەکانی باشور بۆچی بێدەنگن؟

 

"دەردی خۆیان پێ تیمار ناکرێت، چیبکەن بۆ ڕۆژئاوا؟"

 

فەرهاد سەنگاوی: لە باشووری کوردستاندا بۆ خراپی هێزە سیاسییەکان دوو وشە هەیە، کە بەردەوام دەبێت بە کاری بهێنین، کە یەکەمیان (بە داخەوە) و دووەمیان (هیوادارم)ە، واتە ئەوان حاڵی خۆیان خراپە و کە حاڵیشیان خراپ بێت چی بکەن بۆ ڕۆژئاوا و باکوور یان ڕۆژهەڵات، دەردی خۆیان پێ تیمار ناکرێـت.

 

 

- بەڕای ئێوە تا چەند پێویستیمان بە یەکێتی نەتەوەیی هەیە؟

 

"زۆر پێویستمان بە یەکێتی نەتەوەیی هەیە، چونکە شکست و سەرکەوتنمان گرێدراوی یەکدییە"

 

فەرهاد سەنگاوی: پێویستمان بە یەکێتی نەتەوەیی هەیە، چونکە یەکێکین لە نەتەوە گەورەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، خاوەنی نیشتمان، خاک، جوگرافیا، کلتوور و نەتەوەیەکی گەورەیین، بەڵام هێشتا هەست و سۆزی سەرکردایەتی کورد و بەتایبەتی باشوور پێنەگەیشتووە، واتە کەسێک کە عەقڵ و بیری لە ئاست خێزان، خێڵ، گوند و شارەکەیدا بێت پێی ناوترێت سەرکردە، لە باشترین حاڵەتیشدا کە ڕەحمی پێبکەی سەرکردەی خێڵێکە و گوندیی و خێزانییە، ئەمەش لە کوردستانی گەورەدا هەیە و لە باشوور قووڵترە.

 

نەتەوە و نیشتمان زۆر گەورەترن لە هەموو ئەوانە، بۆیە ئەگەر لە باشووردا تۆ لەگەڵ ئەوان نەبی حەز دەکەی شێر بگرە و زۆر ئاسایی تۆیان ناوێت، پێشی دەوترێت بچووکی عەقڵ، هەموو ئەمانەش هۆکارە بۆ بۆگەنبوونی کێشەی نەتەوایەتی، بە پێچەوانەوە هەر شکست و سەرکەوتنێک بە بەشێک لە کوردستان گەورە دادەنرێت و هەموویان گرێدراون بە یەکترەوە، واتە سەرکەوتنی کوبانی بۆ هەموو کوردستان مایەی شانازییە، لە هەمانکاتدا ئەم نامەردییەی باشوور ئەژنۆی پارچەکانی تر دەشکێنێت.

 

 

- چۆن بتوانین لە ڕووی نەتەوەیی و سیاسییەوە پشتیوانی لە عەفرین بکەین؟

 

"بە ڕێکخستن، ڕێبەر و ئایدۆلۆژیای باش"

 

فەرهاد سەنگاوی: ئەوەی کە عەقڵ و هەستی لە ئاست پشتگیرییدایە، دەیکات، بۆ ئەمەش میللەت ڕێکخستن و ئایدۆلۆژیا و ڕێبەری دەوێت، بەڵام لە باشوور میللەتیان ماندوو و پەرێشان و برسی کردووە، بۆ بابەتی عەفرینیش ئەم پشتگیرییانەی دوایش بە باش دەبینم.

 

 

لە کۆتایشدا فەرهاد سەنگاوی ئەم هۆنراوەیەی پێشکەش بە بەرخۆدانی عەفرین کرد:

 

بۆ عەفرین

 

بۆ عەفرین ئەمرین، ئەمرین بۆ عەفرین

عەفرین کۆبانی، عەفرین کۆبانی

برینی ئازای گشت کوردستانی

لە هەر چوار پارچە، چوار هەزار ساڵە

خوێنی شەڕڤان و گەریلای ئاڵە

لە ڕۆژئاواوە، ڕۆژی گەل هەڵدێت

شاخ و دەریا و دەشت پێکەوە ئەبێت

ئەبێت هەر ببێت، ئەبێت هەر ببێت

ئازادی و ژیان بۆ سەرتاسەری گەلی کوردستان

بێ عەفرین ئەمرین، ئەمرین بێ عەفرین

 

 

 

Qadirzada.com © 2018. All rights reserved