پاسی ژمارە (٧٠٣)

 

گەشبیر ئەحمەد

ساڵی (٢٠٠١) ئەسینا پایتەختی یۆنان

هەموو شتەکان زۆر بە خێرای ڕوویدا کە دەرگای (ساردکەرەوە)کەم کردەوە و وێنەکەی (ماریا)م بینی ئیتر بەرچاوم ڕەش بوو ئاگام لەخۆم نەما و پەرداخەکە لەدەستم بەربوویەوە و شکا وەکو دڵم هاڕەی هات.

هێدفۆنەکەم کردە گوێم و گۆرانی سەید عەلی ئەزغەری کوردستانی بوو، (ئەی ڕەفیقانی تەریقەت، دەردی عیشقم چارەکەن، یان بەجارێ بمکوژن، جەرگم بە خه‌نجەر پارەکەن.) دەمەو کازیوەی بەرەبەیان بوو، بەڕێکەوتم بەرەو وێستگەی (ئیگالیۆ) پاسی ژمارە (٧٠٣)، بۆسەر کار، بەنەرمی ئەو گەڵایانە ئەکەوتنە سەرشانم کە تژی بوون لە شەونم،  لە وێستگەکەدا هەمان ئەو کچەم بینی کە هەموو ڕۆژێ بەیانی باشی لێدەکردم و منیش دڵم ئەکەوتە تەپە تەپە هەمیشە لەوە دەترسام بڵێت: خەڵکی کوێيت و پیشەت چییە؟

بەڵام ئەم جارەیان زۆر پەشۆکابوو، هات بەرەو ڕووم و پرسی: کاتژمێر چەندە؟

ڕوانیمە کاتژمێرەکەم وتم: پێنچ خولەکی دەوێت بۆ حەوت،

ئاهێک بە دڵیدا هات وتی: تۆ بۆ زانکۆ دەچیت؟ من بە زەردەخەنەیەکەوە

وتم: خۆزگە! کەمێک ڕوانی و بێدەنگ بوو، پاشان

پرسی: ئەی بۆ کوێ دەچیت؟ هەموو سپێدەیەک لە هەمان کات، لەگەڵ مندا سواری هەمان پاسی ژمارە (٧٠٣) دەبیت؟

ووتم: دەچم بۆ سەر کار

باشترین شت ئەوەبوو کە نەیپرسی کارەکەت چییە؟ چونکە ئەوکات زۆر نیگەران دەبووم. وەلێ بەڕوویەکی خۆشەوە وتی: من ناوم (ماریا)یە و خۆشحاڵم بە ناسینت

وتم: ناوم (ڕزگار)ه، لەوکاتەدا پاسەکەی ئەو هات و لە تەنیشتی یەکەوە دانیشتین، ئەو بوو بەسەرەتایی یەکتر ناسینمان، بۆ ڕۆژی دواتر کە یەکمان بینی زیاتر گفتووگۆمان کرد و لەبارەی ئارەزووەکانمان و داهاتوومان و ژیانمان و خەڵکی کوێم و هەتا دوای.

لەسەر ڕۆژنامەیەک ژمارەی تەلەفونەکەی خۆی بۆ نووسیم و دای بە دەستم. من نەمدەتوانی بە یۆنانی یان بە ئینگلیزی نامە بنوسم، ناچار بووم تەلەفونی بۆ بکەم، ئێوارەکەی و بەو زمانە شەق و شڕە خۆم کەوتمە گفتوگۆ و دڵیشم تەپە تەپی بوو وام هەستم دەکرد لە سەربانێکەوە بە زۆر فڕێم دەدەنە خوارەوە، چونکە یەکەم جار بووم لە ژیانمدا بە ئازادی لەگەڵ کچێکدا گفتوگۆ بکەم، ئەگەرچی لەناخەوە من ئازاد نەبووم، هێشتا ڕزگارم نەبوو بوو لە کۆسپ و تەگەرەکانی ژیان و ئەو شەرمەی کە لە کوردستان لە ناخمدا ڕەگی کوتابوو بەرامبەر بە کچ، لەگەڵ بەردەوامی ئەم قۆناغە نوێیە کە دروست بوو لە ژیانمدا، لە پەستا و زوو زوو لە کوردستانەوە باوکم پەیوەندی پێوە دەکردم بۆ ئەوەی هیمەتێک بکەم و ئەو پارەیان بۆ بنێرمەوە کە قەرزیان کردبوو بۆ ڕێگەی یۆنان، چونکە ماڵەوەمان کرێچی بوون و خۆیان نەیان دەتوانی ئەو قەرزانە بگەڕێنەوە، هەموو هیوایەکیان بە من بوو، لەبەر ئەوە بڕیارمدا کە ئەو دوو ڕۆژەی پشووم هەیە لە کارەکەی خۆم، شەممە و یەک شەممە بچم بۆ مەیدانی کرێکارەکان بۆ ئەوەی لەوێ کارێکی تر بکەم و موچەیەکی زیاتر وەربگرم، هەتا ئەو پارەیەی کە باوکم قەرزی کردبوو بۆم، و دابووی بە قاچاخچی هەتا بمگەیەننە یۆنان، بە زووترین کات بیگەڕێنمەوە.

لە مەیدانی کرێکاران زۆر بە شەرمننانە وەستابووم، چونکە یەکەمجارم بوو من فێری ئەوە نەبووم کە ئۆتۆمبێلێک بوەستێت و بەپەلە بچمە پێشەوە قسەی لەگەڵ بکەم، هەتا ئاوڕم دەدایەوە دەیان کەس لەدەوری کۆدەبوونەوە، لەسەرەتاوە زۆر نائومێدبووم لەو ڕاکە ڕاکە. لە وێندەر دوکانێکی بچوکی لێبوو پاکەتێک جگەرەم کڕی و جگەرەیەکم خستە سەرلێوم و نەفەسێکی توندم هەڵمژی و دەستم ئەلەزی لە برسان دەمەو نیوەڕۆ بوو، لە ناکاو مینی ڤانێکی کۆن لەبەدەمم وەستا و ووتی: ئیش دەکەی؟

منیش لە خۆشیان بەبێ ئەوەی وەڵامی بدەمەوە سوار بووم و

وتم: بەڵێ بەبێ ئەوەی بپرسم مافی ماندووبوونی من چەندە و چی کارێک دەکەی، هیچ پرسیارم نەکرد و بێدەنگ بووم، هەر بیرم لەوە دەکردەوە کە چۆن ئەو پارەیە بنێرمەوە بۆ ماڵەوە و برسێتیش تەکی پێهەڵچنی بووم.

شۆفێرەکە وتی: من ناوم (یۆرگۆ)یە و وەستای سیستەمی گەرمی و کارەباییم ( سەنتراڵ هیتین) دانانی زەیتی، ئێستا دەچین بۆ ماڵێک شەش زەیتیان هەیە دەبێت بۆیان دابنێن.

وتم: بە دڵنیایەوە تۆ هەر فەرمانێک دەکەی من جێبەجێ دەکەم. زۆر دوور نەکەوتەوە لەبەردەم ماڵێکی مامناوەند وەستا و

وتی: دەرگای دواوە بکەرەوە ئەو کەلوپەلانە دابگرە بۆ ژووری دانیشتین

کە چوومە ژوورەوە خاوەن ماڵەکە ژنێکی بەتەمەن بوو، پشتی چەماوە و بە ئاسانی هەستت دەکرد بەو خەمە قوڵەی لە ناخیدایە، سیمای ژنێکی زۆر شەکەت و کڵۆڵی هەبوو، پێشوازی لێکردم بە ڕوویەکی خۆشەوە، کەلوپەلەکانم لە ژووری دانشتن دانا.

خاوەن ماڵ پرسی: چی دەخۆیەتەوە؟

تەنها ئاو

وەلێ ئەو کۆفی و پسکیت و دوو پەرداخ ئاوی ساردی لەسەر سینیەک هێنا و دایە دەستم، بەڵام من ئەوەندە شەرمم دەکرد لەڕووم نەدەهات سەربەرز بکەمەوە، وام هەست دەکرد یەکەم جارە کە دەچمە ماڵێکی نامۆ، ماوەی دوو کاتژمێر بەبێ وچان کارمان کرد، پاشان وەستا یۆرگۆ گوتی: نیو کاتژمێر پشوو دەدەین و نانێک دەخۆین، ژنەکە لەسەر سینیەک سەموونی گەرم و پەنیر و تەماتەوە زەیتوون و مرەبای گێلاسی بۆ داناین، لەکاتی نان خواردن وەستا یۆرگۆ لە منی پرسی: خەڵکی کوێیت؟

من کوردم

وتی: کوردی تورکیا؟ ئێران؟ سوریا یان عێراق؟

من لە شوێنی خۆم ساکام! لە دڵی خۆمدا کەوتمە سەدان پرسیار دروست بوون باشەڤ تۆ بڵێی ئەمە مامۆستای جوگرافیا بێت یان سیخوڕی دەزگا هەوڵگرێکان بێت!

وتی: کوردی هەموو بەشەکان کاریان لەگەڵم کردووە و من زۆر دەزانم لەبارەی کوردستان، ئێوەم زۆر خۆش دەوێت و دەزانم کارەساتی ناخۆش بەسەرتاندا هاتووە.

لەو کاتەدا سەرم هەڵبری لە ژووری نوستنەکە هەمووی ڕەسمی مریم و هێمای و خاچی مەسیح بوو، دیار بوو ماڵێکی زۆر دیندار بوون لە ناوەڕاستی وێنەکاندا وێنەی دەریاوانێکی گەنجی خوێن گەرم هەڵواسرابوو، کوڕێکی قژی ڕەشی چاو سەوزی ئەسمەر بوو.

دەستمان کردەوە بە کارکردن سێ کاتژمێر بەردەوام بووین بە بێ وەستان چاڵمان هەڵکەند بۆ هەموو بۆریەکان و بەشێوەیەکی باش و لەسەر ئەو نەخشەییە کە وەستا یۆرگۆ دەستنیشانی کردبوو، پاشان هەموو زەیتێکانمان دابەش کرد، یەک لە ژووری نوستن، یەک لە ڕارەوەکە، یەک لە حەمام و تەوالێت و دووان لە ژووری دانشتن و یەک لە چێشتخانەکەدا. هەموویانمان بەست بە دیوارەکەوە بۆرێکانمان بۆ ڕاکێشا، بەڕاستی هەردووکمان زۆر ماندوو بووین، بەبێ وەستان کارمان دەکرد. پاشان نیو کاتژمێر پشووومان هەبوو، ژنەکە دیسان هاتەوە بۆ لامان و

تۆ چی دەخۆیت کوڕەکەم؟

 هەرچی بێت دەیخۆم بەڕێزم

ووتی ئایا تۆ موسوڵمانیت؟

وتم: بەڵێ

بەدەم هەناسەیەکی قوڵەوە گووتی بەڵام موسوڵمان بەراز و ئەلکهول ناخوات!

لەبەر ئەوە لەفەی مریشک و کۆکا کۆلایەکی بۆ من هێنا و و لەفەی بەراز بیرەیەکی بۆ وەستا یۆرگۆ هێنا، پشوومان داو نانمان خوارد.

پاشان دەستمان کردەوە بەکار و من چیمەنتۆم گرتەوە بۆ پڕکردنەوە ئەو چاڵانەی هەڵمان کەندبوو، بە سێ کاتژمێر هەموو کارەکانمان تەواو کرد، لە کۆتایدا زۆر تینووم بوو، لە خاوەنماڵەکەم پرسی چۆن بتوانم ئاو بخۆمەوە؟

وتی: کوڕەکەم فێنکەرەوەکە لە چێشتخانەکەدایە دەتوانیت لەوێ ئاو بخۆیتەوە.

منیش بەرەوە فێنک کەرەوەکە (سەلاجە) ڕۆشتم و تووشی شۆک بووم، ویستم دەرگاکەی بکەمەوە، بەڵام وێنەی (ماریا)م بینی لەسەر دەرگای فێنکەرەوەکە ئەو (ماریا)یەی کە هەموو سپێدەیەک لە (وێستگەی ئیگالیۆ) بەیەکەوە سواری پاسی ژمارە (٧٠٣) دەبووین. ؟!! پەرداخێکی بەتاڵ بەدەستمەوە بوو لەدەستم کەوتە خوارەوە، ژنەکە لەگەڵ وەستا (یۆرگۆ) سەرقاڵ بوو گفتوگۆیان دەکرد لەبارەی چۆنێتی کاردنی زەیتێکان، ئیتر بەرەو لای من هاتن بە پەرۆشەوە

وتیان: تۆ باشیت؟

من ساکا بووم لەو کاتەدا دەستم برد شووشەکان کۆبکەمەوە بەڵام پەنجەی خۆم بڕی

وتم: ببورن پەرداخەکە کەوتە خوارەوە و هەوڵم دا دۆخی خۆم ئاسایی بکەمەوە و هەموو کەلوپەلەکانمان بردەوە ناو مینی ڤانەکە و لەدەرەوە وەستا بووم، ژنەکە هات بۆلام و عەلاکەیەکی بۆنخۆش کە پڕ بوو لە جل و بەرگ دایه‌ دەستم! منیش بە سوپاسەوە وەرمگرت و لەگەڵ وەستا (یۆرگۆ) بەڕێ کەوتین و پارەیەکی زۆر باشی دامێ بۆ کاری ئەو ڕۆژەم، پاش سوپاس لە مەیدانی (ئامۆنیا) دابەزیم وبەڕێ کەوتم بۆ ماڵەوە و عەلاگە بۆن خۆشەکەم بەدەستەوە بوو، ئەوەندە دەروونم ماندوو و سەرقاڵ بوو ئاگام لەدونیا نەمابوو، بەرەو ماڵەوە دەڕۆشتم هەر لە دوورەوە گوێم لە دەنگە دەنگ بوو، زانیم کە بە کوردی جنێو بە یەکتری دەدەن، گەشتمە ماڵەوە دوو کەس لەوانەی کە لە ماڵەکەدا لەگەڵم دەژیان شەڕیان بوو، هەرچی قسەی ناشرینە بەیەکیان دەدا و زوو زوو وەکو کەڵەشێر بۆیەک هەڵدەستان و دەیانوویست لەیەکتری بدەن.! ئیتر من هەچی ئەو ڕۆژە ڕوویدا بوو بیرم چوویەوە بەداخەوە. ئەو شەوە هەرچۆنێک بێت لەناو ئاپۆڕەی ئەو شەڕ و هات وهەڵایە من کە کفت و شەکەت بووم نوستم.

بۆ سبەی درەنگ بە ئاگا هاتمەوە بۆ کارەکەی خۆم ڕۆشتم لە وێستگەی (ئیگالێۆ) (ماریا)م بینی بە ڕوویەکی خۆشەوە هات و قسەی کرد

وتی: دەمێکە چاوەڕێتم بۆ دواکەوتیت؟

وتم: ببوورە درەنگ خەبەرم بوویەوە

ژوانێکمان دانا کە ڕۆژی هەینی ئێوارەکەی یەکتری ببینین لە پارکی (ئۆڵمیاکۆس)

ڕۆژی هەينی نازانم چۆن کارەکەم تەواو بوو، من هەر خەیاڵم لەلای ئەوە بوو چی لەبەر بکەم و چۆن خۆم ئامادەبکەم بۆ ژوانەکەمان و دڵیشم تەپە تەپی بوو، لە ماڵەوە چوومە گەرماوەکە و خۆم شۆردو کە هاتمە دەرەوە، نەمدەزانی چی لەبەر بکەم لە ڕاستیدا هیچ جلێکی وەها سەرنج راکێشم نەبوو، داوای پانتۆڵ و کراسێک لە هاوڕێکەم کرد

ووتی: ببورە تازە شۆردومە و تەڕە هێشتا، زۆر نیگەران بووم، وەلێ ئەو عەلاگەیەم بینی کە ژنه‌ خەمبارەکە پێی بەخشیم، کردمەوە دوو بلوس و سێ کراسی جوانی گران بەها و دوو پانتۆڵی تیا بوو، هەموو دەتووت بۆ بەری من کڕاون و دووراون. زۆر زۆر دڵم خۆش بوو نەمدەزانی کامیان لەبەر بکەم، ئەوەندە جلەکان جوان و قەشەنگ و بۆن خۆش بوون. پانتۆڵێکی سپی و کراسێکی ئاودامانی بێجیم لە عەلاگەکە دەرکرد و لەبەرم کرد، بەڕاستی زۆر جوان بوون، پڵاوێکی تازەی ڕەشم هەبوو ئەگەرچی تەسک بوو بەپێم و ئازاری زۆری پاژنەمی دەدا بەڵام لەپێم کرد و لەگەڵ جلەکاندا زۆر جوان ڕێکدەکەوتن‌، ئیتر هاوڕێکانم کردیان بە فیکە و چەپڵە لێدان بۆم و (زۆر جوانە!!!) زۆر هانیان دام هەر ئازاری پاژنەم لەیاد نەما،  لەو کاتەدا تەلەفونێکم بۆ هات، (ماریا) بوو چاوەڕێی منی دەکرد، بە پەلە پەل کەوتمە ڕێ بۆ پارکی (ئۆڵمپیاکۆس)، لەڕێگادا ڕاهێنانم دەکرد کە چۆن قسە بکەم و باسی چی بکەم و چۆن وەڵامی پرسیارەکانی بدەمەوە، بینیم لە کافتاریاکە دانیشتووە و منیش چووم  بەرامبەری زۆر بە شەرمەوە سڵاوم لێکرد و

وتم: ببورە کە دواکەوتم،

بەڵام ئەو بەجۆرێک نیگای منی کرد لەسەرمەوە هەتا بەرپێم و هیچی نەوت زۆر بێدەنگ بوو، لە دڵی خۆمدا ووتم: لەوانەیە زۆر دەمێک بێت چاوەڕێی منی کردبێت.

لەوکاتەدا گاڕسۆنەکە هات و ووتی: چی دەخۆنەوە؟

من داوای کاپوچینۆم کرد

ماریا: ئیکسپرۆسۆ،

بەر لەوەی کە خواردنەوەکان بێت بۆمان، دەمویست بزانم بۆچی نیگەرانە.

پرسیم: چی ڕوویداوە؟

وتی: هیچ نەبووە، بەڵام من کۆڵم نەدا و زۆرم لێکرد کە قسە بکات چونکە بۆ من زۆر ناخۆش بوو

پاش وەستانێکی زۆر بە بێدەنگی  ئینجا ووتی:( جلەکانت)!

من سەیری دەوروو بەری خۆم کرد و هیچ هەڵەیەکم نەدەدی وام دەزانی باڵندە پیسایی پیاکردووم یان شوێنێکم دڕا بێت، بەڵام هەموو شتەکان ئاسایی بوو،

وتم: دەتوانیت تێمبگەیەنیت جلەکانم چییەتی؟

وتی: نازانیت؟

وتم: نەخێر دڵنیابە

وتی: تکایە ئەگەر جارێکی تر یەکمان بینی ئەم جلانە لەبەر مەکە؟

منیش ووتیم: بۆ؟

وتی: چونکە ئەوە جلەکانی (میخایل)ی برامە!

بەڕاستی من لە شوێنی خۆم ساکام

وتم: میخایل کێیە؟

بەدەم هەناسەیەکی ساردەوە و دڵی پڕ لە حەسرەتەوە

وتی: ئەو جلانەی کە لە بەری تۆدایە هی براکەمە، سەربازی هێزی دەریای بوو ساڵێک بەر لە ئێستا لە سنووری نێوان یۆنان و تورکیا بەدەستی تورکەکان بەبێ تاوان کوشتیان.  هەموو هەفتەیەک خۆم ئەو جلانەم شۆردووە و ئووتوومکردووە، لەبەر ئەوە هەر بۆنی براکەمی لێدێت تکایە ئیتر ئەوە جلانە لەبەر مەکە.

پاشان من بیری ئەو ژنە خەمباری خاوەن ماڵەکەم کەوتەوە کە کارم بۆ کردبوون و لە فێنکەرەوەکەیان وێنەی (ماریا)م بینی و لە کۆتایی کارەکەدا عەلاگەیەک جلی دامێ، جلەکانی (میخایل) یکوڕی وەکو چاکە و خێر بەخشی بەمن کە بەدەستی سەربازی تورکی کوژرا بوو هەر بۆیە باسی موسوڵمانی بۆ کردم و لەبارەیەوە زانیاری هەبوو!.

منیش لە شوێنی خۆم هەڵسام و (ماریا)م جێ هێشت، ویستم هەموو شتێك لە بیری خۆم بەرمەوە، بەڵام نەمتوانی.!

ئەمڕۆ دوانزە ساڵ بەسەر ئەو ڕوداوەدا تێدەپەڕێت و من گەورە بووم، ژیانم زۆر خۆش و باش بووە وەلێ ئەو کارەساتەم هەگیز لەیاد نەچۆتەوە.. بڕوا ناکەم هەرگیز لە یادم بچێت.!

 

بەرواری نوسین

25/08/2013

بەڕیتانیا

 

Qadirzada.com ©2009 - 2022. All rights reserved