راگەیەندراوێك لە ژوری رۆژنامەوانی بزوتنەوەی گۆڕانەوە

 

 

ژوری رۆژنامەوانی بزوتنەوەی گۆڕان، راگەیەندراوێکی لەبارەی خۆپیشاندانەکەی ئەمڕۆی شارى دهۆکەوە بڵاوکردەوە

 

دەقى راگەیەندراوەکە:

 

راگەیەندراوێك لە ژوری رۆژنامەوانی بزوتنەوەی گۆڕانەوە

 

ئەمڕۆ لە شاری دهۆك، ژمارەیەك مامۆستا و فەرمانبەر، وەك مافێکی سەرەتایی بۆ داواکردنی موچە و لابردنی پاشکەوت گردبونەوەیەکی ناڕەزایەتیان لە پارکی ئازادی رێکخست.

 

ئەم ناڕەزایەتیە جەماوەرییە، هاوکاتە لەگەڵ قەیران و کاریگەرییەکانی نەخۆشی کۆرۆنا، کە جێکەوتی قوڵی لەسەر ئاستی جیهان دروستکردوە و، کاریگەری نەرێنیشی لەسەر ژیانی خەڵک لە عێراق و هەرێمی کوردستان دروستکردوە.

 

لەم دۆخەدا، موچەخۆران بێ موچە و، ژیانی ئاسایی و کارو کەسابەت و بژێوی ژیانی خەڵك زۆر خراپە. ئەرکی حکومەت و دامەزراوە ئەمنیەکانە لەچوارچێوەی یاسا و رێکارە تەندروستەکان مامەڵە لەگەڵ خۆپیشاندەران و خەڵکی ناڕازیی بکەن.

 

دەستگیرکردنی ژمارەیەك مامۆستا و، فەرمانبەر و، رۆژنامەنوس و چالاکی مەدەنی لە شاری دهۆک، نەك میکانیزمێکی شیاو نیە بۆ وەڵامدانەوەی داواکاریەکانی خەڵك، بەڵکو کاردانەوەیەکی خراپە لەگەڵ دۆخێکی خراپ و خزمەت بە هەلومەرجە بابەتیەکان ناکات.

 

ئێمە لە بزوتنەوەی گۆڕان، وەك بڕوابون بە ئازادی و ئازادیە گشتیەکان، پشتیوانی لە هەمو خۆپیشاندان و ناڕەزایەتیەک دەکەین لە چوارچێوەی یاسا کارپێکراوەکان. دواکاریشین جگە لە ئازادکردنی دەستگیرکراوەکان، کاردانەوەی هێزە ئەمنیەکان گونجاو بێت لەگەڵ ئەو خەڵکەی داوای ژیانێکی شیاوتر و موچە و قوتی خۆیان دەکەن.

 

ژوری رۆژنامەوانی بزوتنەوەی گۆڕان

١٦ی ئایاری ٢٠٢٠

 

 

Qadirzada.com ©2009 - 2020. All rights reserved