روونکردنەوەیەك لە بانگخواز حاجی کاروان

روونکردنەوەیەکی گرنگ لەبانگخواز حاجی کاروان خاوەنی ئیمتیازی دەزگای بەختەوەری بۆرای گشتی‌:

بەناوی خوای گەورە و میهرەبانەوە .. دۆستان و خوشکان و برایان و هۆگرانی بابەت و بەرنامەکانی من .. سەلامی خوای گەورە لەهەموو

لایەکتان بێت، بەندە بەپێویستی زانی ئەم روونکردنەوە پێویستە ئاڕاستەی هەموولایەکتان بکات، کەتایبەتە بە بەرنامەکانم .

دیارە بەندەی خزمەتکاری هەموو لایەک، لەسەرەتای دەست بەکاربوونمەوە لەوتاردان و پێشکەش کردنی بەرنامەی ئیمانیی هەمەجۆر تەنها

 مەبەستم رەزامەندی خوای گەورە بووە و هیچی تر وەبەئەرکی سەرشانی خۆمی دەزانم و نایکەم بەمنەت بەسەر هیچ کەس و لایەنێک ..

 بۆیە چەند خاڵێکی گرنگ وەک روونکردنەوە دەخەمە بەردیدەی ئێوەی ئازیز و خۆشەویست:

 

یەکەم: من بڕیارم داوە لەهەرشوێن و کەناڵێک بێت بتوانم دینی خوا بگەیەنم و هەموو سەرەتای کارێکم تەنها بۆرەزامەندی خودا و خزمەتی

ئیسلام بووە و رۆژێک لەرۆژان بەدیدێکی حیزبیانە و سیاسییانە کارم نەکردووە و تەنها لایەنی بانگخوازیم گرتۆتە بەر ئەگەر خوای

 گەورە قەبوڵی بکات.

دووەم: زۆرجار لەملاو لەولا گلەیی ئەوەم لێدەکرێ کەبۆچی لەکەناڵەکانی تر بەرنامە و وتار پێشکەش ناکەم و تەنها روو لەکەناڵی ئاسمانی

سپێدە و کەناڵی لۆکاڵی یەکگرتوو دەکەم ..!! من هیچ کات رێگە بەخۆم نادەم بانگخوازییەکەم لەکەناڵێکی تایبەت قۆرخ بکەم، بۆئەوەی

 جەماوەر ئاگاداربن بەندە چەندین جار داوای لەکەناڵەکانی تر کردووە بەرنامەم هەبێت بەبێ بەرامبەر و تەنها لەبەر رەزامەندی خوای

گەورە بەڵام بەداخەوە زۆربەی کەناڵەکان وەڵامیان نەبووەو، دەبوایە وەک هەستکردن بەرامبەر بەئایین ئیستعدادیان هەبووایە پێشوازیان

 لەوداواکارییەی من بکردایەدیارە هەندێک کەناڵ لەبەر ئیعتباراتی شەخسی و حیزبی روویان نایەت کاری وا ئەنجام بدەن .. بۆنموونە:


خۆم داوام لەکەناڵی ئاسمانی هەولێر و کەناڵی ئاسمانی پەیام کردووە دیارە ئەوان ئامادەییان تێدانیە تەنیا جارێک وەک میوانێک

 لەکەناڵەکەیان داوەت بکەن بۆسوودگەیاندن بۆچینی گەنجان و موسڵمانان بەتایبەتی، من هیچ کات جیاوازیم لەنێوان کەناڵەکانی پەیام و

 سپێدە نەکردووە چونکە هەردوو کەناڵ بەردەوام لەخزمەتی ئیسلام دان، بۆیە ئەم روونکردنەوەیە لەم خاڵە دەخەمە روو چونکە بینەران

 دەڵێن حاجی کاروان تەنها روو لەسپێدە دەکات و ناچێتە پەیام، بەڵام بۆچی ئەم پرسیارە لەکەناڵی پەیام نەکراوە ..!!؟؟

سێیەم: کەناڵە عەلمانیەکانی سەربەدەسەڵات گلەییان لێناکرێت، چونکە دیارە خۆیان خاوەن نەهج و بەرنامەی حیزبیانەی خۆیانن، بەڵام

 لەگەڵ ئەوەشدا تەکانم بەخۆمداوە بەشداری لەهەندێک بەرنامەی پێویست لەوکەناڵانە بکەم .. ئەگەر ئێستاش لارییان نەبێت من ئامادەم بەبێ

 بەرامبەر و وەکو بانگخوازێک بەرنامە پێشکەش بکەم .

 

چوارەم: وەکو لەخاڵی پێشوو ئاماژەم پێدا هەردوو کەناڵی پەیام و سپێدە، لای من جیاوازییان نیە و ئامادەم لەبەرنامە و وتاردان هاریکارییان

بکەم و بگرە ماوەی چەندین ساڵە لەسەرداوای بەڕێوەبەرایەتی کەناڵی ئاسمانی سپێدە بەرنامەم پێشکەش کردووە و بەشداریم لەهەموو جۆرە

باسێک کردووە لەبەرنامە تایبەتەکان لەهەموو رووداوو بۆنەیەک، بەڵام بەڕێوەبەرایەتی کەناڵی ئاسمانی پەیام رۆژێک لەرۆژان ئامادەیی

 تێدانەبووە داوای پێشکەش کردنی بەرنامەیەکم لێبکات و من لەهەموو کاتێک ئامادەبوونم تێداهەیە بۆئەوەی جەماوەرەکەم گلەییم لێنەکەن و

 زۆری داواکاری ئەوان وایلێکردم روونکردنەوەکە بنووسم .

 

پێنجەم: لەبارەی کەناڵی ئاسمانی سپێدەوە، کەلەئێستادا بەرنامەم نەماوە لەبەرئەم هۆکارەی خوارەوەیە:-

بەرنامەی یارانی خۆشەویست کە هەر هەفتەو تیشک دەخەمە سەرژیانی هاوەڵێکی بەڕێزی پێغەمبەر دروودوسەلامی خوای لەسەربێت،

 تائەم کاتە ویستم وابوو درێژە بە بەرنامەکە بدەم، بەڵام بەهۆی گۆڕینی کاتی بەرنامەکە لەکاتژمێر نۆی شەو بۆ حەوتی ئێوارە

 ساردبوونەوەیەک رووی تێکردم، چونکە ئەو کاتە بەگونجاو نازانم و لەکاتەدا سەد هەشتای بینەرانی کوردستان و دەرەوەی کوردستانیش

 بەتایبەتی تر لەوڵاتانی ئەوروپا، لەبینینی بەرنامەکە بێبەش دەبن و بەڕێوەبەرایەتی سپێدە ئەوکاتەی منیان تەرخان کرد بۆبەرنامەی سیاسیی

 کەئەمڕۆ زۆربەی بینەران بەدەست بەرنامەی سیاسییەوە بێزارن، دیارە بەلای کەناڵی سپێدەوە بەرنامەی سیاسیی لەبەرنامەی ئایینی و

 ژیانی هاوەڵان پێویست و گرنگترە، دوای ئەوەی بۆم روون بۆوە کەبەڕێوەبەرایەتی کەناڵەکە ئەم بڕیارە بەدەست خۆیان نەبوو بۆیە

 بڕیارمدا ئەگەر بەرنامەکە نەگەڕێتەوە کاتی جارانی ئامادەنیم بەرنامە پێشکەش بکەمەوە .

 

شەشەم: ماوەی دووساڵە من لەدەنگی یەکگرتوو رادیۆی هەولێر دەنگم نییە !! هۆکارەکەی ئەمەی خوارەوەیە:

لەگەڵ نەمانی بەڕێوەبەری پێشووی رادیۆکە، ستافێکی تر هات بە بەڕێوەبەر و دەستەی کارگێڕییەوە، هەرزوو بەفەرمانێک بۆکارمەندانی

جێبەجێکردن راگەیەنرا کەنابێت بەهیچ شێوەیەک وتارو محازەرە و نزاکان و تەنانەت ریکلام بۆ وتارەتایبەتەکانم بکرێت …!!!

من هەوڵی خۆمدا لەرێگەی ئەمینداری گشتی یەکگرتوو و بەرپرسی مەڵبەندی دووی هەولێری یەکگرتوو بەڵام بەڕێوەبەری رادیۆکە داوای

ئەوانی رەت کردەوە و لەگەڵ چەند بەرپرسێکی تری رادیۆکە بوونەتە دەمڕاستی رادیۆکە و لەکۆتاییدا بەرپرسی مەڵبەندی دووی یەکگرتوو

 وتی‌: من هیچم لەدەست نایەت ..!!!!!!!!

 

حەوتەم: بەنسبەت مزگەوتەکان: خۆزگە بمتوانیبایە هەموورۆژانێک لەمزگەوتەکان بۆهۆشیارکردنەوەی گەنجان وتارو محازەرەم

 هەبووایە، کەدەبوایە بۆئەم کارە خودی وەزارەتی ئەوقاف بانگهێشتی بانگخوازانی بکردایە، بەڵام بەپێچەوانەوە، دواوتارم لەمزگەوتەکانی

 زۆربەڕێزان مامۆستا جەمیل عەلی و مامۆستا نیزامەددین یونس بوو، بەڵام بەڕێوەبەری ئەوقاف بانگهیشتی هەردوو مامۆستای بەڕێزی

 کردو، بەڵێننامەی پێ پڕکردنەوە کەنابێت چیتر حاجی کاروان لەمزگەوتەکانی ئێوە وتاربدات تەنانەت لەوکاتەدا بەڕێز مامۆستا جەمیل

 بەرگری تەواوی لەمن کرد و وتی‌: تەنها ئامۆژگاری ئایینی پێشکەش بەگەنجان کردووە و هیچی تر

جەماوەری خۆشەویست:

سوپاس بۆخوا لەماوەی ئەوەندە ساڵەدا بەپشتیوانی خوای گەورە، هەوڵی خۆم داوە و هیچ کاتێکیش ساردبوونەوە رووم تێناکات و ناسرەوم

 لەخزمەتکردنی ئایینی پیرۆزی ئیسلام و موسڵمانانی کوردستان، بەوئومێدەی بینەران و گوێگرانی وتاروبەرنامەکانم گلەییم لێنەکەن و نزای

خێرم بۆبکەن منیش لەلای خۆمەوە تادوایین هەناسە لەخزمەتی ئیسلام و گەلەکەمدام.

والسلام علیکم ورحمە الله

دڵسۆزتان : حاجی کاروان نەجمەدین

خاوەنی ئیمتیازی دەزگای بەختەوەری

هەرێمی کوردستان هەولێر: 3-1-2012

Qadirzada.com © 2009. All rights reserved