حکومەت ئێستا چ ئەرکێک جێبەجێدەکات؟

 

چاودێران: ھیچ پێویستییەک بۆ بەردەوامبوونی حکومەت نەماوەو دەبێت ھەڵبوەشێتەوە

 

نوسەران و چاودێرانی سیاسی رایدەگەیەنن، لە ئێستادا حکومەت کە ناتوانێت ئەرکەکانی خۆی بەرامبەر ھاوڵاتیان جێبەجێبکات ھیچ پێویستییەک بۆ مانەوەو بەردەوامی نەماوەو پێویستە ھەڵبوەشێتەوە.

 

ئەوان دەڵێن، حکومەتی ھەرێمی کوردستان، ئێستا جگەلەوەی ملیاران دۆلار قەرزی ھێناوەتە سەر ھەرێم، ھاوکات ناتوانێت موچە بدات، ناتوانێت کارەبا و سوتەمەنی بۆ خەڵکی دابین بکات، ھەلی کار لەھەرێم نەماوەو گوزەرانی خەڵک تادێت خراپتر دەبێت.

 

پرۆژەکان وەستاون و خزمەتگوزاریەکانی دیکەی کەرتە جیاوازەکان خراپن و وەڵامدەرەوەی پێویستییەکان نین، حکومەتی ھەرێمیش خەمساردانە مامەڵە لەگەڵ دۆخی ئێستا دەکات و گفتوگۆکان لەگەڵ بەغدا بە بنبەست گەیشتوون و دەسەڵاتی ئێستای ھەرێم زیاتر لە نیوەی خاکی باشوری کوردستانی لەدەستداوە.

 

ھیچ زەروریەتێک و پێداویستیەک نەماوە بۆ مانەوەی ئەم حکومەتە

 

ڕێبوار کەریم، چاودێری سیاسی و مامۆستای زانکۆ، ڕایدەگەیەنێت، ئەرکی زانستی حکومەت بریتییە لە ئەدایەکی باشی شێوەی حکومڕانی بۆ ھاوڵاتیان کە بتوانێت ژیانێکی شیاو بۆ ئەوخەڵکە دابین بکات کە دەنگیان پێداوە و کردویانەتە فەرمانڕەوای خۆیان.

 

ئەو چاودێرە بۆ خەندان وتی، ئەم حکومەتە، لە کۆی گشتیدا لە  فۆرمی حکومڕانیدا شکستی ھێناوە ،کاتێک شکستی ھێناوە کەواتە ئیتر ناتوانێت ببێتەوە جێگای ئومێدی خەڵک.

 

بەبڕوای رێیوار کەریم،  ئەم حکومەتەی ئێستا لە کوردستان ھەیە ڕۆژ بەڕۆژ کێشە لەسەر دەستی کەڵەکە دەبێت، واتا زۆرترین کێشە ڕوودەدات و بەردەوام زیاد دەکات کەوتووەتە  دووریانێکی خراپەوەو ئەم حکومەتە کەئێستا نیازی ھەیە قەرزبکات چەندین ملیاردینار قەرزی ھێناوەتە سەر خەڵک و نەوەکانی داھاتوو:

 

"ئەم حکومەتە لەبری ئەوەی بژێوی ژیان بۆ نەوەکانی دابین بکات و کار بکات بۆ نەوەی  داھاتوو، مافی ھەردوکیانی بەتەواوی خواردووەو کەس نازانێت ھەق و مافیان لە چیدایە؟ لەکوێیە؟ بۆیە ھیچ پێوەرێکی زانستی مرۆیی دیموکراسی نیە بۆ مانەوەی ئەم حکومەتە"رێبوار کەریم وای وت.

 

ھەروەھا بەپێویستی دەزانێت، حکومەت بەزوترین کات فریای خۆی بکەوێت و خۆی ھەڵبوەشێنێتەوە،

 "تا فۆرمێکی نوێ لە حکومرانی بێتە کایەوەو سەرەتا، حکومەتێکی کاتی دروستبکرێت، دۆخی خەڵکی بەگفتوگۆ لەگە ڵ بەغدا چارەسەر بکات، دووەمیش ئامادەسازییەکی باش بکات بۆ ھەڵبژاردنێکی  پاک و بێگەرد".

 

ئەوەشی خستەڕوو:

"ھیچ زەروریەتێک  پێداویستیەک نەماوە بۆ مانەوەی  ئەم حکومەتە، بۆیە دەبێت حکومەتێکی کاتی  پێک بھێنرێت، چونکە نەک خزمەتی خەڵکی نەکردووە، بەڵکو  دەیان و سەدان کێشەی بۆ خەڵک دروست کردووە".

 

ھیچ پاساوێکی یاسایی و بابەتی بۆمانەوەی ئەم حکومەتە نەماوە

 

ئومێد قەرەداغی، نووسەر ڕایدەگەیەنێت،:

 "ھیچ پاساوێکی یاسایی یان مەوزوعی" بۆمانەوەی ئەم حکومەتە نەماوە، چونکە کاری ئەم حکومەتە لەڕووی شەرعیەتەوە کۆتایی پێھاتووە و بەکۆتایی ھاتنی  تەمەنی پەرلەمان  تەمەنی ئەم حکومەتەش کۆتایی ھاتووە چونکە ئەم حکومەتە شەرعیەتی لەپەرلەمان وەرگرتووە.

 

قەرەداغی، دەڵێت، ئەم حکومەتە بەرپرسیارە لە کۆمەڵێک شکستی "زۆر گەوەرە"  کە بەسەر ئەم کۆمەڵگایەدا ھاتووە لەم قەیرانە قوڵ و دارایی مەترسیدارەی بەسەر گوزەران و ژیانی ھاوڵاتیان  ھاتووە، ئێمەی خستووەتە بەردەم مەترسییەکی زۆر گەورەو  ئاستی ھەژاری  زۆربەرزبووەتەوە.

 

ھەروەھا باس لەوەدەکات، حکومەت بەرپرسیارە لە لەدەستدانی زیاتر لە نیوەی خاکی کوردستان  بەرپرسیارە  لە قەرزاربوونی کوردستان بە دەیان ملیاردۆلار:

ھەموو ئەمانە  گرفتی زۆر گەورەن ، بۆیە ھیچ پاساوێک نابینم بۆمانەوەی ئەم حکومەتە.

 

جەختیکردەوە:

بۆیە دەبێت ئەم حکومەتە دەست لەکاربکێشێتەوەو حکومەتێکی کاتی دروست بکرێت  بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان و کەمکردنەوەی گەندەڵی و باشترکردنی بارودۆخی ژیانی خەڵک.

 

بێگومان ئەم حکومەتە نابێت بمێنێت

ڕێبین ھەردی نووسەرو ڕوناکبیر، پێی وایە لەبەر ئەوەی ھۆکاری ھەموو کێشەکان خودی حکومەتە بۆیە نابێت بمێنێت.

 

ئەو نوسەرە بۆ خەندان، وتی:

ئەم حکومەتە کوردستانی توشی کێشەیەکی زۆر گەورە کردووە و کوردستانی خستووەتە ژێر باری قەرزێکی گەورەو قەیرانێکی ئابووری وا گەورەیان خوڵقاندووە کە  بە زەحمەت دەبینم لە مەودایەکی نزیکدا چارەسەر بکرێت و لەمەودایەکی دووردا بە ئاسانی چارەسەر بکرێت.

 

ھەردی دەڵێت:

بێگومان  ئەم حکومەتە نابێت  بمێنێت، چونکە ھۆکاری ئەم ھەموو کێشەو قەیرانە ئەوانن و پێویستە ھەر ھەمویان دادگایی بکرێن و لێپرسینەوەیان لەگەڵ بکرێت.

 

سەرچاوە:خەندان/خۆزگە عەزیز

 

Qadirzada.com © 2017. All rights reserved