ئایا دایک و باوکان پێویستە داوای لێبوردن لەمنداڵەکانیان بکەن؟.

 

 

 ئیدریس نوری

 

هەندێ لەدایک و باوکان، پێیان وایە، داوای لێبوردن کردن، کارێکی ناپەسەندو نەگوونجاوە؛ واتێدەگەن لەمەقام و بەهای ئەوان کەم دەکاتەوە، بەهۆیەوە دەکەوونە ژێر پرسیارەوە.

 

ئایا ئێستا ئێوە بەهەمان شێوە هەمان بۆچوونتان هەیە؟

 

گومانی تێدانییە جار هەبووە تۆی باوک یان دایک دوایی تەواو بوونی ئەرکێک و هاتنەوە بۆماڵەوە، ئەگەر هات و لەو ئەرکە بەهۆی پەرچە کردارێکەوە، یان بەهۆی سەختی و هیلاکی زۆرەوە، زۆرێک لەو ئازارانە لەڕێگەی دەربڕینی هەستێکی بێزارکەرو تووڕەییەکی زۆر بەسەرمنداڵەکانتاندا خاڵی کردووەتەوە، بەجۆرێک لێکەوتی خراپ بەسەر منداڵەکانتاندا جێهشتووە، دواتر هەستت بەپەشیمانی و بێتاقەتییەکی زۆرکردووە. ئێستا پێم بڵێن: داوایی لێبوردن کردن کارێکی هەڵەیە؟ یان بەشێوەیەکی تر بڵێین: تاچەند داوایی لێبوردن کردن، کاردانەوەی ئەرێنی، یان نەرێنی، بەدوایی خۆیدا دێنێت؟ بۆیە لێرەوە دەچینە نێو ناوەڕۆکی بابەتەکەو ئامانجمانە بەدرووستی شیبکەینەوە، تا لەڕێگەیەوە بزانین داوای لێبوردن کردن کارێکی درووستە یان نەخێر درووست نییە؟

 

بێگومان ئەو بیرو بۆچوونەی پێی وایە، کەداوای لێبوردن کردن، کارێکی نەگونجاو ناتەندرووستە، تاسەر ئێسقان هەڵەیە.

 

بیرو بۆچونێک باوەکەدەڵێت: داوای لێبوردن کردن نیشانەی لاوازی، یان نەمانی هێزی دایک و باوک دەردەخات، دیسان ئەمەش بۆچوونێکی زۆر ناڕەوایە، هیچ کات لەگەڵ بەهای پەروەردەیی درووست یەک ناگرنەوە، چونکە داوای لێبوردن کردن، نەک تەنها دایک وباوک ناخاتە ژێر پرسیارەوە، بەڵکو نموونەی سیما و شاکاری پەروەردەیەکی جوان و تەندرووست دەبەخشن، منداڵ لەڕێگەی لاسایی کردنەوە، فێردەبێت، هەرکات هەڵەی کرد دەست بەجێ داوای لێبوردن بکات، وەلەئەنجامدا بۆی دەسەلمێت، گرنگی وبەهای ژیان، لەهەڵەکردندا نییە، بەڵکو فەلسەفەی ژیان و بەردەوامی، لە لێبوردەیی و بەخشین و دان بەهەڵە کردندا هەیە، تالەڕێگەیەوە، هەنگاو بەهەنگاو هەڵەکان کەمبکرێنەوە.

 

بۆزیاتر ئاشنابوون و قووڵ بوونەوە لەم بابەتە چەند خاڵێک دەخەینەڕوو:

 

١.داوای لێبوردن کردن پاڵنەرێکە بۆ بەهای بەرزی بەرپرسیاریەتی: هەموودایک و باوکێک خەوونی لەبن نەهاتوویان، پێشکەش کردنی باشترین بەرنامەی پەروەردەیی و بەرزکردنەوەی ئاستی ڕۆشنبیری منداڵەکەیانە، تالەڕێگەیەوە، هەموو پەیوەندییەکانی ڕۆح و دەروون و جەستەیان بەتەندرووستی گەشەبکات، هەربۆیە بەداوایی لێبوردن کردنی دایک وباوکان، دەبێتە خاڵی وەرچەرخانی گیانی بەرپرسیاریەتی و ئەوان بۆ منداڵەکانیان.

 

۲.داوای لێبوردن کردن دەبێتە داهێنانی بەخشەرانە: یەکێک لەبەها جوانەکانی داوایی لێبوردن کردن، بەخشینە، کاتێک هەڵەیەک ڕوودەدات و بەرامبەر لەو هەڵەت خۆش دەبێت، گەورەیی بەرامبەر بەدەیان جار چاکەی تۆیە، لەو کاتەدا هەستێکی زۆر خوشت بۆدرووست دەبێت، کەبەرامبەر تۆ لەهەڵەکانت خۆش دەبێت، بەمەرجێک نەبێتە خوویەکی خراپ و بەرامبەر استغلال بکرێت، لەم ڕێگەیەوە، منداڵ فێری جێژی بەخشین دەبێت، وە بەخشینێک لەمنداڵیدا ڕەگ و ڕیشەی دانە کوتیبێت، ئەستەمە لەگەورەییدا ڕەنگدانەو کاریگەری هەبێت.

 

۳.داوای لێبوردن کردن یاسایەکی تایبەتە، بۆهەمووئەندامانی خێزان بەبێ جیاوازی: کاتێک منداڵ تێگەیشت داوای لێبوردن کردن هەموو ئەندامانی خێزان پابەندن بەیەکسانی، بەدڵنیاییەوە، منداڵیش مل کەچ و گوێڕایەڵ و پابەند دەبێت، بەهیچ جۆرێک هەوڵ نادات، لەو یاسایە دەربچێت. بۆنمونە کاتێک باوک دەڵێت: نابێت لەکاتی نان خواردن تەلەفوون هەڵبگرین، لەپڕ لەکاتی نان خواردن مۆبایل جەرس لێدەدات و باوک خێرا تەلەفوون هەڵدەگرێت، لەم باروو دۆخەدا، باوک دەکەوێتە ژێر پرسیارەوە، ئەگەر هات و پێش ئەوەی منداڵ دەست بەڕەخنەگرتن بکات، باوک داوایی لێبوردنی کرد، بێگومان یەک ڕیزی و یەکسانی ئەندامانی خێزان بتەو ترو مەزنتر دەکات.

 

٤.داوای لێبوردن کردن سوکاتی نییە: هیچ کات بیرلەوە نەکەیتەوە ئەگەر هەڵەیەکت کرد، بەداوایی لێبوردن کردن بێ ئەرزش دەبیت، بەڵکو بەپێچەوانەوە، توانا و هێز دەنەخشێنێت لەکەسایەتی و ڕەنگدانەوەی گوفتار و ڕەفتارتدا.

 

ئەگەر شیکردنەوەیەک بۆ کێشە کۆمەڵایەتی و خێزانەکاندا بکەین، بەشێک لەو کێشانە دەگەڕێتەوە، بۆ خۆبە گەورەزانین و دان نەنان بەهەڵەی خودی کەسی تۆمەت بار، بەووجۆرە، گیانی لێبوردەیی وون دەبێت و تۆڵەکردنەوە، جێگەی ئاسایشی کۆمەڵایەتی دەکرێتەوە، لەو ڕێگەیەوە، منداڵ چاو لەگەورەکان دەکات و ئەوانیش فێردەبن لەسەر چەمکی هەڵەی باوانیان، وەک بۆماوە نەخش دەگێڕێت، چونکە تێگەیشتووە کە لەدەمی باوک و دایکی داوایی لێبوردن کردن مرۆڤ بچوک دەکاتەوە، مرۆڤ لەبەرامبەری سوک دەکات، هەر بۆیە ململانێی خێزانەکان پەل دەهاوێژێت و دەگوازرێتەوە بۆ تاکەکانی کۆمەڵگە.

 

هەربۆیە داوای لێبوردن کردن مانای سوکایەتی ناگەیەنێت.

٥. داوای لێبورن کردن دەبێتە هۆی کۆنتروڵکردنی توڕەیی:

 

زۆرێک لەکێشەکان سەرچاوەی دەگەڕێتەوە بۆ قبوڵ نەکردنی هەڵەی بەرامبەر، لەئەنجامدا بەرامبەر لەئاست مافێکی ڕەوایی خۆی پێی خۆشە گوێی لەداوای لێبوردن بێت، بەڵام کاتێک دەبینێت بەرامبەر سەرباری ئەوەی داوایی لێبوردن بکات دەست دەکات بەپۆزش و بەرگری ناڕەوا، هەربۆیە هەرزوو تێک هەڵکژان و ڕق و تووڕەیی دەبێتە میوانی دەروونیان.

 

لەکۆتاییدا پێویستە ئەوە بڵێین: داوای لێبوردن کردن لەگەڵ ئەوەی کە هەنگاوێکی باشە بۆ قەرەبووکردنەوەی هەڵە، بەڵام هیچ کات ڕێگەدان و هاندان ناگەیەنێت بۆ بەردەوامی هەڵەکردن، پێویستە دایک و باوکان لەخۆیانەوە دەست پێبکەن، خۆیان سەرتا داوایی لێبوردن بکەن تا منداڵەکانیشیان فێربن، لەڕێگەی لاساییکردنەوە و دووبارەکردنەوە، فێری ئەزموونکردنی داوای لێبوردن ببن.

 

 

 

Qadirzada.com ©2009 - 2022. All rights reserved