|
| ||
|
|
||
|
ABC چیرۆكی ژیانی ناخۆشی پەناخوازانی كورد لە یۆنان پیشان دهدات
كوردێكی هەڵەبجەیی لە یۆنان: بۆ ئەوەی بژیم دەبێ دزی بكەم یان كەسێك بكوژم، بەڵام هیچیان ناكەم
لەبەردەم دەرگایەكی ئاسنینی بنكەیەكی پۆلیسی شاری ئەسینا. ئەمە كاری رۆژانەی ئەم پەناخوازانەیە. دواتر بەرپرسێكی بنكەكە نزیكی دەرگا ئاسنەكەی دەكەوێتەوەو پەناخوازەكانیش زیاتر هەوڵی نزیكبوونەوە لەو بەرپرسە دەدەن، هاوار دەكەن و دەپاڕێنەوە بۆ گەیاندنی فۆرمی داواكرنی مافی پەنابەری بۆ نێو دەستی ئەو بەرپرسە، كە پێدەچێت ئەو ئەوەندە گرنگی بەو مەسەلەیە نەدات. رۆژانە تەنیا 20 تاوەكو 30 فۆرمی داواكردنی مافی پەنابەری وەردەگیرێن لە زیاتر لە 47 هەزار پەناخواز كە چاوەڕێی دەستی ئەو بەرپرسە دەكەن، كە هەر خۆی لە خۆیدا رێژەی وەرگرتنی مافی پەنابەری لە یۆنان بە رادەیەك نییە كە دڵی ئەو پەناخوازانە خۆشبكات. رێژەی قبوڵكردنی داواكارییەكانی پەنابەری لە یۆنان تەنیا 12%یە، كە یۆنان یەكێكە لەو وڵاتە ئەوروپیانەی نزمترین رێژەی قبوڵكردنی پەنابەرانی هەیە. زۆربەی پەناخوازەكان لە ئەسینا، كارتی مۆڵەتی كاتیان پێیە، بەڵام ئێستا كە ماوەی مۆڵەتی مانەوەیان بەسەرچووە، چاوەڕێی چارەنووسێكی نادیار دەكەن. یەكێك لەوانەی كە لەنێو ئەم هەموو گێژاوەدا گیریخواردووە ناوی وەلید حەبیبە و خەڵكی شارۆچكەی هەڵەبجەی كوردستانی عێراقە. وەلید بەتووندی فۆرمی داواكردنی مافی پەنابەری بەدەستەوە گرتووە. وەلید دەڵێ " یۆنانییەكان ئەم پارچە كاغەزە و ئەم كارتە سوورەمان دەدەنێ، دواتریش پشتگوێت دەخەن و ناچاری بۆ خۆت ژیانی خۆت بەڕێوەبەری، جا
بە
هەرشێوەیەك بێت، بە كوشتن بێت یان دزیكردن. هەر هیچ نەبێ با حكومەتی یۆنانی
دۆكیۆمێنتێكمان بداتێ، تاوەكو بتوانین وڵاتەكە بەجێبێڵین". كارەباچێتی كردووە، بەڵام ئێستا كە قەیرانی ئابووری ئەو وڵاتەی خستووەتە گێژاوەوە، وەلیدیش كاری نەماوە. ئێستا ژیانی وەلید سنووردار كراوەتەوە لەنێوان چوونی بۆ بنكەی پۆلیس و ژیان لە ژێرزەمینێكی كۆنی پایتەختی یۆنان. كاتێك تەماشای ژوورەكەی دەكەین، هیچ نییە، بەڵام وەلید دەڵێ كە رەوشی ئەو لە زۆر پەناخواز باشترە و گوتیشی " خەڵك هەیە لەسەر شەقامەكان دەخەوێت و كاری نییە، یان تەنانەت هیچیشیان نییە بیخۆن". كاتێك لە ژێرزەمینەكە دەبێت، وەلید بیری ئەو ساتە ناخۆشانەی وڵاتەكەی خۆی وەبیردێنەوە كە بوونە هۆی هەڵاتنی و رووكردنە ئەوروپا. وەلید چەند وێنەیەكی خانەوادەكەی دەردێنێ و باس لە بەسەرهاتی خۆی دەكات پێش ئەوەی بگاتە یۆنان. هەر وێنەیەك لەو وێنانە هەڵگری چیرۆكێكی ترادژیدییە. لەبارەی وێنەیەكەوە، وەلید دەڵێ " (وێنەی ئافرەتێكی پیر) ئەمە تاكە خوشكی باوكم بوو، ئەو هەردوو قاچی لە شەڕدا لەدەستدا". پاشان وێنەیەكی براكانی دەردێنێ و دەڵێ " ئەم دوو كوڕە هەردووكیان برامن، برا گەورەكەم قاچێكی لەدەستداوە، باوك و دایكیشم مردوون. حەزناكەم تەماشای وێنەكان بكەم، لەبەرئەوەی هەموویان كاتی ناخۆشم وەبیردێننەوە". وەلید ئاماژە بەوە دەكات كە خانەوادەكەی لەسەردەمی رژێمی سەدامدا چەوسێنراونەتەوە و چەكی كیمیایی دژیان بەكارهێنراوە. وەلید دەڵێ " هەر ئەوەندەتزانی بۆمبەكان لە فڕۆكەكانەوە دەكەوتنە خوارەوە". دواتر وەلید دێتەوە سەر باسی هاتنی بۆ یۆنان و ئاشكرای دەكات، كە پێش ئەوەی بگات، پێشتر چوار جاری دیكە هەوڵیدابوو بگاتە یۆنان، بەڵام هەر چوار جارەكە دەستگیركرا.
لەوبارەوە وەلید گوتی " بۆ دواجار لەگەڵ قاچاخچییەك رێككەوتم كە بە هەزار یۆرۆ بمگەیەنێتە توركیا و لەوێشەوە بە سێ هەزار یۆرۆ بمگەیێنێتە یۆنان". وەلیدی تەمەن 27 ساڵ، بەدەموچاوێكی خەمبارەوە، زیاتر باس لە رێگەی هاتنی بۆ ئەسینا دەكات و دەڵێ " دواتر توانیمان بەلەمێك پەیدا بكەین، بەڵام لەراستیدا بەلەم نەبوو، لەبەرئەوەی زۆر بچووك بوو و 105 كەسیشی تێدابوو، تەنانەت نەماندەتوانی لەناویدا هەناسەش بدەین، خەڵكەكە بەردەوام دەڕشایەوە و نزیكەی 52 كاژێر لەنێو ئەو بەلەمە بچووكەدا بووین". وەلید دەڵێ ئامادەیە بەرگەی ئەو بارودۆخە خراپەی یۆنان بگرێت، تاوەكو بتوانێ شتێك بەدەستبێنێ.پاشان وەلید ئاشكرایكرد كە ئەو سێ مانگە نەیتوانیوە كرێی ئەو ژوورە بدات كە تێیدا دەژی و ئێستاش چاوەڕێی پۆلیس دەكات لەو ژوورە دەریبكەن، دڵنیاشە كە ناتوانێ بە برسێتی لەسەر شەقامەكان بژیت "لەبەرئەوە دەبێ یان دزی بكەم یاخود یەكێك بكوژم، بەڵام هیچیان ناكەم، ئەگەر لە برسانیش بمرم". لە ڕووداو وەرگیراوە |
||
|
Qadirzada.com © 2009. All rights reserved
|
||