کەجەکەڕاگەیەندراوێکی بڵاو کردەوە

 

 

ئەمڕۆ یەکشەممە ٩/٩/٢٠١٨ ،هاوسەرۆکایەتیی کۆنسەی بەڕێوبەریی کەجەکە ڕاگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە و لەسێدارەدانی زانیار مرادی، لوقمان مورادی و ڕامین حسێن پەناهیی و هەروەها هێرشی حکومەتی ئێران بۆسەر کامپەکانی حدک و حدکای شەرمەزارکرد.

 

دەقی ڕاگەیەندراوی کەجەکە:

 

 ژمارەیەکی زۆری دانیشتووانی ئێران کوردن، بەڵام گەلی کورد لە ئێران لە هەموو مافەکانیان بێبەش کراون، خۆبەڕێوبەری لەسەر بنەمای ئازادیی شوناس، زمان و کلتور لە ئێران لە ئارادا نییە، ئەوەش وادەکات کە لە نێوان ئێران و گەلی کورد دا ناکۆکی و شەڕ ڕوودەدات، بە لە سێدارەدان، هێرش و فشار کێشەکان چارەسەرنابن، بەڵکو زیاتر قورس دەبن.

 

ئەگەر کێشەکان بەگوێرەی مێژووی کۆنی ئێران بنرخێندرێن، یان ئەگەر بەگوێرەی ئیسلام بنرخێندرێن کە ئازادیی فرەڕەنگی بە ڕەوادەزانێت کێشەکان چارەسەردەبن، ئەگەر خۆبەڕێوبەری بخولقێندرێت، کورد دەبنە خاوەنی ژیانی ئازاد و دیموکرات، بەڵام ئەو هەڵسوکەوتەی ئێستای ئێران لەجیاتی ئەوەی لەسەر بنەمای مێژوو کۆنەکەی یان ئیسلامەوە بێت، بە بنەمای عەقڵییەتی نەتەوە-دەوڵەتی مۆدێرنەی کاپیتالیستی کاردەکات و بەگوێرەی بەرژوەندییەکانی دەوڵەتێکی ناوەندی و دەسەڵاتدار دەجووڵێتەوە، هەر ئەوانەش قەیران و کێشەکانی ئێران قووڵتر دەکەن و کێشەی نوێ لە ناوچەکە دروست دەکەن.

 

دەوڵەتی ئێران بە لەسێدارەدانی گەنجانی کورد و مووشەکباران، کێشەکانی نێوان گەلی کورد و دەوڵەت قووڵتر دەکات، هەروەها چارەسەریی دیموکراتیش زەحمەت دەبێت، ئەگەر دەبیندرێت ئەو کێشانە بە شەڕ چارەسەر نابن، کەوایە دەبێت دەستبەرداری ئەو سیاسەتانەبن، کاتێک خۆتان بەگوێرەی دەستوورەکەتان هەبوون و مافی گەلی کوردتان بەڕەوا زانیوە، کەوایە لەو ڕێگایەوە چارەسەریی کێشەکان بکەن.

 

بانگەوازیی دەوڵەتی ئێران دەکەین دەست بەرداری ئەو سیاسەتانەی لەدژی گەلی کورد بێت و هەوڵ بدات کێشەکانی لەگەڵ گەلی کورد لەڕێگایەکی دیموکراتەوە چارەسەر بکات، ئەگەر ئێران لەو بوارەدا هەنگاو بنێت، هێزە سیاسی و دیموکراتەکانی گەلی کوردیش هانی دەدەن، هیچ قبوڵ ناکرێت کە داواکارییە ڕەواکانی گەلی کورد بە ستەم و زۆرداری و لە رێگای نۆکەر و سیخوڕەکانەوە بخنکێندرێن.

 

پێمانوایە یادی شەهیدانی سێدارە و ئەوانەی لە ئەنجامی مووشەکبارانەکەدا شەهیدبوون بە بەدیهێنانی ئازادیی کوردستان و بەدیموکراتبوونی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەرز ڕادەگیرێت، بەو بۆنەیەوە سەرەخۆشی لە کەسوکار ئەو شەهیدانە دەکەین و هیوای سەلامەتی خێرامان بۆ برینداران هەیە.

 

 

 

Qadirzada.com © 2018. All rights reserved