کۆبونەوەی ئەنجومەنی سەرکردایەتی پارتی کۆتایی هات

کۆبونەوەی ئەنجومەنی سەرکردایەتی پارتی، بەبێ ئامادەبوونی سەرۆکی ئەو حزبە کۆتاییھات و لەڕاگەیەندراوێکیش ڕایدەگەیەنن

 

ئەمەش دەقی ڕاگەیەندراوەکەیە:

 

بە سەرپەرشتی (نێچیرڤان بارزانی) جێگری سەرۆک، کۆبوونەوەی فراوانی ئەنجومەنی سەرکردایەتی پارتیمان لە ١٨/٢/٢٠١٦ ئەنجامدراو ئەم بابەتانە گفتوگۆ و بڕیاریان لە بارەوە درا:

 

 * پرۆسەی سیاسی لە عێراق رۆژ لە دوای رۆژ زیاتر ئالّۆزتر دەبێت و رەھەندی نوێ و جیاوازتر لە پێشوی لێ پەیدا دەبێت، لە رووی پەیوەندییەکان بە وڵاتانی عەرەبی و دراوسێکانی و دونیا بەگشتی و، لەرووی بەشداری و ھاوبەشیی پێکھاتەکانی نەتەوەیی و ئایینی و ئاینزایی بە تایبەتی. بە تایبەتی تریش لەم کابینەیەدا کە سیاسەتی پەراوێز خستنی کورد لە داڕشتنی بڕیار و سیاسەتی گشتیی ناخۆیی و دەرەکیدا،  ئەم رەوتە لادانە لە رێککەوتن و پێکەوەکارکردن و ھەمان بڕوبیانوی حکومەتە یەک لە دوای یەکەکان دووبارە دەکاتەوە. لە لایەکی دیکەوە حکوومەتی بەغدا ھیچ ئیلتیزامێکی دەستووری و یاسایی سەبارەت بە ھێزی پێشمەرگەی کوردستان جێبەجێ ناکات، لە کاتێکدا کە لە شەڕێکی قوڕسدایە لە بەرامبەر تیرۆریستان و بەرگری لە نیشتیمان دەکات، ھەروەکو ھەوڵێکی جدیش نادات بۆ سوککردنی باری ئەو ژمارە زۆرەی ئاوارەو پەنابەرانەی کە رویان لە کوردستان کردووە. ئەمانەو چەندین رەفتارو کرداری دیکەی دەسەڵات بەرامبەر بە ھەرێمی کوردستان، لە بڕینی موچەو شایستە داراییەکانی کوردستان گرفتی بۆ ھاونیشتمانیانی کوردستان دروست کردووە کە بەبێ پێداچوونەوە و ڕاستکردنەوەی ئەم رەفتارانە بارودۆخی عێراق و پرۆسەی سیاسی بەرەو ئاقارێکی خراپتر لە ئێستا دەبات. ئێمە لە پارتی دیموکراتی کوردستان لە گەڵ زامنکردنی مافی ھەموو پێکھاتە نەتەوەیی و ئایینی و ئاینزایی داین و، دەبێ دەوڵەتی عێراق لە لایەن ھەموانەوە بە ھاوبەشی و ھاوکاری بەرێوە بچێت. ھەروەھا سەبارەت بە پێشنیاری ئەم دواییەی سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق، کۆبوونەوە پشتگیریی لە وەڵامی حکومەتی ھەرێمی کوردستان دەکات کە دەڵێ، ئەگەر حکومەتی عێراق ئامادەبێت تەواوی مووچەی ھەموو فەرمانبەران و پێشمەرگە بدات، ئەوا حکومەتی ھەرێم ئامادەیە بڕە نەوتی پێویست رادەست بکات. لە ھەمانکاتدا داوا لە حکومەتی فیدرال دەکەین کە قەرزەکانی ھەرێم، بەتایبەتی قەرزەکانی ساڵی ٢٠١٤ بداتەوە.

 

 * بارودۆخی ناوخۆیی کوردستان: پێکەوە ژیانی سیاسی و نەتەوەیی و ئایینی،  سەرچاوەی ئاشتی کۆمەڵایەتی و زاڵبوون بەسەر گرفت و ئاستەنگەکان و پێشکەوتنی بوارە جیاجیاکانی ژیانی کۆمەڵگا دەزانین و، بەردەوام لە ھەوڵ دابوین زمانی دیالۆگ و لێکحاڵی بوون بنەما بێت بۆ لێکنزیک کردنەوەی جیاوازیەکانمان و، دژی دەستەبەندیی دژ بە یەک و لۆژیکی پیلان و پشت شکاندن بوین، چونکە باوەڕمان بە ھەبوونی بیروبۆچون و ئایدۆلۆژیای جیاواز ھەبووەو ھەیە و، دژی زاڵبوونی بەرژەوەندیی حزبی بووین بەسەر بەرژەوەندیە نەتەوەیی و نیشتمانیەکانماندا. ئەم بارودۆخەی ئێستای کوردستان و ناوچەکە لە ھەموو کاتێک زیاتر پێویستی بە تەبایی و یەکڕێزیی ھەیە و لەو راستایەشدا  درێغیمان نەکردووە، لەمەودواش درێغی ناکەین بۆ دروستکردنی، چونکە ئەم روداو و پێشھات و ئەگەرانەی ھەن بەرپرسیاریەتی دەخاتە سەرشانی ھەموو لایەک و ناکرێت بە پاساوی دور لە واقیع خۆی لێ بدزرێتەوە. بە زەرورەت و بەرژەوەندی گەلەکەمانی دەزانین بە خۆداچونەوە ھەبێت و بە نەفەسێکی سەردەمیانەو یەکتر قبوڵکردن مامەڵە لەگەڵ یەکترو لەگەڵ واقیعەکەدا بکەین دور لە ھەستی رق و تۆڵەکردنەوە. ھەرچەندە لەم دواییانە ھەوڵێکی تێکدەرانە لە ھەندێ لە ناوچەکانی کوردستاندا لە ئارادایە بۆ ھاندان و ئاڕاستەکردنی کەسانێک بۆ ھێرشکردنە سە بارەگاکانی پارتیمان بە مەبەستی ئاڵۆزترکردنی بارودۆخەکە کە، بێگومان نە جەماوەری کوردستان و نە لایەنە خەمخۆرەکانی کوردستان و نە ئێمەش وەکو پارتی چاوپۆشی لەو کارە مەترسیدارانە ھەرگیز ناکەین کە مەرامی ھەندێ خەڵک و لایەنی دەرەوەی سنووری باشوری کوردستانە.

 

 * قەیرانی دارایی و باری بژێوی ھاونیشتمانیان لەبەر چەندین ھۆکار بەرەو خراپبون چووە، ئەمە ئەرکی لایەنێک و دوو لایەن و حکوومەت بە تەنیا نییە کە لەخەمی چاککردن و بەرەنگاربونەوەی بێت، بەڵکو ئەرکی ھەموو لایەنە سیاسییەکان و تاک تاکی خەڵکی کوردستانە، شان بدرێتە بەر چاکسازی و چاککرنەوەی ھەڵەکان و سیاسەت و نەھجی بەرێوەبردن بە شێوازێک بێت کە گۆنجاو بێت لەگەڵ پێویستی قۆناغەکەو پێشکەوتنەکان و، دابینکردنی ژیانێکی ئاسودە لە ھەموو روێکەوە بۆ ھاووڵاتیان. چاکسازی و ھەوڵە بەردەوامەکانی حکوومەتی ھەرێم لەو بارەوە بە باشی دەنرخێنین و پشتیوانی دەکەین، ھەروەکو پشتیوانی لە داوا رەوا و یاساییەکانی خەڵکی کوردستان بە گشتی و مووچە خۆران بە تایبەتی دەکەین، کە بە رێگای یاسایی و ئاشتیانە داواکانیان بخەنەرو، دور لە ھاندان بۆ توندوتیژی کە رەوشەکە پتر ئالۆز دەکات و، بەمەش ئاشتیی کۆمەڵایەتی دەکەوێتی بەر مەترسی.

 

 * سەبارەت بە بڕیاری جەنابی سەرۆکی ھەرێم بۆ چاکسازی لە حکوومەت بە پێویستی ئەم بارودۆخەی دەزانین بۆ کەمکردنەوەی قورسایی سەرشانی ھاووڵاتیان لەرووی ئابووری و ئیداریەوە و بە ھەنگاوێکی دڵسۆزانەی دەزانین و، بەو بونەوە کۆبوونەوە پشتیوانی بێ سنوری خۆی بۆ دەردەبرێت.

 

 * ھەروەھا سەبارەت بە بڕیاری چاکسازی و رێکخستنەوەی کاروباری کارگێڕی و دارایی لە ناو پارتیدا بە ھەنگاوێکی پێویست بۆ پتر بەدیھێنانی دادپەروەری و شەفافیەت دەزانردرێ، بۆیە لەلایەن تێکڕای دامودەزگاکان ھاوکاری و ئاسانکاری پێویستی بۆ دەکرێت و، کۆبوونەوە لە روانگەی دڵسۆزیی ئەم ھەنگاوە پشتیوانی خۆی دەردەبڕێ.

 

سڵاو لە پێشمەرگە قارەمان و خۆڕاگرەکانی کوردستان

 سڵاو لە کەسوکاری شەھیدانی سەر بەرزی کوردستان

 سەرکەوتن بۆ ئیرادەی گەڵەکەمانە

 بژی کورد بژی کوردستان

 

ئەنجومەنی سەرکردایەتی

پارتی دیموکراتی کوردستان

 ١٨ ی شوباتی ٢٠١٦

 

 

Qadirzada.com @ 2016. All rights reserved