ڕاگەیەندراو لە بارەی ڕەوتی لێکۆڵینەوە لە تیرۆری هاوڕێ قادر قادری

 

حزبی دیموکراتی کوردستان (حدك) راگه‌یه‌ندراوێكی سەبارەت بە دەستگیرکرانی پێنج تۆمەتباری‌ دۆسیەی کوشتنی قادر قادری فەرماندەی نیزامی‌ حزبەکە بڵاوکردەوە .

 

دەقی ڕاگەیەندراوەکەی حیزبی دێموکراتی کوردستان:

 

بە ئاگاداریی هەموو لایەک دەگەیەنین کە دوابەدوای ڕووداوی تیرۆری هاوڕێ قادر قادری لە شەوی ٦لەسەر٧ی مارسی ٢٠١٨ (لە نزیک “هەرتەل” لەدەوروبەری ناحیەی شکارتە)، دەزگا ئەمنی و پیوەندیدارەکانی هەرێمی کوردستان و کۆمیتەی ئەمنیەتی حیزبی دیموکراتی کوردستان، لە پیوەندی و هاوکارییەکی چڕ و پڕدا، لێکۆڵینەوە لە سەرەداوە سەرەتاییەکانی ڕووداوەکەیان دەست پێ کرد. بەدواداچوون و لێکۆڵینەوە لە ژمارەیەک گومانلێکراوی پێوەندیدار بەم تیرۆرە، ناسین و دەسگیرکردنی تاوانبارانی ئەسلیی شەهید کردنی قادر قادرییان لێ کەوتەوە.

بەم جۆرە ڕای دەگەیەنین کە هەتا ئیستا ٥کەس لە تاوانبارانی ئەم کەیسە ، لە نێویاندا داڕێژەری پیلانەکە و جێبەجێکەرانی(کە ٤ کەسیان خەڵکی باشووری کوردستان و یەکێکیان لە ئەسل دا خەڵکی ڕۆژهەلاتی کوردستانە) بە هۆی دەزگا ئەمنییەکانی هەرێمی کوردستان گیراون. داڕێژەری پیلانەکەش دانی بەوەدا ناوە کە بە داوا و هەماهەنگی لە گەڵ دەزگای سیخوڕی و مرۆڤکوژی ئیتلاعاتی کۆماری ئیسلامیی ئێران، نەخشەی ئەم تیرۆرەی داڕشتوە.

ئێمە وێڕای سوپاس و پێزانینمان بۆ هەوڵی دەزگا ئەمنییەکانی هەرێمی کوردستان بۆ بە دواداچوون و دەسگیرکردنی تاوانباران، داوامان ئەوەیە قۆناغەکانی دیکەی کاروباری ئەم کەیسە و یەک لەوان دادگایی و سزادانی تاوانباران، بە خێرایی و هەر بەم جیددییەتە جێ بە جێ بکرێ.

چاوەڕوانیشمان لە حکوومەتی هەرێم، خەڵک و لایەنە سیاسییەکانی باشووری کوردستان و هەر وەها کوردانی ڕۆژهەڵاتی نیشتەجێی هەرێمی کوردستان ئەوەیە وشیاری پیلانە تیرۆریستییەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران بن، با بە هەوڵی هەموو لایەکمان نیازە تیرۆریستییەکانی ئەو ڕێژیمە لە دژی هەرێمی کوردستان و تێکۆشەرانی ڕۆژهەڵات لەو بەشە، پووچەڵ بکەینەوە.

 

حیزبی دیموکراتی کوردستان

سکرتاریا

١٩/٣/٢٠١٨

٢٨/١٢/١٣٩٦

 

Qadirzada.com © 2018. All rights reserved