کەجەکە، ڕاگەیاندراوێك لە ساڵیادی ١٥ی شوباتدا بڵاو دەکاتەوە

 

ئەمڕۆ شەممە بەرواری ١١ی٢ی ٢٠١٨،کۆنسەی سەرۆکایەتیی کۆما جڤاکێن کوردستان- کەجەکە، ڕاگەیەندراوێکی بە بۆنەی بەرخۆدانی عەفرین و ساڵیادی پیلانگێڕی نێودەوڵەتی لە دژی عەبدوڵا ئۆجالان و گەلی کورد بڵاوکردەوە.

 

دەقی ڕاگەیەندراوەکەی کەجەکە:

 

 لە یادی تێپەڕبوونی نۆزدە ساڵ بەسەر پیلانگێڕی نێودەوڵەتی ١٥ی شوباتدا، سەرەتا بە ڕوحی بەرخۆدانی عەفرین سڵاو و خۆشەویستی خۆمان پێشكەشی ڕێبەری ژیانی ئازاد و حەقیقەت، ڕێبەری گەلانی ئازادیخواز، ڕێبەری ژنانی ئازادیخواز، ڕێبەر ئاپۆ دەكەین و سەری ڕێزمان لە ئاستی ئەو بەرخۆدانەدا دادەنەوێنین كە لە ئیمرالی نیشانیدا و هەتا ئێستاش نیشانی دەدات، هاوكات بەتوندی ئەو پیلانگێڕیەو هەموو ئەو هێز، لایەن و دامەزراوانە شەرمەزار دەكەین كە ڕۆڵیان هەبوو لەو كردەوە ئابڕووبەرو شەرمهێنەرەدا، بە دڵنیاییەوە پیلانگێڕیی ١٥ی شوبات وەكو یەكێك لەقێزەونترین ڕووداوەكان تۆماركراوەو لە مێژوودا بە تۆماركراوی دەمێنێتەوە، هەروەها ئەنجامدەرانیشی ناویان لەتۆماری ڕەشی مێژوودا دەنوسرێتەوە.

 

 جوانترین و پڕبەپێستترین پێناسە بۆ پیلانگێڕی نێودەوڵەتی ڕێبەر ئاپۆ كردویەتی و دەڵێت؛:'سیستەمی سەدەی بیستەم پێی وابوو كە وەكو كۆسپێكی جدی لەبەردەم لێكدانەوە دووسەد ساڵیەكەی هەژموونگەرایی سەر خۆرهەڵاتی ناوەڕاست و سیاسەتەكەیان لەبارەی كوردستانەوە سەرم هەڵدابوو، هەربۆیە بە هەڕەشەو مەترسی دادەنرام بۆ سەر سەرجەم پیلان وپڕۆژەكانیان، لەو كاتەشدا دەردی ئەمریكاش ئەوەبوو كە دەیویست پڕۆژەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستی گەورە جێبەجێ بكات و لەو ڕێگەیەوە سیستەمەكەیان لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا پیادە بكەن، لەبەرامبەر ئەوەشدا ئەو گۆڕانكاری و پێشكەوتنانەی بە پێشەنگایەتی پەكەكە لە كوردستاندا بەرهەمهاتبوون ڕۆڵی كلیلیان دەبینی، هەر بۆیە بێكاریگەركردنم بە شێوەیەكی ڕەها پێویستییەكی هەلومەرجی ئەو كاتە بوو، هەتا بتوانن پڕۆژەكانیان جێبەجێ بكەن، لەبەر ئەوە پێیان وابوو لەكەسایەتی مندا مەترسیدارترین ڕەقیبی خۆیان بە تەڵەوە كردووە و ڕێگەیان بۆ سەركەوتنی خۆیان خۆش كردووە.

 

ئەمە ئەوە دەگەیەنێت كە پیلانگێڕان ویستیان جارێكی تر و هاوشێوەی سەدەی بیستەم بە بێ ڕەچاوكردنی ئیرادە، ویست و ڕاستی گەلانی ناچەكە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و جیهان ڕێكبخەنەوە، لەو پێناوەشدا ویستیان لە ڕێگەی دەستگیركردنی ڕێبەر ئاپۆوە گورزێكی گەورە لە تێكۆشانی ئازادی گەلی كوردستان و گەلانی ناوچەكە بدەن و بێكاریگەریان بكەن، بەڵام نۆزدە ساڵی ڕابردوو سەلماندی كە نەیانتوانیوە بگەنە ئامانجەكانیان و ناشتوانن بگەنە ئامانجەكانیان، چونكە نە ڕێبەر ئاپۆ لە ڕێگەی زیندانیكردنەوە بێ كاریگەر بوو، نە تێكۆشانی ئازادی گەلی كوردستان بە ڕێبەرایەتی پەكەكە لە ناوچوو، نە داخوازی گەلانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بۆ ماف و ئازادیەكانیان كپ بوویەوە، بە پێچەوانەوە ڕێبەر ئاپۆ زیندانی كردە قوتابخانەی بەرخۆدان و جێگەی خۆ تاودانەوە، هەروەكو ڕێبەر ئاپۆ خۆی دەڵێت'بەندینخانە بۆ ئەو كەسانەی خاوەنی دۆزی گەورەن و لە ژێریدا نەپلیشاونەتەوە شوێنێكە تێكۆشان و پەیبردن بە حەقیقەت تێیدا زۆر بەهێزەو سەركەوتوو دەبێت. زیندانی ئیمرالیش بۆ من بە تەواوی بوو بە مەیدانی شەڕی حەقیقەت.

 

 ڕێبەر ئاپۆ لەزینداندا هەوڵەكانی بۆ گەڕان بەدوای حەقیقەت و چارەسەریدا پەرەپێدا و لە ڕیگەی قاڵبوونەوەیەكی بێ وێنەوە، نەك تەنیا كێشە و قەیرانەكانی ئەم سەردەمە و هۆكارەكانی پیلانگێڕی شیكردەوەو چارەسەری بۆ دانا، بەڵكو سەرتاپا مێژووی مرۆڤایەتی شیكردەوە و نەخۆشیەكانی شارستانی چینایەتی و سیستەمی دەسەڵاتداری پیاوسالاری و دەوڵەت – نەتەوەی دیاریكردو چارەسەری و پڕۆژەی ئەڵتەرناتیفیشی گەڵاڵە كرد، لە ڕێگەی تێزی نەتەوەی دیموكراتیەوە و لە چوارچێوەی پڕۆژەی نەتەوەی دیموكراتی و خۆبەڕێوەبەری دیموكراتیەوە هێزو ورەیەكی گەورەی بەخشیە تەڤگەڕی ئازادیخوازی كوردستان و سەرجەم گەلان، ژنان و پێكهاتە ئازادیخوازەكانی ناوچەكەو جیهان، ئەمەش وایكرد لە گۆڕانكارییەكانی ناوچەكەدا لە ساڵی ٢٠١١ بە دواوە تێزەكانی ڕێبەر ئاپۆ سەرنجی گەلانی ناوچەكە و جیهان ڕابكێشێت و بە ئومێدی ئازادییەوە سەیری بكەن و بەرەو پیرییەوە بێن، ئەم ڕاستیەش لە پڕۆژەی خۆبەڕێوەبەری كانتۆنەكانی ڕۆژئاوای كوردستان و فیدراسیۆنی باكوری سوریادا بە ئاشكرا دەبینرێت و بەرجەستە دەبێت.

 

تێكۆشان و بەرخۆدانی ڕێبەر ئاپۆ لە زیندانی ئیمرالی، تێکۆشانی گەریلا و ئەو بەرخۆدانە بە شكۆیەی گەلی كوردستان و دۆستانی لەسەرجەم كوردستان و جیهاندا ئەنجامیاندا هەتا ئاستێكی گەورە ڕێگەی لەوە گرت كە پیلانگێڕی نێودەوڵەتی بگاتە ئامانجەكانی خۆی، بەڵام دەبێت ئەو ڕاستیە بزانین كە هێشتا پیلانگێڕی نێودەوڵەتی بەتەواوی پوچەڵ نەبۆتەوە. چونكە ئەو سیستەمەی كە لەسەدەی بیستەمدا لە سەر بنەمای بەگژیەكدادانی گەلان و پێكهاتە جیاوازەكان و پارچەكردنیان و بێ ئیرادەكردنیان دروستكراوە، هێشتا باڵادەستە و ناخوازێت خۆی بگۆڕێت و ڕێگریشە لەوەی كە گەلان خۆیان چارەنوسی خۆیان دیاری بكەن و پێكەوە بەئاشتی و ئازادی بژین، هەربۆیە هەتا ئێستا ڕێبەر ئاپۆ و پڕۆژەكانی بە هەڕەشەی گەورە دەبینن بۆ سەر بەرژەوەندیەكانیان، لەو ڕوانگەوەیە كە هەتا ئێستا سیستەمی ئیمرالی وەكو سیستەمێكی جیهانی بەردەوامی پێدەدرێت و بەدەر لە هەموو یاسا و ڕێسایەك بەڕێوەدەبرێت، هەتا بچوكترین بنەماكانی ماف و ئازادی لەبەرامبەر ڕێبەر ئاپۆدا پەیڕەو ناكەن، ئەوەتا نزیكەی حەوت ساڵە ڕێگە نادرێت كە پارێزەرانی ڕێبەر ئاپۆ سەردانی بكەن، ماوەی نزیكەی ساڵ و نیوێكە ڕێگە نەدراوە كە هیچ كەسێك سەردانی بكات، بەڵام دامەزراوەكانی مافی مرۆڤی ئەوروپاو (CPT) كە خۆی بە پارێزەری مافی گیراوان دەزانێت لە ئاستی ڕێبەر ئاپۆدا نابینان و نابیستن و بچوكترین هەڵوێست نیشان نادەن.

 

لەوانەش زیاتر، لە وڵاتی وەكو ئەڵمانیا ڕێگە لەبەرزكردنەوەی وێنەی ڕێبەر ئاپۆ دەگیرێت لە بۆنە و چالاكیەكاندا، هەروەها توركیاش بەرزكردنەوەی وێنەی ڕێبەر ئاپۆ لەلایەنی گەلان و شەڕڤانانی باكوری سوریاوە دەكاتە بیانوو بۆ ناساندنی یەپەگە و یەپەژە وەكو پەكەكە، هاوكات وەكو تیرۆریست پێناسەیان دەكات، هەر ئەوەش دەكاتە بیانو بۆ نیشاندانی ئەو دەسكەوتانە وەكو هەڕەشە بۆ سەر ئاسایشی وڵاتەكەی و هەمان كات دەیكاتە هۆكار بۆ ئەنجامدانی هێرشەكانی بۆ سەر عەفرین و باكوری سوریا، سیستەمی جیهانیش هەتا ئێستا بێدەنگە لەبەرامبەر ئەو هێرش و داگیركارییەدا، ئەمەش نیشانەیەكی ترە كە سیستەمی دەوڵەت-نەتەوەگەرایی سەدەی بیستەم سوورە لەسەر بەردەوامیدان بە سیاسەتی پیلانگێڕی و نكۆڵیكردن لەهەر پڕۆژەیەك كە ئیرادەی گەلان و پێكەوە ژیانی ئازادانەی گەلان بەبنەما بگرێت، چونكە هەر كەس و لایەنێك كەمێك ویژدانیان هەبێت ئەو ڕاستیە دەبینن كە ئەو بیانوانە ڕاست نیین و دوورن لە پێوەرەکانی ئازادی، دیموكراتی و مافی مرۆڤەوە، لێرەوە دەكرێت ئەو سیاسەتەی لە ئیمرالی بەڕێوەدەبرێت و ئەو هێرشانەی حكومەتی ئەردۆغان و باخچەلی دەیكەنە سەر عەفرین و دەسكەوتەكانی گەلانی باكوری سوریا وەكو قۆناغێكی نوێی پیلانگێڕی نێودەوڵەتی بەناو بكەین، ئەو هێرشانە هەوڵدانە بۆ ڕێگەگرتن لەسەركەوتنی پڕۆژەی فیدراسیۆنی دیموكراتی باكوری سوریا و پێداگیرییە لەسەر بەردەوامیدان بە سیاسەتی پارچەكردنی گەلان و خولقاندنی دوژمنایەتی لە نێوان گەلان و پێكهاتە جیاوازەكانی كۆمەڵگادا.

 

ئێمە لەو باوەڕەداین چۆن بەرخۆدانی ئیمرالی، تێكۆشانی ئازادیخوازانەی گەلەكەمان و دۆستانمان ڕێگەی لەوە گرت كە پیلانگێڕی ١٥ی شوباتی ساڵی ١٩٩٩ بگاتە ئامانجەكانی، ئەو بەرخۆدانەشی كە ئێستا لە ئیمرالی بەڕێوە دەچێت و خاوەنداریكردنی گەلەكەمان و دۆستانمان لەكوردستان و جیهاندا لە ڕێبەر ئاپۆ، هەروەها خۆڕاگری هێزە شۆڕشگێڕەكانی باكوری سوریا لەسەنگەرەكاندا لەبەرامبەر داگیركاری سوپاكەی ئەردۆغان و چەتەكانیدا و یەكڕیزی گەلانی باكوری سوریا لەبەرامبەر ئەو هێرشانەدا، دەتوانێت سیستەمی ئیمرالی پارچە بكات و هێرشەكانی سەر عەفرینیش تێكبشكێنێت، بە واتایەكی تر ئەم قۆناخەی پیلانگێڕیش پوچەڵ بكاتەوە، لەبەرامبەردا دەتوانێت پڕۆژەی خۆبەڕێوبەری كۆمەڵگا و فیدراسیۆنی دیموكراتی باكوری سوریا بگەیەنێتە كەناری ئارام و بیكاتە نمونە و مۆدێل بۆ سەرجەم سوریا و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، لەو ڕێگەیەشەوە دەرگا بەڕووی سیستەمێكی دیموكراتی لەناوچەكەدا دەكرێتەوە، ئەمەش ئەو ئەركە دەخاتە ئەستۆی هەموو كوردستانی و گەلان، ژنان و پێكهاتە ئازادیخوازەكانی ناوچەكە و جیهان كە هەموو تواناكانمان بخەینەگەڕ بۆ سەرخستنی بەرخۆدانی ئیمرالی و عەفرین.

 

بەدڵنیاییەوە چۆن سەركەوتنی بەرخۆدانی كۆبانێ بووە سەرەتای كۆتایی دەسەڵاتی داعش، بەرخۆدانی عەفرینیش دەتوانێت ببێتە سەرەتای كۆتایی دەسەڵاتی ستەمكارانەی ئەردۆغان و باخچەلی و پارچەكردنی سیستەمی ئیمرالی، هەر بەم بۆنەیەوە سڵاو و ڕێزی خۆمان دەنێرین بۆ سەرجەم گەلانی بەرخۆدەری عەفرین و باكوری سوریا، جێنەهێشتنی خاک و ئاوی خۆیان و پابەندبونیان پێوەی نیشانەی ئاشنابوون و پەیوەستبوونیانە بە ماف و ئازادیەكانی خۆیانەوە، هاوكات لە كەسایەتی شەهید ئاڤێستا خابووردا سەری ڕێزو ستایش دادەنەوێنین بۆ سەرجەم شەهیدانی بەرخۆدانی عەفرین و ڕێگای ئازادی، بێگومانین ئەو گەلانەی ڕۆڵەی وێنەی ئاڤێستا خابوور، ئارین میركان و عەزیز عەرەبیان هەبێت قەت قەت بندەستی پەسند  ناكەن و ئیرادەیان ناشكێت و هەر سەردەكەون.

 

هەروەها سڵاو و ڕێزی خۆمان بۆ سەرجەم ئەو كەس، ڕێكخراو، گەل و پێكهاتانە دەنێرین كە لەماوەی نۆزدە ساڵی ڕابردوودا بەشێوەی جیاجیا خاوەنداریان لە ڕێبەر ئاپۆ كردووە و داكۆكیان لێكردووە و داوایان كردووە لە زیندان ئازاد بكرێت، سڵاو بۆ گەلی بەرخۆدەری كوردستان لەهەر چوارلای كوردستان و دەرەوە، بەتایبەتی سڵاو بۆ ئەو كوردستانی، دۆستانی كورد و ئازادیخوازانەی ئەوروپا كە لە ئێستادا لەناو ڕێپێواندان و بڕیارە لە ١٧ی شوباتدا چالاكی و كۆبوونەوەی گەورە ئەنجام بدەن، بانگەوازیش بۆ سەرجەم كوردستانیان، دۆستانی كورد و خەڵكانی ئازادیخواز دەكەین كە چالاكانە بەشداری بكەن لەو چالاكیانەی كە بۆ شەرمەزاركردنی پیلانگێڕی نێودەوڵەتی و پشتیوانی لە بەرخۆدانی عەفرین ئەنجام دەدرێت، ڕێبەر ئاپۆ دەڵێت:'بۆ ئەوەی ئارەزووی ژیانی ئازاد بكەم، بە پێویستم دەبینی ئەو كۆمەڵگایە ئازاد بێت كە پێوەی پەیوەستم'، ئێمەش بۆ ئەوەی لەگەڵ ڕێبەر ئاپۆدا بە ئازادی بژین و سیستەمی جیهانی ناچار بكەین كە كۆتایی بەو سیاسەتەیان بێنن لەبەرامبەر ڕێبەر ئاپۆ و گەلاندا، گرنگە هەموومان پێكەوە بە دروشمی 'بە بەرخۆدان سیستەمی ئیمرالی پارچە دەكەین و ڕێبەر ئاپۆ ئازاد دەكەین'، ئاستی تێكۆشانی خۆمان بەرفراوان بكەینەوەو سیستەمی ئیمرالی تێكبشكێنین و كۆتایی بە پیلانگێڕی و سیستەمی پیلانگێڕی بهێنین و ژیانێكی ئازاد لەگەڵ ڕێبەر ئاپۆدا مسۆگەر بكەین.

 

بە گیانی بەرخۆدان و تێكۆشانی هەڤاڵان كەمال، مەزڵوم، سارا، ڤیان، دەلال و ئاڤێستاكان پابەندبوونی خۆمان هەتا دوایی بە ژیان و حەقیقەتی ڕێبەر ئاپۆوە دووپات دەكەینەوە و بەڵێنی خۆمان بۆ ڕێبەر ئاپۆ، شەهیدان، گەل و ئازادیخوازانی ناوچەكەو جیهان نوێ دەكەینەوە و دەڵێین؛ بەرخۆدان و تێكۆشانی ئەوان ڕێگامانە و مسۆگەركردنی سەركەوتن ئامانجمانە.

 

 

Qadirzada.com © 2018. All rights reserved