دە خونچە لە شعری ماچ و خۆشەویستی .

که‌ژاڵ ئیبراهیم خدر

 

١

خەون

دوێنێ شەوێ لەخەوم بینی

لەخەونمدا لەژێر دارگوێزەکەی

بەرماڵتاندا

تێرتێر ماچ بارانم کردی

کەسپێدە خۆر بانگمی کرد

هەزاران خونچە گوڵی لێو

لەژێر دارگوێزەکە رووابوون ؟

٢

ماچ

چەند حەزدەکەم کە ئەتبینم

هەموو جەستەم بێ بەدەم و

تێر ماچت کەم

بەڵام ئازیز زۆر دەترسم رۆژێک دابێ

لەناو هەموو ماچەکانا

خۆم وون بکەم ؟

٣

رۆژوو

هەرگیز ئەو رۆژەم بیرناچێ

بەهەڵەداوان گەیشتمە لات

پڕ لەهەوری ماچ بوو گەرووم

تۆ بەدەست پاڵت پێوەنام

ووتت دوور کەوە بەڕۆژووم.

٤

لەیەک چوون

منداڵە نەشیمیلەکەی

دراوسێمانم زۆر خۆش دەوێ

بۆئەوەنا!

خەپۆلەیەو چاوی جوانەو پێدەکەنێ

لەبەر ئەوەی کەمێک رەنگە ئەسمەرەکەی

لەتۆ دەچێ ؟

٥

هێلانە

کەتۆم خۆش‌ ویست

رقم لەهەموو کەسێک بۆوە

چونکە دڵم تەنها جێگەی

تۆی تیا بۆوە

٦

جوانی

لەناو کۆمەڵێ هاورێدا دانیشتبووم

باسی جوانی مرۆڤێکیان بۆدەکردم

توڕەبووم و هەستام لەوێ

ئێستا لەخۆم دەپرسم

بشێ لەتۆ جوانتر هەبێ ؟

٧

توانەوە

وادەزانی زوویر دەبم

قڵان و فیسار وادەڵێن

کەمن بەندەی چاوانت بم!

کەی عاشقم ،گەر گوێ بگرم

ئەم چی دەڵێ و ئەو چی دەڵێ ؟!

٨

سنوور

دەڵێم نەڕۆی

ئەو سنوورە دوور دوورانە

بەبێ پەساپۆرت ناپسێ

ئەوە سنوری دڵم نیە

هەزاران جار بێیت و بڕۆی

کەس هەواڵی ناو ناسنامەت نەپرسێ ؟

٩

پرسیار

خوێندکارێک بووم تۆم خۆش دەویست

مامۆستاکەم هاتوو پرسی

کێ دەزانێ چ شتێ ،

بێ ئەوی دی ناژی

خوێندکارەکەی تەنیشتم هەستاو ووتی:

ماسی بێ ئاو

ئەوی تریان

مرۆڤ بێ هەتاو و ناونیشان

خوێندکارێکی تر لەو لاوە

مناڵ بەبێ نازی دایک و

هەنگیش بێ گوڵ

من حەپەسام هەرچەندم کرد

زمانم بۆ نەهاتە گۆ

چونکە من وام زانی بوو

ئەوەی بەبێ یەکدی ناژی، منم بێ تۆ؟

١٠

دەرگا

بۆ دەرگاکەت داخستووە

کێونشینان دەرگایان واڵایە بۆ میوان

لەهەموو ئاوایی و گوندێ

بۆ دەرگاکەت داخستووە

هەستی شەشەم پێی نەووتی

میوانت دێ؟!

 

Qadirzada.com © 2009-2022 All rights reserved