وەرزی پێنجەمی خۆشەویستیی.

 

کەژاڵ ئیبراھیم خدر

١

من پیرنابم

ھەر بە گەنجی دەمێنمەوە

چونکە خوێنت

لە لاشەمدا قوڵپ ئەدا

تەمەنم بە ناو شیعر و

ماچی لێوت و شنەی ھەناسەت

گوزەردەکا.

٢

من تەنھا چوار وەرزم ھەبوو

تۆ وەرزێکی ترت دامێ

ناوم لێنا وەرزی پێنجەم

من خۆشەویستییم نەناسی بوو

عشقت کە ژیانی پێبەخشیم

بوو بە شیعر و، بوو بە ماچ و، بوو بە ھاودەم.

٣

باڵای ھەموو چیاکانت بۆ دەتاشم

پەیکەرێکت لە رۆحی خۆم بۆ دروست دەکەم

کە جێ شوێنی، ماچی من و، گوڵی من و، لێوی من بێ

بە تریفەی مانگ ناوەکەتی لەسەر دەنووسم

خوێنی جەستەی لاشەی من بێ.

٤

من بە تەنھا

لەناو تۆدا بینین و تەماشام ھەیە

بۆیە سەر بەرەو خوار، بکەومەوە خوارێ

یا سەرکەوم

نائومێدێ یەخەم بگرێ

یا پێبکەنم

ھەر لەسەر لێوی ماچی تۆ

چرای عشقم دادەگیرسێ

ماچت دەکەم

لە قژتەوە ھەتا بەرپێ؟

٥

من ھەر ماچم نەناسی بوو

کاتێ بە رەنگێکی خۆڵەمێشیی

لێوت کردم بە باڵندە

ئیتر بۆ ھەتایە

لەنێو سۆزی باوەشی تۆدا

بووم بە گوڵێکی پەناھەندە.

٦

بە رۆژ دەستمان

لەناو گوڵ و تیشکی خۆردایە

کە شەو دادێ پەنجەکانمان

ئاوێزان و کەمەری باوەشی

یەکتری دەبن

بۆیە ھەمیشە شیعرەکانم

لە شەودا لەدایک دەبن.

٧

وەک پەپوولە ناسکیت و

وەک گزنگ زەرد

وەک پرژەی ئاوو روون

وەک شەماڵ فێنک

ئێواران دەبیت

بە گوڵ ھەنارێک

لەگەڵ خۆرنشیندا

دێت بۆ لام

کە شەو داھات دەبیت

بە گەریدەیەکی دوورە وڵات.

٨

ئەگەر ھاتی ئێوارەیەک وەرە بۆلام

تا بە پێکێک مەستت بکەم

ئەگەر ھاتی نیوەڕۆیەک وەرە بۆلام

تا لەبەر رۆشنایی تیشکی خۆردا

ماچت بکەم

ئەگەر ھاتی بەیانییەک وەرە بۆ لام

تا شەونمی سەر روومەتەکانم

تێکەڵاوی لێوت بکەم.

٩

ناوێرم دەست لە روومەتت دەم

چونکە ئەوەندە ناسکە

گوڵی پەنجەکانم برینداری دەکا

ناوێرم بێمە باوەشتەوە

چونکە ئەوەندە گەرمە

خوێنم لە ژێریا قوڵپ ئەدا

لە نێوانی ناسکیی رووت و

گەرمیی باوەشتا

نازانم عەشق بۆ کوێم دەبا.

١٠

ھێندە شیعرم بۆ نووسیوی

خەریکە چاوم ھەڵدەوەرێ

بەدەم خەمەکانتەوە ھێندە گریاوم

ھەموو جەستەم ھەڵئەلەرزێ

من دەمەوێ تۆوو، شیعر بکەمە ئەستێرە و

لە دەشتی ساماڵدا بڕوێ.

١١

من ھەندێ جار

کە تۆ لە وشەم دادەبڕێی

دەبمە کاغەزێکی نەخوێنراوە

خەیاڵت مەستم دەکا و

دەمخاتەوە ناو قوڵایی مێژووتەوە

دیوانەکەم دێنم و ھەموو شیعرەکان دەگەڕێم

تا لەناو ئاوی شیعرێکدا دەتدۆزمەوە.

١٢

چاوەکانت لە چاوی گوڵەبەرۆژە دەچن

ھەمیشە بە ئازادیی خۆیان دەنوێنن

دەستەکانت لە دەستی پێشمەرگەیەکی

سەنگەر دەچن

کاتی بۆ چاوی نیشتمان

لەسەنگەردا جێی دەھێڵن

باڵاشت لە چنار دەچێ

تا دێ بەرزدەبێ و

ھیچ کاتێ خەم ناوەرێنن.

 

Qadirzada.com © 2009-2022 All rights reserved