دڵم باڵندەیەكی سپی پۆشە

 

كەژاڵ ئیبراهیم خدر

 

 

١

گوڵی دڵم دەنكە هەنارێكی سوورە

بۆهەمیشە پێ دەكەنێ

باڵندەیەكی سپی پۆشی بەربەیانە

شعر لەباوەشیا هەڵئەگرێ

گوڵی دڵم تریفەی

بای بارانی بەهاران و

قوڵپی خوێناوی هاوین و

پرچی شەوانی پایزو

كلوەبەفری زستانێكە

چواروەرزی ساڵ خۆشەویستی

تیا گەورە ئەبێ

 

٢

ئاوێنەی هەتاوی رووتم هێناو

وەكوو گۆزەیەكی دەستی كیژۆڵەیەكی سەركانی

لەبەردەمیدا راوەستام

رەنگ و روخساری خەیاڵی خۆمم

لەژوورەكەمدا نەدیبوو

كراسێكی باخچەی دڵت پێدام

لەبەرم كرد

كراسی و گوڵ گوڵی جوانم

لەژیانمدا نەپۆشی بوو

كاتێكیش ماچێكت دامێ

بووم بەتاسەو هەناسەیەكی خەم رەوێن

هەرگیز شعرم نەنووسی بوو

 

٣

گەر شعر حەرفی ووشەكانی

ماڵئاوایی لێ كردم و ،بەجێی هێشتم

گەرستران باوەشی بۆنەكردمەوە

باڵندەی رەزەكان هەڵنەفڕین و

نۆتەی مۆسیقای مۆسیقارێك و

تابلۆ جوانەكانی دەستی نیگاركێشێك

سەراسیمەی نەكردم

ئەو رۆژە دڵم دەبێتە وێرانەو

منیش ئەمرم

 

٤

پایزدێت و خەیاڵی وەرزی تەمەنی

گەڵاكانی دەنوسَتەوە

دڵم دەبێتە هێلانەو

ئازارێك دەگێڕتەوە

ئەوە وەرزی نیشتمانە

باڵای لەهەمووان جوانترە

بەردەوام نمەی باران

سەروقژی ئەشواتەوە

لقەكانی لەدەستی بەفر دەچێ

رەنگی زەردی لەنێو دڵماندایەو

تەمەنی هەڵوەرینی لەمن دەچێ

 

٥

لەسوچێكی  ئەم تەمەنە ناكامەدا

هەریەكەمان جیاواز دەژین

هەندێ سەركردەو،هەندێ كۆیلە و

هەندێ عاشق،هەندێ ئازادیخواز

كەمردیشین

دادپەروەرو یەكسانی خواز

 

٦

قەڵەمەكانم چوون یەك نین

هەندێكیان بۆباخچەی جوانی

هەندێكیان بۆشەوچەرەی شەوانی زستان

هەندێكیشیان كورت ئەنوسن

بۆبیرەوەری و بەجێماوو

شەقەی باڵی چركەی نائومێدی و

هەندێكیشیان هێندە گەورەن

بەقەد گەورەیی سنگی ئاو

بەقەد وەرزی پڕ تەموومژ

هەناسەی دەشت و رووباری خۆڕو

تاریكی هەتاو

 

٧

ئەوكاتانەی شعرێكت بۆئەنووسم

هەندێ جار شەو كۆتایی نایەو

هەندێ جاریش رۆژی تەزیوو

كەباس لەعەشقت دەكەم

تیشكی خۆر جێم ناهێڵێ

كەباسی زیزبوونت دەكەم

مانگەشەو ئەبێ بەهاودەم و جێ ناهێڵێ

جێم ناهێڵێ

 

٨

وەرە بۆلام

هەمیشە بەبەرچنەی هەژارانەوە وەرە

وەك شەقامێكی راستەرێ

وەك پەیڤێكی سپێدەباش و بەجەرگ وەرە

وەرە وەك خوێندنی گمەی كۆتر

وەك شەونمی چرایەكی داگیرساو

وەك شەپۆلێكی هێمن و

سنەوبەرێكی باڵابەرزو

شاسۆیەكی پێشەنگ

وەك شەونمی بەربەیان وەرە

 

٩

ئەوكاتانەی هاژەدێت و

ئەبی بەروبارێكی سەرشێت

بەرێگاو بانی عەشقا وەرەو

رووبكەرە دەریایی چاوانم

بمدەرە بەر شەپۆلەكانت

قژم پركە لە بێ گەردی بەرفراوانت

رقی دڵم پاكژپاكژبشۆرەوە

تێكەڵی كە بەروناكی  هەتاوت

 

١٠

تیشكی تەڕی نیگاكانت

روخساری شەپۆلی دەریایە

خۆشەویستی لەناودڵ و  لەدەستمایە

سحری شەوێكی دەیجورەو

دەبێتە لێزمەو رێژنەی باران

دەبێتە زناری تاڤگەو

سینەی شینایی زەوی و

وەرزی خۆشەویستی ئینسان

 

١١

بەفرناتوانێ

وەرزی جوانی خۆی بسپێرێت

بەئینجانەی پایزی خەم

بەفر ناتوانێ،دەست بەردا

لە رووتانەوەی چیا

عەشق دڵی پەپولەیەكی ناسكە

چركەیەك لەخۆی داببڕێ

دەبێتە وەرزی تاریكستان

 

١٢

نێرگز ماچم دەكات

بولبول كەدەمبینێ بۆم دەخوێنێ

كەشەو دادێ دەبمە هاورێی باران

دەبمە ئەشكی كچانی شۆخو شەنگ

دەبمە ئاوازو گۆرانی و چڵێ لاولاو

دەبمە ماچی سەررومەتی

كیژۆڵەیەكی پەنجە ناسكی بەرهەتاو

 

١٣

ئەوكاتانەی كەدێت بۆلام

دەبیتە گوڵێكی پەمەیی

دەبیتە شەونمێكی

بەربەیانی وەنەوشەیی

دەبیتە گوڵێكی ژاڵەی هەمیشەیی

 

١٤

ئێوارەیەك بێدەنگی هاورێمەو

لەگەڵ تیشكی زەردپەڕدا

خۆت ئەكەی بەماڵی دڵمدا

كراسێكی پەپولەیت لەبەردایەو

بۆنی مێخەك لەجەستەت دێ

توند توند دەتگرمە باوەشم

هەناسەمان بۆنی شعرەو

تێكەڵاوی خەممان دەبێ

 

١٥

تۆ هەندێ جار

ووشەكانم دەخوێنیەوەخۆشت دەوێن

هەندێ جاریش دەستەو وەسستان

لەبەردەمیان دائەنیشی

هاواردەكەی و هیچ تێ ناگەم

ئەبی بەووشەیەكی پڕ لە خەیاڵو

خۆت وون دەكەی

 

١٧

ووشەی جوانیش

پڕن لەنیگای عەشق و

پرشنگی چركەكانی تەمەن

ووشەی جوانیش پڕن

لەئەستێرەی بەربەیان و

پرچی ژاكاوی زەمەن

 

١٧

هەندێك جار

بەدیار كزی چراێكەوە

روو لەئاوێنەی وەرینی تەمەن دەكەم

مات و مەلوول دادەنیشم

دەبمە دەروێشی تەریقەت

ناچار دەبم

ئێوارەیەكی پڕ لەزامم بنوسمەوەو

پەراووپێنوس فڕێدەم

 

١٨

بەبیرت دێ

لەقەراغی شەقامێكدا

بەخۆت وگوڵێكی شپرزەوە

دەهاتی و دەچووی

چاوێكت لەسەر كاتژمێری دەستت و

ئەوی تریان لەسەر كۆڵانەكەی ماڵی ئێمە

نەسەعات ئەهات و ئەرۆشت

نەتۆش لەتەماشام بێزار ئەبوویت .

 

Qadirzada.com © 2009-2022 All rights reserved