کاتێک دڵم بۆت دەدوێ

کەژاڵ ئیبراهیم خدر

 

١

پێم بڵێ لەتۆ گەورەتر کوا

چاوەکانم بەندە ئاسا

سوژدە بۆ گەورەیت ببەن

پەنجەکانم

لەبەردەم دەلاقەی جوانیتا

بێنە سەما..

٢

بەباخەوانەکەی دڵت بڵێ

باگوڵەکان لەباخچەکانی عشقدا

زیاتر بڕوێن

دەڵێم ئەوسا لەبری گوڵێک

تۆ هەزاران گوڵ بۆن دەکەی

٣

بۆنی هەنگوینی هەناسەت

لەهەناسەم نابێتەوە

بۆکوێ بچم دەمناسنەوە

من لەباڵی پەپولە رەنگاڵەییەکانەوە

تۆم ناسی

تۆ لەبۆنی گوڵەمێخەکانەوە

٤

ئەی ووشە پیرۆزەکەی

ئایەتەکانی نوێژی من

تۆخۆری، یاخۆر تۆی

من کاتەکانی شەو رۆژم

بۆجیا ناکرێتەوە..!

گەرچاوەکانی تۆ نەبێ، دەبێ من نابینابم

ئەوسا نازانم

هەورەکان چ کاتێک

تۆفان دادەبارێنن.

نازانم نێرگز چ کاتێک سڵاوم لێدەکاو

چ کاتێک لەتەمەنێکی کورتدا جێم دێڵێ..!

گەر تۆنەبی نازانم کەی

رەشەبا هەڵدەکاو داروبەرد وێران دەکات

کەی لافاوو گەردەلوول کەنارەکانی

دڵم دەخوات..!

٥

من نابێ لەتۆ دوور بم

تادڵنیابم کەخۆمم وون نەکردووە

تۆم لەگەڵ خۆمدا هەڵگرتووە

هیچ نهێنیەک لەم دەستەواژەیەدا نیە

کەزەمەن منی کوشت؟

لێم ببورە گەر جێم هێشتی

هیچم نیە بۆت جێبێڵم

جگە لەچڵە مێخەکێک و رەیحانەیەک

هەناسەت گوڵاو پرژێن کات

چونکە هەر ئەوان دەزانن

شەوانە چەند گۆرانیمان بۆتۆ ووتووە

٦

بەرووبارەکان بڵێ ، ماچەکانت بدەنەوە

من لەگەڕانەوەی ژوانەکانمدا

پێش ئەوەی بچمەوە لای باوکم

ماچەکانم بەرووبارێک سپاردووە

بەنهێنی هەڵیان بگرێ

بەزەمەندوو زەنوێرەکان بڵێ

خەونەکانم لای ئەوان شاردۆتەوە

بابۆت بگێڕنەوە

ئەوسا دەست نوێژێک بگرەو

نوێژی عەشق تەواو بکەو

ماچەکانت لەسەر بەردە

نوێژەکە جێبهێڵە..!

٧

بەڵام بیرت نەچێ ، من نابێ بمرم

من لەناو لاشەی تۆدا جێدەمێنم

هەر چۆنێ بێ ، دەبێ

لە پێش تۆدا بمرم

ماچەکانم لای خۆت کۆکەرەوە

هەرگیز رێگە نەدەی کەس بیان بینێ

باپێت نەڵێن ، تۆ راست ناکەی

ئەو کچە عاشقە کێ بووە

ئەو هەموو ماچانەی کردووی

٨

من ماڵێکم دەوێ بەخشتی

سوور هەڵچنرابێ

تۆ بەگوڵی ماچەکانت وێنەی بکەی

من بەلێوم بۆیەی بکەم.

٩

من ئەو کیژە لەخۆباییە نیم

کۆشکێکی بڵندم بوێ

لەناوەوە زیندانێکی داخراو،

تۆ دەزانی هەرگیز نابێ

دڕک دەزگیرانی هەنگ بێ و

مانگیش عاشقێکی بەردی رووت!

١٠

من دەمەوێ ببمە مۆم و

لەشەوانی ئەنگوستەچاو بۆت بسوتێم

پێیان ووتم لەژوورێکی پڕ چراخاندا

چاوەکانت کز دەبینێ ؟

خواوەند ئێمەی بەهەڵە دروست کردووە

بۆیە هەردەم قەرزاری تۆم

دەتۆ وەرە با سەرلەنوێ

خۆمان دروست بکەینەوە

تۆ کوڕە جوتیارێک بەو

منیش بێریەکی بچووک

هەموو سپێدەیەک

جامێک شیرت بە ماچێک پێدەگۆڕمەوە

ئەوسا وەرەو فێرم بکە

دەستە پاک و پیسەکان جیا بکەمەوە

هەروەک فێرت کردم نهێنیەکانی

گەردوون بپارێزم

هەروەک فێرت کردم

ئەو هەورانە بناسم

ئەم رەشەبا نەگریسە بوەرێنە

زمانی دڵم لەرەگەوە دەربهێنە

نەوەک رۆژێک لەرۆژان بێتە دوان و

پێت بڵێ:

دەبوو خۆشم نەویستبای

دەبوو خۆشت نەویستبام..

 

١٥/٦/٢٠١٢

Qadirzada.com © 2009-2022. All rights reserved