ئەنجومەنی سوریای دیموکرات، پێنج داواکاریی ئاراستەی کۆمەڵگای نێودەوڵەتیی کرد

 

 

ئەنجومەنی سوریای دیموکرات-مەسەدە، لەبارەی هێرشەکانی سوپای تورک و چەتەکانی بۆ سەر عەفرین، پێنج داواکاریی ئاراستەی کۆمەڵگای نێودەڵەتی کرد، دوایان کردوە کە، هێرشەکانی سوپای تورک بۆ سەر عەفرین، وەک پێشێلکردنی یاسا نێودەوڵەتییەکان و پێشێلکردنی سەروەریی خاکی سوریا بناسێنرێت.

دوێنێ پێنجشەممە بەرواری ٨/٢/٢٠١٨، ئەنجومەنی سوریای دیموکرات-مەسەدە، ڕاگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە و تیایدا تیشکی خستەسەر هێرشەکانی سوپای تورک و چەتەکانی بۆ سەر عەفرین، کە ئەمڕۆ پێینایە ٢٠-ەمین ڕۆژ و هەروەها هەڵوێستی کۆمەڵگای نێودەوڵەتیی لەبەرامبەر ئەو هێرشانەدا.

 

دەقی راگەیەندراوەکە بەم شیوەیە:

 گەلی عەفرین سەرەڕای ئەوەی لەژێر گەمارۆدا، بەرخۆدانێکی بێوێنەیان دژی هێرشەکانی سوپای تورک تۆمارکردووە، کە لە مێژوودا وێنەی نەبووە، ئێمە جگە لەوەی کە سڵاو لە بەرخۆدانی عەفرین دەکەین، هاوکات ئەو بەرخۆدا نیشانەی ئەوەیە کە گەلی عەفرین هیچکات داگیرکاریی دەوڵەتی تورک بۆ گەڕاندنەوەی سەردەمی عوسمانیی قبوڵ ناکات.

 

هێرشەکانی سوپای تورک و چەتەکانی بۆ سەر عەفرین، لەچوارچێوەی پێشێلکردنی سەروەریی خاکی وڵاتێکی دیکە دایە، بەکارهێنانی چەک لەدژی هاوڵاتی مەدەنیی، نیشانەی لاوازی و تێکشکانی سوپای تورکە.

 

بەهۆی هێرش و تۆپبارانەکانەوە، ١٤٨ هاوڵاتی مەدەنیی شەهیدبوون، کە ٢٢ یان منداڵن، هەروەها ٢٥٨ هاوڵاتیش بریندرابوون، لەناو بریندارەکانیشدا ٣١ منداڵ هەیە، هەروەها بینا و ماڵی هاوڵاتیان، مزگەوت، خوێندنگە و ئاسەواری مێژوویی بوونەتە ئامانجی تۆپبارانەکانی سوپای تورک و چەتەکانی.

 

ئێمە وێڕای ئەوە کە هێرشەکانی سوپای تورک و چەتەکانی بۆ سەر عەفرین لەسەر خاکی سوریا بەتووندی شەرمەزار دەکەین، هاوکات بێدەنگیی کۆمەڵگای نێودەوڵەتیی و ئەو هێزانەی کە بەشداریی ئەو هێرشە دڕندانانە بوون شەرمەزار دەکەین، ئەوان بە بێدەنگییان، ڕێگایان بە دەوڵەتی تورک-دا کە هێرش بکاتە سەر عەفرین.

ئەنجومەنی سوریای دیموکرات-مەسەدە، پێنج داواکاریی ئاراستەی کۆمەڵگای نێودەوڵەتیی کردووە، کە بریتین لە:

 

١- داوا لە هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی و نەتەوە یەکگرتووەکان و یەکێتی ئەوروپا و ڕوسیا دەکەین، کە گوشار بخاتە سەر حکومەتی ئەردۆغان، بۆ ئەوەی هێرشە دڕندانە و کۆمەڵکوژییەکانی لە عەفرین کۆتایی پێبهێنێت، هەروەها داواشی لێبکەن کە هێزەکانی لەتەواوی خاکی سوریا و بەتایبەت عەزاز، ئیدلیب، جەرابلوس و باب بکشێنێتەوە.

 

٢- هێرشەکانی سوپای تورک بۆ سەر عەفرین، وەک پێشێلکردنی یاسا نێودەوڵەتییەکان و پێشێلکردنی سەروەریی خاکی سوریا بناسێنرێت و حکومەتی تورک لەسەر ئەمە سزابدرێت.

 

٣- ئێمە داوا لە ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکانی تایبەتمەند بە پاراستنی شوێنەوارە مێژووییەکان دەکەین، کە تاوانی لەناوبردنی مێژووی تەواوی مرۆڤایەتیی لەلایەن دەوڵەتی تورکەوە ئاشکرابکات.

 

٤- داواکارین کە کۆمیتەیەکی نێودەوڵەتیی بۆ بەدواداچوونی ڕاستی و لێپرسینەوە لەبارەی بەکارهێنانی چەکی قەدەغە دژی هاوڵاتیانی مەدەنیی لە عەفرین پێکبهێندرێت و کەیسی بۆ بکرێتەوە.

 

 ٥- دەوڵەتی تورک ناچاربکرێت کە قەرەبووی تێکدانی سەرچاوە ژیانییەکانی بدات، بۆ سەرلەنوێ دروستکردنەوەیان.

 

 

Qadirzada.com © 2018. All rights reserved