ئەبێ وابێت ؟؟؟

  مەهدی خالید خەمبار

بۆ یەکێتی و سەرکردایەتی توشبونی سکرتێرەکەی جەنابی تاڵەبانی بە جەڵتەی مێشک ئەگەرێکی خۆبۆئامادەکراو نەبو .

دیارنەمانی سەرکردەیەکی کاریزمایی لە سەر گۆڕەپانی سیاسی و دیپلۆماسی لە لایەک بۆشاییەکی گەورەی فرەڕەهەندی لە ناو خودی حیزبە  پێشەنگەکەیدا دروستکرد ، یەکێتیەکان بەر موچرکێکی ستاتیکی کەوتن. بەدیوەکەیتردا دیارنەمانی ئەم سەرکردە بوێر و دەستکراوەیە لە گۆڕەپانەکە ، دەرگای لە بەردەم ئەو دەست و دەمانەدا ئاواڵە کرد کە پێشتر جوڵە و گەڕانیان لە لایەن تاڵەبانیەوە سنوردارکرابو ، تا  بە ئارەزوی خۆیان بای باڵایان بدەن و ئەسپی دەسەڵاتەکانیان هەم لە ناو سەرکردایەتی و هەم لەو شوێنانەش کە پێشتر بە هەوادارانی خۆیانیان تەنیبو تاوبدەن ، ئیتر فڕکان فڕکانی باڵەکان دۆخی نهێنیان شکاند ،  یەک وتاری خستە بەر ڕەشەبای فرە وتاری ، تۆوی دوودڵی و بێمتمانەییان لە ناخی یەکێتیەکاندا چاند ، هەر کەسە و کەوتە حەلوەلای ئەوەی چۆن خەرمانی دەنگی کوتلەکەی بەرزبکاتەوە ، بەرژەوەندیە باڵاکانی حیزب ژێر باری قورسی بەرژەوەندیە تایبەتەکان خران ، پێگەی حیزبی و دەسەڵاتەکان خرانە خزمەتی هەڵاوسانی گیرفانە کونەکان ، ئەمانە جیا لە ماڵوێرانی بۆ یەکێتی و سەرگەردانی بۆ یەکێتیە ساغڵەمەکان هیچیتری لێ بەرهەم نەهات و نایات. ئەو یەکێتیەی کە لە دوێنێیدا بوبو بە تای تەرازوی هێز ، مەخابن بەهۆی ئەم فرەکوێخاییەی نێو کەسە سیاسیە باڵادەستەکانەوە ، باڵانس و کێرڤی قورسایی حیزبەکەمان بۆ ئەم ئاستەی داکشان دابەزێنرا  کە هەرگێز لە ئاستی خواستی یەکێتیەکان و ئەو خەبات وقوربانیە بێشومارەی یەکێتی نەبون .

بومەلەرزەکەی ١٨/١٢ / ٢٠١٢ کە بەرماڵی یەکێتی کەوت و هەژانی ، شەبەق و درزی گەورەی تێکرد ، ڕەنگە بەم دۆخەی ئێستایەوە و بەم نزیکانە ، هیچ فریادڕەسێ نەتوانێ بە عەسای سیحری ئەو درزە گەورانە ساڕێژ بکات ، چونکە ململانێ تۆخەکان بە ئاستێک گەێنراون کە ئەوەی توانەیەکیشی بەبەرەوە هەبێ ئەوا مقەسی ئەم ڕقەبەرایەتیە باڵی ئەوانەشی قرتاندوە  !

ناکرێ دیار نەمانی مام جەلال چ وەک سەرۆک کۆماری عێراق و چ وەک سکرتێری گشتی ی.ن.ک بەهەند وەرنەگیرێت و حیسابی ورد بۆ کاریگەریەکانی لە سەر ڕێڕەوی کۆی پرسە سیاسی و دیبلۆماسیە ناوخۆیی و دەرەکیە ئیقلیمی و جیهانیەکان و پرۆسەکانی ئاشتەوایی و پێکهێنانی حکومەت وگەڕانەوەی ناوچەدابڕێراوەکان و کێشە و قەیرانەکانی هەرێم نەکرێت  .

یەکێتی لە کاتێکدا ڕۆژ بەڕۆژ لە کاتی بەستنی کۆنگرە نزیک دەبێتەوە ، کەچی بەپێچەوانەوە ، جەمسەرەکانی ناو سەرکردایەتی بەردەوام سەرقاڵی ململانێ و دورکەوتنەوەن لە گەیشتن بە بڕیارێکی دلخۆشکەر بۆ تێپەڕاندنی ئەم قۆناخە  .

 لە ئێستادا وەک هەنگاوی یەکەمی چاکسازی و نوێبونەوە ، دەست بە جێگۆڕکێپێکردنی ژمارەیەک لە سەربازانی داماوی شەترنجەکە لە هەندێ لە ئۆرگانە سادەکانی حیزبدا کراوە، ئەمەش لە ڕواڵەت و بنەڕەتدا خزمەت بەو ئاراستەیە ناکات، ئەمەی بەسەر یەکێتیدا هێنرا لە سەر دەستی جەنابی وەزیر و ئەسپ و فیل و قەڵاکان بوو  نەک سەربازەکان،  دانانی ژمارەیەک لیژنەی باڵا ( لە پیاوان ) بۆ ئامادەکاری بۆ کۆنگرە و دانوسانی پێکهێنانی کابینەی هەشتەم ، بەدەرلە پراکتیزەکردنی سیستەمێکی سەقەت کە بەهۆیەوە ڕێگری لە ڕۆڵبینینی ژنان دەکات ، هیچ لێکدانەوەیتر هەڵناگرێت ، هەمو کاتێکیش بۆ پەردەپۆشکردنی ئەم ڕاستیە ، پەنا دەبرێتە بەر دانانی چەند ژنێکی کەم لە چەند لیژنەیەکی دەست کەروێشکیدا .     

ئەبێ وابێ ؟؟؟ مشتومڕ و کێشمەکێشە ئاشکرا و نهێنیەکانی نێو سەرکردایەتی

ئاماژەن بن بەوەی بەشێک لە سەرکردایەتی یەکێتی خوازیاربن دەستاودەستکردنی پۆستەکانیان بە هەندێ مەرجەوە ببەستنەوە کە ڕەنگە ئەوەش بەسودی ئایندەی یەکێتی نەشکێنەوە .

من وتەیەکی بەڕێز مام جەلال بیری ئەندامانی مەکتەبی سیاسی بەڕێز و سەرکردایەتیەکەی دەهێنمەوە کە بەڕێزیان لە کۆبونەوەیدا لە گەڵ بەرپرسی کۆمیتەکان و نوێنەرانی ی.ن.ک لە دەرەوەی وڵات لە لەندەنی پایتەختی بەریتانیا لە سەرەتای ٢٠٠٠ دا بەڕێوەچو، کە جگە لە ژمارەیەک کادیران ، خۆشبەختانە دوو لە ئەندامانی مەکتەبی سیاسی یەکێتی نیشتیمانی کوردستان حزوریان بوو لە ژیاندان کە بریتی بون لە جەنابی کاک کۆسرەت ڕەسوڵ و جەنابی کاک دکتۆر فواد مەعسوم ، لەوێدا لە زاری جەنابیانەوە کە باسی کاک کۆسرەتی کرد ، وتی ( ئەم کۆسرەتە خۆی بە ئازایەتی خۆی گەیشتۆتە ئەم ئاست و پلەیە ، کەس خێری پێنەکردوە ) ئەمە دەکرێت لەمڕۆدا بۆ هێنانەپێشەوەی کەسەکان سودی لێوەربگیرێت ، ئەمە هێمایە بۆ ئەوەی یەکێتی نابێت خێر بە کەس بکات بۆ هێنانە پێشەوەیان بۆ ژوری بڕیارەکان  ، بەڵکو دەبێت کەسەکان خۆیان خۆیان بهێننە پێشەوە، ئەمەش بەومانایە نا کە ڕێگری لە هێناپێشەوەی گەنجان بکرێت ، بەڵام گەنجان بۆ ئەوەی زوو تێکنەشکێن و سەرکەوتوبن دەبێت خۆیان بە پلە پلەی پەیژەکەدا سەربکەون و چاو نەبڕنە دەستی خێری هیچ کەسێک تا خێریان پێ بکرێت.

 

Qadirzada.com © 2009 - 2013. All rights reserved