ئاش لە خەیاڵێک و ئاشەوان لە خەیاڵێک

  مەهدی خالید خەمبار

 بەدوری نابینم دیدی زۆرێک لە بەرپرسان و دەستڕۆیشتوانی ناو حکومەت و پەڕلەمان و هەندێ لە دام و دەزگایتر، بۆ بەشێک لە جەماوەر وەک مەڕ  و شوان بێت ، خەڵکی بە بێ دەموپل و عەقڵ قونە و خۆشیان بە دەمڕاست و دەمسپی و فول مواسەفات ، قسەی ئێمەومانان بە درۆ و دەلەسە و هی خۆیان بە سیاسەت و پلانی ستراتیژی و خەڵکی بە غوڵام و خزمەتکار و خۆیان بە ئاغاو و بەگ و پیاوی ناو پیاوان و زۆر شتی گەورەتر، بەڵام لەڕاستیدا بەشێک لەمانە نەک هەر شایستەی ئەو پۆستە باڵایە نین کە لەپای خزمخزمێنە و خاترانە و خەت و باڵ باڵێنەوە بەریان کەوتوە و بگرە ناوەڕک و ناخیان هەمبانەیەکی بەتاڵە

زۆر جار چاومان  دەکەوێتە سەر یا گوێمان دەکەوێتە بەر بیستنی بڕیارێک ، لێدوانێک ، بەیاننامەیەک کە سەرچاوەکەی هەرکەس دەبێت با بێت ، بەڵام هەر ئەو خەڵکە سادەیەی کە ئەوان حیسابیتری بۆ دەکەن دەیبیستێت و دەیبینێت ،دەشڵێت( هێواش )!!؟

بۆ هەر بڕیار و لێدوان بەیاننامەیەک کە چ لە لایەن پەڕلەمان و چ ئەنجومەنی وەزیران و چ  دەزگا ئەمنی و قەزایی و خزمەتگوزاریەکان ،چ لە لایەن حیزبێک ، ڕێکخراوێ ، گروپێک یان دەزگایەکیترەوەبێت ، یان کەناڵ و میدیا جیاجیاکانبێت پێویستی بە چەند پرنسیپ و بنەمایەک دەبێت تا بتوانێ پەیامێکی پرۆفیشناڵ بەرهەم بهێنێت 

 ١  /  ڕەچاوکردنی لایەنی زمانەوانی و ڕێزمانی و داڕشتن  و هونەری

 ٢   /  چۆنیەتی یەکانگیربونی لەگەڵ لۆژێک و ڕوداوەکان و کات و شوێنی جێبەجێکردن 

٣ / لەبەرچاوگرتنی بارودۆخی سیاسی و ئاشایشی نەتەوەیی و بەرژەوەندی گشتی خەڵکی کوردستان و باری ئاسایش و ئارامی

٤ / هەڵسەنگاندنێکی ورد بۆ  ناوەڕۆک و لایەنەکانی بڕیار، بەیاننامە ، ڕاگەێندراوەکە  بکرێت، ئەمە دوای فۆرمۆڵەکردنی بڕیارەکە دێت ، دەشێت ئەمە بکەینە دوا خاڵ و دوا ویستگە و دوا فیلتەر،  لێرە بەدواوە ئیتر دەگاتە بە دید و گوێی خەڵکی 

 لە خوڵەکانی ڕابردوی  پەڕلەمانی کوردستاندا ، زۆر جار و لە زۆر کات و ساتی نەگونجاودا بابەتهایەک هێنراونەتە سەر مێزی گفتوگۆ کان و بەهۆیانەوە هەم چەلەحانێیکی زۆری دروست کردوە و هەمیش کاتێکی باشیان  پێوە بە فیڕۆ داوە ، بەڵام بەلای خەڵکی ئاساییەوە زۆر بابەت و کێشەی گەورەتر و جەوهەریتر بونیان هەبوە کە پەیوەندی بە گوزەران و بژێوی چین و توێژێکی کۆمەڵگاوە هەبوە و کەچی پەڕلەمان  بۆ ئەوەی کە خۆی مەبەستی بوبێت نۆرەبڕێی بۆکردوە

لە تازەترین بریاری دوو ڕۆژێک پێش ئێستای حکومەتی هەرێمی کوردستان وەک ئەوەی بڵاوکرایەوە پێدانی بڕی ٣٠٠٠٠ دۆڵار وەک یارمەتی بۆ وەزیرە بەڕێزەکان بەمەبەستی نۆژەنکردنەوەی ماڵەکانیان ، گلەیی و کێشەی من لەگەڵ ئەوە نیە کە ئاخۆ بۆ دەبێت ئەم خەڵاتە تەنها بۆ نۆژەنکردنەوەی ماڵی وەزیرەکان تەرخان بکرێت ( ئەمەش بەشی خۆی گلەیی هەڵدەگرێت )!! بەڵکو نەکوڵەکی من لە گەڵ عەنتیکەیی ناجۆری ئان و ساتی دەرکردنی بڕیارەکەیە و بەلای منەوە نوژەنکردنەوەی خێمە و کەپرە گەرمەکانی پێشمەرگە و ئەو هێزە ماندونەناسانەی بەرەکانی شەڕ پێویستیان بە بڕێکی زۆر لەو کەمتر هەیە و پێشکەشکردنی خەڵات بەم شێرانە ، بەم ڕۆڵە جوامێرانە زۆر شایستەتر و جێگای دەستخۆشی زیاترە ، هەروەها بەهاناوەچونی ئەو کەسوکارە یەزیدیانەمان کە ئەمڕۆ کەوتونەتە بەر شاڵاوی ئەنفاڵ و جینوساید !!  مەترسیەکانی داعش و تیرۆرستان لە سەر ئاسایشی هەرێمی کوردستان و عێراق پانتاییەکی فراوانی لە باس و خواسی سەرمێزی وڵاتانی دور و نزیک داگیرکردوە ، داعش و گروپە توندڕەوەکان  ووڵات و گەلەکەمانیان ئاڵاندۆتە بارودۆخێکی سیاسی،  ئابوری ، مرۆیی، سەربازی ناسەقامگیر و سەخت ، ئاگری شەڕێکی یەکلاکەرەوەیان لە دژی خۆمان و نیشتیمانەکەمان هەڵگیرساندوە. لە هەمو دونیادا لەو کاتەی وڵات ڕوبەڕوی جەنگ و هەڕەشەیەکی دەرەکی دەبێتەوە ئیتر هەمو تواناکانی دەخرێتە خزمەتی هێزە سەربازی و ئەمنی و خزمەتگوزاریەکانەوە نەک وەک ئەمەی لای ئێمە دەگوزەرێت !!. ئەمانە بەسن بۆ ئەوەی بە (  حکومەتە حەیاتەکەی خۆمان ) بڵێین ببورن ، بڕیارەکەتان ( بەخشینی ٣٠ هەزار دۆلار بە وەزیرە بەڕێزەکان و لەم کاتە هەستیارەدا هیچ لۆژیکێکی تێانابینرێ  ) ئەوەی لە ئەمڕۆدا ئەرکی حکومەتەکەمانە هاوکاری مادی و مەعنەوی پێشکەش بکات ، ئەوە هێزی پێشمەرگەی کوردستان و پارێزەرانی خاک و ئێشکگرانن ( وەزارەتەکانی پێشمەرگە و ناوخۆ ) یە چونکە ئەمانەن ئەمڕۆ و لەڕابردوشدا هەمیشە سینگیان قەڵغانی پاراستنی  سەر و ماڵ و کەرامەتی و شکۆمەندی خەڵکی کوردستان بوە. پێویستە هیچ نەبێت حکومەتی هەرێم لە ئێستدا ئەم بڕیارە ڕابگرێت و دیراسەیەکی باشتری بکات کە هەم نەگونجاوەو هەمیش و کورتبینی زور و هەڵەشەیی گەورەی پێوە دیارە

دەرکردنی ئەم بڕیارە لە کاتێکدایە کە هێزی پێشمەرگەی

کوردستان و ئاسایش و دژەتیرۆر و پێشمەرگە دێرینەکان و کەم ئەندامان و ڕێکخسنەکان و مەڵبەند و لقەکان و کۆمیتەکان و لیژنەکان و  گریلاکانی یەپەگە و پۆلیس و وڵاتپارێزان ، هێزەکانی حیزب و لایەنە کوردستانیەکانیتر ، سەرباری سەختی ژیان و گوزەرانیان ، سەرباری  کاریگەری زۆری نەبونی بوجە لە سەر ژیانیان و بژێوی ماڵ و منداڵەکانیان ، سەرباری ئەمانە هەمو ، کەچی بوێرانە بەخوێنی گەش و بە ژیانی خۆیان پارێزگاری لە خاک و گەلی کوردستان دەکەن ، ڕۆژانە ژمارەیەک لەم ڕۆڵانە دەبنە قوربانی ، ئێمە بە پەرڵەمان و پەڕلەمەنتارانە و بە حکومەت و ئەنجومەنی وەزیران و وەزارەتخانەکان و هەمو شار و شارۆچکە و لادێکان بە کۆی دەزگا خزمەتگوزاری و فێرکاری و تەندروستی و ئابوریەکانمانەوە وە لە سایەی ئازایەتی و گیانفیدایی ئەم ڕۆڵانەدا ، لەسایەی خوێنی گەشی جوامێرەکانی نیشتیماندا دەژین !! ئەرێ گەلۆ بە وێژدانەوە گەواهی بدەن کێ شایستەترە ؟؟ سوپاس بۆ هەڵوێستی جوامێرانەی هەردو وەزیری شەهیدان و ڕۆشنبیری کە ئەو بڕە پارەیەیان ڕەت کردۆتەوە  چونکە لەوە دڵنیان کە لەوان زۆر پێویست تر هەیە !!ئومێد دەکەم وەزیرە وەزیرەکانیتریش هەمان هەڵوێست وەربگرن.

 

Qadirzada.com © 2009 - 2014. All rights reserved