دەوڵەتی کوردی دادەمەزرێت یان لەباردەبرێت ؟

   بەشی دووەم             

 مەهدی خالید خەمبار

 

ئەمانەی باسمانکرد بەشێکن لە خەرواری قیران و کێشەکان .

لە مێژودا نەرێتێک کە پشتاو پشت بۆمان بە ئەمانەت مابێتەوە نەبونی سەرکردەی سیاسی لێهاتوی ئەکادیمیە و نەبونی عەقڵی بەڕێوەبردن و خۆ بەکەمزانینمانە لە ئاستی داگیرکەران  .

بە ئەمانەتەوە من وتەیەکی مام جەلال دەگێڕمەوە کە بەر لە ڕوخانی ڕژێمی دیکتاتۆری  لە کۆبونەوەیەکی جەنابیان لە گەڵ مەڵبەندی دەرەوە و بەرپرسانی کۆمیتەکان لە لەندەن ڕێکخرابو بەندەش شەرەفی بەشداریم پێبڕا، لەم کۆبونەوە  فراوانە کە بۆ تەتەڵەکردنی دۆخی کوردستان و عێراق و ناوچەکە و وەرگرتنی بێر و بۆچونی کادیرانی ناوەند سازکرا، لێرەدا نامەوێ باس لە کۆی ناوەڕۆکی کۆبونەوەکە بکەم ، تاکە خاڵێک کە دەهێنێت لە سەری هەڵوێستە بکەم ئەم ڕەخنەیەی کادیران و ئەم وەڵامەی جەنابی مام جەلال بو ، ڕەخنەی چون و سەردانیکردنی بەردەوامی  بێبەرامبەری بۆ لای بارزانی بو لە سەری ڕەش نەبونی هەمان ئامادەگی لە بارزانی و پارتیدا ؟؟ زۆر بە بەئاسایی و شانازیەوە وتی من بەردەوام لە سەردانیم بۆ تورکیا و ئێران ولای کەسانیێ کە دانی خێر بە کوردا نانێن ، تەوقەیان لەگەڵ دەکەم . وتی کاتێ دەچم بۆ لای کاک مەسعود هیچ نەبێت دەست دەخەمە نێو دەستی سەرکردەیەکی کورد ، لە درێژەی قسەکانیدا وتی ئامادەم لە پێناو چارەسەری تاکە کێشەیەکدا سەد جار بچم بۆ پیرمام و دیدار لە گەڵ پارتی و بارزانی بکەم. ئەمە ڕوحیەتی سەرکردەی خۆنەویست و سەرکردەی سەرکردەیە  لە ئێستاشدا ونبونی ئەم حەکیم و حیکمەتەیە ، ئەم دید و تێڕامانەیە ، ونبونی ئەو دەستە گەرمەیە کە دەیخستە نێو هەمو دەستێک کە نیەتی چارەکردنی کێشەیەکی گەل بێت  .

 لێرەدا ئەمە ئەوەمان پێدەڵێت کە تاڵەبانی ئەو دەستەی ئاشتیبوە کە هەمیشە بۆ چارەسەری قەیرانەکان خراوەتە نێو دەستی هاوتاکەی بارزانی ، لە غیابی مامدا هەست بە نەمانی دەستی ئاشتین دەکرێ بۆیە لە هەمو لایەکەوە هەمو دۆخەکان لەوپەڕی ئاڵۆزیدان  ، گەورەیی و سەروەریە بۆ هەر کاک و دادەیەک کە بتوانێت لە کەلی شەیتان بێتەخوارەوە و ببت بە فریادڕەس و سەرکردایەتی گەلەکەمان لەم دۆخەدا بکات و بە کەناری ئارامیمان بگەێنێت. بە بۆچونی  بەندە بە پشتبەستن بە مەنتیقی عەقڵ ڕەنگە تاکە فریادڕەسێک کە بتوانێت بوێرانە ڕۆڵی مام ببینێت و فریای ئەم دۆخە چەقبەستوە بکەوێت جەنابی کاک نەوشیروانە لە هاوشانی جەنابی کاک مەسعود  !

من تا ئێستا لەو لوغزە نەگەیشتوم  کە ئاخۆ جەنابی سەرۆکی هەرێم نایەوێت یان ناهێڵن وەک سەرۆکی هەرێم ڕۆڵێکی تەندروست ببینێت ؟ لە هەردو حاڵەتەکەشدا سەرۆک دەکەوێتە بەر ڕەخنە و گازندەی هەم حیزب و لایەن و هەمیش تاکەکانی کۆمەڵگا ، هەق نیە نە خۆیان و نە حیزبەکەشی ئەو مافە لە کەس زەوتبکات کە جەنابی کاک مەسعود بارزانی بە سەرۆکی هەرێم نەزانن ، چونکە ئەم بۆچونانە لەخۆڕا و بێبنەما لای تاکی کورد گەڵاڵە نەبونە وەلائی لە ڕادەبەدەری بارزانی بۆ حیزبەکەی وای لەو خەڵکە کردوە کە ئیتر متمانەیان بە دۆزینەوەی چارەسەر بۆ کێشەکان و ڕێکخستنەوە و یەکخستنەوەی نێو ماڵی کورد لە لایەن سەرۆکی پارتیەوە تەواو تەواو لەق بوە !! .   

                                                  ماویەتی

 

Qadirzada.com © 2016. All rights reserved