کورد لە نێوان هەژمونی شیعەگەرایی و ڕەتکردنەوەی سوننەچێتیدا

مەهدی خەمبار    

بەشێک لەچاودێرانی سیاسی و ڕۆشنفکران ، کەم و زۆر هەریەکە و جۆرە پێشبینیەکی لە سەر هاتنەپێشەوەی  ئەم بارودۆخە هەم خۆش و هەم مەترسیدارە لا دروست بوبوو

 زۆرێک لە ئەگەرەکان بۆ ئەوە دەچن کە کورد و ئەزمونی حوکمڕانی کوردی یان قازانجێکی دەگمەن دەکات یانیش خەسارەمەندی یەکەم دەبێت !! ئێمە تەمەنای لایەنە پۆزەتیڤەکەی دەکەین

گواستنەوەی شەر لە بەرەکانی فەلوجەو ئەنبارەوە بۆ ئاقاری کوردستان و ناوچە زەوتکراوەکانی کوردستان یانیش بۆ هەندێ شوێنیتر کە پەیوەندی دراوسێیەتی پێمانەوە گرێیداون لە لایەک و هەڵوەرینی ئەفسەران و سەربازانی سوپا لەم ناوچەیە کە بەشێکی زۆریان لە ڕەگەزی کوردن وێنای ئەوە دەکرێت کە (( ئەم ماستە لە جێی تاڵە مویەک گوریسێکی تیابێت )) چونکە هیچ لۆژیکێ ئەمە بەکاری هورەبەردانێکی عەفەوی سەربازی قبوڵ ناکات ، لێرە و لەوێ دەنگۆی ئەوە هەیە کە سەرکردە سەربازیە مەیدانیەکان لە موسڵ  لەشەودا بە فڕۆکە تێانتەقاندوە و هەڵاتون ، تا سبەی کە ئەفسەرانیتر هەڵاتنی سەرکردە باڵاکانیان بە  هێلیکۆپتەری ببیستن ئیتر گومان و ترس و دڵەڕاوکێ باری دەرونی  تێک دەدات و هورەشیان دادەڕوخێنێت ، بەو هۆیەوە بڕێاری پاشەکشە و ئاشبەتاڵی سەربازی دەدەن و سەنگەر و کەلوپەلە سەربازیەکانیان گشت بەجێدەهێڵن و دواتر وەک غەنیمەی جەنگ دەکەوێتە دەستی چەکدارانی داعش و  بەعسیەکان ، بۆ مالیکی ئەمە دەرفەتێکی زێڕین بو کە بتوانێت لە لایەک شەڕ بەرۆکی کورد بگرێت و لە لایەکی تریشەوە کورد بخاتە ناو تاقیکردنەوەی ئەوەی ( ئایە کورد پابەندە بە عیراقیبونی خۆیەوە ) ؟؟ ئەمەش بۆ ئەوەیە کە هەمو چاوە عێراقیەکان( بە شیعە و سونە ) وە  لە وەڵامەکەی ئاگاداربن

کورد بەجوڵاندنی هێزەکانی پێشمەرگە و دژەتیرۆر و ئاسایش و پۆلیس ڕوەر کەرکوک و دەوروبەری موسڵ و ناوچە بەزۆر دابڕاوەکانی کوردستان و خستەوەیان بۆ ژێر ڕکێف و قەڵەمڕەوی خۆی ، ئیتر ئەمە هەم مالیکی و هەمیش شەقامی عەرەبە شۆڤێنیەکانی توشی هیستریا کردوە و هەمویان کەوتونەتە دانکرۆشتن لە کورد

 لەلای دووەمیشەوە کە تیرۆرستانی داعشە سودی گەورەی لەم ئاشبەتاڵەی سوپا وەرگرت و دوو سەرکەوتنی گەورەی لە ئاستی سەربازی و جەماوەری گەورەی تۆمار کرد و خۆی لەسەر ئەرزی واقیع  سەڵماند و بەتەواوی زومی کامیرا و چاوی میدیاکانی پەلکێشی لای خۆی کرد

 گومانی تێدا نیە ئەگەر لە ئێستاشدا نەبێتە جێگەی مەترسی بۆ سەر کورد و ئەزمونەکەی ، ئەوا لە داهاتویەکی نزیکدا دەبێتە هەڕەشەیەکی گەورە و تابتوانێت لەدژی کورد دەکەوێتە کار و ناهێڵێت وڵاتێکی عیلمانی بەم ئاسانیە و لەم هەرێمە ئیسلامیە گەشە بکات

 لەم لاشەوە سوپای عێراق و بەسیجەکانی شیعە کە چاوی کوردستانیبونی کەرکوک و شەنگال و مەخمور و خانەقین و مەندەلی و جەلەولا و سەعدیەیان بەرایی نادات و ڕێگری لە گەڕانەوەیان دەکەن بۆ سەر هەرێمی کوردستان .لەم کاتەدا کورد بە بێ هەڵکردنی گڵۆپی سەوزی ئەمریکیەکان و وڵاتانی ئەوروپی ڕەنگە قورسبێت شەڕ لە دوو بەرەدا بکات و بەمەش دیسانەوە ئەگەری

لەدەستدانی چانس و فرسەتێکیتر چاوەڕوانی دەکات

کورد وەک هێزێکی ئازادیخواز و عیلمانی بڕوانەبونی بە چەمکی شیعەگەرایەتی و سونەچێتی و بڕوابونی زیاتری یەکسانی مرۆڤەکان ، بۆیە نەخزاوەتە نێو هیچ کام لەو هێز و دەسەڵاتانەی کە لەسەر بنەمای ئاینی و مەزهەبی مامەڵە دەکەن و بەڵکو ئەم پەیوەندیەکانی لەسەر بنەمای ئازادی تاک و یەکسانی مرۆڤەکان لە ئەرک و ماف و دیمکراسی پێانەوە گرێ داوە    

ئەوەی جەنابی مالیکی لە ئاسمان بەدوایدا دەگەڕا ، لەسەر زەوی هاتەبەردەستی ! زۆر لەمێژ بوو مالیکی دەیویست بە عێراقیەکان بسەڵمێنێت کە کورد ڕاستگۆ نیە و بەدوای فرسەتێکدا عەوداڵە تا شار و ناوچە کێشە لەسەرەکان بەزمانی هێز بخاتەوە سەر هەرێمی کوردستان

مالیکی لێرەدا  چەند نیشانێکی بە تیرێک پێکا و کۆمەڵێک چانسی

سەرکەوتنیان بۆ تۆمارکرد

١  /  مسۆگەرکردنی زیاتر بۆ هەڵبژاردنەوەی بۆ ولایەتی سێهەم ، هەموو  ئاماژەکان بۆ ئەوە دەچن کە ئاراستەی دەنگە نەخێرەکان بەرەو هەڵوەرین و پوکانەوە دەچن و ( تەکبیر ) و ( بەڵێ بەڵێ بۆ مالیکی ) ڕوەو هەڵکشانی بەرچاو بچێت

٢  /  لەسەر ئاستەکانی ڕای گشتی و ئیقلیمی و ناوخۆیش  مالیکی وەک سەرکردەیەکی دژەتیرۆر ناسرا و مامەڵەی لە تەکدا دەکرێت و لەبەر ئەو ڕۆشناییەش مالیکی توانی دەنگێکی زۆری پشتیوانی و هاوکاری بەدەستبهێنێت

٣  /  گەورەترین پشتیوانی کە توانی مالیکی لەم بارودۆخە ڕزگار بکات ، پشتیوانی گەورە مەرجەعی شیعەکان بوو کە لە لایەن سیستانیەوە داوای جیهاد و چەک هەڵگرتنی کرد لە میلەتی عێراق  ،  بەڵام ئەمە گەورەترین مەترسی و نوقڵانەی گەرەترین خوێنڕشتن لە عێراق دەدات  ، بەنیازم بابەتێکی لەسەر بنوسم

٤  /   دەستکردنەوەی زیاتری مالیکی بۆ هەر کارێک کە بیەوێت ئەنجامی بدات کەی و چۆن و لەکوێ و لەدژی کێ !! ئەمەش مەترسیەکی زۆری دەبێت

لەم دۆخەدا سەرکردایەتی سیاسی کورد و بەرپرسە باڵاکانی هەرێم  و خەڵک لەم بەشەی کوردستان بەتایبەتی  کەوتونەتە بەر دوو ئەمری واقیع و بژاردە

یەکەم :  ڕێکخستنی زیاتر ناو ماڵی کورد و پشت بەستن بە ئیرادەی گەل و یەکڕیزی و ئامادەکاری و سفتکردنی سەنگەرەکانی داکۆکیکردن لەو ناوچە و  شارانەی کە لە داگیرکراوەیی ڕزگار کراون و تا ئیتر هیچ لایەنێک نەتوانێت هەژمونی داگیرکردنیان بەسەردا بداتەوە

دووەم  :   یان قایل بون بە داگیراکراوەیی و بندەستەیی  و ڕادەستکردنی قەدەری دانیشتوانی ئەو ناوچانە بەچارەنوسێکی نادیار و تەموومژاوی

دەرکەوت ئەو کاتانەی کە سوپا و پۆلیسی فیدرالی شار و ناوچە کوردیەکانیان بەڕێوە دەبرد، ژیان و گوزەرانی خەڵک لەوپەڕی ناخۆشی و مەترسیدابو ، ڕۆژانە خەڵکی دەکرانە ئامانج ، بەڵام لەو کاتەوەی کە پێشمەرگە و هێزە ئەمنیە کوردیەکان پارێزگاریان دەکەن ، دەستی هەمو جۆرە تیرۆرێکیان بڕیوەتەوە 

سەرکردایەتی سیاسی کوردی پێویستە هەوڵە دیپلۆماسی و سیاسیەکانی چڕتر بکاتەوە تا بتوانرێ لە هەموو لایەک بگەێنرێ کە ئەوە هێزە کوردیەکان نین ژیسنیان لە خەڵکی هەراسان کردوە . هێزە ئەمنیەکانی ئێمە ئەمەن کە ئێستا دەتانپارێزن . بەڵێ ئەمە هەڵێکی ئەڵماسیە و گوناهە لەدەستمان بچێت  .  

 

 

Qadirzada.com © 2009 - 2014. All rights reserved